فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بە گوڵێک بەهار نایەت

بەگوڵێک بەھار نایەت

سۆران باساکی/ نووسەر/ ھۆڵەندا

ھەر لەگەل کازیوەدا مێشکم دەبێتە کوورەی ھەنگ. بۆ بیرکردنەوەو چاوم دەبێتە دەچاو بۆ بینینی بێدادییەکان و گوێچکەم، دەبێتە ڕیکۆردەر..بۆ ڕیکۆردی قسەی بە ویژدان و ڕۆشنبیر و رووناکبیرەکان و زارم دەبێتە بڵندگۆی ڕاست بێژی بۆ لەخەو ھەستانی گەمژەکان و بە ئاگاھێنانی زەغەڵەکان، لەگەڵ کازیوەدا لاشەم دەبێتە ئەو گوێچکە ھەژارە ھێشتا لەخەو ھەڵنەستاوەی کە لە بڵندگۆ بێزارکەرەکانی مزگەوتەکانەوە کە بانگدەرێکی قرخنی تازە لەخەو ڕابوو تێیدا دەلوورێنێ، لاشەم دەبێتە کلۆرە دارێکی ڕزیوی سەر شەخسێکی بێ بنەما، شەخسێکی بێ ناو و بێ ناونیشان، شەخسێک کە خۆمان دروستمان کردووە و خۆشمان لێی دەترسین. خۆشمان لێی دەپاڕێینەوە تا لە کوێرەوەری ژیان ڕزگارمان بکات .. لاشەم دەبێتە ئەو کێلە قەبرەی کە عاشقان بەردی پێوەدەنێن بۆ ئەوەی بە مەعشوقەکانیان بگەن، لاشەم دەبێتە ئەو درەختەی کە بە داکوتینی بزمار ھەموو لاشەیان کون کون کردووە. ناو نراوە دارەبزمارە و جاھیل و نەزانەکان لێی دەپاڕێنەوە و کڕنووشی بۆ دەبەن، لاشەم دەبێتە ئەو گۆڕستانەی کە تەرمی باش و خراپی لە ئامێز گرتووە، لاشەم دەبێتە پەڕی ھەڵوەریوی باڵندەیەکی بەنێچیرکراوی دەستی قەدەر. لاشەم دەبێتە سەرچاوەی ئاوی بەلاڕێدا براو. لاشەم دەبێتە پێمەڕەی قاچی جووتیارێکی بەدفەڕ کە ھەر لەخۆیەوە ڕێگەی ئاودێریم پێدەگۆڕێت ، نایەڵێت شەتڵەکان تێرئاو ببن .. نایەڵێت دێراوەکان ئاوەکە بناسنەوە، نایەڵێت بڕکە تەماتە و بامێ و باینجانەکان دەمیان تەڕ ببێت، کە ڕۆژ ھەڵدێت لاشەم دەبێتە ھاوار و ژاوەژاوی ئەو فرۆشیارانەی کە بە عەرەبانە کۆڵانەوکۆڵان دەگەڕێن و سەوزەومیوە دەفرۆشن ، ئاخ و ھەزار ئاخ بە درێژایی ڕۆژەکە لاشەم دەبێتە خورپەی دڵی نەخۆشە شەکەتەکانی شەو لەتاو ئازار نەخەوتوو. لاشەم دەبێتە گڕی ناو ھەناوی ئەو منداڵانەی کە تازە بەبێ دایک ھەتیو بوون. لاشەم دەبێتە ئازاری ناخی دڵی گەنجێکی لێقەوماو ماڵ شێواو لانە ڕماو، لاشەم دەبێتە ھەموو شتێکی پڕئازار و نابێتە جێژوانێکی سەوز و تەڕ و پاراو ، نابێتە دڵی دوو عاشقی بەیەک گەیشتوو، نابێتە کارمامزێکی تێر ئاو و خۆ لە گیا و قەرسیل ھەڵسوو .. نابێت و نابێت ..!! من ھەر وابووم و ھەروایش دەبم ھەتاکوو ژان ھەبێت من ژانم، ھەتاکوو ئازار ھەبێت من ئازارم ھەتاکوو بێدادی ھەبێت من بۆ دەستی زوڵم لێکراوان گۆچانم .. من دەبمە بووکەڵەی دەستی بێ دایکێک دەبمە بینینگای نابینایەک، دەبمە زمانی لاڵێک ، دەبمە ڕازی ماف خوراوێک، دەبمە ھاواری داماوەکان .. دەبمە دەنگی دەنگە نووساوەکان .. دەبمە قروسکەی توولەیەکی برسی .. دەبمە ڕێگر لەبەردەم خۆبەشت زانێک ، دەبمە نووسراوێکی بیروهزر بۆ ئەوەی گەمژەکان بمخوێننەوە، دەبمە دڕک بۆ ئەو قوڕگانەی کە بانگی ناڕەوا دەدەن، دەبمە گوێزان و دەچمە پارووی چەوری ئەو دەوڵەمەندانەی کە بە ناڕەوایەتی ھەڵتۆقیون .. دەبم و دەبم بە زاری ئاخاوتنی بێکارێک، بێ نەوایەک، ھەژارێک، دڵ ڕەنجاوێک، تۆراوێک و ھەردەبم و ھەر دەبم، دەستم ئاماژەیە بۆ نا بیستێک، زمانم دێتە گۆ بۆ نابینایەک، قاچم دەبێتە دارشەقی گران ڕۆیەکی زگماک یان بڕاوە قاچێکی شەڕی ناوخۆی نەفرەتی یان شەڕەکانی تری وڵاتە لە دین دراوەکەم .. قۆڵ و قامکم دەبێتە شان و پیل و پەنجەی بێ قۆڵی کارەساتی تەقینەوەیەکی خۆنەویستی شووم .. ھەموو گیانم دێتە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی .. ئیتر چی بکەم بە تەنھا دارێک دارستانێک دروست نابێت تاکوو ھەموومان نەبینە دار، بە گوڵێک بەھار نایەت تا هەر ھەموومان نەبینە گوڵ، بە فانۆسێک وڵاتێک رۆشن و رووناک نابێتەوە تا ھەموومان نەبینە مۆم و چرا، ئیتر چیبکەم لەوە زیاتر دەبێت چی بکەم ..؟!!.
04/09/2022