جەلال مەلەکشا و شێعری ڕزگاری[i]
نووسەر: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
دەمگوت: شێرە ئەوەی لە ژێر لێزمەی تەرزەی
هەوری نەفرەتی نەیاردا ڕادەوەستێ!
بە خوێنی خۆی پەرژینێکی قایم بە دەور نیشتمان و ئەندێشەی
خۆ دا دەبەستێ
دەمگوت: دەنگی شێعر لە ژێر زەبری قامچی دەبێ بە هاواری بەرز و
دنیای بێدەنگ دەهەژێنێ!
دەمگوت: تەوژمی پۆستاڵ و زەبری گۆپاڵ
زەردەواڵەی وشەی تووڕە دەهرووژێنێ!
دەمگوت…دەمگوت…
…
بهێڵن دواهەناسەکەم لە ژێر ئاسمانێکی بەرفراوان
لە سەر بستێ خاکی سەربەستا هەڵکێشم!
( بەشێک لە شێعری “نازانم چۆن زیندوو ماوم، جەلال مەلەکشا)
پوختە
یەکێک لەو فیگۆرە کەمتر ناسراوانەی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی کە زمانی پەخشان و شێعری خۆی لە خزمەت بەیانی ڕەنج و ڕەنجی بەیانی کوردستانیبوون و ڕزگاری نیشتمانیدا وەگەڕ خستووە “جەلال مەلەکشا”یە. جەلال مەلەکشا زۆربەی شێعرەکانی وەکوو هێزێکی نێشتمانی و هاوارێکی کوردستانی لە مەیدانی ململانێیی ئەو هێزانەدا کە وەک “جەردە” جەستەی نیشتمانیان هەلا هەلا کردووە، “جەردە دڵی شاری کرۆژی” هێناوەتە ئاڕاوە. بەڵام ئەم فیگۆرە نیشتمانییە وەکوو زۆر گەنجی سەربەمۆری تر کەمتر ئاوڕی شیکاریی زانستی لێدراوەتەوە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات پاش پێناسەیەکی کورت لە ئەدەبیاتی ڕزگاریی، لەسەر ئەو تەوەرە بڕوات کە هۆکاری ڕووهێنانی جەلالی مەلەکشا بۆ ئەندێشەی کوردستانی بوون و ڕزگاری چییە؟ پاشان بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکاندنی زانستی سیاسیی و مەسەلەی ناسنامە بە جەخت لەسەر شێعری “کوردستانم بۆ بێنەوە”، وەک مشتێک لە خەرمانێک، ئەو پرسیارە وەڵام دەدرێتەوە کە بۆچی جەلالی مەلەکشا لە زومرەی شاعیرانی ڕزگاریدا جومگەبەندی دەکرێت.
دەروازەی باس
ئەدەبیاتی ڕزگاری وەک بەشێک لە فەلسەفەی ڕزگاریی کە زیاتر بە ئەدەبیاتی ئامریکای لاتینەوە دەناسرێت هەوڵی ئەوەیە هونەر لە خزمەتی ڕزگاریدا وەگەڕ بخات. شێعر، ڕۆمان و تەنانەت دیوارنووسی و… لەم بەستێنەدا بۆ گەیشتن بە سەروەریی سیاسیی و دەربازبوون لە ژێردەستەیی و داگیرکراویی و کۆیلایەتیی دەکار کراوە[ii]. بەم شێوە هونەر بە گشتی و ئەدەبیات بە تایبەتی دەبێتە هونەر و ئەدەبیاتێکی دەروەست بە ڕزگاریی لە ژێردەستەیی. بە بۆچوونی خاوەنی ئەم قەڵەمە ئەدەبیاتی ڕزگاریی و دژەداگیرکاریی، بەتایبەتی لە ژانری شێعردا، بە قووڵی ڕیشەی لە کوردستاندا هەیە. گەرچی ژێردەستەبوونی مرۆڤی کورد ڕیشەی مێژوویی هەیە بەڵام ئەگەر سەرەداوی مەسەلەی کورد بە مەسەلەیەکی مۆدێرن بزانین، ئەوە ئەدەبی ڕزگاریی هەر لەو سەرەمەدا بە تایبەتی لە “قوتابخانەی تەنویردا[iii]“( مەکتەبی ڕۆشنگەری) بۆ مەسەلەی سەروەری[iv]خوازی و ڕزگاریی[v] نیشتمانی لە داگیرکراویی، گوتارێکی تایبەتی پێشکەش کردووە. میراتی قوتابخانەی