فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

عەزیز گەردی؛ کارکردن لە ڕووبەرێکی کارلێنەکراودا (گەشتێکی کڕۆنۆلۆژی کورت)

عەزیز گەردی؛ کارکردن لە ڕووبەرێکی کارلێنەکراودا

(گەشتێکی کڕۆنۆلۆژی کورت)

ئارام سدیق/  نووسەر / سلێمانی

 

 

سەرەتا

هەندێک نووسەر و وەرگێڕ هەیە بۆ مەرگیان گەلێک بەداخ بووم و ئاواتی ئەوەم خواستووە تەمەن درێژتر و بە بەرهەمتر بن، بەڵام مۆتەکەی مەرگ ئاواتەکەی خامۆش کردووم. یەکێک لەو نووسەرانە عەزیز گەردی بوو، کە ساڵانێکی زۆر بەبێ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینم ئاواتی تەمەن درێژیم بۆ دەخواست، بۆیە هەم نەخۆشکەوتنەکەی و هەم کۆچی دوایی ئەم زاتە شۆک هێنەر بوو بۆم. بەر لە عەزیز گەردی هەمان ئاواتم بۆ شێرکۆ بێکەس لە دڵدا بوو، ساڵانێکی زۆر کە کتێبێکی نوێی چاپ دەبوو ئاواتەخوازی ئەوەم لە دڵەوە دەخواست تا ساڵێکی دیکەيش تەمەن درێژ بێت و کتێبێکی نوێی ببینم، تا دواجار بەر لە تەواوکردنی قەسیدەی “یادەوەریی پاسکیلێکی کەرکوکی” مەرگ لەگەڵ خۆی بردی. ئێستايش زۆر نووسەر و وەرگێڕ هەن لە دڵەوە ئاواتی تەمەن درێژییان بۆ دەخوازم، چونکە دەزانم هێشتا وزەی داهێنان لە ڕۆحیانەوە دەچۆڕێت.

نزیکەی بیست ساڵە بەرهەمەکانی نووسەر و وەرگێڕ عەزیز گەردی دەخوێنمەوە و چەند ساڵێکیش خولیای ئەوەم هەبوو لە نزیکەوە بیبینم و دووجار لە بەحرکە سەردانی ماڵیم کرد، بەداخەوە دەرفەتی بینینی نەڕەخسا. تا جارێک لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بینیم و خولیاکەم بووە ڕاستی و گەلێک خۆشحاڵبووم بە بینینی و لەو یەکتربینینە کورتەدا چەند پرسیار و گفتوگۆیەک کەوتە نێوانمانەوە، کە هەرگیز بیرم ناچێت. ئێستا نزیکەی 80 کتێبی چاپکراوی ئەم نووسەر و وەرگێڕە لە کتێبخانەکەمدایە و زۆرێکیانم خوێندووەتەوە. لە دڵەوە عاشقی کارەکانی بووم. سەنگی نووسینەکانی ئەگەر زیاتر نەبووبێت لە وەرگێڕانەکانی هەرگیز کەمتر نەبووە، بۆیە ئەم مرۆڤە ڕۆح سپییە ژیانی ئاوێتەی دوانەی نووسین و وەرگێڕان بوو و لەنێو کارەکانیشیدا لە هەردوو بوارەکەدا (بە شێوە گشتییەکەی) سەرقاڵی کارکردن بوو لەو ڕووبەرانەدا، کە کاری لێنەکرا بوو، یان پێویستی کتێبخانەی کوردی بوون. بێگومان ئەم قسەیە پێویستی بە سەلماندن هەیە، کە لەم نووسینەدا بە وردبوونەوە لە بەرهەمەکانی هەوڵی ئەوە دەدەین.

