فەیلەسوف
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
ئەگەر فەلسەفە بیرکردنەوە و جیهانبینێکی بابەتی و زانستییانەی مرۆڤ بێت بۆ هەموو بوونێک ، ئەوە بێ شک ، پاڵەوان و جەنگاوەری ئەم گۆڕەپانەش – فەیلەسوفەکانن . فەیلەسوفەکان دەرەنجامی سەرسوڕمان و بیرکردنەوەی قوڵی خۆیانن ، هەر یەکێکیش لەوان ، تێگەیشتن و خوێندنەوەی جۆراو جۆری خۆیانن بۆ بوون و ژیان ، لە هەمانکاتیشدا، ئەوان دەیانەوێت ئەو ژیان و جیهانەی ، کە تێیدا دەژین بە شێوازی جیا بگۆڕن ، ئامراز و چەکی دەستی ئەوانیش ، پەیڤ و شاکارەکان ، کرداری ڕۆژانەی ئەوانە . لە ڕێگای پەیڤ و شاکارەکانیشدا ، ئامانجی بنەڕەتییان گۆڕینی مرۆڤ و کۆمەڵگایە ، ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای مرۆڤەکانە ، گۆڕەپانی ئەو ململانێ و جەنگەش لە پەیڤ و چەمکەکان دایە .
فەیلەسوفەکان هزرمەند و فەیلەسوفی سەردەمی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانن ، هەر لە ڕێگای پڕۆژەی ڕۆشنگەری خۆیان دا ، بەو کار و چاڵاکییە هەڵدەستن ، بەڵام گرامشی گوتەنی :” شۆڕشەکەی ئەوان ، ڕەنگە پاسیڤانە بێت ، ئەگەر خۆیان ڕاستەوخۆ بەشداری لە گۆڕانکارییەکان دا نەکەن ” ، مارکسیش گوتەنی :” ئەو هۆشیارییە ، دەبێتە ئامڕاز و چەکێک بۆ هەموو چاکسازی و گۆڕانکارییەک ” .
پڕۆژەی مۆدێڕنیتێتیش هەر پڕۆژەی گەورە فەیلەسوفەکانی سەردەمی ڕێنێسانس و ڕۆشنگەریی بوو ، پرۆژەیەک ، کە مرۆڤی بەرەو بازاری ئازاد، دیمۆکراسی ، زانست و تەکنیک ، بەرەو سۆسیالیزم و هزری سوپەرمانیەت و نیهیلیزمی برد . سەردەمی نێوان ساڵانی ١٧٧٩ هەتا ١٩٠٠ پڕبوون لەو نموونانەی سەرەوە ، هەر هەموو ئەو دیاردە مێژووییانەش لە دژایەتی و ململانێی بەردەوام دابوون ، بەڵام ڕاستییەک هەیە ، کە هەر هەموویان بەرەو یەک ئاڕاستە دەچوونە پێشەوە ، ئەویش مۆدێرنیزم و ئەنتی مۆدێڕنیتێت ، لە هەناوی ئەو ململانێیانەشدا – مۆدێڕنیزم و پۆستمۆدێڕنیزم هەنگاویان نا ، کە هەتا ئەمڕۆکەش ، ململانێکان بەردەوامن و هەر لایەک بە دوای ئەلتەرناتیڤی گونجاوی خۆی دا دەگەڕێت . لە ڕاستی دا ، هەر هەموو ئەوانەی سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێن ، کە فەیلەسوف و سیاسەتمەدارەکان بە چاک و خراپەوە لە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکان دا بەرپرسیارن ، چونکە ئەوانن ، کە خاوەن تیۆر و پراکتیکن ، خەڵکی ئاسایی و ڕەمەکیش سووتەمەنی گۆڕانکارییەکانن ، چونکە بەردەوام چاویان لە ئاسۆی ژیان ، ئازادی و خۆشگوزەرانی دایە ، بۆیە ئامادەن ، کە خۆیان بکەن بە سووتەمەنی جوولانەوە و گۆڕانکارییە گەورەکان ، لێ کارەسات لەوە دایە ، کاتێک ، کە بۆ جاریکی تر بیهوا دەبنەوە . لۆژیکی ململانێ و دژایەتییەکان بەردەوام دەبێت ، چونکە ژیان و پێداویستەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا ئەوە دەخوازێت ، فەلسەفەش بە بەردەوام پرسی جۆراو جۆری نوێ دەخاتە ڕوو ، زۆرانێکیش لەو پرسانەدا بێ وەرام دەمێننەوە ، کە ئەو دیاردەیە ، تایبەتمەندی هزری فەلسەفییە ، ئا بەو جۆرە دینامیک و پلوڕالیزمی تیۆریی بە دوای خۆیدا پەلکێشدەکات ، لۆژیکی فەلسەفەش ، یاخود لۆژیکی مێتۆدۆلۆژیش هەر لێرەوە سەرچاوەدەگرێت . سەرەڕای ڕێژەیی هزری فەلسەفی ، فەلسەفە و فەیلەسوفەکان وەک پێداویستێکی هزری و واقیعیی دەردەکەون ، چونکە بێ ئەوان ژیانی مرۆڤ مومکین نابێت ، بۆیە ، بوونی فەلسەفە بە ڕوونی یا شاراوە لە دڵی هەموو کولتوورێک دایە ، بەڵگەش بۆ ئەوە لە خودی پڕۆسەیەکی ڕاسیۆنالیستانە دایە ، نەک لە ناڕاسیۆنالیزم و بیرکردنەوەیەکی نیهیلیستییانە .
