هزری فەلسەفی
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
دەستپێکی هزری فەلسەفی لە جیهانی ئیسلام ، لە ڕاستی دا ، بۆ قۆناغی موعتەزیللە و کەلام دەگەڕێتەوە ، ئەوانیش کۆمەڵێک زانای ئیسلامی بوون ، کە لەسەر بنەمای چەمکی خوا ، دادپەروەری و پاشانیش – ئەقل توێژینەوەیان دەکرد . واسل کوڕی عەتاش یەکەم کەس بوو ، کە لە ساڵی ٧٤٨ دا قوتابخانەی موعتەزیللەی کردەوەو پاشان لەگەڵ حەسەن بەسری دا دەکەونە گفتوگۆوە . چەمکی کەلامیش دەکرێت لەگەڵ دیسکۆرسی دوا قۆناغی کۆنی یۆنانی بەراورد بکرێت . لایەنگرانی ڕەوتی قوتابخانەکەش ، فرە دید و ڕەنگ بوون ، بۆیە ، دەکرێت بیر لە قوتابخانەکانی سەردەمی هێلینیزم دا بکەینەوە و بەوانیان بەراورد بکەین ، بەڵام لەگەڵ جیاوازییەکانیشدا،، لەناو ئەو تیۆلۆگانەدا ، دوو گرووپی سەرەکی لە بەغدا و بەسرە دا جێگیربوون ، کە باوەڕی هاوبەشیان بە پرنسیپەکانی کەلامی موعتەزیللە هەبوو . هەتا دەهات ، بابەتی ئایینی و فەلسەفی لای ئەوان جێگای خۆیان دەکردەوە ، لە دەرهاویشتەی وەها پڕۆسەیەکی هزری و دەستکردن بە وەرگێڕانی فەلسەفەی کۆنی یۆنانی ، بە تایبەتی هی ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ دا ، دەستپێکی هزری فەلسەفی لە جیهانی ئیسلامی دا دەردەکەوێت ، هەتا دەهاتیش خوێندنەوە و تێگەیشتنیان بۆ فەلسەفەی یۆنانی پتر دەبوو ، لەناو ئەوانیشدا ، لایەنگرانی هزری فەلسەفی ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ دروستدەبێت .
ئەلکندی ، ئەلفارابی ، ئیبن سینا و ئین ڕوشد و چەندانی تر دەبن بە فەیلەسوف و تیۆلۆگی ناوداری سەدەکانی ناڤین . لە ئاخرو ئۆخری سەدەکانی ناڤینیشدا ، لە ئاکامی گەشانەوەی هزری ڕاسیۆنالیزم و فەلسەفی ، ئاڕاستەیەکی سکێپسیزم و تەواو دژ بەوان خۆی ڕەپێشدەکات، ئەویش ، هزر و رەفتاری کەسایەتی ئەلغەزالی بوو ، وەک ڕزگاریکار پێناسەدەکرا ، چونکە ئامانجی ئەو ڕزگارکردنی ئایینی ئیسلام بوو لە شتە بێ ماناکانی فەلسەفە ، بەڵگەی ئەویش بۆ ئەو دژایەتییە ، گەڕانەوە بوو بۆ پاکێتی ئایین و بنەمای هەستەکان ، وەک دەڵێن :” هەستەکان پێماندەڵێت ، کە هەنگوین شیرنە ” ، لێ دەبێت لە ڕێگای ئەقلەوە بە ڕاستییەکەی بگەین . بۆ دەرچوون لە سکێپسیزمیشدا ، غەزالی پەنا بۆ مەعریفەتی یەقین دەبات ، ئەویش مەعریفەتی خوداییە ، کەواتە مێتۆدی سکێپسیزم تەنیا مێتۆدێکە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکە – خوا ، خواش ئەو لە تاریکی دا ڕزگاردەکات . غەزالی لە هزری فەلسەفییەوە بەرەو زانینە خواییەکە دەگەڕێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە ، هەر ئەویش دەبێتە یەکێک لە کەسایەتییەکانی بواری دامەزراندنی هزر و ڕەوتی سۆفیگەریی لە ئیسلام دا . غەزالی شارەزاییەکی چاکی لە فەلسەفەدا هەبووە ، هەر بە چەکی فەلسەفەش دژایەتی فەلسەفەی کردووە .، توانا و شارەزایی ئەو،لە هی ئیبن ڕوشدا کەمتر نەبووە ، لێ هەردووکیان دوو جەمسەری تەواو دژبەیەک بوونە .
ئەگەر لاوازبوون و کەوتنی شارستانیەتی عەباسییەکان نەبوایە ، ئەگەری گەشەکردنی ڕێنێسانس و ڕۆشنگەریی لە جیهانی ئیسلامی دا بەهێز بوو ، لێ شتەکان تەواو پێچەوانە بوونەوە . لەگەڵ دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا ، دیاردەی ڕێنێسانس لە ڕۆژاوا دا دەردەکەوێت ، پاشان ڕۆشنگەری و مۆدێڕنیتێت، لێ ڕۆژهەڵات لە سەدەکانی ناڤین و بندەستی دا دەچەقێت ، بۆیە ، مێژوو گرەوێکە ئەوەی زوو بیباتەوە ، پێشکەوتن و سەرکەوتن بۆ ئەو دەبێت .
هەر لەسەردەمی عەباسییەکان دا ، پێشکەوتنی خێرایی زانستی دەرکەوت ، کەسانی وەک ئیبن باجە و ئیبن توفەیل و …هتد . نموونەی ئەو سەردەمەن . لەوەها ئەتمۆسفێر و سەردەمێکیشدا ، گەلانی جۆراو جۆری وەک عەرەب ، فارس ، سەلجووقی ، کورد و دەیانی تر ، گەنجینەی کولتووری ئیسلامیان دەوڵەمەند کرد ، لێ هەر لایەنێک لە هەوڵی ئەوەدابوو ، کە جلەوی دەسەڵات و پێشکەوتنەکە بە قازانجی خۆی بخاتەوە .