فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خاتوو ریـپـین چـیرۆکنووسێکی ئـۆسترالـییە بۆ منـداڵان..

خاتوو ریـپـین چـیرۆکنووسێکی ئـۆسترالـییە بۆ منـداڵان..

 رەزا شـوان/ نووسەر/ نەرويج

خاتـوو (سـالی ریـپـیـن) نووسەرێکی بەنـاوبانکی ئـوسترالی و جیهـانییە، لە بـواری وێـژەی منـداڵان. لە ماوەی (٢٥) ساڵی رابـردوودا، زیـاتر لە (١٠٠) پەرتـووکی بۆ منـداڵان و بۆ نەوجـوانـان نووسـیوە و چاپیـانی کردوون و بـڵاویـانی کردوونـەتەوە. پەرتـووکەکانی پـڕفـرۆشـتریـن پەرتـووکـن لە ئوسترالـیادا. زیـاتر لە (١٠) ملیونیان دانەیان لە (١٨) وڵاتی جیهان و بە (١٤) زمانی جیهانی لـێفـرۆشراون. لە زۆربەی پەرتووکەکانیشی خەڵاتی لـێیان وەرگرتـوون. تا ئەمڕۆيش درێـژە بە نووسین دەدات.

سـالی ریـپـین، لە شـاری (دارویـن) لـە ئـوسترالـیا لەدایـک بـووە. بەڵام لە باشووری رۆژهـەڵاتی ئاسیا گەورەبـووە. بە هـۆی کارەکەی باوکـییەوە، چەنـد ساڵ جـارێک لە دەرەوەی ئوسترالـیا ژیـاون.

سالی ئامادەیی هـونەریی لە مێلبۆرن تەواوکردووە، دوایش بۆ ماوەی (٣) ساڵ چووە بۆ چـین، لە شارەکانی شەنگەهـای و هانگـژۆ، هـونەری وێنەکێشانی کلاسیکی چینی خوێنـدووە. فـێری نـووسین و خوێنـدنەوە قـسەکـردن بە زمـانی چـینی بـووە.

سالی ریپین دەڵێت:”بۆ بێ بەخـتیم. زۆر منـداڵ بووم، لەگەڵ وێنەکـێشێکی فەرەنسیدا هـاوسەرگـیریم کـرد. زۆری نەخایاند، بـۆم روون بووەوە، لە پانتایی ماڵكێـدا، شوێنی دوو وێنەکـێشی لـێنابێـتەوە. رووم لە جـیهـانی وێنەکـێشانی وێنـەی روونکـردنـەوەی پەرتـووکی منـداڵان کرد. بۆ هـاوڕێتی وێنەکانیـشم چـیرۆکـیشـم بۆ منداڵان دەنووسی. ئەمـەیە کە مـنی گەیـانـدە ئـەو ناوبـانگ و ئەو پایـەیەی کە ئێستا لـێـیـم”.

سالی ریپین، لە تەمەنی شەش ساڵـییەوە، دەستی بە نووسینی پەرتـووک کردووە. تا ئێستايش درێـژە بە نـووسـین دەدات. زمـانی ئـینگـلـیزی و هـونـەر، بابەتی دڵـخـوازی بـوون. لە قـوتابخـانەی بنەڕەتیـدا، چـیرۆکی دەربارەی ژیـانی خـۆی و خـێزانەکەیـان دەنـووسی، بـە زۆریـش خـۆی وەک پـەرییـەک یـان شـازادەیـەک پـێـشـان دەدا. ئـەو چـیرۆکانەی کە دەیانی نووسین، پـیشانی مامۆستاکانی دەدان، ئەوانیش دەستخۆشیان لێـدەکـرد و بە دەنـگـێکی بـەرزەوە، لـە پـۆلـدا بـۆ قـوتـابیەکـانیان دەیـانخـوێـندنـەوە.
دەڵـێت:”مـن زۆر حـەزم لە نووسینە، ئایا مـن بەخـتەوەر نیـم، کە ئەمـە کاری منە؟.