تەنویر و ئاشنایی لەگەڵ مۆدێرنیتە، لە مەسەلەی ڕزگاریی و سەروەریخوازییەوە بگرە تا مەسەلەی ژن، زانستپەروەری، ڕەخنە لە نەریتی چەقبەستوو، مۆدێرنیزاسیۆن و… لە ئەدەبیاتی کەسانێ وەک حاجی قادر، قانع، پیرەمێرد، ئەحمەد موختار جاف، فایەق بێکەس و… ڕەنگدانەوەی هەبووە و زۆر جار لە بەستێنی کوردیدا پراکتیزەیش کراوە. ئەم میراتە بەرە لە دوای بەرە دەستاودەست کراوە و بۆ نموونە لای مامۆستا هێمن و لە فۆرماسیۆنێکی نوێتردا گەشەونەشەی کردووە. مامۆستا هێمن بە بانگەشەی “حاجی قادر” لە چەندین جێگەدا خۆی بە قەرزداری قوتابخانەی تەنویر، بە تایبەت حاجی قادری کۆیی، دەزانێت. بۆ نموونە هێمن لە شێعری “دەسکەوتی خەبات” لە دیوانی تاریک و ڕووندا، ئاوا حاجی قادر و کاریگەرییەکانی دەکاتە بەردەنگ:
بەڵام تۆ دڵنیابە پیری زانا!
بناغێکی وەهات بۆ کوردی دانا
ئیتر سەنگەر بەتاڵکردن مەحاڵە
ئیتر کورد و بەزین خەون و خەیاڵە
هەر بەو شێوە میراتی ئەو قوتابخانەیە لەسەر دەست و زمانی ڕۆشنبیرانەی مام هێمن و ئەو بەرەیە لە ڕۆشنبیران دەگوازرێتەوە بۆ کەسایەتییەکی وەک جەلال مەلەکشا. جەلال مەلەکشا بە بانگهێشتی مامۆستا هێمن وئاشنایی لەگەڵ گۆڤاری سروە، بە جۆرێک پاڕادایم شیفت دەکات بۆلای گوتاری کوردستانی و ئەدەبی ڕزگاریی. مەلەکشا کە پێشتر ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بووە و بە فارسی نووسیوەیەتی، پاش ئەم ئاشناییە بەرهەمەکانی زێدەتر بە کوردی دەردەکەون و هەوڵ دەدات لە فۆڕماسیۆن و تێمێکی نوێدا درێژەدەری ڕیگەی ڕزگاری و سەروەریخوازی بێت. ئایدیایەک کە وەک ئاماژەمان پێکرد میراتی قوتابخانەی تەنویر بووە و بەرە لە دوای بەرە بە هەوراز و نشێوی زۆرەوە و بە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆرەوە، لە ململانێ لەگەڵ هێزە نەرم و زبرەکانی سەردەستاندا، بە میرات ماوەتەوە. بەبۆچوونی من، جەلالی مەلەکشا، وەک فیگۆرێکی تایبەتی ئەو میراتە فیکری-پراکتیکییە، بە پرسی ناسنامەی کورد و کوردستانی و ڕزگاری نیشتمانی مۆرکی تایبەتی خۆی لەسەر ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی داناوە. کەواتە بەم شرۆڤەوە، ڕەگوڕیشەکانی ڕووهێنانی جەلال بۆلای ئەدەبیاتی ڕزگاری تا ئاستێک ڕوون دەبێتەوە. ئینجا با بزانین ڕەنگدانەوەی ئەو ژانرە لە سیاسییکردنی ئەدەبیات[vi] بۆ خزمەت بە ئامانجی نەتەوەیی لای جەلال چۆن نواندراوەتەوە.
وەک پێشینەی باس لەسەر شێعرەکانی جەلالدا دەتوانین بە دوو کاری دیکەی خاوەنی ئەم قەڵەمە:
- سەرنجێکی نیشانە ماناناسانە لەسەر وشەی دۆزەخ لە شێعری جەلال مەلەکشادا
- سمێناری خوێندنەوەیەکی فۆرمناسانە- ماناناسانە لە دیوانی شێعری جەلالدا.
- هەروەها کتێبی عەبدولخالق یەعقووبی بە ناو ” جەلال مەلەکشا: شاعیری شەو، تفەنگ و نیشتمان” و یادداشتی مەسعوود بینەندە بە ناوی”جەلال مەلەکشا: شاعیرێکی لە خاچدراو” ئاماژە بکەین.
