فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فەلسەفە و مرۆڤی هاوچەرخ 

فەلسەفە و مرۆڤی هاوچەرخ 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

——-
ئاشکرایە ، کە فەلسەفە ” خۆشەویستییە بۆ حیکمەت ” ، لێ فەلسەفە دەرهاویشەی پێکەوەژیانێکی جڤاکییە ، بیرکردنەوەو پرسیارە ، پرسیار و بیرکردنەوە لە پرسە گشتی و قووڵەکان . فەلسەفەش بۆ ئەوە نییە ، کە وەرامی گونجاوی ئامادەکراومان بدات بە دەستەوە ، بەڵکو جۆرێکە لە چاڵاکردنی مێشک و بیرکردنەوەی مرۆڤ . هەتا مرۆڤیش بوونی هەبێت ، بوونە بیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکە ، فەلسەفەش دەمێنێت . مرۆڤ سوبێکتە ، ئەو سوبێکتەش بەردەوام لە گۆڕان دایە ، گۆڕانەکانیش بەرهەمی واقیعی فرەلایەنی مرۆڤن . مرۆڤ ، مەتەڵێکی گەورەیە ، مرۆڤ بوونەوەرێکی بیرکەرەوەی فزولییە ، بۆیە فەلسەفە لەگەڵ ئەودا دەژیت . لە دونیای مۆدێڕن دا ، زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت مرۆڤ لەو تایبەتمەندییانە دابماڵن و بیکەن بە ئامڕازێک ، بیکەن بە بوونەوەرێکی بیۆلۆژی ڕووت ، بە تایبەتی هەندێک لە زانستە تەکنیکی و سروشتییەکان ، لە پاڵ ئەوانیشدا ، هەندێک لە سیاسەتمەدارەکان . مرۆڤ ، بیرکردنەوە ، هەست ، پێکەنین و پێکەوەژیانی جڤاکییە ، بۆیە ، مرۆڤ ، هونەر ، ئەدەب و فەلسەفە و شتی ترە .، هەربۆیە ، ژیری دەستکرد چەندێک بچێتە پێشەوە ، ناتوانێت جێگای مرۆڤ بگرێتەوە ، ئەگەر ئەوەش ڕوویدا ، بێ شک، مرۆڤ ، بە مانا فراوانەکەی دەمرێت . مرۆڤ بوونەوەرێکی راسیۆنال و جڤاکییە ، ئەوەش ئەو لە دونیای ئاژەڵەکان جیادەکاتەوە ، بۆیە لە پاڵ زانستە سروشتییەکان دا ، زانستی مرۆیی و جڤاکیش هەن . زانست دەبێت لە خزمەت پێشخستنی مرۆڤ دابێت ، نەک بە پێچەوانەوە . پرسیاری بەردەوامی ” بۆچی ” هەر دەمێنێت و ڕاستی ، چاکی و جوانی بە دوای خۆیدا دەخوڵقێنێت ، وەرامەکانیش فرە ڕەنگ و دژ بەیەکن ، ئەو شێوازەی ژیانیش ، فەلسەفە بە زیندووێتی دەهێڵێتەوە ، پێوەندی نێوان سوبێکت و ئۆبێکتیش لە گۆڕان دا دەبێت .، دیدەکانیش ، ئۆبێکتانە ، سوبێکتیڤانە ، یا دوالیستانە دەردەکەون ، بۆیە ، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانیش جیاواز دەنوێنن ، لێ چاکترینیان لەوە دایە ، کە بە شێوازی ئەقلانی و دیالۆگ بخرێنە ڕوو ، نەک جەنگەڵئاسا چارەسەر بکرێن ، هەموو دیالۆگ و چارەسەرێکیش ، لە کات و شوێنێکی خۆیدا دەچێتە پێشەوە . زۆرجاریش ، کە نەتوانین وەرامی گونجاو بۆ شت و دیاردەکان بدۆزینەوە ، پەنا بۆ خوا دەبەین ، ئەو کات خوا دەبێتە هێز و دیاردەیەکی گرنگ بۆ سوبێکت . لای سپینۆزەی فەیلەسوفیش ، بۆ ئەوەی تیۆلۆگەکان ڕزگار بکات ، سروشت و خوا ، خوا و سروشت یەکسان بەیەک دەکات .
