فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجار

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجار

(بەشی چوارەم)

ڕزکار شێخانی/ شاعير و وەرگێڕ / سويد

(١)

 

ئەفریقا تەنیا ئەوە نییە کە ئێمە لە هەواڵی تەلەڤیزیۆنەکانەوە دەبینین. لە مێژووی ئەدەب و هونەردا، دەبینین ئەفریقا سەرنجی زۆر نووسەر و هونەرمەندی ڕاکێشاوە. ئارتوور ڕامبو پێشەنگیان بوو. گۆتێ شەیدای ڕۆژهەڵاتی ئێمە بوو و ـ دیوانی ڕۆژهەڵاتی ـ ڕۆژئاوایی ـ نووسی. نووسەر و شێوەکاری سوێدی ئیڤان ئێگێلی پێشەنگی نووسەرانی باکووری ئەورووپایە. لە ساڵانی سییەکاندا گوننار ئێکێلۆف دەیویست لە ئەفریقا نیشتەجێ ببێ و خۆبەخش لە کێڵگەیەک کار بکات. توماس ترانسترۆمەر لە یادەوەرییەکانیدا باسی ئەوە دەکات کە منداڵ بوو، زۆر جار سەیری نەخشەی دەکرد و بە خەیاڵ بە ناو ئەفریقادا دەگەڕا.

لە بەشی یەکەمیشدا باسی ئێرنست هێمینگوای کراوە، کە ڕێک نۆهەد و یەک ساڵ لەمەوبەر لێرە لەبناری کیلیمەنجارۆ بووە.

 

(٢)

 

ئینسان هەتا بە چاوی خۆی ئێرە نەبینێ، نازانێ وڵاتێکی چەند سەوزە و ئاووهەوایەکی چەند خۆشی هەیە. من چل ساڵ زێترە لە سوید دەژیم و سوێد بە ناوبانگە کە بە هاوینان زۆر سەوزە و سروشتێکی جوانی هەیە. ئێستا بێ دوودڵی دەڵێم: ئێرەیش سروشتێکی سەوز و دارستانی چڕی هەیە و هەڵە نیم ئەگەر بڵێم لە هیی سوێد جوانترن.

وا هەوای بەفر لە پەنجەرەی پاسەکەوە دێتە ژوورەوە، بەمە دەزانم لە کلیمەنجارۆ نێزیک بووینەتەوە. بە درێژی ئەو دە سەعاتەی بڕیومانە، بە ناو زۆر گونددا ڕەت بووین و بێجگە لە سەوزایی، دارستان و ڕەز و باخ، یەک مێتریش وشکاییم نەبینی.

وا پاسەکە لایدایە شاری ـ مووشی ـ کە لە بناری کیلیمەنجارۆیە و ئیتر من دەبێ دابەزم.