فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مرۆڤ 

مرۆڤ 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

جیابوونەوەی مرۆڤ لە دونیای سروشت و ئاژەڵ ، هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی بوو بۆ مرۆڤ ، کە ئیدی مرۆڤ – دەبێت بە بوونەوەرێکی بیۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ، لەو کاتەوە بوونی مرۆڤ لەدەرەوەی کۆمەڵگا ئەستەمە ، هەربۆیە ، بۆ پێکەوەژیانێکی کۆمەڵایەتیش ، مرۆڤەکان پێویستیان بە کۆنتڕاکتێکی جڤاکی هەیە . بۆ ئەوەی مرۆڤ پێداویستە ماددی و ڕۆحییەکانی خۆی دابینبکات ، پێویستی بە – کارکردن ، دابونەریت و کولتوور هەیە ، کەواتە ، کۆمەڵگا – کۆنتراکتێکە ، هەموو کۆنتراکتێکیش لەگەڵ کات و شوێن دا گۆڕانکاری بەسەر دادێت ، چونکە هەموو کۆمەڵگایەک – ڕێکخستنێکی سیاسییە ، ستروکتووری وەها ڕێکخستنێکیش بۆ ڕابردوو ، نوها دەگەڕێتەوە و ڕوو لە ئاییندەشە . گەورەترین بەختەوەری مرۆڤیش ، لە ئازادی و خۆشگوزەرانی دایە ، وەها ئامانجێکیش ، تەنیا بە کرداری مۆرالی ناکرێت ، بەڵکو پێویستی بە سیستەمێکی سیاسی – ئابووری هەیە ، کە هەڵگری ئەوە بێت .، سەرباری ئەوەش ، هەموو مرۆڤێک ، هۆشیارانە ، یا نا هۆشیارانە ، جۆرێک لە جیهانبین و فەلسەفەیێک بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت ، ئەو هەڵبژاردنەش ڕەنگدانەوەی واقیعی مرۆڤەکانە ، لێ زۆرجار لەبەر نەزانی و ناهۆشیاری ، مرۆڤ دژ بە خۆی ڕێدەکات ، ئەوەش پارادۆکسی نێوان ستروکتوور و زات دروستدەکات . هەموو واقیعێکیش ، خۆی لە پڕۆسەیەکی مێژوویی دا دەبینێتەوە ، بنەمای وەها واقیعێکیش فرە دیدە – ئیدیالی و مەتریالی ، یا سوبێکتیڤیزمێکی هەستەکی و بیۆلۆژی . بەلای هێگلی گەورە فەیلەسوفەوە ، هەموو واقیعێک – ڕۆحی ڕەهایە ، لێ لای مارکس – پێچەوانەکەیەتی . هەموو پڕۆسەیەکی مێژوویش ، فاکتەر و یاسای خۆی هەیە ، لێرەش ، دیدەکان جیاوازن . ڕووداوە مێژووییەکان و قۆناغەکان لەحزەیەکی پێویستن ، بۆیە ، دوێنێ ، ئەمڕۆ و سبەینێ هەن ، کەچی بەلای سوبێکتیڤیزمییەکانەوە ، هەموو شتێک لە تێگەیشتنی زاتییەوە سەرچاوەدەگرێت . خوێندنەوەو تێگەیشتنەکانیش – گەشبینی و نیهیلیستین . لە دیدی تیۆلۆگەکانیشەوە ، هەموو شتێک لە خواوە دەردەکەوێت . لە دیدی مۆدێڕنیتێت دا ، تاک دەبێت خۆی بەسەر جەستە و ڕۆحەوە باڵادەست و ئۆتۆنۆم بێت ، لێ ئەم ئۆتۆنۆمییە – سەربەخۆیەکی ڕێژەییە ، چونکە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگا و سروشتێکی دیاریکراو دا گوزەران دەکەن . گومانکردن و ڕەخنەگرتن چاکترە لە بەختەوەرییەکی کوێرانە . ترس و ڕاڕایی و مردنیش نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم پێکەوەژیانێکی جڤاکی و بەختەوەری ، چونکە مرۆڤ بۆ ژیان دەژیت ، نەک بۆ مردن ، لە هیچ شوێنێکی ئەم ژیانەشدا ، ئازادی و بەختەوەری ڕەها بوونی نییە ، کەواتە ، هەموو شتێک – ڕێژەییە ، دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەوەدا بگونجێنین ، ئەگەر بمانەوێت ، بۆ خۆمان و کەسانی تر بژین . مێژووی دوور و درێژی بوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش ، مێژووی ململانێیەکانە / ڕاستی و ناڕاستی ، جوانی و ناشیرنی ، چاک و خراپ ، زاڵم و زۆرلێکراو . هەوڵدان بۆ بیناکردنی کۆمەڵگایەکی میانڕەوی هاوسەنگ ، ڕەنگە چاکترین بیرکردنەوەو رێگا بێت ، نەک زێدەڕۆیی و دوورەپەرێزی و سینیزمی . هەموو سوپەرمانیەتێک و یوتۆپیا کەوتنی بەدواوەیە ، بەڵگەش لە مێژوودا زۆرن . ئەزموون نەک تەنیا سەرچاوەی زانین و زانستە ، بەڵکو پێوەریشە بۆ هەموو ڕاستییەک . بۆ ئەوەی بە تەواوی و زانستی لە مرۆڤ بگەین ، پێویستە هەردوو بوارە بیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی فەرامۆش نەکەین ، لە گۆشەیەکی بیرکردنەوە و مێتۆدێکیشدا ، یەقین نەبین و لە دۆگمادا نەتوێینەوە ، چونکە ژیان بریتییە لە کۆمەڵێک پێکدادانی ڕابردوو ، نوها و ئاییندە . هەموو منێکیش دەرهاویشتەی دوێنێ و ئەمڕۆکە و داهاتووە ، ووزەی ژیانی ئەویش لە خەون و ئاواتەکان دایە ، لێ خەون و ئاواتەکان پێویستیان بە کردار هەیە ، بۆیە ، خەون و کردار دوو سیمای شت و دیاردەکانی زاتن . بۆ ئەوەی ژیرانە لە شت و دیاردەکانیش بگەین ، پێویستە هۆشیار بین ، کە هۆشیاریش بووین ، سنووری جیهانی زمانیشمان فراوانتر دەبێت ، زمانیش دەبێت بە ئامرازێکی گرنگی کۆمۆنیکاسیۆن و کولتوور ، هەر بوارێکی ئەم ژیانەش ، پێویستی بە زمانی پسپۆڕی خۆی و ڕەوانبێژی هەیە ، بەمە زمانی ئێمە لە هی ئاژەڵان پێشکەوتووتر دەبێت . لە زمانی نووسین و ئاخاوتن دا ، سنووری خۆمان لە کەسانی تر جیادەکەینەوە ، لێ بیرمان نەچێت ، کە ستروکتووری هەموو زمانێک – هزرە ، کەواتە بوونی لۆژیک لە زمان دا پێویستە ، لۆژیکیش بە دوای دەرەنجام دا دەگەڕێت – ڕاستی . لودڤیگ شتاین گوتەنی :” ئەگەر نەتوانین لە شتێک بدوێین ، چاکترە ، بێ دەنگ بین ” .