ژن و ژینگە
د. نازەنين عوسمان/ نووسەر / فەڕەنسا
پێناسەکەى ژینگە ئاسان و یەک لایەنە نیيە، پەلو پۆى زۆرە و بەپێى ئەوەى باسى چ جۆرە ژینگەیەک دەکەین پێناسەکان دەگۆڕین بە پێى جۆرى زانستەکان کە باسى لێوە دەکرێت، و ئەگەر سەیرى فەرهەنگەکان بکەین بە دەیان پێناسەمان دەکەوێتە بەر چاو. بە شێوەیەکى گشتى و ئەوەى ئێمە لەم نوسینە مەبەستمانە ژینگەى مرۆڤە، دەکرێت کورتى بکەینەوە بەوەى ئەو ژینگە و سروشتەیە کە دەوورو بەرى مرۆڤى داوە تا تیا بژى، ئەو دەووروبەرەيش بریتین لە کەش و ئاو و هەوا و خاک و زیندەوەرەکانى دەووروبەرى لە ئاژەڵ و سەوزایى کە کاریگەرى راستەوخۆ و ناڕاسەوخۆیان هەیە لەسەر ژیان و بەردەوام بوونى مرۆڤ. پەیوەندى نێوان پێکهاتەکانى ژینگە (مرۆڤ لە نێوانیاندا) زۆر زێندووە و بە بەردەوامى لە گۆڕان دایە و کار دەکەنە سەر یەک و لە ژێر یاسا گشتیيەکانى کیمیا و فیزیا و بایۆلۆجى.
بۆ بەردەوام بوونى ژیانى مرۆڤ پێویستى بە ژینگە هەیە، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە بە کار و کاردانەوە بەڕێوە دەڕوا، بۆ بەردەوام بوونى ژیان بە شێوەیەکى تەندروست پێویستى بە ژینگەى تەندروست هەیە بەڵام گەر بەشێوەکى تەندروست نەکرێت کاردانەوەى ژینگە ناتەندروست دەبێت، ژینگە پیس بکە کاردانەوەى ژینگە بە بڵاوبونەوەى نەخۆشیيە، زیدەڕۆیى لە بەکارهێنانى وزە بکە کاردانەوەى قاتى وزەیە وبەفیڕۆدانى ئاو کەمى ئاوى پاکت دەبێ و سەوزایت کەم دەبێتەوە، هەوا پیس بکە بە بەرهەم هێنانى پیشەسازى رێژەى گازى ژەهراویت زیاد دەکا، دەنگە دەنگى زۆر و هاو و هاژ دروست بکە بارى تەندروستى و گوێ تێکدەدا و وا لە هەندێ زیندەوەر دەکا ئەو شوێنانە جێبهڵن…. بەم شێوەیە ژینگە کاردانەوەى دەبێت، هێندێ کاردانەوە یەکسەرى وخێرایيە و هەندێکیش کاتى دەوێت تا کاردانەوەکە بەدیار کەوێت بەڵام ئەو کاردانەوەیە هەردەبێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن و تا چارەسەریيەکان دواخرێن چارەسەرەکان قورس تر دەبن و ڕەنگبێ هەر نەکرێن یان پاش زیانى زۆر بە مرۆڤ و زیندەوەرەکان بگات وەک بەرز بوونەوەى گەرما بە هۆى قەتیس بوونى گازە گەرمکەرەکان.
لەو چەند ساڵەى دوایى زۆر باسى ژینگە پیس بوون و خراپ بەکار هێنانى سەرچاوەکانى ژینگە دەکرێت و کاریگەرە خراپەکانى لەسەر ژیان و ژینگە. لەو باسانە دروست بوونى کون لە توێژى ئۆزۆن کە چواردەووری زەوى داوە و وا دەکا تیشکى خۆر بەتایبەتى سەروو مۆر کە کاریگەرى خراپى هەیە لە سەر لەش بۆ دروست بوونى شێرپەنجە و شەبەکەى چاو، قەتیس بوونى گەرما بەهۆى زیاد بوونى گازە گەرم كەرەكان وەکوو هەڵمى ئاو، دووەم ئۆكسيدى كاربۆن، ئۆكسيدى نايترۆز، ميسان ، گازى ئۆزون کە دەبنە هۆى بەرز بوونەوەى پلەى گەرما، توانەوەى سەهۆلى جەمسەرەکان، بەرزبوونەوەى ئاو لە هەندێ شوێن کەوتنە ژیر ئاو هەندێ خاک لە هەندێ شوێن، زیاد بوونى لافاوى گەورە و کەردەلولى زۆر گەورە وەکوو تسونامى، ئاگر کەوتنەوەى گەورە وەک ئەوەى ئەمساڵ لە سوید روویدا، گۆڕان لە ئیکۆ سیستم، نەمانى هەندێ لە سەوزایى یان زیاد بوونى هەندێ جۆرى تر وەکوو زیاد بوونى قەوزەى ناو دوەریا یان مەترسى نەمانى حوتەکان و مێشەنگوین، نەمانى هێندێ زیندەوەر و لەناوچوونى هێندێکى تر. لە کوردستان هەندێ دیاردەمان هەیە بەهۆى قەتیس بوونى گەرما وەک بە بیابان بوونى هەندێ شوێن و کەم بوونەوەى ئاوى سەر زەوى و ژێر زەوى و گۆڕانى وەرزەکان و تیکەڵ بوونیان بەیەک، زۆر بوونى وشکە ساڵى.