مرۆڤ و بیرکردنەوە، دیاردەیەکی مێژووییە ، هەر لە گلگامێش ، ئیلیادە و ئۆدێسای هومێرۆسەوە دەگریت ، هەتا ئەمڕۆکە هەر بەردەوام بووە . زۆرانێکیش بوونی خوا بە پێویست دەزانن ، ڕەنگە ئەو پێویستییەش لەگەڵ مرۆڤ دا بمێنێت ، لێ بە شێوازی جیاواز ، لەگەڵ جیاوازی کات و شوێن ، پێویستە مرۆڤی ئیمانداری هاوچەرخیش ڕەنگدانەوەی سەردەمەکەی خۆی بێت ، نەک لە دۆگما و یەقینێکی نەگۆڕ دا بتوێتەوە .
لە لاکەی ترەوە ، فەلسەفە یاریدەدەرێکی چاک دەبێت بۆ قسەکردن دەربارەی ئازادی ، کەچی لە دیدی دێتەرمینیزمی زانستی و ئایینییەکی دۆگماوە ، تەواو پێچەوانەیە . لەوەش زیاتر ، فەلسەفە فێری ئەوەمان دەکات ، کە بە شێوەیەکی جوان لە مۆرال ، مۆزیک ، ئەدەب ، خۆمان و جڤاک بگەین ، کەواتە ، فەلسەفە پێداویستێکی گرنگی مرۆڤە ، لەگەڵ ئەویشدا ، لەدایکدەبێت و گەورە دەبێت . فەلسەفە فێرمان دەکات ، چۆن بژین ، چۆن لە ژیان و مەرگ بگەین ، لێ هێشتا زۆرن ، ئەوانەی دژ بەوەن ، بەتایبەتی ، ئەوانەی مرۆڤ لە پێداویستە بیۆلۆژی و ئالییەکان تەسک دەکەنەوە . ئەگەر لە دیدێکی فەلسەفییەوە لە جیهانی مۆدێرن بڕوانین ، چاکتر لێی تێدەگەین ، چونکە بێ هۆشیاری و بیرکردنەوە ، ئەستەمە لێی تێبگەین ، لێ پۆستمۆدێڕنیزمەکان ، نیهیلیستەکان ، تەواو پێچەوانەی ئەوەن ، چونکە ڕاسیۆنالیزم لای ئەوان ، شتێکی مردووی بێ مانایە ، ئەوەی بە ڕاستی شتەکانمان دەگەیەنێت ، ئەوە تەنیا – خەیال و فەنتازیا و دوورکەوتنەوەیە لە ژیان ، هەر بۆیە ، شێلگیرانە ، دژ بە پڕۆژەی ڕۆشنگەری ، ئازادی و سۆسیالیزم و سەرکەوتن دەوەستنەوە . ئەوان دەڵێن ؛” سەردەمی حیکایەتە درێژەکان ، سەردەمی هیواو ئاوات و باوەڕ بەسەرچووە ” ، لێ بۆخۆشیان هیچ پڕۆژەیەکی چاکتر لە هی ڕۆشنگەری و مۆدێڕنیتێتیان نییە ، مرۆڤ بە تەنیا بەجێدەهێڵن ، کاکڵەی هزری پۆستمۆدێڕنیزمەکان ، دوورخستنەوەی مرۆڤە لە ڕاستی و فەلسەفە ، دابڕینی سوبێکتە لە ئۆبێکت . کە فەلسەفەش هەبوو ، بێگومان، مێژووی فەلسەفەش دەبێت ، لێ مێژووی هزرەکان ، لە مێژووی فەلسەفە دا جیاوازە ، چونکە مێژووی فەلسەفە لقێکە لە فەلسەفە . باسکردنی مێژووش فرە ڕەنگە . ڕاستە ، کە پرسەکان و بابەتەکانی ناو فەلسەفە و مێژوو نەمر نین ، لێ زۆرجار دووبارەو چەند بارە دەبنەوە ، بۆ ئەوەی نوها بژین ، پێویستمان بە مێژوو هەیە ، ئاییندەش لەمڕۆکەوە دەستپێدەکات و ئەمڕۆکەش دەبێتە مێژوو