 

نووسینەکانی عەزیز گەردی

سەرەتا دەبێت بڵێم سەرەتای ئاشنابوونی من لەگەڵ عەزیز گەردی لە ڕێی کارە وەرگێڕدراوەکانییەوە نەبوو، بەڵکوو لە ڕێی کتێبێکەوە بوو بەناونیشانی “ئەدەبی بەراوردکاری” ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ و گرنگە سەبارەت بە میتۆدی بەراودکاری لەنێوان دوو تێکستدا، کە لێکۆڵەران وەک میتۆد دەتوانن بۆ بەراوردکردنی دوو تێکست لە دوو زمانی جیاوازدا بەکاری بهێنن. من ئەم میتۆدەم لە لێکۆڵینەوەیەکدا دە ساڵ لەمەوبەر بەکارهێناوە و سەرچاوەی سەرەکیشم ئەم کتێبەی عەزیز گەردی بوو. یەکێکی دیکە لەو کتێبە دانراوەکانی ئەم زاتە “ڕابەری کێشی شیعری کلاسیکی کوردی”یە، کە کتێبیکی قەبارە گەورەیە سەبارەت بە کێشی شیعریی کلاسیکی و یەکێکە لە سەرچاوە دەگمەنەکان. ئەمە بێجگە لە سێ نامیلکەی “ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا”، کە ئەمانیش لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا نووسیوە و بڵاوکراونەتەوە. یەکێکی دیکەيش لە کتێبەکانی کتێبی “سەروا”یە، کە ئەمیش لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕە سەبارەت بە “سەروا” و سەرواکاری لە شیعردا.

ئەمانەی لێرەدا ناویان هێنرا نموونەیەکی بچووکن لە کارەکانی ئەم نووسەرە و خاوەنی چەندین کتێبی دیکەی نووسینە، کە هیچ کتێبێکی نییە کەلێنێکی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ نەکردبێتەوە، کە ژمارەی کتێبە نووسینەکانی دەگاتە زیاتر لە 20 کتێب، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی ئەم نووسەرەوە هەستم بە جۆرێک لە بێئاگایی و نەناسینی ئەم گەردییە بێگەردە کرد. ئەمە بێجگە لەوەی لای هەندێک کەسی دیکەيش هەستم بە جۆرێک لە فەرامۆش کردنی بەرهەمە نووسراوەکانی ئەم نووسەرە کرد وەکو ئەوەی بەرهەمی وەرگێڕان بایەخدارتر بێت لە نووسین. بێگومان من فەزڵی هیچکام لەم دوانە نادەم بەسەر ئەوی دیکەدا، چونکە هیچ کولتوورێک نییە پێویستی بە وەرگێڕان نەبێت، وەک چۆن بەبێ نووسین و بەرهەمی نووسەرانی ناوخۆیی هیچ کولتوورێک نییە بتوانێت باسی گەشە و پێگەی خۆی بکات. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە پێویستە ڕوانینمان ڕاست بکەینەوە. تێکست لەسەر بنەمای لۆکاڵی و دەرەکی پۆلێن نەکەین و بڕیاری جوان و بایەخداری نەپێوین، چونکە ئەوەی نەتەوەیەک دەکاتە خاوەنی کولتوور و فەرهەنگ بەتەنها وەرگێڕان نییە، بەڵکوو وەرگێڕان دەتوانێت هاوکار و دەستگیرۆیی کەری نووسەران و بەهرەمەندان بێت بۆ ئەوەی لەنێو هزری خۆماڵی خۆیاندا داهێنان بکەن و تێکستی داهێنەرانە بئەفرێنن. پێداگریی دەکەمەوە هیچ میللەتێک نییە بەبێ نووسین شانازی بە کولتوور و بەرەوپێش چوونییەوە بکات. کاتێک باسی زمانی ئیتاڵی دەکەین یەکسەر خەیاڵمان دەچێت بۆ لای دانتێ ئەلیگیرێ و شاکارەکەی “کۆمیدیای ئیلاهی” (کە عەزیز گەردی ئەم شاکارەی کردووە بە کوردی) کە توانی بەم تێکستە زمانی ئیتاڵی لە فەوتان بپارێزێت. واتە ئەوەی زمانی ئیتاڵی پاراست نووسینی تێکستێک بوو، نەک وەرگێڕان. کەواتە عەزیز گەردی تەنها بریتی نییە لە کارە وەرگێڕانەکانی (کە ئەوانیش سەرمایەیەکی گەورەی زمانەوانی و ڕۆشنبیریین)، بەڵکوو عەزیز گەردی بەر لەوەی وەرگێڕ بێت نووسەرێکی گەورە و داهێنەرێکی بەسەلیقە و توێژەرێکی وردەکار بوو و ئەو بەرهەمانەی لەسەرەوە ناومهێنان و بەرهەمەکانی دیکەشی گەواهیدەری ئەم قسانەن.

یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی ژیانی ئەم نووسەرە کارکردن بوون لەسەر ساغکردنەوەی کێشەکانی عەروزی عەرەبی لە شیعریی کلاسیکی کوردیدا. ئەم پرۆژەیە دەمێک ساڵە دەستی پێکردووە و یەکەمجار لە ساڵی 2003دا بەشێک لەم پرۆژەیەی لە دووتوێی کتێبێکی 790 لاپەڕەییدا چاپ و بڵاوکردەوە. دووراودوور ئاگاداربووم کە کار لەم پرۆژەیە دەکات، بەڵام بەداخەوە دوای تەواوکردنی مەرگ مەودای نەدا خۆی چاپکردنەکەی ببینێت.

دوای مەرگی ئەم نووسەرە مەزنە، دەزگای فام کتێبەکەیان لە دوتوێی حەوت بەرگدا و بەناونیشانی “ڕابەری کێشی شیعری عەرووزی کوردی” پرۆژەکەیان بۆ بەچاپ گەیاند. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “سەرەتای بایەخدانی من بە زانستی عەرووز بۆ سەرەتای حەفتاكان دەگەڕێتەوە، ئەوسا لە ڕێی چەند سەرچاوەیەكی باشی عەرەبییەوە توانیم تا ڕادەیەك لەم زانستە شارەزا بم.” دواتر ئەوەيش دەخاتەڕوو کە “ئەم ڕابەرە، هەروەكو لە ناونیشانەكەیەوە دیارە تایبەتە بە كێشی شیعری عەرووزی كلاسیكی و تەنیا ئەو شیعرانەی شاعیرەكان دەگرێتەوە، كە بە عەرووزی دەسكاریكراوی عەرەبی هۆنراونەتەوە.”

ئەم ڕابەرە (144) شاعیری كلاسیكیی كوردی گرتۆتە خۆ، کە بەشێکیان تا هەنووکەيش لە ژیاندا ماون، بەڵام هەر پەیڕەوی لەو کێشە عەرووزیانە دەکەن بۆ نووسینی شیعر. ئەم کتێبە یەکێکە لە سەرچاوە دەگمەنەکانی ناسینی شیعریی کلاسیکی کوردی و ئاشنابوونی خوێنەر بەکێشە عەرووزییەکانیان. ئەمە بێجگە لەوەی نووسەر هەوڵی داوە جۆرێک لە ساغ کردنەوەيش بۆ کێشە عەرووزییەکان و ڕیشەکانیان بکات.

دەمێک ساڵە خوێنەری شیعریی کلاسیکی کوردیم، بەڵام کاتێک ئەم ڕابەرەم خوێندەوە بە گەلێک لە پەنهانەکانی شیعریی کلاسیکی ئاشنابووم، کە پێشتر هەرگیز نەمزانی بوو. ئەم کتێبە سەرەتایەکی گرنگ و پتەوە بۆ ئاشنابوونی ڕاستەقینە و ئەکادیمیی و زانستیانە بە کێشە شیعرییە کلاسیکییەکان و کێشی عەرووزی عەرەبی.

ناوی عەزیز گەردی ئەگەرچی بێ ئەم بەرهەمەيش هەر نەمرە، بەڵام ئەم بەرهەمە نەمر تری کرد. ئەم بەرهەمە کارێکی کرد پرۆژەی لێکۆڵینەوەکانی ئەم نووسەر و ئەکادیمیستە بگاتە کامڵ بوون و بەبێ ئەم کارە دەکرا بڵێین پرۆژە ئەدەبی و توێژینەوەکانی کامڵ نین، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە بە بوونی ئەم بەرهەمە هەست بە کامڵی پرۆژە مەعریفییەکەی دەکەین.