ڕوانگەی ئەم وتارە و چەمکاندن و جومگەبەندی بابەتەکە بە تەواوی لەگەڵ ئەو کارانەدا جیاوازە و هەربۆیە هەڵگری ئەم وتارەی بەردەست بووە.
جەلال مەلەکشا و شێعری ڕزگاریی
جەلال وەک شاعیرێکی نوێخوازی مۆدێرن بابەتگەلێکی جۆراوجۆریی لە شێعرەکانیدا ورووژاندووە. لە شێعرە دڵدارەکانییەوە بگرە هەتا بابەتی ژنان، هەتا بابەتی ڕۆڵی شاعیر وەک ڕۆشنبیرێکی حەلاجئاسای حەقێقەتوێژ، هەتا ڕەنج و ئازاریی دەروونی مرۆڤ و… بەڵام وەک بابەتێکی زاڵ کە زۆر جار باسەکانی دیکەیشی پێوە گرێ دراوە، بابەتی “نیشتمانی کوردستان” وەک کۆیەکی لێکدانەبڕاو و ڕەنجێکی تاقەتپرووکێنی داگیرکراوی، ڕوویەکی زاڵی لە شێعرەکانیدا هەیە و گشتییەتی ماناناسانەی باسەکانی دەخەمڵێنێت. نیشتمان ئەو دالە سەرەکییەیە کە زۆربەی دالەکانی دیکە لەسەر ئەو تەوەرە دەسووڕێنەوە. شاعیر بۆ خۆیشی ئاماژە بە دەروەستی خۆی بەو دالە ماناخولقێن و واتاهەژێنە کە گیانمایەی شێعرەکانیەتی دەکات و لە شێعری ” تفەنگ و خوێن و چیا” دەڵێت:
“…ئەی من چ بکەم؟ / نەخشەی گەورەی وڵاتەکەم/ تفەنگێکە و / بتانەوێ و نەتانەوێ/ لە ناو هەموو نووسراوەکانمدا دیارە!…
پێتان دەڵێم: بۆیە شیعرم خوێناویییە و/ سوورە ڕەنگم/ من شاعیری نیشتمانی خوێن و کوێستان و تفەنگم!”
تەنانەت زۆر جار گەر لە عەشقیش دەدوێت گرێی دەداتەوە بە نیشتمان. لە شێعری “گۆرانی” مامۆستا جەلالدا، عەشق بە دڵدار و عەشق بە نیشتمان لێک گرێ دەدرێت.
” دڵنیا بە تاشەبەردێ نیشتمان و تاڵی قژی تۆ بە دنیا ناگۆڕمەوە، هەرگیز، هەرگیز، کوردستان و خەیاڵی جێ ناهێڵم”.
بەڵام دۆخی کورد لە سەردەمی مۆدێرندا حاڵەتێکی تایبەت پەیدا دەکات: حاڵەتی بێدەوڵەتی و بێخانومانی و بێنیشتمانی و داگیرکراوی و ژێردەستەیی کە هەمووی ئەمانە لە شێعری شاعیردا ڕەنگدانەوەی تایبەتی شاعیرانەی هەیە. شایانی باسە بە سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی لە ئاستی فیکری-فەلسەفی، ئابووری، سیاسی و…دا، لە ڕووی سیاسییەوە سەرچەشنی زاڵ و جیهانداگری سەردەمی مۆدێرن دەبێتە ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە کە بەندیکەت ئەندەرسۆن بە «فۆرمی پێوەر» ناوزەدی دەکات. ئەم فۆرمە پێوەرە وەها جیهانی دەرهەست و بەرهەست دەگۆڕێت و مرۆڤێکی وەها نوێ ساز دەکات، چاک یان خراپ، کەمترین شتی لە دەرەوەی بازنەی ناسیۆنالیزم ناتوانێت ڕوو بدات. ئەتین بالیبار بە «مرۆڤ ناسیۆنالیست» چەمکاندن بۆ ئەو مرۆڤە نوێیە دەکات. بەڵام نەتەوەیەک کە خاوەنی ئەو سەروەرییە سیاسییە نەبێت و لەو فۆرمە پێوەرە بێبەش