فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خونچەیەک لە کەرکووک

خونچەیەک لە کەرکووک

نووسین و تابلۆ هونەرمەند محمد ساڵەیی/ کەنەدا

 

بەڕێکەوت رووم بەر وێنەی ئەم کیژۆڵە ژیکەڵەیە کەوت و لە لایەن فۆتۆگرافەرێک بە ناوی کامیل رەزا چرکاوە . هەرچەندە فۆتۆیەکی ئاپۆرە بوو لێ توانیم پشتەکییەکەی لە تابلۆکە دەربهێنم بۆ ئەوەی دیدی بینەر زێدەتر بۆلای فیگەرەکە پەلکێش بکەم و سەرنج بداتە کەسەی ئەو منداڵە روو خۆشە . جلەکانی زۆر نازدار و رندن و رەنگی دڵگیریان هەن بۆیە پێم خۆش بوو بە بۆیەی گواش لەسەر بۆرد بیکێشم . من ئەم کیژۆڵەیە ناناسم و لێم روون نییە لە چ بۆنەو ئاهەنگێکدا وێنەکەی گیراوە، بەڵام ئەو تیرۆژە بە هێزەی کەرکووک و کەوتنی لەسەر روخساری زۆر باڵکێش هاتە بەرچاوم و ویستم گەر بشێم بە شێوازێکی هونەریی باڵا بەرجەستەی بکەم .. دەستپێک هێڵکارییەکی وردم بۆی کرد و پاشان هێدی هێدی رەنگ و بۆیەم بۆ زیاد دەکرد تاوەکو بتوانم هەقی کەسەکە لە شێوەو لێکچوون نەفەوتێنم . وەکو منداڵێکی گەرمیانی رەنگی پۆشاکی گەرمن و دڵ دەکەنەوە بەڵام من بۆ هاوسەنگی هونەری پاشەکەیم بە بۆیەی فێنکتر تەواو کرد. تابلۆکەم بە شێوازی ریالیزمی سەردەم کێشاوە و هەوڵم داوە وەکو بابەتەکە ناسک دەربچێت، بەڵام سەروو بێچکەکەی وردەکاریی زۆری تێدا هەیە بۆیە رۆژگارێکی باشم تێدا خەرج کردووە چوونکە تەنتەنە و ریشووەکان زۆر تایبەتن و پێویست بوو لەسەرم زۆر لێیان را بمێنم تاوەکو شێوازە جوانەکەی دەربخەم .