فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چۆنییەتى ڕۆمان نووسین نامەیەکى ئەدەبیی بۆ سالار عومەر

چۆنییەتى ڕۆمان نووسین

نامەیەکى ئەدەبیی بۆ سالار عومەر

دڵشاد کاوانی/ نووسەر / هەولێر

سڵاو و رێز: کاک ساڵار عومەرى خۆشەویستم…

 

سەبارەت بە پێوەر و بنەماکانى ڕۆماننووسى، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە بۆ یەکەمجار دەست بۆ ڕۆماننووسى دەبن، من هەمیشە یەکەم ڕێنماییم ئەوەیە کە مەرجى یەکەمی نووسینى ڕۆمانێکى باش ئەوەیە کە نووسەر دەبێت خوێنەرێکى ورد و بە دیقەتى ڕۆمان بێت. چونکە ڕۆمانى باش پەیوەستە بە ئاستى مەعریفەى نووسەر. بۆیە واباشترە ئەو کەسە کە لانى کەم سەت ڕۆمان بخوێنێتەوە. هەندێجاریش لە هەموو ژانرێکى ئەدەبى بەهرە و توانا ڕۆڵ دەبینێت. بۆیە من پێم باشە ئەو کەسەى دەیەوێت ڕۆمان بنووسێت دەبێـ بۆ لەمەودوا بە چاوى نووسەر بخوێنێتەوە نەوەک تەنیا خوێنەر، واتا تەنیا بە دواى چێژى خوێندنەوە نەگەڕێت بەڵکوو، دیقەت لە شێوە و شێوازى نووسینى ڕۆماننووس بگرێت، تەنانەت سەیرى فاریزە و خاڵ و بەش و چاپتەراکانى ناو ڕۆمانەکە بکات بۆئەوەى ئەزموونى لێوە فێربێت.

خاڵە گرنگەکان بەمانەى خوارەوە کۆدەکەمەوە بۆئەوەى نووسەرى ڕۆمان لەبەرچاوى بگرێت.

  • پێشەکى ڕۆمانەکە زۆر گرنگە لە چییەوە دەست پێ دەکات. دەبێت ڕۆماننووس جوانترین و باشترینى نووسنەکەى بخاتە پێشەوە. چونکە دەرگەى چوونە ژوورەوەى ڕۆمانە و خوێنەر بڕیارى لەبارەى ڕۆمانەکەوە دەدات، بخوێنێتەوە یانا.
  • کۆتایی. هەموو هێزێکى ڕۆماننووس لە کۆتایی ڕۆمانەکەى دەردەکەوێت کە ڕۆماننووس دەیەوێت چی بە خوێنەر بڵێت و چۆن بە جێى دەهێلێت.

شێوە ڕۆمان ئێمە دوو شێوەى ڕۆمانمان هەیە.

  • فرە دەنگ. چەندین ڕوودا و گۆشە نیگاى جیاواز لە ڕووداوى جیاواز پێک دێت.
  • یەک دەنگ. یەک چیرۆک و ڕووداو دەگێڕێتەوە.

جۆرییەتى ڕۆمان.

دەبێت نووسەرى ڕۆمان سەرەتا بزانێـت  بە نیازە چ جۆرە ڕۆمانێک: بنووسێـت بۆ ئەوى شێوەى ڕۆمانەکان تێکەڵ نەکات.

  • ڕۆمانى بیۆگرافى. واتە ڕۆمانى ژیاننامەیى.
  • ڕۆمانى یۆتۆبیا، خەیاڵى.
  • ڕۆمانى ڕیالیستى، واقعى.
  • ڕۆمانى زانستى.
  • ڕۆمانى فکرىى و فەلسەفىى.
  • ڕۆمانى عیرفانى. یان ئایینى.
  • ڕۆمانى پۆلیسیى.
  • ڕۆمانى پڕۆنۆگۆافى. سێکسى.
  • ڕؤمانى دەروونى.

هەر جۆرە و شێوەى نووسین و گێڕانەوەى جیاوازە چەندین جۆرى دیکە لە ڕۆژئاوا هەن کە تا ئێستا خوێنەرى کورد پێى ئاشنا نین.

 

قۆناغى ڕۆمان

کاتێک ڕۆماننووس ڕۆمان دەنووسێت دەکەوێتە چوارچێوەى یەکێک لە قۆناغەکانى ڕۆمان.

قۆناغەکانی ڕۆمان:.