 

وەرگێڕانەکانی عەزیز گەردی

عەزیز گەردی ئەگەرچی یەکەم بەرهەمی کاری  وەرگێڕان نییە، بەڵام کاروانی رۆشنبیریی و ئەدەبی هەر لەسەرەتاوە بەدەر نەبووە لە کاری وەرگێڕان. یەکەم کتێب لە ساڵی 1972 سەبارەت بە ڕوانبێژی بڵاو دەکاتەوە و هەر دوو ساڵ دواتر کتێبێکی هاوبەشی وەرگێڕان بەناوی “سێ گۆشەکان” بڵاو دەکاتەوە. بە وردبوونەوە لە کارە وەرگێڕدراوەکانی دەبینین وەرگێڕان لای گەردی دوو ئاست لە خۆ دەگرێت.

یەکەم: کارکردن لەو تێکستانەی حەز و خولیای خۆی بووە و خۆی حەزی لێی بووە و وەکو جۆرێک لە ئارامی ڕۆحی وەریگێڕاون.

دووەم: کارکردن لەو تێکستانەی پێویستی کتێبخانەی کوردی بوون، ڕاستە لەگەڵ حەز و خولیای خۆی هاتوونەتەوە، بەڵام پێویستی کتێبخانەی کوردی پاڵنەرێکی بەهێز بوون.

سەرەتای کاروانی وەرگێڕانی ئەم وەرگێڕە بە شاکارەکان دەستی پێکردووە. یەکێک لەو کتێبانەی لە ساڵی 1979دا کردوویەتی بە کوردی و چاپ و بڵاوکراوەتەوە داغستانی من – ی ڕەسوڵ هەمزاتۆڤە. ئەم کتێبە گەنجینەیەکە لە پەند و چیرۆک، کە نزیکییەکی زۆری لە ڕۆحی مرۆڤی خۆرهەڵاتی و کوردەوە هەیە و ئەم وەرگێڕە هەر زوو پەی بەو نزیکییە دەبات و دەیکاتە کوردی.

یەکێکی دیکە لەو کتێبانەی کە بەلای منەوە جێگەی بایەخێکی گەورەیە کتیبی “کۆمیدیا”ی دانتێیە. ئەم کتێبە نەک شاکاری ئەدەبی ئیتاڵییە، بەڵکوو یەکێکە لە تێکستە دایکانەکانی نێو ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهانی و لەسەر دەستی گەردی کراوە بە کوردی. کاتێک باس لە تێکستی دایکانە دەکەین مەبەستمان ئەو تێکستانەن کە لە هەناویانەوە دەیان تێکستی دیکە هاتوونەتە دەرەوە، یان کاریگەرییان لەسەر دەیان تێکست داناوە لە چەشنی ئیلیادە و ئۆدێسەی هۆمیرۆس، میتامۆڕفۆس – ی ئۆڤید، زنجیرە چیرۆکی “هەزار و یەک شەو”. هەڵبەت “کۆمیدیا” لە ڕیزی ئەو تێکستانەیە.

یەکێکی دیکە لە وێستگەکانی کاری وەرگێڕانی ئەم نووسەر و وەرگێڕە، وەرگێڕانی ئەو کتێبانەیە کە ڕۆژهەڵاتناسان و ئەکادیمیستانی بیانی سەبارەت بە کورد نووسیویانە، کە دەتوانم دوو نموونەی گەلێک گرنگ بیری خوێنەر بخەمەوە لەوانە: “ژیانی ئافرەتی کورد/ نووسینی هێرۆ هارۆ هانس”، “ئافرەتی کورد لە تورکیا/ نووسینی لویس گارنێت”. ئەمە دوو نموونەی گەلێک گرنگ و بەپێزن لەم بواری وەرگێڕانەی گەردی بەسەر کردووەتەوە.

یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی وەرگێڕانی گەردی کارکردن بوو لە کۆبەرهەمی نووسەران و بۆ ئەم مەبەستەيش کاری لەسەر کۆبەرهەمێ چەند نووسەرێک کرد، کە بەداخەوە هیچیانی بە کۆتا نەگەیاند لەوانە: “لیۆ تۆڵستۆی”، “ئۆریانا ڤالاچی”، “عەلی ئەشرەف دەروێشیان”، “مەنسوور یاقوتی” و “زەکەریا تامر”، کە ئەمەی دواییان تەنها یەک دوو کتێبی بەچاپ گەیەنرا و ئەوەندە من ئاگادار بم بەشێکی دیکە لە کتێبەکانی وەرگێڕانی تەواو کردووە و بە چاپ نەگەیشتووە.

یەکێکی دیکە لە تواناییەکانی ئەم وەرگێڕە کارکردن بووە لە بواری وەرگێڕانی پێچەوانە. بەداخەوە لەم بوارەدا بەهۆی ئەوەی هاندان نەبوو تەنها یەک کتێبی بەچاپ گەیاند کە ئەویش “مەموزین”ی ئەحمەدی خانی بوو. لێرەدا کە باس لە هاندان دەکەم مەبەستم ئەوەیە کە دەزگایەکی نیشتمانی نییە کار لەسەر وەرگێڕانی پێچەوانە بکات و تاڕادەیەک وەرگێڕانی پێچەوانە بکاتە سیستماتیک و ئەو بەرهەمانی وەرگێڕکاران لە کوردییەوە بۆ زمانانی دیکە وەری دەگێڕن هەوڵەکە بە فیڕۆ نەڕوات و بە خوێنەرانی ئەو زمانانە بناسێنرێت و دەزگای چاپی متمانە پێکراویان بۆ بدۆزرێتەوە، کە لای ئێمە تا هەنووکە ئەم دەزگا نیشتمانییە نییە. هەر بۆیە وەرگێڕانی پێچەوانە جگە لە هەوڵێکی تاکەکەسی و خەمخۆری خودی وەرگێڕ هیچی دیکە نییە بۆیە دەیان ئاستەنگی جۆراوجۆری بۆ دروست بووە و هاوکات لەبەردەمیشدایە.

بەدەر لەوەی لە پێشتر سەبارەت بە وەرگێڕانەکانی عەزیز گەردی خرایەڕوو، یەکێکی دیکە لە وێستگە گرنگەکانی وەرگێڕان لای ئەم نووسەر و وەرگێڕە، وەرگێڕانی چیرۆکی ئەفسانەییە، یان دروست تر بڵێم ئەفسانەی گەلانی دونیایە. کە نزیکەی 50 کتێبە. ئەفسانەکان جگە لە ئەفسانەی کوردی ئەفسانەی گەلان و ناوچەی جیا جیای دیکەی جیهانی تێدایە، کە لە ئەفسانەی چینیيەوە دەست پێ دەکات تا ئەفسانەی ئەفریقی و ئەڵمانی.

بێگومان بوونی ئەفسانەکان گوزارشتن لە بیرکردنەوە و چۆنێتی ژیانکردن و کولتووری ئەو گەل و ناوچانەی کە لێی ڕسکاون. بوونی ئەم ئەفسانانە، کە من بە “ئەفسانەکانی عەزیز گەردی” ناویان دەبەم، گەلێک بایەخدارن بۆ خوێنەری کورد. هەر گەلێک دوور بێت لە ئەفسانەخوێنی و دونیابینی نەوەکانی کورت و خەیاڵدانی خاڵی دەبێت. ئەم ئەفسانانە دەشێ کاریگەری گەلێک گرنگ لەسەر دونیابینی خوێنەری کورد دابنێت و ڕەنگدانەوەيشی لەسەر هونەری گێڕانەوەی کوردی هەبێت.

 

عەزیز گەردی، ئەگەرچی بە جەستە لامان نەماوە، بەڵام کتێبەکانی کە زیاتر لە 100 کتێب و چەند هەزار لاپەڕەیە بۆ هەمیشەیی لای نەوە دوای نەوەی خوێندەوارانی کورد دەمێنێتەوە و کاریگەریی نووسین و وەرگێڕانەکانی هەمیشە بە نەمری نەمێننەوە.