ئەو گۆڕانکاریانە بەشێکیان سروشتین، وەکوو تەقینەوەکانى خۆر کە کاریگەرى لەسەر گەرما هەیە یان هەندێ دیاردەى ترى سروشتى وەکوو تەقینەوەى بورکانەکان. بەشێکى تر لەبەرهەمهێنانى ئەو گازە گەرمکەرانە بەهۆى کردەوى مرۆڤن بەتایبەتى لەو سەد ساڵەى ڕابردوو مرۆڤ کاریگەرى زۆر خراپى هەبووە لە سەر گۆى زەوى وەک: بڕينەوەى دارستانەکانى ئەمازۆن کە بەسیيەکانى گۆى زەوى دەناسران، بەكارهێنانى سوتەمەنى ژێر زەوى، بەکار هێنانى گاز و مەوادى کیمیاوى زەرەرمەند بۆ ژینگە لە بەرهەمهێنانى پيشەسازييەكان و چالاکیيەکانى تەکنۆلۆجى و زیاد بەکارهێنان و سوتاندن و فڕیدانى هەندێ بەرهەم وەک پلاستيك و پاترى و ئامێرە کارەبایيەکان بۆ ناو سروشت و زیاد کردنى بەرهەمى کشتوکاڵ و ئاژەڵ کە هەندێ لەو گازە گەرمکەرانە زیاد دەکات لە هەوا.
مرۆڤ هەر بە سروشت حەز بە داگیرکردنى ژینگەى هەیە بۆ بەرژەوەندى و هەستى زێدەرۆیی و ئیسرافکردن و چاوبرسیيەتى، لە بەرامبەر ژینگە و دامەزراندنى کۆمەڵگاى سەرفکردن و پێشبڕکێ لە سەرفکردن. بەشێکى زۆر لە خراپ بەکارهێنانى ژینگە پەیوەندى بە کولتوور و داب و نەریتى ناتەواو و نادروست هەیە بەرامبەر بە ژینگە.
گرینگى دان بە ژینگە پەیوەندى بە رێژەى پێشکەوتن و خوێندەوارى هەیە، لە کۆمەڵگاى پێشکەوتوو زیاترە وەک کۆمەڵگاى هەژار و دواکەوتوو. پەیوەندى ڕاستەوخۆى هەیە و زیاد دەکا لەکەڵ دیموکراتیزە کردنى کۆمەڵ.
مرۆڤ زیاتر و باشتر لە کۆمەڵگاى پێشکەوتوو لەو ڕاستیانە تێگەیشتوە و ئەو کار و کاردانەوەى هەزم کردووە هەر بۆیە گرنگى دان بە ژینگە بۆتە خاڵى سەرەکى لە پێشکەوتنى ئیکۆنۆمى و بەڕێوەبردنى زانستیانە لە سیستمى ژینگە (ئیکۆسیستم).
تێگەیشتن لە ئیکۆ سیستم و پارێزگارى کردنى ژینگە بە رۆ ژو دوو رۆژ دروست نابێت، بە کەس و دوو کەسیش دروست نابێت، ئەمە پەیوەندى بە کۆمەڵ هەیە و بە هەر تاکێکى. هۆشدارى ژینگەیى بە پلانى کورت و خێرا ناکرێن، بە تێگەیشتنى قووڵ و زانستى دەکرێن بە چەسپاندنى لە مێشکى هەموو کۆمەڵان بە دەسەڵاتەکانەوە. بە پەروەردەیى ژینگەیى لە منداڵ هەر لە سەرەتاى ژیانیيەوە وەک هەموو پەروەردەیەکى ژیان کە فێرى منداڵ دەکرێن لە مێشکیا دەچەسپێ و ئەوەى مرۆڤ لە منداڵیدا فێرى دەبێت زیاتر دەبێتە هەڵوێستى رۆژانە و ئۆتۆماتیک.