بێت، لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “نەتەوەی بێدەوڵەت” دەناسرێت. دۆخی بێدەوڵەتی کە نەتەوەگەلێکی وەکوو کورد و ئەمازیغی و بەلووچ و… دەگرێتەوە، لە لایەن زانایانی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە چەمکاندنی جۆراوجۆری لەسەر کراوە. «چەمکی بێدەوڵەتی» واتە نەبوونی سەروەریی سیاسیی سەربەخۆ، زیاتر بە بیرۆکەیەکەوە بەیان دەکرێت کە ئاماژەیە بۆ «بێمافی» و «خەسارهەڵگری»، چونکە وا گریمان دەکرێت کە «ئەمرازی ساردی تاراندن و دەرهاویژتن» دەنوێنێتەوە. بە گشتی، چەمکی بێدەوڵەتی لەناو بوارێکی گوتاریی نەرێنیدا هەڵکەوتووە. بۆ نموونە بێدەوڵەتی وەکوو «وەدەرنانی بەتەواوەتی لە مرۆڤایەتی»، «بۆشایی یاسایی دونیای کافکایی»، «مەرگی کۆمەڵایەتی»، «پێناسەی کتومتی جەهەندەمی مۆدێرن»، «ژیانی ڕووتوقووت» و «هەلومەرجی مەترسیی بێکۆتایی» چەمکاندنی لەسەر دەکرێت[vii]. قانع، بیرمەندەشاعیری کوردیش تەنانەت بەر لە هەموو ئەم باسانە مرۆڤی بێدەوڵەت ئاوا دەناسێنێت: «ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە». بێدەوڵەتەکان بێنیشتمان دەکرێن و ئاوارەیی زەینیی و عەینی گەمارۆیان دەدات. شاعیر لە زۆربەی شێعرەکانیدا، کە لە ژێرەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەکرێت، ئەم مەسەلانە و ڕەنج و مەینەتەکانی مرۆڤی کوردی بە زمانێکی شاعیرانەی میتافۆرێک دەربڕیوە.
بێنیشتمانی و بێدەوڵەتی و داگیرکراوی و “بێوڵاتی” ئەو دایکەدەردانەی سەردەمی مۆدێرنە کە تۆ لە مرۆڤایەتی دەخات و تەنانەت بە تەعبیری جەلال “بستێ خاکم دەست ناکەوێ، ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی تیا بنێژم”. میتافۆری “جەهەندەم و دۆزەخ” بۆ وەسفی ژینگەجیهانی کوردی لە شێعری شاعیردا ئامادەیی هەیە بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخە جەهەندەمئاسا، “کورد و کوردستان” ئەو دوو وشە پێرۆزەن کە هەر چەندە گۆڕەپانیشی لێکردراوە بە جەهەندەم و وڵاتەکەیان تیا هەڵقرچاندووە بەڵام هەرگیز نیانتوانیوە ئەو دوو وشە پیرۆزە بسڕنەوە:
” بەڵام هەرگیز نەیانتوانی/ دوو دیاردە/ لەسەر سینگم بسڕنەوە:/ یەکیان کورد/ و ئەوی تریان وشەی پیرۆزی کوردستان”.
شاعیر بەردەوام بە خەمی نیشتمانە پڕ لە ڕەنج و ئازارەکەیەتی و ئاوات دەخوازێت ئەم “نێشتمانە چوارپەل بڕاوە لە خاچدراوە” یەک بگرێتەوە:
” ئاخۆ دەبێ/ ئەو ڕۆژە بێ/ کاوەی کوڕم/ جانتای سەفەر کاتە شانی/ دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە/ هاوار بکەن: سلێمانی، سلێمانی!”.
