هزر لە جیهانی هاوچەرخ دا
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە دا ، کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان لە قۆناغی ڕێنێسانس و ڕۆشنگەریی دا دەپەڕنەوە بەرەو قۆناغێکی تری مێژوویی ، کە ئەو قۆناغە نوێیەش بە دونیای هاوچەرخ پێناسەدەکرێت .
لە ئاخرو ئۆخری سەدەی نۆزدەم ، کولتوور بە گشتی و ، فەلسەفە و زانست بە تایبەتی، وەرچەرخانێکی تریان بە خۆیانەوە بینی ، تیۆری پەرەسەندنی چارلس داروین ( ١٨٥٩ ) ، گومانی زۆری دروستکرد دەربارەی بنەچەی گەردوون ، هەر لەگەڵ ئەودا ، فەلسەفەی مۆرال و سیاسی خورتر دەبوون ، مرۆڤ بوو بە چەقی بیرکردنەوە و توێژینەوەکان . کارل مارکس بوو بە یەکێک لە گەورە فەیلەسوفەکانی ئەو بوارە ، بەشێوەیەکی رادیکالی لە شت و دیاردەکانی دەڕوانی ، کە بنەمای ئەو هزرە ڕادیکالییەشی بۆ شێوازی ژیان و بنەما ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبردەوە . لە لاکەی تریشەوە ، نیتشە ، لەسەر ڕێچکەی شۆپنهاوەر دیدێکی تری رادیکالییان خستە بەردەست ، بنەمای وەها هزرێکیش بیۆلۆژی بوو ، کە لایەنگرانی ئەو هزر و رەوتە لەو باوەڕەدابوون ، کە فەلسەفە هەر لە یۆنانی کۆنەوە هەتا نوها ، وە ترادیسیۆنی ئایینی مەسیحایەتی سەرچاوەی خەراپین بۆ ڕەوشی جیهانی مۆدێڕن دا ، هەر بۆیە ، دیدێکی سوبێکتیڤیزمی ڕادیکالی/ سوپەرمانی بە بەدیل دەزانن ، مانای ژیانیش هەر لەو دا دەبیننەوە . ئەو دیدەی نیتشەش ، وەک ئەوەی مارکسیزم بوو بە بنەمایەکی فراوان بۆ بیرکردنەوە و هزری فەلسەفی دونیای هاوچەرخ . پۆزەتیڤیزم و بوونگەرایش هەر لەو دەمانەدا دەردەکەون .
لە دەستپێکی جیهانی هاوچەرخ دا ، ڕووکردنە زانست و دوورکەوتنەوە لە بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی کلاسیکی هاتەپێشەوە ، لە بری سەرقاڵبوون بە پرسی بوون / ئۆنتۆلۆژی ، پرسی مرۆڤ و ژیان جێگا دەگرێتەوە ، ململانێی نێوان ڕاسیۆنالیزم و ناڕاسیۆنالیزم ، مانا و بێ مانایی ژیان بەهێزتر دەبێت .
تیۆری ڕێژەیی ئاینشتاین و تیۆری پسیکۆئەنالیزی فرۆیدیش ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان بەسەر هزری فەلسەفی و کولتووری هاوچەرخ دا بینی ، کە ئاینشتاین باس لە ستروکتووری گەردوون دا دەکات ، لێ فرۆید باس لە دەروونی مرۆڤ دا دەکات . لە دەرهاویشتەی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەدا، هەتا دەهات ، فەلسەفە باسی لە مۆرال و پرسە سیاسییەکان دا دەکرد ، کەمتر لە بوارەکانی تر . هەتا دەهات ، فەلسەفەش دەچووە بواری کاری ئەکادیمییەوە ، لە پرسە ئەبستراکتەکان دوور دەکەوتەوە و بەرەو پرسە کۆنکرێتەکان شۆڕدەبێتەوە، وەک زمان . لە بواری فەلسەفەی شڕۆڤەکاریشدا ، فرێگێ لە پڕۆسەی لۆژیکیی فەلسەفی دا بەرەو ماتماتیک دەچێت ، بەوە لۆژیکی سیمبۆلی دەردەکەوێت ، پاش ئەویش بێرتراند ڕسێل درێژە بە کاروانەکە دەدات ، بە هەمان شێوە وەرچەرخانێکی گرنگی لە بیرکردنەوەی فەلسەفی دا بەرپاکرد . یەکێک لە خوێندکارەکانی ڕسێل ، لودڤیک ڤیتگنشتاین هزر و کارەکانی مامۆستاکەی پەرەپێدەدات ، کاری لۆژیکی و زمان .
هەر لەو قۆناغەدا ، ئێتیک و ئێستێتیک دەبن بە پرسی گرنگی سەدە ، کە پاشان لە لایەن هزرمەندێکی گەورەوە – کارل پۆپەر توێژینەوەی لەسەر دەکرێت . کارل پۆپەری فەیلەسوف ، پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانست بەهێزتر دەکات .
هەر لە ئەڵمانیاوە ، هزر و رەوتی فێنۆمینۆلۆژیای هوسێرل دەردەکەوێت ، کە پاشان لەگەڵ هزری نیتشە دەبن بە سەرچاوەی هزری فەلسەفی ئێکسیستێنسیالیزمی ئەلمانی و فەرەنسی ، هایدگەر و سارتەر و کامۆش لەو بوارەدا ، ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان نواند ، لێ نابێت پێگە و ڕۆڵی بوونگەرایی سۆرن کیرگیگارد لەبیر بکەین .
لە دەرەنجامی سەرکەوتنی نازیزم و فاشیزم ، زۆرانێک ناچاری ئاوارە بوون و چاڵاکییەکان قەدەغەکران ، یا لاوازبوون .
جەنگ و شۆڕشەکان کاریگەریی گەورەی خۆیان بەسەر کولتوور و فەلسەفەی هاوچەرخ دا نواند ، لە نێوان دیدە ڕادیکالییەکان دا ، هەوڵێک هەبوو ، کە میانڕەوانە بیربکاتەوە . سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و تێکشانی نازیەت و فاشیزم بوون بە دوو فاکتەری گەورە بۆ بیرکردنەوەی نوێ ، لێ لە دەرەنجامی داڕمانی دیواری بەرلینیش دا ، وەرچەرخانێکی تری مێژووی دەرکەوتۆتەوە ، کە لێرەوە مرۆڤایەتی لە چاوەروانی دید و هزری نوێ دایە .
زۆر لەو هزرمەند و فەیلەسوفانەی کە بە ناچاری ئاوارەی ئێنگلەند و کیشوەری ئەمریکا بوون ، هەتا دەهات لە هزری لیبڕاڵی و چەپڕەوێتی دا هەڵگەڕانەوە ، هزر و ڕەوتی پراگماتیزم جێگای دەگرتەوە .
لە فەڕەنساشدا ، ئێکسیستێنسیالیزمی سارتەر ، کامۆ و سیمۆن ببوون بە مۆدە ، مۆدە لە کولتوور و ئەدەبی فەرەنسی و دونیادا . وەها ڕەوتێکیش ، فەلسەفە و ئەدەبی تێهەڵکێش بەیەکتر دەکرد ، لە پشت ئەو شێوازەشدا ، بنەمایەکی فەلسەفی هەبوو ، بەوە فەلسەفەی کۆنتینێنتالی دەرکەوت ، کە وەک بەشێک لە مێژووی هزری فەلسەفەی هاوچەرخ دا دەناسرێت .