فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گلۆبالیزم و دیمۆکراسی 

گلۆبالیزم و دیمۆکراسی 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ سۆکهۆلم

هزر و ڕەوتی گلۆبالیزم کۆنە ، ڕەگوڕیشەی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرکەوتنی ئیمپڕاتۆریەتە گەورەکان ، کەواتە ، وەک دەڵێن :” شەڕابێکی کۆنە لە پەرداخێکی نوێ دا ” . لەگەل ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە هەرێمی و جیهانییەکانی تر ، چەمک و پڕۆسەی گلۆبالیزم فراوانتر دەبێت . دەمێکە ، گوتوومە ، هەموو گلۆبالیزمێک بە شێوازی توندووتیژی و پێشێلکردنی مافی گەلانی تر ، ناڕەواو کارەساتە ، چونکە نابێت ، دیاردەی گلۆبالیزم تەنیا لە قازانجی بەهێزەکان بێت و بە زەرەر و زیانی لاوازەکان بکەوێتەوە ، لێ لە دونیای هاوچەرخ دا ، بەداخەوە ، ئاڕاستەکە وەها دەچێتە پێشەوە. کاڵبوونەوەی سنوورەکان ، بەیەکگەیشتنی کولتوور و بەرژەوەندییەکان ، مانای نەمانی پرسە نەتەوەیی و لۆکالییەکان نییە ، ئەگەر گلۆبالیزم بە قازانجی مرۆڤایەتی بکەوێتەوە ، کەواتە ، ئاڕاستەکە ، دوو جەمسەری دژ بەیەکە .
ئەگەر جاران ، پرسی دیمۆکراسی، پرسی ناو شارەدەوڵەت و دەوڵەتی نەتەوەیی بوو ، ئەوا ئەمڕۆکە ، دیمۆکراسی بۆتە پرسی هەموو مرۆڤایەتی ، کەواتە ، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ، کە داهاتووی دیمۆکراسی لە تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا بەرەو کوێ ڕێدەکات ؟! لە هەموو سیستەمێکی دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانیشدا ، ململانێی هزری نێوان هێزە سیاسییەکان کەم دەبێتەوە ، کاڵدەبێتەوە ، لێ لەناو ناچێت ، چونکە ئەوە ، ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانە ، کە ململانێیەکان بەهێز و بێهێز دەکات . دیمۆکراسی وەک شێوازێکی حوکمڕانی پێچەوانەی دیکتاتۆری و تۆتالیتارییە ، لێ بۆ هەر کۆمەڵگایەک مەرجی خۆی گەرەکە ، نەک تەنیا حەز و ئاواتە . لە ڕەوشی نوهای دونیا دا ، دیمۆکراسی لە هەڕەشە دایە ، شەڕ و توندوتیژی و زەبروزەنگ باڵادەستە .
پاش داڕمانی سۆسیالیستی و کۆمۆنیزم ، مرۆڤایەتی بەرەو کرانەوە و دیمۆکراسی ڕێدەکات ، لێ بەرژەوەندی و باڵادەستی زۆرانێک ڕێگرە ، جەهل و دواکەوتوویی ڕێگرن .
دیاردەی نیۆ لیبرالیزم ، نیۆ دیمۆکراسی و پۆپۆلیستی ، دیاردەی نوێی زۆر لە کۆمەڵگاکانن ، بێ شک، هەموو ئەوانەش ، هەڕەشەن بۆ سەر دیمۆکراسی . داهاتووش هەر چۆنێک بێت ، دەبێت مرۆڤایەتی دەستبەرداری دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانی نەبێت ، سەرباری هەموو ئەمانەش، پرسی ژینگە و ژینگەپارێزیش هاتۆته سەر . یەکسانی نێوان ژن و پیاوانیش ، بابەت و داخوازییەکی کۆنە ، هەنگاوی گەورە نراون ، لێ هێشتا لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا ، بابەت و داخوازی گرنگن .