شاعیر زۆر جار لە میتافۆری ” دۆزەخ” و مانا هاوچەشنەکانی وەک “جەهەندەم” بۆ پێشاندانی دۆخی داگیرکراویی و ژێردەستەبوونی کوردستان کەڵک وەردەگرێت. ئەم “دۆزەخە پڕئازارە” و “ئەم ئاگرستانە تاریکستانە” لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە “چوار تەنیشتی لێ تەنیوم خێڵی بەدڕەفتاری شەو”. دۆزەخ و جەهەندەمی داگیرکراویی “گەردەلوولی مەرگەساتە/ لوورەلووری گورگی هار”. دۆزەخی ئیستعمار و بندەستەیی وادەکات لە جەلال کە ئەگەر دیوانی حەلاج دەخوێنێتەوە” انا الحق”ی لە داردراو دەبینێت، لە دیوانی باڵەندەی نێو قەفەزدا “ئاسمانێکی لەتلەتکراو” دەبینێت و لە دیوانی شاعیرێکی بێوڵاتدا “نیشتمانێکی چوارپەلبڕاو” سەیر دەکات بەڵام لە دیوانی شاعیرێکی کوردی وەکوو جەلالدا هەر هەمووی ئەوانە دەبینرێت:
“دیوانی شێعری کوردێکی/ دیلی چاوەڕوانی مەرگم ئەخوێندەوە/ تەنیا سێ وشەی تێدا بوو: انا الحقی لە داردراو/ ئا…سما…نێکی…لەتلەتکراو/ نیشتمانێکی چوارپەڵبڕاو”
خودی شاعیر وەکوو تاکێکی کوردستانی لەم دۆزەخەدا نامۆ و غەریب و بێخانومان دەکرێت:” هەر من تەنیا بێکەس و غەریب، وەک باڵەندەی بێهێلانە”. شاعیر لە شێعری تاسەدا فیگۆرێکی نیشتمانی دیکە بانگهێشت دەکات. “عەبدۆڵڵا پەشێو” ئەو سیما نیشتمانییەیە کە بە کاروەرگریی لە گوتاری کاژیک و پڕۆژەی فیکری کەسانێ وەک جەمال نەبەز(واتە کوردستان بۆ کورد، یەکسانی بۆ گەل) شێعری بۆ نیشتمان و سەربەستی و سەربەخۆیی گوتۆتەوە[viii]. تێمای سەرەکی ئەم شێعرە کە ڕووەو پەشێو وتراوە، سەربەخۆییخوازی و بە هەندوەرنەگرتنی سنوورە دەستکردەکان و پچرانی زنجیرەکانە:
” خۆشەویستم! تۆ ڕێکەوە من هەوڵ ئەدەم/ با بە یەکتر بگەینەوە/ تۆ بانگم کە / من پڕ بە دەم هاوار ئەکەم/ وەڵام یەکتر بدەینەوە/ قەف قەف زنجیر سنوورەکان بپچڕین و / ئەو هێلانە شێواوەمان/ بکەینەوە بە نیشتمان!.”
کەواتە شاعیر لە زۆربەی شێعرەکانیدا کوردستان و ڕەنج و ئازارەکانی و هەروەها ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخەی نواندۆتەوە. بە گشتی دەتوانین بە خوێندنەوەیەکی پێکهاتەخوازانە[ix] لە کۆی شێعرەکانی جەلالدا “دوانەیەکی دژبەر”[x] پەیدا بکەین کە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شێعرەکانیی فۆڕمڕێژ و پێکهاتەسازی دەکات؛ واتە:
لەلایەک “دۆخی زاڵی زۆڵە” کە نمانای داگیرکراوی و بێوڵاتی و ژێردەستەیی و زنجیرکراوەیی بوونە کە ژینگەی کوردستانی ڕەش کردووە. لەلایەکی دیکە “بەرخۆدان و خەباتی شاعیر” وەک مرۆڤێکی “سەربەستی یاخی تیژ و تووڕە”ی کوردستانییە کە لە هەمبەر دۆخی زاڵدا دەوەستێت و ئایدیۆلۆژیا خوازراوی خۆی بۆ گەیشتن بە دۆخێکی باشتر واتە دەرچوون لە ژێردەستەیی و ڕزگاری نیشتمانی دەخاتە گەڕ. ئەو چەمک و تێگانەی لەو نموودارەی ژێرەوە هاتوون لە خوێندنەوەی ورد و هەمەلایەنەی شێعرەکانی شاعیر دەرمهێناون و ئەو ڕاستییە پیشان دەدات کە شاعیر چلۆن لە هەمبەر دۆخی ڕەشی ناهۆمێدکەری زاڵدا دەوەستێت و هیوا بە شێواندنی دۆخی باو و گەیشتن بە ئایدیۆلۆژیای خوازراو دەنوێنێتەوە:
بەم پێشەکییەوە و لەگەڵ ئەم ڕامانەی کە لەسەر کۆی شێعرەکانی جەلال باس کرا، لە درێژەدا هەوڵ دەدەین ئەندێشە و پراکسیسی ڕزگاری کە لەسەر چوار پرسیاری: ئێمە کێین؟ ئێمە چین؟ ئێمە چیمان دەوێت؟ و ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ دەسووڕێتەوە لە چاویلکەی شێعری “کوردستانم بۆ بێنەوە” شەنوکەو بکەین.