دەشڵێت:”ئەوەم بە ئەنـدێـشەدا نەدەهـات، کە نـووسـین دەبێت بە پـیشەم، بەڵام شتێک نەبـوو، کە هـەرگـیز بتـوانـم دەستی لێ هـەڵـبگـرم. لە سەرەتـادا، لـەو باوەڕەدا بـووم، کە دەبـمە وێـنەکـێش”.

سالی ریپین. دوای تەواکردنی خوێندن و گەڕانەوەی لە چین، دەستیکرد بە یارمەتیدانی منـداڵانی چـینی ـ ئوسـترالی، لە جـێبەجێکـردنی ئەرکەکانی قـوتابخـانەکانیان. ئیلهامیش لە یەکـێک لە خوێنـدکارەکانەوە وەردەگـرێـت و بە بـۆنـەی سەری ساڵی چـینیـیەوە، بە زمـانی چـینی پەرتووکێک دەنووسێت، بە ناونیشانی (سەری ساڵی چـینی ڤانگ ڤانگ).

یەکەمین پەرتووکی بۆ گەورەساڵان، بە ناوی (شـتە کـێوییەکان) ەوە نووسیوە، کە باس لەوە دەکات کە چـۆن فـێری خوێنـدن بـوون. یەکەمـین پەرتـووکی بۆ منـداڵان، زنجیرەی پەرتووکی (بیلی بی براون)ە بۆ منـداڵانی تەمەن (٦ ـ ٨) ساڵانە. لە ساڵی (٢٠١٠) دا، لەلایـەن خـانەی بڵاوکـردنەوەی (هـاری گـرانـد) ەوە چاپکـراون و بڵاوکرانەتەوە. هـەر پەرتـووکـێکـیش لەم زنجـیرەیە. بابـەتی جیاوازیان لەخـۆگـرتـوون. بیـلی بی بـراون لە بە ناوبانگترین پەرتووکەکانێتی بۆ منداڵان، تەنیا لەم پەرتووکەی، چـوار ملیـۆن و نیو، دانـەی لە لـێفـرۆشـرا. بێجگە لەم پەرتـووکەی، پەرتـووکی (هـای جـاک) یەکـێکی تـرە لە پەرتـووکە بەناوبانگەکانی بـۆ منـداڵان.

لە مانگی (فبرایەر/ ٢٠٢٤) واتا لە ئەمساڵدا، دامەزراوەی (خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا) (سالی ریپـین) ی وەک بـراوەی خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا بۆ ساڵی (٢٠٢٤ ـ ٢٠٢٥) راگەیانـد. ئەم خەڵاتـەش بە (خـەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان) لە ئـوسترالیا دەزانـرێـت، کە لە ساڵی (٢٠١٢) ەوە دەستی پێکرد. دوو ساڵ جـارێ دەدرێـت بە نووسەرێکی لیهاتـووی بـواری وێـژەی منـداڵان یان بە وێنەکـێشێکئ وێنەی روونکـراوەی پەرتـووکئ منـداڵان.
سالی ریپین هـەشتەمین بـراوەی ئەم خەڵاتەیە. بـراوەی خەڵاتـەکەش، پۆستی باڵـیۆزی منـداڵانی نـیشـتمانی هـەیە. دەبێـت بەشدارییەکی گـەورە لە کۆمەڵـێک چالاکـیی وێـژەی منـداڵانی ئـوسترالـیا بکات. بـۆ مەبەستی یارمـەتـیی منـداڵان لە ئـوسترالـیا، گەشـت بۆ هەمـوو شـارەکانی ئۆسترالـیا دەکـات.

ئەم خەڵاتە، دەرفەتی بۆ سالی ریپین رەخساند، بۆ ئەوەی گەشت بۆ هەمـوو شوێنێکی وڵاتـەکەی بکات. قــسە لەسەر ئـەو شـتانە بکات، کە بۆ ئەو واتـایەکی زۆریان هـەیە. وەک: خوێندەواری، داهـێنان، پشگـیریی منـداڵانی تووشبووی دەمـارگـرژی لە پـۆلـدا.
پەیـامی سالی ریپـین ئەمـەیە:” هـەمـوو منـداڵان دەتـوانـن خـوێنـەربـن”.

