فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجارۆ (بەشی سێیەم)

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجارۆ

(بەشی سێیەم)

ڕزکار شێخانی/ شاعير و وەرگێڕ / سويد

(۱)

 

تیرمیناڵی ئێرە بە بەراورد لەگەڵ تێرمیناڵەکانی ئەورووپا، سادەیە، هۆڵی چاوەڕوانی لە چاخانەیەکی گەورە دەچێ. هەندێ لە کورسییەکان شکاون. هۆڵەکە داخراو نییە و شنەبای زەریای هیندی ژوورەوەی فێنک کردووە. ئەورووپاییەکان خەون بە ئاووهەوای وا دەبینن. ئەوان هەموو شتێکیان هەیە، بێجگە لە ئاووهەوایەکی وەک هیی ئێرە خۆش. بۆیە ناتونن بەم سادەییە بژین، چونکە ئاووهەوایان سەختە و لە زستاندا لە تێرمیناڵێکی وا سادەدا بەرگەی پێنج خولەک ناگرن. ئەم ئاووهەوا خۆشەی ئاسیا و ئەفریقا هەیەتی، ئەورووپا نییەتی. وا لەناو کەشتییەکم، بەرەو دار ئەلسەلام زەریای هیندی لەت دەکات.

(۲)

لەناو ئاپۆڕەی خەڵکەکە لە بەندەری دار ئەلسەلام هاتمە دەرەوە، سیلڤیا لەوێ نەبوو. تەلەفۆنم دەرهێنا، بۆ ئەوەی تەلەفۆنی بۆ بکەم. بینیم نامەی ناردووە و نووسیویەتی: چاوەڕێ بە، هەر ئێستا دەگەم،

بێ ئەوەی بزانم، لە شوێنێکی وا ڕاوەستابووم، کە ئوتومبیل بۆی نەبوو بوەستێ و خەڵک هەڵگرێ. هێندەی نەبرد ئوتومبیلێک لام وەستا. ئەو بوو، جلی مەدەنی پۆشیبوو، فەرمووی لێ کردم. جانتاکەم لە دواوە دانا و چووم لە تەنیشتی دانیشتم. یەکسەر دوو پۆلیسی هاتوچۆ گەیشتنە سەرمان. جامی هێنا خوارەوە و وتی: من سیلڤیام، ئەفسەری پۆلیسم. ئیتر بە زەردەخەنەوە، فەرموویان لێ کرد بڕوا.

دوای چەند خولەکێک گەیشتینە سەر شەقامی سەر زەریا و ڕۆیشتین تا گەیشتینە چێشخانەکانی کەناری زەریا. کەنار جممەی دەهات لە خەڵک. چووینە باڕ و چێشتخانەیەک. نیو لیتر ویسکیم مابوو. گوتم سیلڤیا ئەم ویسکییە دیارییەکی بچووکی منە بۆ تۆی هێژا. دوای خواردنەوەی چەند بیرەیەک، منی گەیاندە بەر دەرگای هوتێلەکەم.

(۳)

ناو شاری دار ئەلسەلام، وەک هەر شارێکی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگەوبانی باش نییە و خزمەتگوزاری کەمە. شارەکە لەسەر کەناری زەریای هیندییە. هەر شارێک لەسەر کەناری دەریا بێ، خەڵکەکەی ئاسوودە و ئازادترن لە خەڵکی شارێک، نە ڕووباری هەبێ نە دەریا.

دوو ڕۆژ لەم شارە مامەوە. ئێستا وا لە ناو پاسم، بە ناو دەشتودەری سەوز و دارستانی چڕدا، کە لە هیی سوێد دەچێ، بەرەو شاری ـ مووشی ـ بەڕێگەوەم، کە لە بناری چیای کیلیمەنجارۆیە.