فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سارتەر 

سارتەر 

 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

ساڵی ١٩٠٥ لە شاری پاریس ژان پۆل سارتەر لە دایکدەبێت ، هەر لەو شارەشدا ساڵی ١٩٨٠ کۆچی دوایی دەکات . سارتەر ، فەیلەسوف ، نووسەر و چاڵاکوانێکی دیاری فەڕەنسی بوو ، دامەزرێنەری ڕێبازی ئێکسیستێنسیالیزمی ئەتێیزم بوو . باوکی ناوبراو زوو دەمرێت ، سارتەر ژیانی لای خزمەکانی دایکی بەسەر دەبات . ساڵی ١٩٢٩ لە قوتابخانەی ئێکۆل نۆرمالی پاریسدا فەلسەفە تەواو دەکات ، پاشان دەبێت بە مامۆستا لە لیۆن و پاریس . لە نێوان ساڵانی ١٩٣٣ – ١٩٣٤ دا لە ئینستیتوتی فەرەنسی لە بەرلین دا پسپۆری وەردەگرێت ، هەر لەو کاتەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری هزری هوسێرل و هایدگەر . لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا ، چاڵاکانە بەشداری لە بەرەی بەرگریکاری فەرەنسی دا دەکات . هەر لەو سەردەمەشدا ، سیمۆن دی بۆڤاری نووسەریش بەشداری لە ژیانی ئەودا دەکات ، کە پاشان سیمۆن درێژە بە هزری فەلسەفی سارتەر دەدات . ساڵی ١٩٤٩ سەرپەرشتی گۆڤاری ڕۆشنبیریی چەپڕەوێتی دەکات ” سەردەمە نوێکان ” . سارتەر زۆر چاڵاکانە بەشداری لە چاڵاکی سیاسی دا دەکات ، بە تووندیش دژ بە کۆڵۆنیالیزم ، ڕاسیزم ، ستالینیزم دەوەستێتەوە ، دژ بە جەنگ و جەنگی جەزائیر و ڤێتنام دەبێت . ساڵی ١٩٦٨ چاڵاکانە پشتگیری لە ڕاپەڕینی چەپە نوێکان دا دەکات ، کە لە لایەن خوێندکارە چەپەکانەوە هەڵگیرسابوو . سارتەر لە یەک کات دا رەخنەی تووندی لە بۆرژوازی و کۆمۆنیزم دەگرت ، خۆیشی بە لایەنگری سۆسیالیزمی هومانیزم و ئاشتی پێناسەدەکرد . ساڵی ١٩٦٤ خەڵاتی نۆبل لە ئەدەب دا پێیدەبەخشرێت، لێ خەڵاتەکە ڕەتدەکاتەوە ، پێی وابوو ، کە ئەوە بەهای دامودەزگای بۆرژوازییە .
ناودارترین شاکاری فەلسەفی سارتەر / ترانسێندێنتالی ” منە ” ، کە لە ساڵی ١٩٣٧ ، ئێکسیستێنسیالیزم و هومانیزمە ، لەساڵی ١٩٤٦ ، ئەدەب چییە ( ١٩٤٨ ) ، مەتریالیزم و شۆڕش ( ١٩٤٩ ) ، کۆمۆنیزم و ئاشتی ، کۆلۆنیالیزم سیستەمە ، مارکسیزم و ئێکسیستێنسیالیزم . گەورەترین شاکاری فەلسەفی فەیلەسوفیش ، ” بوون و هیچ ” ە ، کە دەبێتە بنەمای هزری فەلسەفی سارتەر . لە بواری ئەدەبیشدا ، کۆمەڵێک شاکاری دیاری بڵاوکردۆتەوە ، وەک / مێشەکان ، دیوارەکە ، ڕەوش ، ڕێگای ئازادی و …هتد .
دیدە فەلسەفییەکانی سارتەر و فۆڕمولەبوونی هزری فەلسەفی ئەو ، لە ڕاستی دا ، لە کیرکیگارد، نیتشە ، دیستۆیڤسکی ، هوسێرل و هایدگەرەوە دەستپێدەکات ، لێ پاشان تایبەتمەندی و داهێنانی خۆی دەخاتە ڕوو . لە دیدی سوبێکتیڤیزمی خۆیەوە لە بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە و هەڵوێست وەردەگرێت . بنەمای دەرچوونی هزری فەلسەفیش بەلای ئەوەوە پێویستە لە دیدەکەی دێکارتەوە دەستپێبکات ، کە دەڵێت :” بیردەکەمەوە ، کەواتە من هەم ” ، لێ بەلای سارتەرەوە بوون پێش ماهیەت دەکەوێت . لە بواری کۆمەڵاتیشدا ، فەلسەفەی ئێکسیستێنسیالیزم تێکەڵ بە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی مارکسیزم دەکات . بەلای سارتەرەوە ، هۆشیاری دژ بە دیدی ” شتەکان لە خودی خۆیان دا ” دەوەستێتەوە . ئەو دژایەتییەش ، دیدی ” شتەکان بۆ خودی خۆیان ” بەرهەمدەهێنێت ، ئەوەی تر دەبێت بە هیچ ، لە دەرهاویشتەی ئەوەشدا ، ئازادی دەردەکەوێت ، مرۆڤیش بەوەها ئازادیێکەوە پابەندە . ئازادی مرۆڤیش بەها و جەوهەری ئەو دیاریدەکات ، مرۆڤیش بەلای سارتەرەوە ، بوون و پرۆژەیەکی سوبێکتە ، کە خۆی ڕێگای خۆی دیاریدەکات ، هەر کەسێکیش خۆی دەبێتە خاوەنی خۆی ، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی تر دەستتێوەردان بکات ، کەواتە خاڵقێک بەناوی خوا بوونی نییە ، ئەوەش دەبێتە بنەمای ئەتێیزمی سارتەر ، لێ پاشان هەر خۆی قسەیەکی دیستۆیڤسکی دەهێنێتەوە و دەڵێت : ” ئەگەر خوا نەبێت ، کەواتە هەموو شتێک ڕەوا دەبێت ” . سوبێکت لە دوا وێستگە ، بە شێوەیەکی گشتی بە تەنیا دەمێنێتەوە ، هیچ شتێکیش ئەو تەنیاییە ڕاناگرێت ، بەڵام لە تەنیاییەکەی خۆیدا ، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دیاردەی ترسناک دەبێتەوە ، وەک نائارامی ، ترس ، کە هەموو ئەمانەش سوبێکت بەرەو بوونێکی ناهۆشیار دەباتەوە و لە جیهانێکی پر لە کوێرەوەری و ڕەشبینی دا دەژیت ، لێ مەرج نییە ، کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت ، بەڵکو دەبێت بەهێز و خۆڕاگر بێت ، وەک سوپەرمانەکەی نیتشە ، ئەوەش تەنیا لە کرداری ئەودا ڕەنگدەداتەوە ، چارەنووسی ئەویش هەر لەدەست خۆیەتی . هەر سوبێکتێک خۆی مۆرالی خۆی دیاریدەکات و پەیوەندی خۆی لەگەڵ کەسانی تردا نەخشەدەکێشێت . ژیانی مرۆیش بەلای سارتەرەوە ، هیچ مانایەکی نییە ، لێ ئەوە سوبێکتە ، کە مانا و بەها بە ژیان دەبەخشێت.
سارتەر خۆیشی دەزانێت ، کە سوبێکت لەم جیهانەدا تەنیا نییە ، چونکە لەگەڵ کەسانی تردا دەژیت ، لێ پێویستە لەو پێکەوە ژیانەدا خۆی بەدوور بگرێت ، ئەگەر بیەوێت ئازاد بێت ، چونکە سارتەر گرفت لەو پێکەوەژیانەدا دەبینێتەوە . لە پێکەوەژیانەکەدا ، سوبێکت بۆ کەسانی تر دەژیت ، نەک بۆ خۆی ، بۆیە ئازادی لەوەدا دەبینێت ، کە بۆخۆی بژیت ، هەتا هەست بە نامۆبوونی خۆی نەکات ، چونکە سارتەر دۆزەخ لەو پێکەوەژیانەدا دەبینێت ، نەک ئازادی و بەهەشت . ئەو دیدەی سارتەریش هەر هەموویان لە شاکاری ” بوون و هیچ ” دا نووسراون ، بۆیە فەیلەسوف دێت ڕەخنە لە ئەقلیەتی دیالەکتیکی دەگرێت . ڕەخنەی سارتەر لە مارکسیزم لەوەدایە ، کە مارکسیزم سوبێکت بەندی مێژوو و دەوروبەرەکەی دەکات ، ئەوەش ئازادی لێدەستێنێتەوە . بنەمای ئازادی سارتەر لە سوبێکتیڤیزم دایە ، نەک ئۆبێکتیڤیزم وەک ئەوەی لای مارکس .
سارتەر بوو بە کەسایەتییەکی کاریگەری سەردەمەکەی خۆی ، هزری فەلسەفی ئەویش پێگە و کاریگەریی خۆی هەبوو بەسەر پەرەسەندنی هزر و ڕەوتی نیۆمارکسیزم و چەپە نوێخوازەکان ، لە بواری ئەدەبیشدا ، بە هەمانشێوە دەنگێکی گەورەی دایەوە ، نیتشە ، هایدگەر و سارتەر بوون بە سێ گەورە فەیلەسوفی سەدەی ڕابردوو ، کە هەتا ئەمڕۆکەش گوێمان لەو دەنگانە هەیە ، چونکە هەر هەموویان لەسەر پرسی مرۆڤ و جێگای ئەو لەم ژیانەدا ڕادەوەستن ، لێ ئەوە بەو مانایە نایێت ، کە دید و هزری ئەوان هەر هەمووی ڕاست و قابیلی وەرگرتنە ، بۆیە ، پێویستە زۆر وردبینانە و لە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە بیانخوێنینەوە .