دیدە سۆسیۆ-کولتوورییەکان
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
ئاشکرایە ، کە لە ئاخرو و ئۆخری سەدەی نۆزدە و دەستپێکی سەدەی بیستەم دا ، پێشکەوتن و پەرەسەندێکی گەورە لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا ڕوویدا ، ئەو پەرەسەندنەش چەندین گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانی ئابووری دا بە دوای خۆیدا هێنا ، زانست و تەکنیک هەتا دەهات بەرەو پێشەوە دەچوون ، کە زۆر جار پێشکەوتنەکەیان بە شۆڕشی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا دەچواند . خەڵکێکی زۆر لە لادێکان کۆچیانکرد و ڕووەو شار و میترۆپۆلەکان چوون ، هەموو ئەمانەش بە هیوای دۆزینەوەی کار و ژیانێکی بەختەوەر تر ، کۆمەڵگاش لە گشت بوارەکان دا گۆڕانی بەسەردا هاتوو و کۆمەڵگا و مرۆڤی مۆدێڕن دەرکەوت ، سیستەمی سەرمایەداریش بوو بە چەترێک بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی وەها کۆمەڵگایەک . لە ئاخرو ئۆخری بیستەکان و هەتا چلەکانیش سەرمایەداری بەدەست کریزەیەکی گشتییەوە دەیناڵانت ، دەرکەوتنی سیستەمی سۆسیالیستی و تۆتالیتاریش لە هەوڵی ئەوە دابوون ، کە ببن بە ئەلتەرناتیڤێکی نوێ بۆ ئەوەی یەکەم ، لێ پاشان ئەوانیش بەرەو قەیران و داڕمان چوون . ئەو ڕەوشە نوێیەی جیهانی مۆدێڕن و باڵادەستی تەکنیک و زانست ، بوون بە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەی لایەنی ڕۆحی مرۆڤ ، لە دەرەنجامدا ، هەموو شتێک بوو بە کاڵا و بە بازاری ئازادەوە بەسترایەوە . لە وەها ڕەوشێکی نوێ دا ، کۆمەڵێک دیدی سینیزمی و پێسیمیستی لە بواری توێژینەوە فەلسەفی ، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دا دەرکەوتن ، وەها دیاردەیەکی نوێش کەوتە دژایەتیکردنی پەرەسەندنی تەکنیک و زانست ، بێ ئەوەی بۆ هۆکارە سیاسییەکانی کۆمەڵگا بگەڕێتەوە ، نموونەش لەم بوارەدا زۆرن .
لە ڕاستی دا ، بەرەو پێشەوەچوونی زانست و تەکنیک ، لەگەڵ خۆیدا ، دوو سەرەی دژبەیەک هەڵدەگرێت، سەرێکیان چاک و سەرەکەی تر – خراپ ، لێ بۆ ئەوەی بە قازانجی مرۆڤ و کۆمەڵگا بکەوێتەوە ، پێویستە لە ژێر چاودێری ئەقل و سیستەمێکی سیاسی میانڕەوی جڤاکی دا بچێتە پێشەوە، نەک تەنیا تەسلیم بە بازاڕ و قازانج بکرێت ، جەوهەری کێشەکان لێرەدان ، نەک لە خودی زانست و تەکنیک . دیدە ڕەشبینی و نائەقلانییەکانیش ناتوانن ببن بە ئەلتەرناتیڤی ژیان ، چونکە مرۆڤ پێویستی بە ژیانێکی پێشکەوتوو و بەختەوەر لەم جیهانەدا هەیە ، نەک بەردەوام لە خەیاڵ و یوتۆپیا دا بژیت . ئامانج لە ئامرازی کارکردن و بەرەو پێشەوەبردنی زانست و تەکنیک لەوە دایە ، کە لە خزمەت و خۆشگوزەرانی مرۆڤ دابێت ، نەک بۆ ئەوەی دژ بەو بشکێتەوە ، هەر بۆیە ، کۆمەڵگا تازەپێگەیشتووەکان نابێت ، هەمان هەڵەی کوشندەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دووبارە بکەنەوە و پەلە بکەن لە بە پیشەسازیکردنی کۆمەڵگا ، بێ ئەوەی بیر لە دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەو پڕۆسەیە بکەنەوە ، هەر وەک چۆن لە هەندێک وڵاتی تازەپێگەیشتوودا هەستپێدەکرێت . خنکان لە دوکەڵی فابریکەکان ، کۆچی بە لێشاوی خەڵک لە گوندەکان ، دیاردەی بێکاری و …هتد. هەر هەموویان بە زەرەر و زیانی مرۆڤ و جڤاک دەکەوێتەوە . هەموو دید و ئاڕاستەیەکی تووندڕەوی کارەسات دەنێتەوە ، بۆیە ، هەوڵدان بۆ پڕاکتیزەکردنی سیستەم و کۆمەڵگایەکی میانڕەوی هاوسەنگ ، ڕەنگە چاکترین ئەلتەرناتیڤ بێت ، کە لەوەها ڕەوشێک دا ، بواری ڕۆحی و کولتووریش زەرەرمەند نابێت ، چونکە خودی مرۆڤەکە قازانج دەکات . پڕۆسەی مۆدێڕنیزم ، گرنگ و پێداویستێکی مێژووییە ، لێ نابێت لەسەر حیسابی ڕووخاندنی ستروکتووری تەواوی ترادیسیۆنی کۆمەڵگاوە بێت ، تێهەڵکێشکردنی ڕەسەنایەتی و مۆدێڕنیتێت ، دید و ئاڕاستەیەکی تەندروستە ، پێشکەوتنیش دەبێت ڕاسیۆنالیستانە مامەڵە لەگەڵ ژینگە و سروشت دا بکات ، نەک تەنیا بیر لە بواری ماددی و قازانجێکی خێرا دا بکرێتەوە . سیستەمی بازاڕێکی تەواو ئازاد و سەرمایەدارییەکی دڕندەی نا جڤاکی و ئینسانی ڕێگاچارە نییە ، چونکە دەرەنجامەکەی وەها دەکەوێتەوە ، وەک ئەوەی نوها لە قەیران دایە ، لە لاکەی تریشەوە ، نەمومکینە ، کە هەموو کۆمەڵگاکانی دونیا وەها پێشبکەون ، وەک ئەوەی لە ڕۆژاوا دا هەیە ، لێ ئیمکانی ئەوە هەیە ، کە هەموو مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی نۆرمال و هاوسەنگ بچێتەپێشەوە ، ئەگەر سیستەمێکی نێونەتەوەیی دادپەروەری هاوسەنگ بینابکرێت ، نەک جەنگەڵئاسا، هەر زلهێزێک گورزی خۆی بوەشێنێت و تەنیا بیر لە بەرژەوەندی و باڵادەستی خۆی بکاتەوە ، جەوهەری نا لۆژیکی و نائەقلانی و وەحشیەتگەری لێرەدا دەردەکەوێت . لە دەرەنجام دا ، دەتوانین ئەوە بڵێین ، کە بنەما و هۆکاری کاولکاری و ڕەشبینی و نابەختەوەرییەکان ، لە زانست و تەکنیک دا نییە ، بەڵکو لە خودی سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکە دایە ، هەر بۆیە ، سیستەمی سەرمایەداری شێلگیرانە، کار لەسەر زانستی تەکنیک و زانستی ئابووری دا دەکات ، بۆ ئەوەی کورڤی بەرهەمهێنان و قازانجی خۆی بەرقەرار بکات ، لێ ئەگەر بەرهەمهێنان و قازانجێک بە قازانجی زۆرینەی خەڵک نەکەوێتەوە و مرۆڤ لە بوارە ڕۆحی و کولتوورییەکان دابماڵدرێت و بە لێشاو ڕوو لە بێکاری بکات ، لە ژینگەیەکی مەترسیدار و پیسدا گوزەران بکات ، بێ شک، نەفرەت لەو پێشکەوتنە دەکات ، لە دوا وێستگەشدا ، هەست بە نامۆبوونی خۆی دەکات .