ئایدیای ڕزگاری لە شێعری “کوردستانم بۆ بێننەوە”
لەم شیعرەدا شاعیر وەکوو کەسێکی “لە جستوجۆی ناسنامەدا” کە تووشی “قەیرانی ناسنامە” بووبێت دەردەکەوێت[xi]. شاعیر و دۆخی داگیرکراوی وادەکات جیا لەو کارەساتەی لە باری شێواندنی سەرزەوینی تووشی دەبێت، ناسنامە و زەینیشی تووشی قەیران دەکات. شاعیر دەچێتە نێو دڵی پرسیارکردن لەو قەیرانە زەینیی و عەینییە. پرسیارگەلێ دەورووژێنێت کە لە خۆهۆشیاریی و خۆناسینێکی نەتەوەیی و کوردناسییەکی جیدییەوە سەرهەڵدەدات و یەکەم هەنگاوی زەین و ئەندێشەی ڕزگاری دەخولقێنێت. شاعیر وەک کەسایەتییەکی کورد بە پرسیار لە “کێیەتی و چییەتی” کوردەوە دەست پێدەکات و ڕۆ دەچێتە ناو دڵی قەیرانەکەوە:
کە خۆم ناسی/ وتم دایە: من کێم و چیم؟
پرسیار لە کێیەتی، مێژووی نەتەوە دەخاتە ڕوو و پرسیار لە چییەتی، ڕامانی فیکری فەلسەفی لە پێکهاتەکانی کوردبوون باس دەکات. پاش ئەو دوو پرسیارە گرینگە ناسنامەییە کە بەردەبناغەی خۆهۆشیاری تاکی و بەکۆمەڵ مسۆگەر دەکات، پرسیارێکی یەکجار گرینی دیکە دەورووژێنێت کە زۆربەی وڵاتانی داگیرکراو تووشیاری دەبن واتە “ونبوونی مەڵبەند” یان “مەڵبەندسڕینەوە[xii]“. مرۆڤی داگیرکراو هاوکات کە ناسنامەی دەسڕدڕێتەوە، مەڵبەند و سەرزەوینیی سیاسیشی دەشێوێنن یان دەیسڕنەوە. ئەو مەڵبەندە، ئەو نیشتمانە لەسەر نەخشەی جیهان نییە و بێناوونیشانە. شاعیر کە ڕووبەرووی قەیرانی سەرزەوینیش بووەتووە. دیسان لە دایکی دەپرسێت:
خەڵکی کام شار/ کام مەڵبەندی ڕووی سەر زەویم؟ وتی ڕۆڵە… تۆ کوردی و دیلی و هەژار/ نیشتمانت کوردستانە/ بەڵام ناوی نیشتمانت، لەسەر نەخشەی جیهان نییە/ بێ نیشانە!!
لێرەدا پرسیاری من کێم؟ و من چیم؟ و من لە کوێدام؟ و من لە چ دۆخێکدام؟ دێتە بەر باس. شاعیر هۆشیارانە دایکی کردۆتە بەردەنگی ئەو پرسیارانە. دایک سەرچاوەیەکی گرینگی خۆهۆشیاری تاکی و بەکۆمەڵ حسێب دەکرێت. دایکەکەیش ئاگامەندانە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە: تۆ کوردی و نیشتمانت کوردستانە، بەڵام لە دۆخی ژێردەستەییدا دیل و هەژار کەوتووە و پاش مەڵبەندسڕینەوە هیچ ناو و نیشانێکی لەسەر نەخشەی جیهان لێنەماوە. ئینجا دەکەوێتە پرسیار لە لێکەوتەکانی دۆخی داگیرکراوی بۆ نیشتمانپەروەران و مافخوازانی کوردستانی و دەڵێت:
وتم: دایە!/ باوکم کوانێ؟ بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟/ بە کام تاوان، من هەتیوم؟!
وتی: ڕۆڵە!/ ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتان/ تفەنگی مافی کردە شان/ ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی/ لێزمەی خوێنی گەشی لەشی/ بەسەر خاکا پژان…
داگیرکراوی و بەشمەینەتی “دۆزەخیانی سەر ڕووی زەوی[xiii]” درێژەی هەیە:
وتم: دایە! ئەی براکەم:
شەپۆلی خەم/ ئاوی ماتەم/ گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک!
