فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نۆستالجیا

نۆستالجیا

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و  ڕەخنەگر/ هەولێر

نۆستالجیا: تامەزرۆیییە بۆ وەتەن، خەونبینینە بە ڕابردووەوە، خۆزگە خواستنە بۆ گەڕانەوەی ئەوسای پرشنگداری لەکیسچوو. وشەکە یۆنانییە مەبەست لێی دەردی دوورییە لە وڵات، زادەی غەریبییە و ترسی غەریبە لەوەی هەرگیز هەلی گەڕانەوە بۆ نیشتمانی بۆ نەڕەخسێت. نۆستۆس: گەڕانەوەیە، ئالگۆس: ژان و ئازارە. نۆستالجیا گرفتێکی دەروونییە و تووشی کەسانی ڕۆمانتیک دەبێت، کە ڕابردوو بە نموونەی باڵا دەزانن. هومیرۆس لە ئۆدیسەدا، باسی تامەزرۆییی ئۆدیسیۆس پاشا بۆ زێدی خۆی دەکات.
جارانی زوو کە سەرباز بە هۆی جەنگەوە، ساڵانێکی دوورودرێژ لە زێدی دوور دەکەوتەوە و تووشی نۆستالجیا دەبوو، ئەوسا ئەو دەردە نەک هەر ترسناک بوو، هەندێکجار کوشندەیش بوو. ئەوی نۆستالجیای هەبێت، خەوی دەشێوێت، تووشی خەمۆکی دەبێت و ناتوانێت زەینی چڕ بکاتەوە. وەک جەستەیش تووشی دڵەکوتێ و هەناسەسواری دەبێت و ئازاری گەدەیش تەنگی پێ هەڵدەچنێت. ئەوی دووچاری نۆستالجیا هاتبێت، تاقەتی قسەی نامێنێت، چرای هەستی کز دەبێت، گوێ بە هیج نادات و کەسێکی دوورەپەرێزی لێ دەردەچێت.
ئەوی دووچاری نۆستالجیا هاتبێت، ئاخ هەڵدەکێشێت و دەناڵێنێت و ژیان لەکنی، بایەخی نامێنێت. کەسی تووشبوو هیچ بە هانایەوە نایەت، نە دەرمان بە دەردی دەخوات، نە بەڵێنی پادداشت و نە هەڕەشەی سزا. ئەوی تووشی نۆستالجیا بووبێت، هەموو خودی دەبێت بە کڵپەیەک لە تامەزرۆییی بۆ نیشتمان و مۆمی جەستەی هێدی هێدی دەتوێتەوە. نۆستالجیا تامەزرۆیییە بۆ ئەو جێیەی سەردەمی منداڵی لێی ژیاوین، ئەو سەردەمەی تژیبوو لە پاکژی و وەفاداری.
لای ئەوی تامەزرۆییی بۆ ڕابردوو هەبێت، ژیانی سادەی جاران، لەچاو هی ئێستادا ژیانێک بووە شاعیری، بەڵام هەنووکە چێژ لە هیچ نابینێت، ئاخر لای وی هیچ شتێک تامەکەی جارانی نەماوە. ئەوی تووشی دەردی نۆستالجیا هاتبێت، تا ئاستی نەخۆشی وابەستەی ئەو شوێنە دەبێت کە ناچار کراوە بەجێی بهێڵێت. نۆستالجیا دەشێت سیاسی یان کۆمەڵایەتییش بێت، تەنانەت بواری مۆدێلی جلوبەرگیش دەگرێتەوە، ئەوە نییە بۆ لای فۆرمە کۆنەکانی پۆشاک دەگەڕێینەوە. کە لە سوێد بووم، تا ئاستی نەخۆشی، تامەزرۆییم بۆ کوردستان هەبوو، هەر بۆیەش گەڕامەوە. من بۆ نیشتمانی خۆم گەڕامەوە، بەڵام ئیسلامی سیاسی کە زادەی تامەزرۆیییە بۆ گەڕانەوەی خەلافەت، پێ دەچێت خەونێکی زڕ بێت