((هاوڕێی دڵ))
فەرید ڕاژین/ شاعیر / سنە
دڵ مەستە لەگەڵ شێعر و شەو و، شووشەو شەمدا
خەرمانی خەیاڵ و حەزی دڵ، ماچی بە خەمدا
زامارە دڵ و، بەندە لە دەس لەشکەری دیدەت
جادووگەرە، سەججادە لەگەڵ جامە کە جەمدا
تا دەستێ بکێشیتە سەری شێعری هەتیوم
چەن تۆم بە شەم و شێعری شەکەت گیانە قەسەمدا
هەرچەندە چەما دڵ لە چرۆی چاوەیی چاوم
ئاوی چەمی من شانی بە دەریا و بە چەمدا
بەو دیدەیە شینە، لە سەری دوو خەمی ئەبرۆ
حورمەت حەپەساوە، کە دی تانەی لە حەرەمدا
سەرخۆشە غەزەڵ، کەوتە سەما دەفتەر و سەروا
پەیکی دەمی ئەودەم کە بەدڵ، کاتێ بەدەمدا
سەرسامە لە ئەوساوە سەرم بینی دووسێوت
تۆ چوویت و دڵم نوقمە لە نێو ماتەم و تەمدا
دوو هاوڕێیی دڵ ئێستە فەقەت هەر خەمە و ئەسرین
دەستم گەە لە گەردەن ئەوە، گەە گەردەنی ئەمدا.
مەفعوولۆ مەفاعیلۆ مەفاعیلۆ فەعوولۆن