میتۆلۆژیا
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
میتۆلۆژی بە مانای ” تیۆر و زانستی ئەفسانەکان دێت ” ، لە ڕاستی دا ، هەموو میتۆلۆژیایەک دەچێتە ناو ئایینەوە ، لێ هەردووکیان یەک شت نین ، چونکە ئایین لە پراکتیک و ژیانی خەڵکەوە نزیکە ، کەچی میتۆلۆژی بە پێچەوانەوە . حیکایەت و ئەفسانەکان دەبن بە بابەتی میتۆلۆژیا . هەموو کۆمەڵگایەکیش هەڵگری زەخیرەی میتۆلۆژی خۆیەتی ، کە دەبن بە دەستپێکی هزری و کولتووری کۆمەڵگاکە ، هەر بۆیە ، پاراستن و توێژینەوە لە وان پێداویستێکی گرنگە ، بۆ ئەوەی لە دەستپێکی کولتووری هەر گەلێک بگەین .
لە کۆمەڵگای کۆنی یۆنانیشدا ، میتۆلۆژیای یۆنانی دەبێتە سەرچاوەیەکی تیۆری گرنگ بۆ دەرکەوتنی هزری فەلسەفی
ئاشکرایە ، کە میتۆلۆژی و ئایینیش دەبن بە یەکەمین سەرچاوەی تیۆریی ، کە پاشان ڕۆڵێکی گەورە لە سەرهەڵدانی هزرە فەلسەفییەکان دا دەبێنێت ، میتۆلۆژیاش وەک فۆڕمێکی ئێستێتیکی تایبەت ڕۆڵ لە پڕۆسەی خۆناسین و ناسینی دەوروبەر دا دەگێڕێت ، کە ئەوەش لە قۆناغێکی نزمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای کۆن دا سەرهەڵدەدات . لە کۆمەڵگای کۆنی یۆنانیشدا ، میتۆلۆژیای یۆنانی دەبێتە سەرچاوەیەکی تیۆری گرنگ بۆ دەرکەوتنی هزری فەلسەفی .
هەموو میتۆلۆژیایەکیش لە خودی ناوەڕۆکی خۆیدا دەوڵەمەند و فرە ڕەنگە ، لە هەمانکاتیشدا، پانۆڕامایەکە لە سیما و وێنەی خەیاڵی و فەنتازی بە شێوەیەکی هونەری بەرز . میتۆلۆژیا جیهانبینی سەرەتایی مرۆڤە ، کە لە شێوەی ڕەنگدانەوەیەکی فەنتازی دا باس لە ژیان و مەرجەکانی واقیعی فرەلایەنی مرۆڤ دەکات ، توخمە ستروکتوورییەکانی ئەویش بە شێوەیەکی خەیالی باس لە سەرەتاکانی کۆمەڵگا دا دەکات ، هەر بۆیە لە دید و هۆشیاری مرۆڤی کۆن دا ، حیکایەت و ئەفسانەکان دەبن بە سیمایەکی سەرنجڕاکێشی ئەم جیهانە و مۆدێلێکی ئیدیالی هارمۆنیا و ڕێکوپێک لە واقیع دا .
لە دید و هۆشیاری مرۆڤی کۆن دا ، حیکایەت و ئەفسانەکان دەبن بە سیمایەکی سەرنجڕاکێشی ئەم جیهانە
داهێنانە ئەفسانەییەکانیش کارێکی بەرز و هەمەڕەنگی هۆشیاریی مرۆڤە ، لە وەها کارێکیشدا ، مرۆڤ دەیەوێت باس لە پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی خودی مرۆڤ خۆی و ئەو جیهانەی ، کە تێیدا دەژیت بکات ، لە هەمانکاتدا ، دەیەوێت بە دیوی ناوەوەی تاکە کەس بگات و لە سیما میتۆلۆژییەکانیشدا ، تاک دەیەوێت نەک تەنیا باس لە لایەنەکانی حەز و ئاواتەکانی خۆی لە کۆمەڵگا و سروشت دا بکات ، بەڵکو دەشیەوێت پاڵەوانێتی خۆی و ئاواتەکانی پیشان بدات ، هەر لەوێشدا ، دەیەوێت بەسەر سروشت و دیاردەکانی دا سەربکەوێت .
بە پێی قسەکانی مارکس ، میتۆلۆژیا لە ڕێگای ڕەنگدانەوەی خەیالی دا ، نەک تەنیا باس لە هێزەکانی سروشت دا دەکات ، بەڵکو مرۆڤ دەشیەوێت بەسەر ئەودا زاڵبێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە . ئەفسانەکان هەر چەندە ناواقیعییانەش خۆ بنوێنن ، بەڵام لە جەوھەر دا ، ناونیشانی جیهانن و بەشێکیشن لە فۆڕمەکانی پڕۆسەی خەیالی مرۆڤ دەربارەی ئەو واقیعەی ، کە تێیدا دەژیت . ئەفسانەکان نەک تەنیا باس لە پاڵەوانێتی و خواکان دا دەکەن ، بەڵکو باس و وەسفێکی ژیانیشن ، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە لە زۆر لە میتۆلۆژیەکان دا هەن ، ئەوەتا لە میتۆلۆژی ئۆمیر ی یۆنانی دا ، لە سەرەتای شتەکان دەکات ، کە دەریاش بە باوکی خواکان دەزانێت ، ئەوەش خۆی لە خۆیدا ، تێڕوانینێکی ناتورالیستانەی مرۆڤە دەربارەی دونیا .