ڕۆماننووسان، ئەمان بەپێی قۆناغ و گەشەی کۆمەڵایەتی و هزريی و پێویستی ئەدەبی و کەره‌ستەکانی نووسین و مەعریفەی تاکەکانی کۆمەڵگاکانیان گەشە دەکەن و بەڕوونیش دەبینین نەوە دوای نەوە قۆناغی تازە و لە ستایل و مۆدێلی نووسینی ڕۆمان سەرهەڵدەدەن. بۆ نموونە لە هەر قۆناغێک هیچێک لە ڕۆماننووسەکان لە قۆناغی پێش خۆیان نامێننەوە. هەروەک قۆناغەکانی جیهانی بەگشتی بەم جۆرەیە.

ڕۆمانی سەدەی نۆزدەهه‌م

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لەژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان زیاتر لە بیر و ھەست. لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون. گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان (جەین ئیێر) کە لە ساڵی ١٨٤٧ لە نووسینی چــارلۆت بــرۆنتەیە یەکەمین نموونەیە لەناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.

نمونەیەکی دیکە (وزەرین ھایت) کە لە ساڵە ١٨٤٧ بە قەڵەمی ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوەتەوە، کە ئەویش ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە. ھەروەھا ڕۆمانەکەی ھـــێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بەناوی (مۆبی دیک) کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسراوەتەوە، (نامە سوورەکە) و (ماڵی حەوت گێبڵ) ڕۆمانی نـــاسانیەل ھۆپۆرنن، کە دەربارەی گوناح و پیوریتانیزم بووە. ئەمانە و چەندین ڕۆمانی تر نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.

ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریا

ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (1837-١٩٠١). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستە دەکرد. ڕۆمانێکی واڵکۆت سکۆت بووە ھۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا. نووسەرە ڤیکتۆریيانە بەناوبانگەکان وەک چـــارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، (کـــریسمس کــارۆڵی) لە ساڵی ١٨٤٣ نووسیووە. لــویس کـــاڕۆڵ (چارلس لۆدویج دۆجسۆن) سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند، لە ساڵی ١٨٦٤ و (بەناو شێوە شووشەییەکە)دا لە ساڵی ١٨٧١ نووسیووە.

ڕۆمانی ڕیالیزمی

ئەم ڕێبازە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو جۆرە ڕیالیزمە سەریهەڵدا. کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیسەند و گۆڕا بۆ سرووشتگەرایی کە بارودۆخی کەسایەتییەکان ڕەشبینتر و بێھێز ببوون بەھۆی سرووشتيیانەوە.

نموونەی ڕۆمانی سرووشتگەرایی (کابینەی خاڵە تــۆم) ھــاریت بــیچێر ســـتۆوە، لە ساڵی ١٨٥٢ دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا نووسیویەتی. دوو ڕۆمانی دیکە لەلای (تــۆم ســاویێر) لە ساڵی ١٨٧٦ و (سەركێشی هەكەلبێرى) لە ساڵی ١٨٨٥ لەلایەن (مـــارک تــواین) و (ســاموێل لانگھۆرن کلێمنس) نووسراون، دواجار بوونەتە ڕۆمانێکی بەناوبانگ لە ئەمەریکا.

ڕۆمانی (مۆدێرنێتە) و سەدەی ھاوچەرخ

ڕۆمانی سەدەی بیستەم بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا دابەش دەکرێت. ئەدەبیاتی مۆدێرنێتە(1900-1945) و (ئەدەبیاتی ھاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆست مۆدێرنێتەیە. لە ڕۆمانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا پرسیاری بوونی، سەرانگیری بەسەر ھۆکارەکانی مرۆڤدا، سرووشتی حەقیقەت و ڕاستی، فۆرمی سەرەکی ڕۆمانەکانە.

ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە گەورەکانی گێتین وەک جەنگی دووەمی جیھانی و جەنگی فێتنام و ھێرۆشیما و جەنگی سارد و شەپۆڵی کۆمۆنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ڕۆماننووس ڤیرجینیا ولف، ڕۆماننووس جەیمس جۆیس، کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژە جەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی بێ و نوسراوەتەوە. هەروەها ڕۆماننووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک و (دەنگ و دەمارگیری) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر باس لە پووکانەوەی باشوور دەکەن لە دوای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ڕۆمانی پۆست مۆدێرن

هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی ھاوچەرخی سریالیستی کە تێیدا کەسایەتییەکان کاریگەرتر بوون. لێ ڕۆمانی سەدەی پۆست مۆدێرنێتە، ھاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناويی و خەیاڵ و ڕۆمانی ھێڵکاری لەخۆدەگرێت. جەخت لەسەر ئەوە ده‌كاته‌وه‌ کە مرۆڤ لەلایەن ھێزێکی بەھێزترەوە فه‌رمانڕەوایی دەکرێت دەکاتەوە و گەردوونیش بە تەنھا ھۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و چۆنێتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆست مۆدێرنێتەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) 1982 لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارد) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی 1966، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە 1976، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ساڵی 1973، پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی (100ساڵ تەنهایی) گابرێل گارسیا ماركێز.

