فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سیلڤیا پلات

سیلڤیا پلات

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

سیلڤیا پلات لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٢دا، لە شاری بۆستن لە ئەمریکا پێ دەنێتە دنیاوە، بەرگەی خەمۆکی ناگرێت و لە ١١ی فێبریوەریی ١٩٦٣دا، لە تەمەنی سی ساڵیدا خۆی دەکوژێت. کە بەرلەوەی تەمەنی ببێت بە هەشت ساڵ، باوکی دەمرێت، دەڵێت: خوایە ئیدی قسەت لەگەڵ ناکەم! سیلڤیا پلات کە هەم شیعری دەنووسی و هەم ڕۆمان، وەک شاعیری ددانپێدانان دەناسرێت و بەهۆی ڕۆمانی (زەنگی شووشە)یشەوە، کە مانگێک پاش مەرگی بڵاو دەکرێتەوە، ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، ئاخر یەکێک دەبێت لە ڕۆمانە هەرە جوانەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیست و فیلمێکیشی لێ چێ دەکرێت. سیلڤیا پلاتیش وەک فەرووغ فەرووخزاد (١٩٣٥ – ١٩٦٧) کەم ژیا، بەڵام ناوێکی گەشی دوای خۆی بەجێ هێشت. فەرووخزاد دەیگوت: “ئافرەت ناتوانێت هاوزەمان ژنێکی باش و دایکێکی باش و شاعیرێکی باشیش بێت، ناچارە یەکێکیان هەڵببژێرێت.”
دیکارت ئازا نەبووایە، ئەو فەیلسەفووفە نەمرەی لێ پەیدا نەدەبوو، سیلڤیا پلاتیش نووسەرێکی بوێر نەبووایە، بە نەمریی نەدەمایەوە و دە ساڵ لە پاش مەرگی، خەڵاتی پۆڵتیزەری پێ نەدەبەخشرا
ئازایەتی هەر ئەوە نییە، لە شەڕدا خۆ نەچەمێنین، ئەگەر بە نووسینیشەوە خەریک بین، ئیدی شیعر بنووسین، یان لە دەرگەی فەلسەفە بدەین، پێویستمان بە خۆنەچەماندن هەیە، دیکارت ئازا نەبووایە، ئەو فەیلسەفووفە نەمرەی لێ پەیدا نەدەبوو، سیلڤیا پلاتیش نووسەرێکی بوێر نەبووایە، بە نەمریی نەدەمایەوە و دە ساڵ لە پاش مەرگی، خەڵاتی پۆڵتیزەری پێ نەدەبەخشرا. کە سلیڤیا پلات بۆ خوێندن دەچێت بۆ زانکۆی کامبریج، لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ (تێد هیوز)ی شاعیردا (١٩٣٠ – ١٩٩٨) پەیدا دەکات، ئاشنایەتییەکەیان بە هاوسەرگیری دوایی دێت.
سیلڤیا پلات ١١ی فێبرەوەریی ١٩٦٣ سەعات چوار و نیوی بەرەبەیان لە خەو ڕا دەبێت، خۆراک بۆ دوو منداڵەکەی ئامادە دەکات کە گەورەکەیان سێ ساڵ و بچووکەکەیان یەک ساڵ تەمەنی دەبێت، دوا سەرنجیان دەدات، جوان دایاندەپۆشێت، کەمێک پەنجەرەی ژوورەکەیان دەکاتەوە و دەچێت بۆ ئاشپەزخانە و دەرگە و پەنجەرەکەی وەها قەپات دەکات، بواری هاتوچۆی هەوا نەمێنێت، گازی فڕنەکە دەکاتەوە، ڕادەکشێت