فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 بەهاداریی و کاکڵە و کرۆکە زێڕینەکەی هاوڕێیەتی

 بەهاداریی و کاکڵە و کرۆکە زێڕینەکەی هاوڕێیەتی

ڕێڤان جاف/ نووسەر / هۆڵەندا

 

 

“بەهایی هاوڕێیەتی دانسقە و هەتاهەتایی ڕاستەقینە، پتەویی و بەردەوامی پەیوەندیيەکان و هونەری پێکەوە ژیان بە پابەند بوونی بنەما و پێوەری ئاکار و مامەڵەکردن، بە ناسینی بەها باڵاکانی ڕەوشت و بەرپرسیارێتی و خەسڵەتەکانی هونەری ئەتەکێت بەردەوامتر و پتەوتر دەبن”

هەندێ کەس ئەوەندە ڕەسەن و ئاکار جوانن!!! بێهاوتا و تاک و تاقانەن، سیحرییان لێ ئەتکێت، سیحرێک نا پەیوەندی بە ڕووکەش و ڕوواڵەت و سیمایانەوە هەبێت بەڵکوو بە جوانی لە شکۆ و بڵندگەرایی و شانازییەکی ترسناک، بەڵێ دەڵێم ترسناک چونکە جۆرێک لە شانازی هەیە دەشێت دونیا وێران بکات بۆئەوەی هەرەس و لاوازی خۆی نەبینێت، لەم جۆرە پەیوەندیانەدا دوا پەیوەندی، دوا هەناسە، دواهەڵوێست، دوا ڕستە و وێستگە بوونیان نیيە هەمووی ئەبەديیە، نە زەمانە و نە مەشغەڵەتی زۆر دەتوانن لە فيکر و خەیاڵ بیانسڕێتەوە.

(ئەمەيش داننانە بە بڕوابوون و هۆشیاری خۆی، داننانە بە مەزنیی و شکۆی خۆی).

هەندێ کەس ئەوەندە نەجیب و نەزیهن!!! کەم وێنە و دەگمەن و نایابن، سیحرییان لێ ئەتکێت، سیحرێک نا پەیوەندی بە ڕووکەش و ڕوواڵەت و سیمایانەوە هەبێت، بەڵکوو پەیوەندی بە کەماڵی ڕۆحەوە، بە ڕاشکاویی و شەفافیەتەوە، بە وەفا و ئەمەکداریيەوە هەیە کە ویقاری ئازایەتی و ئازادیی و میهرەبانیان پێکەوە کۆکردۆتەوە و پەیوەستن بە ماهيیەتی بوونمان، وا لە مرۆڤ دەکات بیری لێ بکاتەوە دوور لە دوودڵی و بەد خەیاڵی و، دوور لە تێکەڵ بوونی هەست و سۆزێکی تایبەت و ناجۆر. بەجۆرێک داگیرمان دەکەن دەبنە پاڵ هێزێکی گەورە و گران کە بە کاوەخۆیەکی زۆرەوە لەگەڵیاندا ملی ڕێ دەگرین، لە تەنگانەدا باری زەجر و ژانی ژیانت لەگەڵ دەکێشن تا نەکەویتە دووڕیانە سەختەکانی ژیانەوە، دەبنە سایە و سێبەر و فێنک کەرەوەی ڕۆحی کفت و شەکەتمان، دەبنە یاریدەدەری تێپەڕبوونی ڕۆژگارە تەڵخ و تایکەکان، زیندووکردنەوەی هەناسە کورت پچڕپچڕەکان، واتا ئەم کەسانە هەر خۆیانن و لە کەس ناچن، تەنها لەخۆیان نەبێت.