 

بنەماى ڕۆمان.

چەند بنەمایەک هەن کە ڕۆمان لە ژانرەکان دیک جیا دەکاتەوە و کە زۆربەیان لەگەڵ چیرۆک و نۆڤڵێت واتە کورت ڕۆمان هاوبەشن. بەڵام لە ڕۆمان درێژتر دەبێتەوە. بەم جۆرەى خوارەوە

  • چیڕۆکى ڕۆمان: دەبێت چیرۆکى ناو ڕۆمان هەبێت، واتە ڕۆماننووس دەبێت چیرۆکێکى دروستکراوى هەبێت لە ناو ڕۆمانەکەدا.
  • ڕووداو: دەبێـن ڕۆماننووس ڕووداوێک بگێرێتەوە و بە دوو جۆر.
  • ڕووداوى سەرەکى، یان ڕووداوى گەورەى ناو ڕۆمانەکە.
  • ڕووداوى لاوەکى: دەبێت چەندین ڕووداوى لاوەکى لە دەورى ڕووداوەى سەرەکى ناو ڕۆمانەکەدا بسووڕێنەوە.

3- گێڕەوە: پێوسیتە هەموو ڕۆمانێک گێڕانەوەى تێدابێت. واتە هەموو پەیامى ناو ڕۆمانەکە ورد و درشتى بە شێوەى گێڕانەوە بێـت. ئمەش بە دوو جۆر دەسنیشان دەکرێت.

  • گێڕەوە: ئەو کەسەى کە ڕووداوەکان دەگێڕیتەوە، دەکرێت لاى چەند کەسێکەوە بێت. ئەویش کارەکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکەن. تا بتوانێرێت نووسەرى ڕۆمان خۆى ونبێـت لە گێڕانەوەى ڕاستەخۆ، باشترە.
  • بۆ گێڕەوە: ئەو کەسەى کە ڕووداوەکانى بۆ دەگێڕدرێتەوە. کێییە لە ناو ڕۆمانەکەدا دەکرێت بۆ گێڕەوەکانیش بگۆڕدرێن.

4- شوێن: مەرجە شوێنێک یان چەند شوێنێ: لە ڕۆماندا هەبێت کە ڕووداوەکان تێیدا ڕوودەدەن.

  • شوێنى واقعى: ئەو شوێنانە کە لە ڕاستیدا بووننیان هەیە.
  • شوێنى خەیاڵى: ئەو شوێنانە کە ڕۆماننووس بە خەیاڵى خۆی درووستى دەکات.

5-  کات: دەبێت لە ڕۆماندا کات هەبێت.

  • کاتى ڕووداو دەکرێت ڕۆماننووس کاتەکەى تێک بشکێنێت و کورت درێژى بکات.
  • کاتى گیڕانەوە: لە ڕۆماندا دەبێت لانى کەم ئەو ڕووداوەى کە ڕۆماننووس دەیگیڕیتەوە ڕووداوێکى لە 15 ساڵ بەسەرەوە ساڵ بێت.

6- کارکتەرى ناو ڕۆمان.

  • کارکتەرى سەرەکى پاڵەوان. دەبێت پاڵەوانى ڕۆمان هەبێت، لە یەکەس تاکوو سێ یان چوار کەس بن. ڕۆماننووس دەبێتـ بە وردى سەرجەم ژیانیان بگێڕیتەوە بە وردەکارییەوە بۆ ئەوەى خوێنەر بیاناسێت.
  • کارکتەرى لاوەکى. دەبێت ژمارە کارەکتەرە لاوەکییەکان لە ژمارەى پەنجە زیاتربن. مەرج نییە بچێتە ناو وردەکارییەکانى ژیانیان.

7-  گفتوگۆ: دەبێت گفتووگۆى نێوان کەرەکتەرەکان هەبێت، بەڵام جۆرى گفتوگۆش بەچەند جۆرێک دەخرێتە ڕوو.

  • ناڕاستەخۆ گێڕانەوە. واتە چیرۆکخوان لەسەر زارى ئەوان قسەدەکات.
  • ڕاستەخۆ: کارکتەرکان خۆیان قسەدەکەن.