لە هەموو دونیا ژن رۆڵى سەرەکى هەیە بۆ دروست کردنى ژینگەی تەندروست و لە زۆربەى کات رۆڵى سەرەکى و سەرکردایەتى وەردەگرن لە رێخکراو و پارتە سیاسيیەکانى پاراستنى ژینگە. ژن خاوەنى جۆرە هەستێکە کە بە ئاسانى هەست بە مەترسى دەکا و ئامادە باشى زۆرە بۆ دابین کردنى دواڕۆژێکى باشتر بۆ منداڵەکانى. ژن زۆر زیاتر و خێراتر لە پیاو هەستى ژینگە پارێزى لا دروست دەبێت هەر ژنە نیوەى کۆمەڵە و پەروەردەى نیوەکەى تر لە ئەستۆی دایە.
لە ٢٠١١ خەڵاتى نۆبل درا بە ٣ژنى ئاکتیڤ لە بوارى ژینگە پارێزى لە تەک کارى خزمەت گوزارى.
کارى ژن زیاتر بەستراوەتەوە بە ژینگەوە، تواناى ژن بۆگۆڕینى داب و نەریت و شێوەى کارکردن پەروەردەى خۆى و منداڵانى و کاریگەرى لەسەر دەووروبەرى بۆئەو هەڵس و کەوتانەى لە خزمەتى پارێزگارى ژینگەدایە زۆرن.
بە بەردوام هێنانى ژن بۆ بزوتنەوەى ژینگە پارێزى و بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنایى و بەشدارکردنى لە هەڵمەتى رۆشنکردنەوەى ژنگەیى و بەرزکردنەوەى ئاستى بژێوى بۆ ژنان هەنگاوى پێويستن بۆچەسپاندنى هەڵس و کەوتى ژینگە پارێزى کە دەچێتە بچوکترین کردەوە و کارى رۆژانە.
ژنە کە رۆڵى سەرەکى هەیە لەسەر پەروەردەى منداڵ و فێر کردنى و دایکە کە منداڵ چاوى لێدەکا، ژنە زیاتر هەڵدەستێ بەبازاڕ کردن یان داواى جۆرى شت کرینەکان دەکات، و هەر ژنە کە دەتوانێت شێوە و جۆرى خاشاک بگۆڕێت، ژنە زیاتر کە ماڵ خاوێن دەکاتەوە و بە بەکار هێنان و شێوەى مادە پاککەرەوەکان هەڵدەبژێرێت، هەر ژنە زیاتر ماڵ گەرم دەکا.
ئەو ڕێگایانەى کاریگەریان هەیە لە سەر فێربوونى ژن بۆ ژینگە پارێزى هۆشیاری دانە بۆ زانینى ئەو زیانانەیە کە بە هۆى کارى مرۆڤەوە دەکرێت و بە چ شێوە و ڕێگاکانى کەمکردنەوەى بگرێتە بەر و سەرچاوە سروشتيیەکان بپارێزین و لە زەرەر بەدووریان بگرین.
ئێمە ئامادەین ماڵەکانمان بە خاوێنى ڕابگرێن و فێرى منداڵەکانمان دەکەین، بەڵام ئەبێ لەوە زیاتریان فێربکەین کە لە هەر شوێنێکى گشتى بوون وەک ماڵەکانمان بەخاوێنى ڕای بگرن کە لە باخ بوو یان لە قوتابخانە یان لە کۆڵان بەهەمان شێوەى ماڵەکەى خاوێنى ڕابگرێ و خاشاک بخاتە شوێنى تایبەت فێرە خۆشەویستى جوانى ژینگەیان بکەین وپارێزگاریان لێبکەن.