هەموو مرۆڤە بێگەرد و ڕاستگۆکان هاوڕێی باش و بژاردەی تایبەتن بەڵام هاوڕێیەتی” ڕەگەزی بەرامبەر” داماڵراو لە نيیەت و نیازی پێچەوانە و لابەلا، دوور لە پەیوەندی ئاڵۆز و ناعەقڵانی و نادادپەروەرانە، دوور لە ڕەوت و بیرکردنەوەی نامۆ و نادیار و ناشایستە و پەیوەندی سەیروسەمەرەی پڕ ئازار و چەرمەسەری سامدار کە عەقڵ نەیبڕێت و لایەق نەبێت، خاڵێکی گەورەی گۆڕان و وەرچەرخاندنی پەیوەنديیەکانە کە دووبارە بوونەوەی ئەم هەڵکەوتە ئەستەمە. ئەم کەسانە ئەوەندە جوانن دەتوانن دونیات بۆ جوانتر بکەن، دەتوانی لەگەڵیاندا زیاتر هەست بە بوونی خۆت بکەیت، بێ خەوشی هەوێن و پیرۆزی ڕووبەری ئەم پەیوەندی یە، ئیدیالێتی و شکۆ و گەوهەری ئەم هاوڕێیەتی یە هەروەک فەرشی کاشانە چەند بەسەریدا بڕۆین ناژاکێت و جوانتر و زیاتر دەمێنێتەوە، ئەوەندە سادەن لێبوردەیی و خاکەڕاییان لێدەچۆڕێت، ئەوەندە گەورە و میهرەبانن لە دەرمان دەرمان سازترن، وەک دەرمان و هەتوان برین ساڕێژ دەکەن، خۆشەویستی دەووروبەرەکەیان بنەما و فەرهەنگی ژیانیانە کە دەتباتەوە بۆ نێو دونیای بیرکردنەوە لە بوون، بۆ فڕین بۆ کەنارە دوورەکانی ژیان، بۆ پەیبردن بە سیحری نهێنيیەکان، بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ماهییەت و پیرۆزی پەیوەنديیەکان. ئەم چەشنە جوانیيە دەگمەن و کەموێنەیە، هێزێکی نهێنییە و بە بارگەی زیندەگی قاندراوە، هێزێک دواتر بۆت دەردەکەوێت خۆشەویستی و سەرسام بوون نیيە بە جوانی، بە ڕووکەش، بانگهێشتێکی ئیرۆتیکی یان حەز و ئارەزوویەکی سەرپێی و ڕاگوزەر نییە، شتێکی پیرۆزتر و ئاڵۆزترە، هەستێکی نهێنیتر و ئارام بەخشترە، دڵنیاییەکی بێسنوور و بێبن دروست دەکات بە نیگایەکی پاک و بێلایەنە کە زۆر کەم و دەگمەن و نامۆیە بە کەلتووری سەیرکردن. نیگایەک پەیوەندی بە شەهوەت یا فزولی و غرورەوە نیيە بەڵکوو سووک و سادە خواست و مانایەکی تری هەیە دوور لە جوغزی هەڕەمەکی و هاکەزایی تێڕوانین، نیگایەک لە دوورەوە خنکان و نوقم بوون و گێژاوی یەکتر دەبینن، هەمیشە لەسەرپێن و هەوڵی ڕزگاری و ئازادی یەکتر دەکەن، هەستی ژیان لەلایان گرێدراوی ئەم پەیوەندییە تەندروست و شادی ئامێزەیە کە بە ئامادەگی عەقڵی و ڕۆحی و هۆشیاری و ئاگاییەوە وەک کەرەستەیەکی ساز و حازر بەدەست کە خۆیان دروستی دەکەن، واتا تۆییان لەبەر خاتری مرۆڤ بوونی خۆت دەوێت.

(بۆئەوەی نەکەوینە گەڕە لاوژەی هۆردووی بەناو هاوڕێ و بە دووربین لە ناشرینی فاکوفیکی پێچلێدەر و ساختەچی و دەغەڵباز و کەڵەکەباز و درۆتاش و فیتنەباز و ………، بۆئەوەی بە ئاخ هەڵکێشان و ئاه وناڵەی بەدبەختیيەوە نەترنجێینە هەوای پیسی ژیان و کوچەی تەنگ و تاریکی نادیارەوە، تەنها و تەنها پێویستمان بە کۆکردنەوەی زەینمانە لە ئاگایی و هۆشیاری دا).