و چاوانی لێک دەنێت. کە سیلڤیا پلات خۆی کوشت، لە زۆر لاوە، تیری ڕەخنەی زبر، ئاڕاستەی تێد هیوز کرا، ئاخر هەم ناپاکی لێ کردبوو، دەستی لەگەڵ (ئاسیا ویڤڵ)ی شاعیردا تێکەڵ کردبوو کە هاوڕێی هەردووکیان بوو، هەم وەک لە نامەکانیدا کە بۆ پزیشکەکەی ناردبوون، ددانی پێدا نابوو، تێد هیوز زەبروزەنگی بەرانبەری بەکار هێنابوو. تێد هیوز بەر لە مەرگی بە چەند مانگێک، دوا کتێبی: (نامەکانی جەژنی لەدایکبوون) بڵاو دەکاتەوە، کە تژی دەبێت لە خۆشەویستی و خەم، خۆشەویستی بۆ سیلڤیا پلات و خەم بۆ کۆچی ناوەختی.
دەیویست بەهۆی نووسینەوە، لە خەم قوتاری ببێت، سنوورێک لەنێوان شیعر و ژیانیدا نەبوو
ژیانی سیلڤیا پلات کورت بوو، بروسکەیەک بوو لە شەوەزەنگێکدا، یان گۆران گوتەنی: “لەپڕ هات و لەناکاو چوو،” دەیویست بەهۆی نووسینەوە، لە خەم قوتاری ببێت، سنوورێک لەنێوان شیعر و ژیانیدا نەبوو، شیعری و ژیانی دووان نەبوون، یەکێک بوون. سیلڤیا پلات لە ڕۆمانەکەیدا بەگژ ڕەوتاری دزێوی چینی مامناوەنددا دەچێتەوە کە خۆی یەکێک دەبێت لەوان و پێی وا دەبێت: مردن تاقە چارەسەرە بۆ ڕزگاربوون لە خود. ئارێڵ هەر ناونیشانی دیوانەکەی نییە، گرنگترین شیعریشی ناوی ئارێڵە کە ڕەخنەگران بایەخێکی زۆریان پێ داوە و تژییە لە دەربڕینی نوێ و وێنەی جوان و مانای قووڵ. کە سیلڤیا پلات لە کامبریج دەخوێنێت، هەفتانە ئەسپسواری دەکات و ئەسپەکەی ناوی ئارێڵ دەبێت. ئارێڵ وشەیەکی عیبرییە بە مانای مێچکەی شێر دێت، شێری خودا، ئەمە بێجگە لەوەی گوایە داوود پەیامهێن لە شاری ئارێڵ ژیاوە.
هەتا شەش ڕۆژ پێش خۆکۆژییەکەی هەر شیعر دەنووسێت، شیعرگەلێک تێیاندا پێشبینیی ئەوەی کردبوو، ژیانی بە خۆکوشتن دوایی دێت
سیلڤیا پلات گەلێک جار هەوڵی خۆکوشتن دەدات و سەرکەوتوو نابێت، بەڵام لێ ناگەڕێت، نائومێدی زەفەری پێ ببات و هەر درێژە بە مەشقکردن دەدات، لەسەر ئەو گەمە ترسناکە. هەتا شەش ڕۆژ پێش خۆکۆژییەکەی هەر شیعر دەنووسێت، شیعرگەلێک تێیاندا پێشبینیی ئەوەی کردبوو، ژیانی بە خۆکوشتن دوایی دێت. کە (ئاوەز)مان ناساغ دەبوو، کارەبایان لە سەرمان دەدا، ڕەنگە لە ترسی ئەو شێوازە لە (چارەسەر،) کە زۆر سامناک بوو، وا زوو لە لوتکەی لاوی و بەخشیندا خۆی کوشتبێت.
ئەستێرەکان خەمگیناننە تێم دەڕوانن
دەڵێی دەزانن نائومێدیان دەکەم
مردنیش هونەرە
وەکوو هەموو هونەرێکی تر
ئەستەمە کەس هێندەی من
شارەزای نهێنییەکانی هونەری مردن بێ
*