ئەدەبی کوردی روو لە نشێوە بۆ …!!
نووسینی: احمد عارف/ نووسەر/ سلێمانی
٢٨/١٠/٢٠٢٤
ئەدەبی کوردی ئەدەبی میللەتێکی پەراگەندە و بێ کیانیە و تا ئەمرۆش کە سەدەی بیست و یەکە خاوەنی خۆی نییە ئەمەش بەر لە هەموو شتێک کەم تەرخەمی و بێ خەمیی میللەت خۆیەتی ..
لە دونیادا میللەتان بە شتی کەم رازی نەبوون و رازیش نابن بەڵام ئێمەی کورد بە پێچەوانەوە بە هەموو شتێکی بچوک رازین و هیچ هەنگاوێک نانێین بۆ گەشە کردن و خۆ بە مەزنکردن ..
کۆمەڵێک لەو شتانەی دەکرێت بکرێن بە هۆکاری ئەم حاڵەتە لە ئەدەبی کوردیدا .، بەرای من بۆ سیاسەت و ئیدارە و کایەکانی دیکەی ژیانیش دەگونجێن ..
ئێمە وەک کورد زوو شتمان بیر دەچێتەوە و کارەساتەکانی بە سەرمان هاتوون و دێن بە بچوک و ئاسایی دەزانین . ئێمە لە رووی ئەقڵ و بیرکردنەوەوە هەمیسە بە رووکەش مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا دەکەین و بیرکردنەوەی قوڵمان نییە .. هەمیش لە هەوڵی بچوک کردنەوەی خۆمانداین و میللەتێکین زۆر بەخیلیمان تێدایە و لە ئاستی یەکتردا بێویژدانانە هەڵس و کەوت دەکەین و نمونەش شەرە ناوخۆکانی کە کردوومانە ..
دەگەرێینەوە بۆ لای ئەدەب و کەمی داهێنان لە ئەدەبی ئێمەدا بەرای من دەگەرێتەوە بۆ چەند شتێک لەوانە کەمترین سۆز و ئەندێشەمان لەلا هەیە کە ئەمەش نییە رەخنەی ئەدەبیمان نییە کە بتوانێ بەربەستێک بێ لە بەردەم نووسینی کەچ و کاڵ ،. ئەگەر بۆ ئەم سەردەمەی ئەمرۆمان بچینە دیداری شیعری کوردی دەیان و بگرە سەدان خەڵکمان هەن بە ناوشیعر دەنووسن بەڵام لە غیابی رەخنەدا هەست بە بوونی شیعر ناکرێت ،. خۆ ژانرەکانی دیکەی ئەدەبیش زۆر لە شیعر باڵاتر نین زۆر بەداخەوە ،.
دەکرێت بگوتری وەرگێرانیش چونکە زیاتر یەکسەرەیەو لە دەرەوەی ماڵی خۆمان بۆمان دێت دەقە کوردییەکان هەر لای خۆمان قەتیس ماون و خۆمان دەبێ خوێنەری بین لەکاتێکا ئەگەر میللەتێکی زیندوو بە هەست بووینایە بەرانبەر بە ئەدەبی خۆمان هەوڵمان دەدا دەقە باش و گونجاوەکانی میللەتی خۆمان دەگوێزایەوە بۆ میللەتانی دونیا و لەوێوە هەڵسەنگاندنێکمان بۆ دەهاتەوە ..