فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە تەکنیکێکی ساکار و قووڵەوە بۆ خەڵاتی نۆبێڵ “ڕووەکی” و “کتێبی سپی” وەک نموونە

لە تەکنیکێکی ساکار و قووڵەوە بۆ خەڵاتی نۆبێڵ

“ڕووەکی” و “کتێبی سپی” وەک نموونە

 ئه‌ژین فه‌همی/ نووسەر / سۆران

 

زۆر جار له‌ ده‌قدا به‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ ده‌كه‌وین و زۆر شتیش تێیدا هه‌ر ساده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م ساده‌ییه‌ كارێكی ڕێككه‌وت یان هه‌ڕه‌مه‌كی نییه‌، به‌ڵكوو جۆرێكه‌ له‌ ته‌كنیك یان پلانی نووسه‌ر تا له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كاری هونه‌رمه‌ندانه‌ی خۆی بكات. ئه‌گه‌ر سه‌رنجمان له‌سه‌ر ساده‌گێڕانه‌وه‌ بێت، ڕه‌نگه‌ دیوی قووڵی ئه‌م ساده‌ییه‌ نه‌بینیین و له‌به‌رده‌م گومانێكی گه‌وره‌دابین. ئایا ماناکانی پشت دێڕەکان چین، لە کاتێکدا ماناکانی سەرەوە ڕوون و ڕه‌وانن؛ نووسه‌ر ڕێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌گرێته‌به‌ر تا باوه‌ڕ به‌ خوێنه‌ر بهێنێت، كه‌ ده‌شێ باسكردنی ئه‌م ورده‌ شته‌ سادانه‌ ئامانجیان له‌پشته‌وه‌ بێت. دەتوانین بڵێین سادەییەکی قووڵ، زمانێکی ڕاستەوخۆ، هاوکات زبر و شیعرئامێز بەشێکن لە ستایلی نووسینی نووسەری کۆری “هان کانگ”، کە ئەم ساڵ (٢٠٢٤) خەڵاتی ئەدەبی نۆبێڵی وەرگرت. من لێرەدا هەوڵ دەدەم هێندەی پێم بکرێ و بەکورتی خوێندنەوەیەک بۆ دوو لە ڕۆمانەکانی “هان کانگ” بکەم و زیاتر بە خوێنەرانیان بناسێنم. من نامه‌وێت باسی (زمان، ته‌كنیك، پلۆت…) بكه‌م، ته‌نانه‌ت باسی خودی گێڕانه‌وه‌یش بكه‌م. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی “هان كانگ”، جیاده‌كاته‌وه‌، نه‌خشی زمانه‌ شیعریه‌ته‌كه‌یه‌تی، “كانگ” له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌ شیعرییه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌م له‌ ڕۆمانی “ڕووه‌كی” و هه‌م له‌ “كتێبی سپی” ،دا، كه‌ من ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌یم خوێندوونه‌ته‌وه‌، خاڵی جیاوازیی خۆی تۆخ ده‌كاته‌وه‌. په‌ره‌گرافه‌ په‌خشانییه‌كانی به‌هۆی ئه‌و ورده‌كارییه‌ زمانیانه‌وه‌ ده‌نه‌خشێنێت. “هان کانگ” له‌ ڕۆمانی (ڕووه‌كی)دا له‌ ڕێگه‌ی‌ گێڕه‌ره‌وه‌ی كه‌سی دووه‌م، كه‌ (هاوسه‌ری ئێن هێ)یه‌، هه‌وڵ ده‌دات قورساییه‌كان له‌سه‌رشانمان لا ببات و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش ڕووداوه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی چیرۆكی خۆی بێت له‌ به‌رابه‌رمان دانیشت بێت و ئێمه‌یش گوێمان بۆی گرت بێت. نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات، لەگەڵیدا پشوودرێژ بین و له‌و پێناوه‌دا قورسترین شته‌كانمان له‌به‌ر چاودا