وتی ڕۆڵە! / لە کازیوەی وەرزی ڕەشا/ لاشەیان کردە نیشانە/ خەونەکانی ئازادی ئەم کوردستانەی/ بردە ژێر خاک/ گیانی پاکی کردە فیدای/ سەربەستی ئەو نیشتمانە!
دوای ئەو پرسیارە گرینگانە لە ناسنامە و نیشتمان و دۆخی دۆزەخئاسای داگیرکراوی کە زێدەتر لە بەستێنی “زەینی ڕزگاریخواز”دا جومگەبەندی دەکرێت، ئینجا دێتە سەروبەندی پرسیاری “دەبێ چ بکرێت؟” واتە پرسی “تەڤگەری پاشەڕۆژ” کە بەردەوام نەتەوە و مرۆڤ و چینی ژێردەستە لە خۆیانی دەپرسن. واتە تەنیا زەینی رزگاریخواز، کە زۆریش گرینگە، بەسەندە و تەواو نییە بەڵکوو دەبێت “پراکتیسی ڕزگاری”ش بێتە گۆڕێ؛ هەر بۆیە پرسیاری: دەبێت چ بکرێت؟ بەردەوام لە زەینی مرۆڤی ژێردەستە دێت و دەڕوات. شاعیریش وەک مرۆڤێکی دەروەست بە نیشتمان لە جەستە و سەمبۆل و میتافۆری کورە ناسنامەخوازەکەدا پرسیاری “دەبێت چ بکرێت؟” لە دایکی دەپرسێت:
وتم: دایە! ئەی من چ بکەم؟/ هەستا سەرپێ/ تفەنگێکی بڕنەوکورتی بزمارڕێژی دایە دەستم/
وتی ڕۆڵە: ئەی هۆی ئاوات و مەبەستم دەیان ساڵە لە چوارلاوە/ کوردستان وەک پاڵەوانێ/ لە قەڵای دێوی داگیرکەر دەست و پەنجەی زنجیر کراوە/ ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ؟ دوعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ…
ئەو باسانەی پێشووتر کە لە ئەندێشەی ڕزگاریخوازەوە هەڵدەقوڵێت، زەمینە بۆ “کردە و پراکسیسی ڕزگاری”ش خۆش دەکات. لێرەدا دوانەی “چەمک و چەک[xiv]” دەتوانێت باشتر یارمەتیدەری شرۆڤەی دۆخی داگیرکراوی بێت. واتە زەینی ڕزگاریخواز لە بەراییەکانی شێعرەکەدا زێدەتر لەسەر “چەمک” و تێگەی ناسنامە و نیشتمان و ڕزگاریدا دەجووڵێتەوە بەڵام لە بەشی دواییدا لفەوجووتی چەمک و ئایدیا دێتە ئاراوە؛ واتە چەک و کردەی ڕزگاریخوازی لەهەمبەر قەڵای دێوی داگیرکەر، لە قەف و زنجیری دۆزەخی ئیستعمار کە تەنانەت جیا لە جەستەی نیشتمان، وشەکان و ئایدیاکانی شاعیریشی بەند و زنجیر کردووە[xv]. ئینجا شاعیر وانەکانی پێشووی بە میراتماوەی قوتابخانەی تەنویر و مام هێمن و ڕۆشنبیرانی دیکە دەکاتە مەبەست واتە سەروەریخوازی و ڕزگاریی دێنێتە بەرباس. واتە شێواندنی سنوورە دەسکردەکان و گەڕان لەدووی سیمای ونبووی تاکی کورد و نیشتنمانی کوردستان لە درێژایی مێژوودا کە سەردەستەکان ئەو مێژووەیان شێواندووە و تێکیان داوە:
سنوورەکان بشێوێنە/ سیمای ونبووی خۆت لە نێو مێژووی کۆنا بدۆزەوە/ کوردستانم بۆ بێنەوە/ با بە دەوریا بسووڕمەوە/ کوردستانم بۆ بێنەوە/ با دانیشم لەتە-لەتە/ وڵاتەکەم بدوورمەوە.
کەواتە ئایدیۆلۆژیی خوازراوی جەلال دوای نواندنەوی دۆزەخی زاڵ، بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، گەیشتن بە سەروەری سیاسیی و کوردستانی سەربەخۆیە.