پەڕینەوەی فەلسەفە لە میتۆلۆژیا بە قۆناغێکی لەسەرخۆ و ئاڵۆز تێدەپەڕێت و پاشانیش وەک فۆڕمێکی نوێی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت
لێرەدا ، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە میتۆلۆژیا شوێن و ڕۆڵێکی گرنگی لە دەرکەوتن و پەرەسەندنی دید و پێناسە تیۆرییەکان دا هەبووە ، دەربارەی دونیا بە گشتی و چەمکی بوون بە تایبەتی . هەر لەو شێوە هۆشیارییەی مرۆڤەوە ، پاشان فەلسەفە دەردەکەوێت، چونکە لێرەوە مرۆڤ بەرەو تێڕوانین و جیهانبینێکی واقیعی و زانستییانەوە شۆڕدەبێتەوە ، لەگەڵ ئەو شۆڕبوونەوەشدا ، قۆناغی پەڕینەوەی مرۆڤ لە ئەفسانەوە بەرەو قۆناغی ئەقل / لۆگۆس دەستپێدەکات و سروشت ، خوا و مرۆڤیش دەبن بە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە تیۆرییە سەربەخۆکان ، ئیدی تێڕوانینی تیۆری زیاتر بەسەر سروشت دا زاڵدەبێت . دەرکەوتنی فەلسەفە و زانستیش وە نەبێت ، تەنیا جێگۆڕکێی میتۆلۆژیا و فەلسەفە بوو بێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، ئەوەی دووەمیان لە پڕۆسەیەکی دوور و درێژ و ئاڵۆزدا توانی خۆی لە میتۆلۆژیا و ئایین دا جیابکاتەوە ، هەر بۆیە ، پەڕینەوەی فەلسەفە لە میتۆلۆژیا بە قۆناغێکی لەسەرخۆ و ئاڵۆز تێدەپەڕێت و پاشانیش وەک فۆڕمێکی نوێی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت و هەڵگری فۆرم و ناوەڕۆکی تایبەت بە خۆی دەبێت ، بێ شک ، ئەو گۆڕانکارییەش کاریگەرییەکی گەورەش بەسەر بوارەکانی ژیانی ڕۆحی کۆمەڵگای کۆن دا دەنوێنێت . فۆرموولەبوونی فەلسەفەش ، سنووردانانێکی تیۆرییە لە فۆرمەکانی تری ژیانی ڕۆحی بە گشتی و بەر لە هەمووشیان میتۆلۆژیا یە ، وە لە هەمانکاتدا ، فەلسەفە خۆناسینی مەعریفەتێکی نوێی داهێنەرانەیە ، کە لەم گۆڕەپانەشدا ، بە دەیان فەیلەسوف ئەسپی خۆیان تاوداوە . فەلسەفە و زانست ، تەنگەژەی میتۆلۆژییان گەورەتر کرد ، چونکە هەتا دەهات ، ململانێی نێوان لۆگۆس و میت خورتتر دەبوون ، هەتا نوهاش کۆمەڵگا هەن ، کە هێشتا لەو ململانێیەدا دەژین . سەرکەوتنی فەلسەفە و زانستیش ، دەکرێت بە شۆڕشێکی ڕۆحی هەر کۆمەڵگایەک پێناسەبکرێت . لە کۆمەڵگای کۆنی یۆنانی دا ، چەندین ناوەندی ئەو ململانێیانە دەرکەوتن ، وەک ” ئیۆنیا ،سیسیلیا و ئەسینا ” . لەسەدەی شەشەمی پ.ز. ئیۆنیا لە گشت بوارەکان دا پێشکەوتوو بوو ، پاشان باشووری ئیتالیا و دوای ئەویش – ئەسینا ، چونکە کۆمەڵگا و شارەدەوڵەتەکانی ئەوساکەی سەردەمی کۆیلایەتی هەتا دەهات ڕوویان لە ململانێ و پێشکەوتن دابوو . ئەو شارستانیەتەش بوو بە بناغە و بێشکەی شارستانیەت و فەلسەفەی ئەوڕوپی بە تایبەتی و هی مرۆڤایەتی بە گشتی . تالێس ، ئەناکسیماندر ، هیرۆکلیت و ڤیتاگۆرییەکان و . هتد . بوون بە پێشەنگی هەڵگری ئەو ئاڵایە ، کە پاشان لە ئەسینای دیمۆکرات و پێشکەوتوودا ، سۆفیستەکان ، سۆکرات ، ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ وەک لووتکەی پێشکەوتنەکان دەردەکەون ، هەتا ئەمرۆکەش مرۆڤایەتی شانازییان پێوەدەکات