گرینگى ئیکۆنۆمى لە بەکار هێنانى ئاو بۆ ژینگە پارێزى: قەوارەى ئەو ئاوەى لەسەر گۆى زەوى هەیە نەگۆڕە، لەشێوەیەک دەگوازرێتەوە بۆ شێوەیەکى تر و لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دى، بۆ ئەوەى ئاوى خواردنەوە بە بەردەوامى هەبێت، دەبێت بەشێوەیەکى ئیکۆنۆمى بەکارى بهینین، زۆر دەمێکە زۆربەى شارەکانى کوردستان دەناڵێنێت بە دەردى کەم ئاویيەوە و لەگەڵ ئەو هەموو کەمیيە فیر نەبووین دەستى پێوەبگرین، لێرە ژنە کە ئیسراف دەکا لە بەکارهێنانى ئاو و گوێناداتە ڕشتنى بە بێ پێویستى، چەند لە تەوافەى ماڵەکان لە کارکەوتوون و ئاوى سەرتانکەکان خۆڕەیان دێت و بەخۆڕایى دەڕژێت یان لاستیکى ئاوى بەدەستەوەیە و کۆڵانى پێدەڕشێنى. کە تووشى بێئاویش دێن هەر ژنە تووشى کێشە دێت بۆ کارکردن. گەر بزانین چەند وزە بەکار دەهینین بۆ دابین کردنى ئاوى خواردنەوە، دوو جار بیرى لێدەکەینەوە و گەر بزانین ئەو ئاوەى ئێمە بە خۆڕایى دەیڕێژین بەشى چەندەها کەسە لەو ئاوە کە ئێمە بێبەشیان دەکەین لەسەر گۆى زەوى و هەموو کەسێکیش لاى ڕوونە کە ئاو و ژیان پێکەوە بەندن و بەبێ یەک نابن.
بەهەمان شێوە زێدە ئیسراف لە کارەبا دەکەین، کارەبا وەک ئاو کە هەبوو بێگۆێدان دەستى پێوە ناگرین، کارەبا تادەگاتە ئیمە بەئاسانى دروست نابێت و بۆبەرهەمهێنانى زۆر ژینگە پیس دەبێت بەتایبەتى لە وڵاتى ئێمە کە کارەباى دۆستى ژینگە بەرهەم ناهێنین. بەکارهێنانى ئامێرى ساردکەرەوە یان گەرمکەرەوە بەکارەبا و هەندێ گاز کار دەکەن کە ئەمانە هۆى ژینگەپیس کردنن، جگەلەوەى بۆ دروست کردنى ئەو ئامێرانە چەند جۆرەوزەو کارى بۆ بەکاردێت و کاتى کاردنیان ژینگەى دەرەوە گەرم و پیس دەکا و تەمەنى ئامێرەکان کورتر دەبێت و فڕیدانى ئەم ئامێرانەيش هەر ژینگە پیس دەکا، با باسى گلۆپ هەر نەکەین کە کارەبا هەبوو شەو و ڕۆژ نازانین و ماڵ دەبێتە چراخانە. لێرە هەر ژنە کە دەتوانێت ڕۆڵى سەرەکى ببێنێ لە دەست گرتن لە بەکارهێنانى کارەبا بۆ خزمەتکردنى پاکى ژینگە.
دیاردەیەکى زۆرباو لەکوردستان هەیە ئەویش بەکارهێنانى زۆرى پلاستیک لە زەرف و نایلۆنى نانخواردن و بوتڵى ئاو. لەجیاتى بەکارهێنانى ئەو هەموو کیسەى عەلاگە دەکرێت وەک جارى جاران عەلاگەى پوش یان قوماش بەکار بێت بۆ بازاڕی کردن، چەند وێنەیەکى ناشیرينە کە ڕەشەبا هەڵ دەکات ئەو هەموو کیسە نایلۆنە بەئاسمانەوە دەفڕێت ئەوەيش وازلێ بینین کە بۆ کیسەیەک نایلۆن پێویستى بە چەندەها ساڵە تا لەژینگەدا شێبێتەوە و کاریگەرى نەک تەنیا لەسەر پیس بوونى ژینگە هەیە بەڵکوو بۆ زۆر لە ئاژەڵەکان دەبێتە هۆى خنکاندنى و مردنى بەهۆى خواردنیان. دەکرێت ئەو نایلۆنانە بەکار بێنین لە ماڵ بۆ نان خواردن کە خاوێن دەکرێنەوە بەکاردەهێندرێنەوە.