ریپـین  بە شێوەیەکی تایبەتی، حەزدەکات یارمەتیی ئـەو منـداڵانە بـدات، کە تـووشی دەمـارگـرژی و هـەڵـچـوون و دۆخـێکی دەروونـی بـوونـە، یـان ئـەو منـداڵانـەی کە کـێشەیان لە گـرانی خوێنـدنەوە هـەیە. بـۆیـە کـاری لە پێـشینەی ریپـین، بـریتـییە لە بیرکردنەوەی ئاستی هـۆشیاری، سەبارەت بەوەی کە چـۆن گـرانییەکانی فـێربوون و دەمـارگـرژی، کاریگەرییـان لەسەر خوێنـدنەوە و نـووسـینی منـداڵان هـەیە.
ریپـین تیشک دەخـاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی خوێنـدنەوە، کە رووبـەڕووی ملیـۆنان منـداڵی ئـوسـترالی دەبنـەوە.

سالی ئامادەکەر و پێشکەشکەری بەرنامەی تەلەفـزیـونیش بـوو. لە چەنـدین کـۆڕ و فێستیڤاڵی وێـژەیشدا، بەشداری کردووە و بابەتی وێژەیی منداڵانی پێشکەش کردووە.

سالی ریپین، کاتێکیش کە سارقاڵی نووسین و وێنەکێشان نەبێت، لەگەڵ سەگەکەیدا، بەنـاو دارستانەکـانی نـزیکی ماڵـیان، پیاسە دەکـات. بیر لە بیـرۆکەی چـیرۆکی نـۆی دەکـاتەوە. هـەمـوو بیـرۆکەکانیـشی لە تـێکەڵکـردنی ئەنـدێـشە و ئەزمـوونەکانییەوە سەرچـاوەدەگـرن. زنجـیرە چـیرۆکەکانی: پـۆلی و پاسـتەر، زیاتر فـانتـازیـن، چونکە بەلایـەوە جـادووگەر و ئەهـریـمەن و جـنۆکە بوونیان نییە. زۆریـش لەو رووداوانەی لە چـیرۆکەکـانیدا روودەدەن، لـەو شـتانەوە سەرچـاوەیـان گـرتـوون، کە لـە جیهـانی ئەمـڕۆدا روویـان داون. سالی لە نـاخی دڵـییەوە چـیرۆکەکانی دەنووسێـت. پاڵەوان و کارەکـتەرەکانی چـیرۆکەکانی، لەلای منداڵان و دایکان و باوکان و لەلای مامۆستاکان، پەسەندن و دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەیە. لە ئوسترالیا و جیهـاندا ناوبانگـیان هەیە.

بەشـێکی زۆری پەرتـووکەکـانی سالی ریپـین، خـۆی وێنـەکانی بـۆ کـێشاون. چـەنـد پەرتـووکـێکـیشی بە هـاوبەشی، لەگەڵ نووسـەرانی ئوسترالی تـردا نووسیویـانـێتی.
تاێسـتاش چەنـدیـن رێـزلـێنان و خەڵاتیان پـێی بەخـشـیون.

سالی ریـپین، سێ کـوڕ و سێ کـچی هـەیە، لەگـەڵ هـاوسەرەکەی و منـداڵەکانیـدا لە  خانووە کۆنەکەیان، لە مـێلـبۆرن دەژیـن. لە ئێستادا سەرقـاڵە بە نووسینی زنجـیرەی تەلەفـزیۆنی ئەنمەیشن، بۆ منـداڵانی پێـش قـوتابخـانە. سەرەڕای نووسینی چـیرۆک،
لە کـۆمپانیایەکی ئـوسـترالی بەرهەمهـێـنانیش کاردەکات.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