8-  خەیاڵ: هەموو کارێکی ئەدەبی بەتایبەت ڕۆمان بەرهەمی ئافراندنی خەیاڵە، بەڵام شێواز و جۆری ئافراندنەکە لە ڕۆماننووسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. هەرچەندە خەیاڵی ڕۆماننووسیش لە واقیع نێزیکە، واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان واقیع کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆماننووسدا هەیە. کەواتە واقیع و خەیاڵ دەبنە واقیعی ئەو ژیانەی لەناو ڕۆماندا کارەکتەرەکان تێیدا دەژین. ڕۆماننووس کاتێک پەنا بۆ خەیاڵ دەبات بۆ ئەوەی یادگە و بیرکردنەوەی چالاک بکات، هێندێ جاریش بە شێوەیەکی هونەریانە خەیاڵ بەسەر واقیعدا زاڵ دەکات، بۆ ئەوەی خەیاڵەکە پتر لە واقیع بچێت. هەموو ئەوانە بۆ ئەوە دەکرێن، چونکە واقیع بوونێکی ماددی و هەستپێکراوی هەیە، هەمیشە ئامادەیە، دەتوانین بە هەستەکانمان درکی پێ بکەین. بەڵام خەیاڵ بنیادێکی زیهنی بزری هەیە، تەنێ لە چوارچێوەی فیکردا درکی پێ دەکەین. لێرەوەیە خەیاڵ لەگەڵ واقیع و مێژوودا ناکۆک دەمێنێتەوە. هەرچەندە ڕۆمان لە بنەڕەتدا ماددە خاوەکەی واقیعە، بەڵام بۆ خەیاڵ دەگۆڕێت. پێوەندی واقیع و خەیاڵ وەکوو پێوەندی دال و مەدلوول وایە. دال بە هۆی ئەوەی دەتوانین هەستی پێ بکەین، بەڵام مەدلوول وێنە زیهنیەکەی دالە، بۆیەیش ئەستەمە جودایان بکەینەوە، بەڵام دوو ڕووی یەک دراون.

10- وەسف: دەبێت لەنێو ڕۆمانى باش پڕبێت لە وەسف.

  • وەسفى شوێن. بۆ شوێن و کەرستەکان دەکرێت.
  • وەسفى کەسی. بۆ مەسەکانى شێو ە و جل و بەرگ و مرۆڤە.
  • وەسفى دەروونى: دەروونى کارکەتەرەکان دەردەخەیت.

11 دیمەن: دەبێت ڕۆماننووس زۆرترین و جوانترین دیمەن درووست بکات وەک کارى شێوەکار بە دیقەت بێـ ت لە دیمەن.

12: زمان: زمانى ڕۆماننووس زۆرترینى کاریگەرى لەسەر جوان کردن و چێژبینیى خوێنەر هەیە، بەتایبەتى ئەو زمانەى کە پێى دەنووسرێت دەبێت ڕۆماننووس زمانى دایکى زۆر شارەزابێت. نابێت زمانى هەموو کارکتەرەکان وەک یەک بێت، واتا مامۆستایەکى زانکۆ و نەخوێندەوارێک وەک یەک قسە بکەن.

13- تەکنیک: هەموو ڕۆماننووسێکى باش بە تەکینیکى تایبەتى خۆى دەناسرێتەوە و ئاستى ڕۆماننووس دەردەخات.

فلاشابگ و شەپۆڵەکانى هەستى. گەمەکانى گێڕانەوە ڕۆمانەکە جوان دەکات و بەهاى دەقێکى زیندوو زانستى پێ دەدات.

14-  پەیامى ڕۆمان دەبێت هەر لەسەرتاوە ڕۆماننووس بزانێت پەیامى چییە لەم نووسینەوەى ئەم ڕۆمانەدا.

15- گۆشەنیگا: دەکرێـت ڕۆماننووس چەندین گۆشە نیگاى جیاوازى هەبێت ئەویش لەسەر زارى کارکتەرکانى ناو ڕۆمانەکە دەیانخاتە ڕوو.

 

16- دواین خاڵ ڕێزمانى و  ڕێنووسى کوردى و خاڵ و فاریزە و کە زۆر گرنگە بە داخەوە زۆربەى نووسەران و تەنانەت ڕۆماننووسە ناسراوەکانیش لەم ڕووە کەم و کورتى زۆریان هەیە.

 

ئەمە تەنیا کورتەیەک بوو بۆئەوى ئەو کەسەى کە ڕۆمانێک دەنووسێت. بتوانێـ ڕۆمانێکى باش و بە هێز بنووسێت.

تێبیتى: زۆرجار ڕۆماننووس بێ ئەوەى شارەزاىى هەبێت و یاخو لا ئیڕادى پێوەرەکان جێ بەجێ دەکات. بەڵام باشتر وایە شارەزابێت بۆ ئەوىى بێ کەموکوڕى بێـت.

 

برات

دڵشاد کاوانى

ڕۆماننووس و ڕەخنەگرى ئەدەبی

3\3\20124