خاڵێکى ترى گرنگ هەیە کە ژنان دەتوانن رۆڵى گرنگ وەرگرن ئەویش کەمکردنەوەى خاشاکە بەداخەوە لە کوردستان ریسایکلى خاشاک زۆر کەمە و جیاکردنەوەى خاشاکیش هەر نیيە، خاشاک بە دوو جۆر ژینگە پیس دەکات بە قەبارە و بە جۆر، دەکرێت زۆرکار لەسەر قەبارەى خاشک بکەینەوەى بۆ نمونە شکاندنەوەى کارتۆنەکان یان بچوککردنەوەى قوتو و بوتڵى ئاو. ژنان دەتوانن خواردن بە قەدەر پێویستى دروست بکەن و کەمتر بیخەنە تەنەکەى خۆڵ کە بۆ پەرداخێک برنج بۆ نمونە چەند ئاو بەکارهاتووە و چەند زبڵى کیمیاوى و چەند زەوى پێلاواز بووەو چەند سعات کارى لە سەرکراوە و چەند ئاگرى بۆ بەکارهاتووە و چەند ڕۆنى بۆ پەیداکراوە تاگەيشتۆتە ناو تەنەکەى خۆڵ، ئەمانە هەمووى بە هەدەردانە ڕەنگبێ بڵێن جا ئەوە چيیە پەرداخێ برنج برژێنین یانا، بە پێى ئەو ژمێریاریەى کە کراوە ساڵانە ئەو خواردنانەى کە دەخرێتە تەنەکەى خۆڵ دەتوانێت برسیيەتى لە دونیا دا نەهێڵیت.
لەکوردستان بەگشتى زۆر گرینگى تەنیا لە ماڵەکانمان بە پاک و خاوێنى دەدەین و زۆر لە دەرمانى پاک کردنەوە و تعقیم بەکاردەهێنین، ڕاستە (خاوێنى لە ئیمانەوەیە) بەڵام (هەموو شتێ بەخوێ و خوێش بە مەعنا) دەکرێت زۆر خاوێن بین و دەرمانى زۆریش بەکار نەهێنین، کە ئەمانە نەک تەنیا ژینگەکان پیس دەکەن بەڵکوو کارى خراپ دەکەنە سەر تەندروستى گشتى، بەکارهێنانى ئەو جۆرە دەرمانانەى خاوێنکردنەوە بەرگرى لە لاى ئەو بەکتریانە دروست دەکا کە ڕۆژانە لە گەڵمانن و بۆ کەسێک کە بەرگرى لاوازە دەبێتە مایەى نەخۆشى و ناتوانین چارەسەریان بۆ بکەین. هەندێ دەرمان کە بە کاردێن بۆ ئەو شوێنانەى زێرابەکانیان بە سیستمى بیرە، ئەم مادە پاککەراەوانە ئەم بەکتریاو قەوزەو پرۆتوزایانە دەگوژێت کە پیسایى شێ دەکاتەوە و ئەمە وا دەکات هەندێ لە مێروولەکانى کە لەسەر پیسایى دەژێن ژمارەیان زیاد بکا و بەبەردوام بۆنى ناخۆش بڵاو ببێتەوە. دەکرێت دەرمانى خاوێنکردنەوە کەمتر بەکار بێت یان دەرمانى سووکتر و دۆستى ژینگە. بەکار هێنانى دەرمانى نەخۆشیش بەهەمان شێوە فڕێ نەدەینە ناو خاشاک کە ئەمانە زەرەرى زۆر بە ژینگە و تەندروستى گشتى دێنێت.
لە بیناسازى گوێ نادەین بە جۆرى کەرستەکانى خانوو دروست کردن کە نە لە گەرما و نە لەسەرما باش نامان پارێزێ، گرینگى دان بە جۆرى کەرەستەى خانوو گرینگە بۆ ژینگە.
باخى زۆر زل کە بە چيمەن و گیا پریان دەکەینەوە و ئەمەيش ئاو زۆر دەخواتەوە بە بێ ئەوەى هیچ بەرهەمى هەبێت، دەکرێت پارچەیەکى بچوک دانێن بۆ دانیشتن و بەشێکى ترى بکەین بەباخى بەرهەمهێنان لە میوە و سەوزە و چاندنى دارى میوە کە نەک تەنها بۆ بەرهەمەکەى باشە بەڵکوو بۆ دروست کردنى ئۆکسجین و خاوێن کردنەوەى ژینگە.
لە کوردستان زۆر گرنگە ئەو زانیاریانە بگاتە ژن و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى ژنان و نەهێشتنى نەخوێندەوارى و ئاکتیف کردنیان لە بزوتنەوەى ژینگە پارێزى لە ڕێگاى ڕاهێنانى زۆر و بەردەوام و بەشداریان لە سیمینار و ورک شۆپ و بڵاوکردنەوەى برۆشور وبەرنامە لە تلفزیۆن ڕادیۆ، تا کردەوەى ژینگە پارێزى ببێتە کردەوەى بەردەوام و ئۆتۆماتیکى.