فەلسەفە ، وەک هەر بوارێکی تری ئەکادیمی و زانستی ، خاوەن دیسپلین و مێتۆد و لۆژیکی خۆیەتی ، کە زۆرجار لە هەندێ بواری ئەکادیمی دا دەیکەن بە دوو بەشەوە / بەشی تیۆری و بەشی پڕاکتیکی ، بەڵام بە ڕای من بۆ ئەوەی لە تەواوی فەلسەفە بگەین ، پێویستە هەردوو بەشەکە لێکدانەبڕێت ، چونکە هەردووکیان تەواوکاری یەکترن ، هەر هەوڵدانێکیش بۆ جیاکردنەوەی فەلسەفە لە مێژووەکەی دا ، هەتا نوها هەوڵێکی سەرکەوتوو نەبووە .
فەلسەفە و فەیلەسوفەکان فۆرمێکن لە هۆشیاری و پڕۆسەی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی ، وەک هۆشیاری میتۆلۆژی ، ئایینی و …هتد . فەلسەفە بۆخۆیشی پردێکە لە نێوان میتۆلۆژی و زانست ، هەر بۆیە ، فەلسەفە بەردەوام لە پەیوەندییەکی پتەو دایە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی کولتوور ، یەکەم زانستیش بووە ، کە کۆمەڵێک بوار لە خۆدەگرێت ، وەک / بوون ، زانین ، مرۆڤ ، لۆژیک و …هتد . فەلسەفە دەرهاویشەی بەرەو پێشەوە چوونی ئاستی هۆشیاری مرۆڤە لە قۆناغێک لە قۆناغە مێژووییەکان دا ، لە مێژووی خۆیدا ، فەلسەفە بە چەندین قۆناغی مێژوویی دا تێدەپەڕێت، لە فەلسەفەی سروشتەوە دەستپێدەکات ، هەتا سۆفیستەکان ، لەوانیشەوە بەرەو لوتکە و فۆڕمولەبوونی سیستەمی فەلسەفی . لەوەها مێژووییەکیشدا ، چەندین فەیلەسوف ، قوتابخانە و ڕێبازی گەورە دەرکەوتوون . فەلسەفە ، بەواتای چەمک و زاراوەکان ، یانی زمان ، لە هەر یەکێک لە ئێمەشدا ، فەلسەفەیەک هەیە ، چونکە هەڵگری جیهانبینێکی خۆمانین ، جا ئەوە هۆشیارانە بێت ، یا ناهۆشیارانە ، گەڕان بە دوای تێگەیشتن لە شت و دیاردەکان ، گەڕان بەدوای یەکگرتنێک لە فرەیی دا ، فەلسەفەی هاوچەرخیش درێژەپێدەری هەر ئەو پڕۆسە مێژووییەی مرۆڤە ، چونکە ئەمڕۆکە درێژەپێدەری دوێنێ و سبەینێش هی ئەمڕۆکەیە .
ڕۆژاواییەکان ، دەستپێکی مێژووی هزری مرۆڤی ئەوڕوپی دەگێڕنەوە بۆ یۆنانی کۆن ، بەڵام وەک ئاشکرایە ، کە ڕەگوڕیشەی هزر بە گشتی و هزری یۆنانییەکان بە تایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ دونیای کۆنی بەر لە یۆنانییەکان ، لێ گرفتە فەلسەفی و ڕۆحییەکان بە شێوەیەکی تیۆری و سیستەماتیک بۆ یۆنانە کۆنەکان دەگەڕێتەوە ، هەر بۆیە ، خزمەتی هزری ئەوان بە گەنجینەی مرۆڤایەتییەوە گەورەیە و بە زیندوێتی دەمێنێتەوە .