ئاسان ده‌كات. (ئێن هێ) ژنێکی بێدەنگە و پەیڕەوی داب و نەریتی خێزانی، بەپێی پرنسیپەکانی کولتوورەکەی خۆیان دەکات و هەرگیز سەرپێجی هیچ یاسایەکی ناو خێزانەکەیانی نەکردووە، تا لە پڕ خەون بە خوێن و توندوتیژییەوە، بە جەستە و گۆشتەوە دەبینێت. لێرەوە (ئێن هێ) بڕیارێك دەدا، كه‌ ئیدی گۆشت نه‌خوات و ببێته‌ مرۆڤێكی ڕووه‌كی. ئەو مڕۆڤانەی لە ژیانی (ئێن هێ)دا، بۆ نموونە مێردەکەی، مێردی خوشکەکەی و خوشکەکەی ڕێز لەم بڕیارەی ناگرن، سووربوونی ئەویش لەسەر بڕیارەکەی کۆمەڵێک ڕووداوی توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە. ئەم کێشە و ململانێیە تەنیا سەبارەت بە جەستەی ئەو نییە، هەروەها باس لەوەيش ناکات ئەو دەیەوێت چی بخوات و چی نەخوات؛ بەڵکوو زیاتر سەبارەت بە هەستی سێکسوالیتێت و ئازادی هۆشمەندی ئەوە، وەک ژنێک. ئه‌م بڕیار و خه‌ونه‌ ژیانی (ئێن هێ) سەرلەبەری ده‌گۆڕێت، بۆ نموونە جه‌سته‌ی تەواو گۆڕانکاری بەسەردا دێت‌، نه‌خواردنی گۆشت، جوانی و كوڵمه‌ی به‌رزی ڕابردووی نامێنێت. ئه‌م بڕیاردانه‌ی ئێن هێ، لای خۆی ئاساییه‌ و لای هه‌مووان به‌ قورسترین بڕیار هه‌ژمار ده‌كرێ، به‌ڵام لای ئه‌و شتێكی تره‌، چونكه‌ ‌ده‌شێ له‌ گۆشته‌وه‌ ڤیتامین وه‌ربگرین له سه‌وزه‌ و میوه‌یشدا هه‌روه‌تر. كاتێ ئه‌و چاره‌یه‌ هه‌یه‌، بڕیاره‌كه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندییه‌. هاوسه‌ره‌كه‌ی وه‌ك پیاوێك ڕۆچووه‌ته‌ ناخیی خۆیه‌وه:‌ باسی هه‌ندێك شتی وروژێنه‌ر ده‌كات، كوڵمه‌ پوته‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ڕانه‌ شل بووه‌كانی، ڕووخساره‌ جوان له‌ ده‌ست چووه‌كه‌ی… له‌ ڕاستیدا پیاوه‌كه‌، به‌ر ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی ژنه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و وه‌ك پیاوێك له ‌خه‌می لاوازبوونی ژنه‌كه‌یدایه‌، له‌ ئه‌و وایه‌ به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ مه‌رگ بینه‌قاقای ژنه‌كه‌ی گرتووه‌. له‌ كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كاندا له‌ خوێنه‌ر وایه‌ له‌ پشت ئه‌م چیرۆكه‌وه‌، چیرۆكێكی تر هه‌یه‌ و كه‌م كه‌س ده‌رك به‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات. جێی گومانه‌. (ئه‌و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئاژه‌ڵ مرۆڤ بخوات، ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه‌، مرۆڤ ئاژه‌ڵ بخوات.) پرسیاری ئه‌وه‌ دروست ده‌بێت، مرۆڤ بێ خواردنی گۆشت شه‌كه‌ته‌ و هیچ قه‌ره‌وبووێك نییه‌؟ ئه‌م بڕیاره‌ وا ده‌كات، پیاوه‌كه‌ حه‌ز له‌ خوشكی‌ ژنه‌كه‌ی بكات‌ و وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ یان تۆڵه‌كردنه‌وه‌؟ باوكی ژنه‌كه‌ به‌ زۆر ده‌یه‌وێت گۆشته‌كه به‌ كچه‌كه‌ی ده‌رخوارد بدات، ئه‌ویش زێده‌تر پێداگر ده‌بێت له‌ نه‌خواردنی گۆشتدا و سووره‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ و به‌ بڕوا به‌خۆبوونێكی زۆره‌وه‌ ده‌ڵێت: گۆشت ناخۆم. (ڕووەکی) ڕۆمانێکی شیعرئامێزە و پڕە لە ڕازونیاز، چیرۆکێکی خەونئامێزی نێزیکە لە “کافکا”وە، کە باسی ژیان و مەرگمان بۆ دەکات. “هان کانگ” لە ڕۆمانی (ڕووەکی)دا زۆر بە سەلیقەوە لەنێوان ڕیالیزم، سوریالیزم و سیمبۆلیزمدا کار دەکات. (ڕووەکی) بێ ئەندازە جوانە، هاوکات چیرۆکێکی ڕەشە سەبارەت بە حەز و گۆڕانکاری، دەستەڵات و بەرهەڵستی. هەر لەم سۆنگەیەشەوەیە، کە زۆربەی ڕەخنەگرەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووه‌تەوە، کە ڕۆمانی (ڕووەکی) بیرکردنەوەی خوێنەر دەگۆڕێت، هەموو جۆرە خوێندنەوەیەکیش بۆ ئەم ڕۆمانە دەگونجێت. ‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م باسه‌دا‌، ده‌خوازم له‌ ڕووداوێكی بچووك ڕابمێنم. دوای بینینی خه‌ونێك، كه‌ باگراوه‌ندێكی گه‌وره‌ی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌یش، ڕووداوێكی گه‌وره‌ی ئافراندووه‌ و ته‌واوی باسه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌م ڕووداوه‌دا‌یه‌. ده‌شێ مرۆڤ، له‌ تێكۆشان و به‌دیهێنانی خه‌ونێكییه‌وه به‌ دوای هه‌موو خه‌ونه‌كانی دیكه‌یدا بچێت، بێ باك له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت، له‌به‌رده‌م خواسته‌كانی خۆیدا ملكه‌چ بێت و به‌قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و هه‌ڵنه‌سووڕێت. ئامانج و بڕیاردانی له‌پێش هه‌ر شتێكه‌وه‌ بێت، كه‌ گه‌ره‌كییه‌تی. (ڕووەکی) لە ساڵی ١٩٩٧دا بڵاو دەکرێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ئینگلیزی دەردەچێت و لە ساڵی ٢٠١٦ دا خەڵاتێکی نێودەوڵەتی وەردەگرێ و بەم شێوەیە دەپەڕێتەوە بۆ نێو ئەدەبی جیهانی. له‌ ڕۆمانی (كتێبی سپی)دا خوێنەر هەست دەکات بەر دەقێک دەکەوێت له‌نێوان ڕۆمان و بیرەوەری دایە. كتێبه‌كه‌ پێكهاتووه‌ لە کۆمەڵێک پەرەگرافی کورت، کە پێوه‌ندییەکی پێكه‌وه‌ به‌ستراو کۆیان دەکاتەوە. نووسەر باس لە بیرەوەرییەکانی خۆی دەکات لە کاتی مانەوەی لە وڵاتی وارشۆ. لەم گێڕانەوەیەدا بە شێوه‌یه‌كی شاعیرانە و پوخت باس لە شتە سپییەکانی دەوروبەری دەکات، وه‌ك: بەفر، کفن، سه‌گێكی سپی… “هان کانگ” بە ستایلە ساکار و قووڵەکەی بە وردی لە چواردەورەکەی خۆی دەڕوانێت، مێژووی شوێنەکە، ستراکتورەکەی، بێگومان ڕەنگەکانیش. داپۆشینی شارێکی ئەوروپی بە بەفر، دوور لە ژینگە و شار و وڵاتەکەی خۆیەوە، دەبێتە چوارچێوەیەکی شیعرئامێز، کە بە نێو قووڵاییەکانی خەمێکی قورسدا شۆڕ دەبێتەوە. ئه‌م سپێتییه‌ پانتاییه‌كی زۆری له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا داگیركردووه‌. ڕه‌نگێك وه‌ك منداڵ بێگه‌رد، کە بێگومان كاریگه‌ری به‌سه‌ر خوێنه‌ره‌وه‌ جێدێڵێت. دەکرێ بڵێین (کتێبی سپی) ڕامانێکی قووڵە، ڕەهەندێکی فراوانە سەبارەت بە ڕەنگی سپی و ئەو شتە نادیارانەی لەنێوان ژیان و مردندا هەن. له‌ ڕێگه‌ی سپێتییه‌وه‌ به‌ هه‌موو مانایه‌كه‌وه قووڵ بووه‌ته‌وه‌ له لە ‌دایك بوون و مردن، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه شۆڕده‌بینه‌وه‌ له‌ وێنه‌ ورد و ناسكه‌كانی، وێنه‌ ساده‌ و ڕاستەوخۆکانی نێو سپێتییه‌وه‌. ڕەنگی سپی دەبێتە ئەو دەروازەیە بۆ چوونە خوارەوە بە نێو ئازارەکانی مڕۆڤێکدا؛ شارەکە، ژینگە و ڕەنگە سپییەکەی سروشت، مانگ، باڵندەیەکی سپی، دەرگاکانی بۆ خەمێکی کەسێنی دەکاتەوە. لێره‌دا گرنگ نییه‌ باس كردنی ناوه‌ڕۆكی سپێتی به‌ هه‌مو ماناكانییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت مردنی خوشكێك و باسكردنی له‌لایه‌ن خوشكێكییه‌وه‌، بێگومان ئه‌م مردنه‌ ته‌واوی چیرۆكی نێو كتێبه‌كه‌یه. ئایا گه‌ر ئه‌م خوشكه‌ نه‌مردبا، ژیان هێنده‌ی ده‌هێنا ئه‌م خوشكه تێیدا بژی؟! لەم کتێبە سپییەدا مەسەلەکانی مەرگ، مێژوو، بیرەوەری… وەک تەونی جاڵجاڵۆکە، لەنێو ڕەنگی سپیدا ورد ورد دەچنێت. دنیابینین لە ڕوانگەی سپێتییەوە، هەر تەنیا سەرلەنوێ تاریکیمان بە شێوەیەکی تر بۆ ئاشکرا ناکات، بەڵکوو هەموو ئەو شتە نادیارانەی لەنێو ژیاندا بە شاراوەیی ماونەتەوە، ئاشکرا دەکات. (کتێبی سپی) جۆرە چوونەوە نێو خودە، تا سنوورەکانی نێوان ئەو نهێنییە پڕ لە ڕازونیازەی لەنێوان ژیان و مەرگدا هەیە، بیبڕین. لە کۆتایدا، وەک پوختەیەکی ئەم ڕانانە کورتە، گه‌ر له‌ هه‌ردوو ڕۆمانەکە ورد بینه‌وه‌، دەبینین باسكردنی خه‌مێكی قووڵی نێو خێزان و بڕیار و ژیانكردنیانه، لێره‌دا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین “هان كانگ” زۆر به‌ باشی له‌ هه‌ردووك ڕۆمان گرنگی به‌ خێزان داوه‌. له‌ ڕۆمانی ڕووه‌كیدا، کە لەوەوبەر (خه‌ڵاتی مان بووكه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی پێ به‌خشرا) له‌ كتێبی سپیشدا براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێڵ بوو. “هان کانگ” لە ساڵی ١٩٧٠ لە کوانگیو، لە کۆریای باشور لە دایک بووە، لە تەمەنی دە ساڵییەوە دەگوێزنەوە بۆ سیئۆل، سەرەتا وەک شاعیر دەردەکەوێت. لە ساڵی ١٩٩٧دا یەکەم ڕۆمانی (ڕووەکی) بڵاو دەکاتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبی بە دەست دەهێنێت.

سه‌رچاوه‌:

_ ڕووه‌كی، هان كانگ، وه‌رگێڕانی هه‌ژار عوسمان. له‌ بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس، ٢٠١٦ _ كتێبی سپی، هان كانگ، وه‌رگێڕانی سابیر شاكرمه‌لوول، ستار محمه‌د قادر. ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ڕه‌هه‌ند، ٢٠٢١