لە هونەر و زانستی سیاسەت و بزاڤی سیاسی دا ، قسە لەسەر ئەو پرسانەی سەرەوە دەکرێن ، بەڵام زۆرجار بۆتە گاڵتەجاری ، نەک سیاسەت . ئەفسانە و یوتۆپیاش چارەسەر نین ، بەڵکو خەڵک پێویستی بە وەرچەرخان و دەستکەوتی کۆنکرێت هەیە ، هەر بۆیە ، گەڕانەوەی فاشیزم ، نازیزم و کۆمۆنیزم ، بەدیل نین ، چونکە تاقیکراونەتەوە ، سەرمادارییەکی وەحشیەتگەریش بەدیل نییە ، بەڵکو ، ئاشتی ، دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانییەکی مومکین پێداویستێکی مرۆڤایەتییەکی شارستانی و ئازادە !
لە هەموو پڕۆسەیەکی دیمۆکراسی دا ، تەنیا مافی دەنگدان بەس نییە ، بەڵکو ئازادی ڕادەربڕین و بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی دا گرنگن ، خۆشگوزەرانی ئابووریش پێویست و مەرجێکی تری مرۆڤە ، دەنا گوێزێکی پووچ ئاسا خۆ دەنوێنن . زۆری دیاردەی نەزانی و دواکەوتنیش ، هەڕەشەن بۆ ئازادی و دیمۆکراسی لە کۆمەڵگا دا . تێهەڵکێشکردنی شێوازی دیمۆکراسی نوێنەرایەتی و ڕاستەوخۆ پێویستە ، چونکە بۆ هەندێک شت ، دەسەڵات دەبێت بۆ ڕای گشتی و زۆرینەی خەڵک بگەڕێتەوە .
ئەگەر کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی لە لایەن دەسەڵات و سیستەمێکی تەندروستی دیمۆکراسییەوە ڕێکبخرێت ، مرۆڤ سروشتانە خۆویست ، دڕندە و چاوچنۆک نییە ، چونکە ئەوساکە وەک بوونەوەرێکی جڤاکی بیردەکاتەوە ، نەک وەک ئاژەڵێکی دڕندە ، چونکە سروشتی مرۆڤ بەندە بە ڕەوش و گۆڕانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی .
لە سەردەمی سەدەکانی ناڤین و فیۆدالیزم دا ، مرۆڤ و سیاسەت بەپێی تای تەرازووی شاری خودا و شاری دونیایی دەکێشرێت ، هەر شتێک ڕەنگدانەوەی شاری خودا بێت – چاک و ڕاستە ، لێ بە پێچەوانەوە – خراپ و ناڕاستە ، ئەوگۆستینۆس کەوتنی ڕۆماش هەر بۆ ئەوە دەباتەوە .
من لەو باوەڕەدام، کە بیری میانڕەوی و حوکمڕانی تێکەڵاو و بەرژەوەندی هاوبەش ، ڕەنگە هزرێکی خراپ نەبێت ، چونکە بەم شێوازەی نوها ، هەر لایەک بۆ خۆی ڕادەکێشێت. مێژووی مرۆڤایەتی، لە شارەدەوڵەتەوە بەرەو ئیمپڕاتۆریەتە مەزنەکان، لە وێشەوە بەرەو دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەمڕۆکەش بەرەو گلۆبالیزم دەگەڕێتەوە . پەیڤی بەربەر گۆڕا ، بۆ هاوڵاتی و یەکسانی ، لێ هێشتا زۆر ماوە ، کە دونیا بۆ بە یەکسانی بۆ هەمووان بێت ، هێشتا ، بەربەر و شارستانی بەکاردەهێندرێت . هەموو ئەمانە و هیتر ، بابەتی ڕۆژانەی سیاسەت و هزری سیاسی و فەلسەفی سیاسین ، سیاسەتیش دەبێت باوەش بۆ هەموو بوارەکانی تر بکاتەوە ، لێ هێشتا زۆر ماوە ، کە مرۆڤایەتی ، دوور لە باڵادەستی و بەرژەوەندی بیر لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکاتەوە و جیهانیش بۆ هەمووان بێت ، نەک بەسەر دوو بەرەی زاڵم و زۆرلێکراو، ئازاد و نائازاد ، هەژار و دەوڵەمەند دابەشبکرێت !!!!!!