بە گشتی هەر وەک لەم وتارەدا تا ئاستێک دەرکەوت، جەلال شاعیری “دارەپیرە” ئەو شاعیرە بیرمەندەیە کە دۆخی زاڵی کوردستانی باش ناسیوە و هەوڵیداوە بە زمانی شێعر ،بەستێنی زەینی بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕزگاریی نیشتمانی و خەبات دژی داگیرکاریی بئافرێنێت.
[i] . ئەم وتارە بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا جەلال مەلەکشاوە نووسراوە. ئەو شاعیرە دەردمەندە ڕەنجەرۆیە کە پێگەیەکی تایبەتی لە زەینی مندا هەبووە و هەیە.
[ii] ، بۆ ئاشنایی لەگەڵ فەلسەفەی ڕزگاری بە گشتی و ئاخێزگەی ئەدەبی ڕزگاری، بڕواننە وتاری فەلسەفەی رزگاریی بە وەرگێرانی خاوەنی ئەم قەڵەمە لەم بەستەرەدا: https://zanistname.com/ck/entries/liberation.
[iii] . بۆ ئاشنایی لەگەڵ میراتی فیکری قوتابخانەی تەنویر بڕواننە ئەم بەستەرەی ژێرەوە بە قەڵەمی نووسەری ئەم وتارە:
وەسیەتنامەکەی پێرەمێرد و سێکۆچکەی: زانست و کوردییەت و ئەخلاق
[iv]. SOVERIENTY
[v] .LIBERATION
[vi] . POLITIZATION OF LITERATURE
[vii] . بۆ باسوخواسی زیاتر زیاتر لەگەڵ ئەم تێگە و ئایدیانە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری “خوێندنەوەکانی دۆخی بێدەوڵەتی” نووسەر: بەرزوو ئەلیاسی، وەرگێڕ: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور، گۆڤاری هەڵوێست، ژمارەی دووهەم، 2024.
[viii] . بۆ ئاشنایی لەگەڵ ئەم گوتارە فیکرییە بڕوانە کتێبی ” سەبارەت بە کێشەی کورد” جەمال نەبەز، وەرگێڕانی حیسام خاکپوور، بەرلین، ئەنیستیتۆی جەمال نەبەز.
[ix] .STRUCTURALISM
[x] .BINARY OPOZITION
[xi] . بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ئەو دەستەواژە بڕوانە وتاری:
NATIONALISM ANA INTELECTULE IN NATIONS WITHOUT STATE, MONSETRAT GUIBERNAU
هەروەها وتاری ” قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە بزووتنەوە کوردییەکاندا” سیروان ڕێناس.
[xii] . Deterritorization بۆ ئاشنایی لەگەڵ ئەم دەستەواژە و باسگەلی هاوپەیوەند بڕوانە وتاری : بێدەوڵەتی و نامۆیی، محەمەد حەقمورادی، گۆڤاری ڕامان 2024.
[xiii] . ئاماژەیە بە کتێبە بە ناوبانگەکەی فرانتس فانۆن، نووسەری دژە کۆلۆنیالیستی.
[xiv] . دوانەی “چەک و چەمک” لە شێعرەکانی جەلالدا بۆ خەباتی دژەداگیرکاریی بە تایبەت لە شێعری “دڵخۆشی”دا نواندراوەتەوە:
کڵاوم لارە/ قەڵەمەکەم/ لە بەرامبەر چی سوڵتان و/ فەرمانڕەواو داگیرکەرە کڕنۆش ناکات!/ هیچیش وەک ئەو تفەنگە دەم بە هاژەیە/ وا لە پەنای قەڵەمێکدا/ لەسەر پێیە، منی ئەوینداری وڵات/ دڵخۆش ناکات.
[xv] . ناوی دیوانەکەی شاعیر واتە “زڕەی زنجیری وشە دیلەکان” نیشانکەردی دۆخی داگیرکراویی و کۆیلایەتی مرۆڤی کوردە. فۆرمی جوانی وشەکەن لەو ڕستەدا و دەنگدانەوەی پیتی “ز” و “ڕ” و هاونشینی وشەکانی زڕە و زنجیر و دیل، میتافۆری “وشەی دیل” و… هۆشیارانە هەڵبژێردراوە و فۆرم و مانایەکی تایبەتی داوە بە سەردێری دیوانەکەی جەلال.
تێبینی:
تەواوی ئەم وتارە بە پی دی ئێف لێرە بڵاو دەکەینەوە، کە هەندێک وێنە و هێلکاری تێدایە، لێرە بەداخەوە نەتوانرا بڵاویان بکەینەوە: