سۆزی دەروون:
پێوه‌ندی نێوان بێشعووری* و گه‌شه‌ی کوردستان
سه‌ید هاشم هیدایه‌تی**/ نووسەر و شاعیر / سنە
ماوه‌یێکه له ته‌ک خۆما خه‌ریکی مشتومڕم بۆ ئه‌وه‌ی باسی تورش وتاڵی بێشعووری و بێ ئاوه‌زی وه پێوه‌ندێک که ئه‌گونجێت له‌گه‌ڵ ناته‌واوی ولاوازی گه‌شه‌ی کوردستان هه‌یبێت بهێنمه سه‌ر کاغه‌ز یان نا! دیاره زۆر ناحه‌زو دڵته‌زێن ئه‌بێت ددان به‌وه‌یدا بنێین که به‌شێک له نکوولی ونه‌هاتی وکۆسپه‌کانی گه‌شه‌و پێشکه‌وتوویی کورده‌واری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێ شعوری و بێ ئاوه‌زی تاکه‌که‌سی‌و حێزبه‌کان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکه‌که‌مان وه‌هه‌روه‌ها بێشعووری ده‌زگاکان‌و کاربه‌ده‌سته‌کان‌و فه‌رهه‌نگی ناوچه‌که‌مان.
بگره هه‌رکوردێک له‌ڕۆژا ده‌یان جار له‌خۆی پڕسیار بکات ئه‌وه ئه‌و دواکه‌وتن‌و نه‌یاری کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی کورد هۆی چیه؟! بۆچی کورد وه‌کوو به‌شێکی زۆرله‌خه‌ڵکی‌ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پاش هه‌زاران ساڵ مێژوو هه‌روا ژێرچه‌پۆکه‌یه‌و له‌باری ئابووریشه‌وه دواکه‌وتووتره له گه‌لانی‌تری هاوسێ و ده‌وروبه‌ر! ده‌یان و سه‌دان ساڵه پسپۆڕ و زانا‌و چالاکانی کۆمه‌ڵ ناسیش له‌م باره‌وه دواون‌و باسی زۆریان له‌سه‌ری کردوه. له‌وه‌یشه هه‌رکه‌س به پێ زانیاری‌و شاره‌زایی خۆی، ده‌یان هۆکارو بیانۆو ده‌لیلی بۆ هێنابێته‌وه وه‌ک: بێ مێهری و نادڵسۆزی ده‌سه‌ڵاتداران، دواکه‌وتوویی مێژوویی، که‌م‌وکۆڕی تیکنۆلۆژیاو نزمی پله‌ی زانستی‌و سه‌دان شتی تر. زۆرله‌مانه درووسته‌و که‌تمان ناکرێن، به‌لام من دوای نووسینی ده‌یان وتار‌و دوو کتێب له‌م باره‌وه تێگه‌یشتم به‌شێکی زوری ئه‌و کێشه‌و مه‌شاکیله ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کرده‌وه‌ی خۆمان و فه‌رهه‌نگی گه‌شه‌و ئه‌و داب‌و نه‌رێته ناحه‌زانه‌ی ساڵه‌های ساڵه زال بووگن به‌سه‌رماندا.
ئه‌زموونی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان وامان پێ ڕاده‌گه‌یێنێت که گه‌شه‌و سه‌رکه‌وتن پێویستی به فه‌رهه‌نگی کار‌و سه‌نعه‌تی تێکۆشان هه‌یه، فه‌رهه‌نگێک که تاکه‌تاکه‌ی خه‌ڵکه‌که بڕوایان پێ بێت‌و له‌کرده‌وه‌و ڕه‌فتاریاندا خۆی بنوێنێت. وه‌کوو پاراستنی یاسا‌و ڕه‌سم‌و داب‌و نه‌رێتی کار‌و تێکۆشان‌و زیره‌کی‌و دووری له ته‌نبه‌ڵی، وه‌کوو ڕێزگرتن له عیلم‌وزانست، وه‌کوو ڕێزگرتن له سه‌رمایه‌و سه‌رمایه‌دار و ئه‌وانه‌ی پاره‌و سه‌رمایه‌ی پێویستی گه‌شه‌و پێشکه‌وتن دابین بکه‌ن. یان وه‌کوو کرده‌وه‌ی مه‌ده‌نی‌و دێموکراتیک وه یا هه‌بوونی کاربه‌ده‌ستانی تێگه‌یشتوو وکارزان‌و لێهاتوو. ئه‌مانه‌و ده‌یان هۆکاری تر بووگنه‌سه باییسی دواکه‌وتوویی گه‌شه نه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری.
له‌و چه‌ن ساله‌ی رابوردوودا چاوم که‌وت به کتێبی “بێشعووری” نووسراوی خاوێرکرێمێنت. کتێبێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ڕاچڵه‌کێنه‌ره. کاتێ ده‌ستم کرد به خوێندنی، تێگه‌یشتم خۆم وه‌کوو تاکه‌که‌سێک، له‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆمدا تاچ‌ڕاده‌یێک تووشی بێشعووری بووگم بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانم! ورده‌ورده ده‌ستم کرد به تێکۆشان بۆ بژاری کرده‌وه‌کانم‌و ڕیشه‌که‌ن کردنی ئه‌م ئاکارانه‌ی بۆنی بێشعوورییان لێوه دێت. به‌ڕاستی کارێکی سه‌خت و دژواره. نازانم تاچ ڕاده‌یێک توانیبێتم له‌و بوا‌ره‌دا سه‌رکه‌وتوو‌بم به‌ڵام لام وایه خه‌بات دژی بێشعووری خه‌باتێکی هه‌تاهه‌تاییه‌و ناکرێت مرۆڤ قه‌ت لێ غافڵ بێت، بۆیه هه‌ربه‌رده‌وام ده‌بم لێی.
له‌و کتێبه مه‌زنه‌دا باسێک هه‌یه به‌ناو بێشعووری کۆمه‌ڵایه‌تی. واتا پێمان ئه‌یژێت چۆن تاکه‌که‌سه بێشعووره‌کان ده‌ست ئه‌ده‌ن به ده‌ست یه‌که‌وه‌و کۆمه‌ڵگای خۆیان تووشی بێشعووری ئه‌که‌ن. کاتێ ئه‌یژیت کۆمه‌ڵگا مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌ت، که‌رتی خوسووسی تیجاره‌ت وبازرگانی، سیستمی فێرکاری له گه‌ل ئه‌نجومه‌ن‌و کۆڕه‌مه‌ده‌نیاکانه. ماوه‌یێێک له‌مه‌و پێش وتارێکم به‌زوانی فارسی بڵاو کرده‌وه به ناوی: “نه‌خش وکاریگه‌ری بێشعووری له دواکه‌وتوویی گه‌شه‌ی کوردستان”. له‌و وتاره‌دا، که به‌خته‌وه‌رانه پێشوازیێکی باشی له‌لایه‌ن خوێنه‌رانی فه‌زای مه‌جازی و سۆشیال مێدیاوه لێ‌کرا، به‌کورتی ئه‌و کتێبه‌م به خوێنه‌ر ناساند به‌ڵام دڵم نه‌هات زۆربه‌ی ئه‌و کرده‌وه بێشعوورییانه‌ی له ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا به دی ده‌کرێن بۆ غه‌یری کوردیش باس بکه‌م. بۆیه وه‌عده‌م دا به زوانی کوردی شوێنگه‌و جێ پای بێشعووری له ناو کۆمه‌ڵگادا هه‌روه‌ها نه‌خش وکاریگه‌ریێک که بێشعووری تاکه‌که‌سی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له دواکه‌وتوویی گه‌شه‌ی کوردستان هه‌یانه به‌خۆم‌و هاووڵاتیانم بناسێنم.
وشه‌ی بێشعووری له کتێبی کرێمنت دا به asshole ناسراوه که ریشه‌که‌ی ناوی قرژانگه‌و به‌و که‌سانه ده‌وترێت که نه‌فام،بێ ئاوه‌ز،ئازارده‌ری خه‌ڵک، سوکه‌سه‌رو بێنرخن. له‌وه ده‌چێت هۆی ناونیانی asshole بۆ بێشعوور، له‌خۆبایی بوون، به‌رچاوته‌نگی‌و هه‌مووچتێ بۆخۆ ویستنی قرژانگ بێت. خاویرکرمێنت ده‌ڵێت بێشعووره‌کان ئه‌و که‌سانه‌ن که خاوه‌نی ئه‌م کرده‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خواره‌وه بن:
• پێیان خۆشه هه‌مووکه‌س ده‌سته‌وسینه‌یان رابوه‌ستێت
• خۆیان به به‌رپرسی هیچ کرده‌وه‌یێکیان نازانن
• که‌س ناتوانێت که‌ڵکی ناڕه‌وایان لێ بگرێت به‌ڵام ئه‌وان به مافی خۆیان ده‌زانن له‌هه‌موان”که‌ڵکی ناڕه‌وا” بگر‌ن
• هه‌موو کاتێک وان له حاڵی هێرش کردندا
• ئازاردانی خه‌ڵک به شتێکی ڕه‌وا ده‌زانن
• بێ شه‌رمی وڕووداری کرددوه‌ی ڕۆژانه‌یانه
• ناچنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی که‌س به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵکدا زیندوون
• دایمه گرژنن‌و ڕووخۆشی ئازاریان ده‌دات
• حاشاکردن به‌لایانه‌وه وه‌کوو ئایین وایه
• عاشقی ترساندنی خه‌ڵک و به دیل گرتنیانن
• ئه‌وینداری به‌لایانه‌وه نامۆیه، به‌ڵام عاشقی خۆیانن
• فیداکاری وخۆبه‌خشین به لایانه‌وه شتێکی بێ مانایه
• عاشقی وتووێژن به‌ڵام له‌باره‌ی خۆیانه‌وه
• گوێگری باشن به‌ڵام بۆ دۆزینه‌وه‌ی کزی‌و لاوازییه‌کانی خه‌ڵک
• نه‌رم‌ونیان نین مه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ی خۆیان له لووتکه بن وخه‌ڵک له‌خواره‌وه
• متمانه به‌لایانه‌وه نامۆیه. ته‌نیا متمانه به درۆ‌و ده‌له‌سه و پیلان ده‌که‌ن
• تووڕه‌یی له ناوی خوێنیاندایه
• له پێوه‌ندی زایه‌ندی و سێکسی نێوانی ژن‌و پیاودا چێژ ناگر‌ن‌و پێیشیان خۆش نیه هه‌ڤاله‌کانیان چێژیان لێ وه‌ربگرن
• گازه و بۆڵه‌بۆڵ کردن ئیشی ڕۆژانه‌یانه
• پێیان خۆشه خه‌ڵک له ڕۆژڕه‌شی‌و ماڵوێرانی خۆیاندا به‌شدار بکه‌ن
• هه‌میشه بۆ خه‌ڵک وه‌کوو له‌گه‌زو موعه‌مما و شتی نهێنی وان.
• زۆر دێر تێده‌گه‌ن که بگره بۆ ژیان ڕێگای باشتر‌یش هه‌بێت
به لای نووسه‌ره‌وه، بێشعووری نه‌خۆشینه‌و وه‌ک هه‌رنه‌خۆشینێکی‌تر ده‌بێت ده‌رمان بکرێت. ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌بێته هۆی تێکشکاندنی هه‌موو تواناییه‌کانی ناسین و ئاڵۆز کردنی سیستمی باێخ دانانی مرۆڤ بۆ هه‌ر‌شتێک،و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بێ هیچ لێهاتوویێک به ئه‌وپه‌ڕی ڕووداریه‌وه به‌ڕێوه بردنی هه‌ر ئیشێک بگرنه ئه‌ستۆ‌و، هه‌ست به شه‌رمه‌زاریش نه‌که‌ن. بۆیه بۆ ده‌رمانی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌بێت هێزی شوناسایی‌و سیستمی بایەخ دانیانی ئه‌وان زیندوو بکرێته‌وه‌و له گه‌ڵ خوو و مه‌رامی ئینسانی‌دا ئاشت بدرێنه‌و‌ە و پێوه‌ندییان له‌ته‌ک ویژدانیاندا بۆ بکرێته‌وه. نووسه‌ری کتێبی بێشعووری لای وایه نه‌خۆشی بێشعووری وه‌کوو زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌کانی تر په‌تایه و بگره خه‌ڵک له باوک و دایک، هاوسه‌ر یان ڕه‌ئیس‌و‌هاوکاری ئیداری خۆیانه‌وه وه‌ری بگر‌ن.
به‌پێ لێکۆڵینه‌وه له کرده‌وه‌و ڕه‌فتاری بێشعووره‌کاندا ده‌کرێت بڵێین بێشعووری جۆراوجۆره وه‌ک: بێشعووری کۆمه‌ڵایه‌تی. تیجاری، مه‌ده‌نی، وشکه موقه‌ده‌سی، عێرفانبازی،بۆرۆکراتیک، بێچاره‌و هه‌میشه گله‌مه‌ند.
لێره‌دا به پێ توانایی و شاره‌زایی خۆم تێده‌کۆشم له‌باره‌ی هه‌نێک له‌و بێشعوورییانه‌و، نه‌خش‌وکاریگه‌ریێک که هه‌رکامیان له بارودۆخی گه‌شه‌ی کوردستان هه‌یانه باس بکه‌م.
وه‌ک وتمان بێشعوور که‌سێکه ته‌وان وهێزو قووه‌ی بایەخ دانیانی تووشی سه‌رلێشێویاوی و‌ئاڵۆزی بووه. واتا چونکوو ته‌نیا مێعیاری بۆ چاک‌وخراپی قازانج‌ومه‌نفه‌عه‌تی شه‌خسی خۆیه،ناتوانێت به شێوه‌ی ژیرانه بایەخ بۆ شته‌کان دابنێت. شتی واهه‌یه خراپه به‌ڵام ئه‌و به باشی ده‌زانێت به پێچه‌وانه‌یشه‌وه شتی وا هه‌یه باشه به‌ڵام ئه‌و به خراپی دا‌ئه‌نێت.بۆ؟ چونکوو شته‌خراپه‌که بۆ خۆی به‌که‌ڵکه و شته باشه‌که بۆخۆی به‌زیانبار ده‌زانێت! هه‌ر بۆیه‌یش بێشعوره‌کان لایان وایه هه‌رچی موشکیلاته خه‌ڵک درووسیان کردوه‌و ئه‌وان هیچ ڕه‌وڵێکیان له‌پێکهاتنی کۆسپ‌و موشکیله‌کاندا نه‌بووه‌و نابێت!
ده‌مهه‌وێت لێره‌دا چاوێک بخشێنینه کۆمه‌ڵگای کورده‌واریداو بزانین دواکه‌وتنی کوردستان‌و گه‌شه‌ی لاوازی ناوچه کوردییه‌کاندا، تابۆمان ده‌رکه‌وێت ئێمه‌ی به‌شدار، وه‌ک کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگاکان‌و خاوه‌ن‌و به‌رپرسانی کارخانه‌و تیجاره‌تخانه‌کان ،هه‌روه‌ها ئه‌ندامان‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان(ئێن.جی.ئۆوه‌کان: NGOs) چه‌نده تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ین!؟ ئه‌وه‌یش بزانین له‌دونیای نه‌خۆشه‌کانی بێشعووریدا، ڕه‌خنه‌گرتن له خۆ‌و به‌رپرس بوون له به‌رانبه‌ری کرده‌وه‌ی خۆدا باو نییه. بۆیه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا تووشی کۆسپ‌و گرفتاری بوێت هه‌رکه‌س – به‌ڵێ هه‌رکه‌س – خۆی به بێ گوناح‌و خه‌ڵکی تر به گوناحبار ده‌زانێت. به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێکخراوه‌ی به‌رپرسی گه‌شه‌وئابووری کوردستانیش له‌م قاعیده جیاکراوه نین‌و هه‌رکه‌سیان گیر نه‌یێت، ته‌قسیره‌کان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی به‌رپرسانی پێشوو به خه‌تاکاریان ئه‌ده‌ن له قه‌ڵه‌م.
له نێوان سێ کۆڵه‌که‌ی حوکمڕانیدا، واته: ده‌وڵه‌ت، که‌رتی خوسووسی‌و ئه‌ندامانی ڕێکخراوه‌مه‌ده‌نیه‌کان وه‌ک پارت‌وئه‌نجومه‌ن‌و شۆرامه‌حه‌لییه‌کانیش، کاتێ سه‌باره‌ت به هۆکاره‌کانی دواکه‌وتوویی گه‌شه‌ی کوردستان پرسیاریان لێ بکرێت، هه‌رکامیان ته‌خسیرو گوناح ئه‌خه‌نه مل ئه‌وی تر: ده‌وڵه‌ت که‌مکاری تاجرو کارخانه‌داره‌کان به موقه‌سیر وگوناحبار ده‌زانێت، ئه‌وان ده‌وڵه‌تییه‌کان به عامیلی دواکه‌وتنی کوردستان ده‌زانن، یان هه‌ردووکیان ئه‌ڵێن حێزب‌و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان به‌هۆی نائه‌من کردنی ناوچه بونه‌سه باییسی دواکه‌وتوویی ناوچه‌و ئیجازه ناده‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی گه‌شه‌و ئابووری بێ ترس‌وله‌ومه ئیشی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن. جا وه‌ره‌و درووسی بکه. بۆیه ئه‌وڕۆ ئه‌گه‌ر گه‌ره‌کمان بێت لێکۆڵینه‌وه‌یێکمان بوێت سه‌باره‌ت به ڕێگر‌و هۆکاره‌کانی گه‌شه‌ی کوردستان یان که‌متر گه‌شه‌کردنی، که‌س خۆی به به‌رپرس نازانێت و هه‌رکه‌س ئه‌وی تر به گوناحبار ده‌زانێت. هه‌روایش که وتمان ڕه‌خنه‌گرتن له‌خۆ له‌ناو ئێمه‌دا باونییه‌و هه‌رکه‌س دۆی خۆی پێ شیرینه‌و دۆی خه‌ڵکی تری لا تورشه. له ڕاستیدا ئه‌مه نموونه‌یێکه له‌وه‌ی تێبگه‌یین کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و پرۆسه‌ی گه‌شه چه‌نێک تووشی نه‌خۆشی بێشعوورییه!
خاوه‌نی ئه‌م نووسراوه وه‌ک چالاکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی- وپێشتر سیاسی – یان ڕۆژنامه‌نووسێک تا ئه‌م کاته‌ی که خه‌ریکی نووسینی ئه‌م وتاره‌یه له زمانی هیچ به‌رپرسێکی گه‌شه‌ی کوردستان له‌و سه‌دساڵه‌ی رابووردوو‌دا نه‌ی بیستووه‌و نه‌یدیوه به‌ڕێوه‌به‌ران‌و به‌رپرسانی گه‌شه‌ی کوردستان ڕه‌خنه له خۆیان بگرن‌و بیر و بۆچوون و کرده‌وه‌ی خۆیان له دواکه‌وتوویی گه‌شه‌ی ئه‌م ناوچه‌دا به به‌رپرس بزانن. هه‌رچێک وتراوه‌و نووسراوه ڕه‌خنه له‌وانی تر و له ڕابووردوه‌کانه. له‌بیرم ناچێت کاتێک له‌و بیس ساڵی رابووردوو‌دا وه‌ک تاکه که‌سێک یان ئه‌ندامێکی ڕێکخراوه‌یێکی سیاسی یان به‌ڕێوه‌به‌رێکی ده‌وڵه‌تی ڕه‌خنه‌م له خۆم گرتووه بوومه‌ته ئامانجی تانه‌وته‌شه‌ر‌ی دۆسان و هاوفیکرانی پێشووم که گوایه دۆڕاندوومه‌و به‌زیاوم‌و که‌مم هێناوه یان خه‌یانه‌ت ده‌که‌م به هاوسه‌نگه‌ران‌و هاوکارانی پێشووم. ئه‌مه ده‌ردێک و نه‌خۆشینێکی گرانه له‌ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا و هه‌رکه‌س ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت‌وده‌نووسێت که به سوودی خۆی یان شه‌ریکه‌کانییە، جا کۆمه‌ڵگا چی به‌سه‌ردا بێت به‌وان چی!
هه‌روا که باسم کرد به‌بڕوای خاویرکرمێنت ڕیشه‌ی ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه تێکچوونی نیزامی بایەخ دانیانه. واتا سیستمی ژیرانه‌و گونجاوی مرۆڤ، تووشی شێواوی‌و ئاڵۆزی ده‌بێت تا ئه‌وڕاده‌یه ناتوانێت یان نایه‌وێت بایەخی هه‌رشت‌و کرده‌وه‌یێک له شوێنی خۆیدا دابنێت. جا بۆیه هه‌ر شتێک‌و کرده‌وه‌یێک به سوودی خۆی بێت به باشی ده‌زانێت‌و هه‌ر شت‌و کرده‌وه‌یێکیش به زیانی خۆی بێت به خراپی ده‌زانێت. به‌م شێوه قازانج‌ومه‌نفه‌عه‌تی شه‌خس ده‌بێته پێوه‌ر و شاخسی بایەخ دانیان بۆ هه‌رشت‌و بیر و بۆچوون و کرده‌وه‌یێک.
به‌شی دووهه‌می مانای بێشعووری له لایه‌ن خاویرکرمێنته‌وه ئاماژه ده‌کاته سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه‌خۆشه‌کان و تووش بووانی بێشعووری به ئه‌وپه‌ڕی ڕووداری‌و ساوازییه‌وه خۆیان به شایسته‌ی ئه‌وه ده‌زانن ببنه خاوه‌ن‌و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ر ئیش‌و کار‌و ڕێکخراوه‌و ده‌زگایێکی ده‌وڵه‌تی یان گشتی‌و لۆکال و مه‌حه‌لی! به‌ڕاستی ئه‌م باسه باسێکی زۆر ڕاس‌و درووسه. ئه‌وانه‌مان دیومانه‌و له‌بیرمانه وه‌بیری خۆمان بێرینه‌وه ئه‌وانه‌یشمان نه‌یاندیوه بچن به‌سه‌رهاتی گه‌شه‌ی کوردستان بخوێننه‌وه با تێبگه‌یین ئه‌و که‌سانه‌ی له ده‌یان ساڵی ڕابوردوودا مودیرو به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوه‌کانی گه‌شه‌ی کوردستان –واتا پارێزگا‌و سازمانی به‌رنامه‌وبودجه – بووگن چه‌نێک لیاقه‌ت‌و لێهاتوویی‌و شایسته‌ییان بووه بۆ ئه‌و کاره! هه‌رواکه ده‌زانن بناغه‌و ناوه‌رۆک‌و مێحوه‌ری گه‌ڵاڵه‌ی گه‌شه‌ی هه‌ر وڵات‌و ناوچه‌یێک،له‌سه‌ر بابه‌تی ئابووری‌و ئیقتسادی دانراوه. دیاره ئه‌و که‌سانه‌ی بیانه‌وێت ببنه به‌رپرس‌وگه‌ڵاڵه‌داڕێژی گه‌شه‌ی کوردستان ده‌بێ پسپۆڕ‌و شاره‌زاو کارناسی ئابووری بن یان ده‌بێ وانه‌ی مودیر‌یه‌تی گه‌شه‌یان خۆێندبێت‌و لێکۆڵینه‌وه‌و په‌ژوهش‌و ته‌جره‌وه و ئه‌زموونیان له‌و باره‌وه بووبێت و شاره‌زایش بن له باره‌ی پێداویستیه‌کانی ناوچه‌کانی کوردستانه‌وه. که‌وابوو ده‌کرێت بڵیێن ئاواکه‌سانێک شایسته‌گی‌و لیاقه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه ببنه به‌رپرس وگه‌ڵاڵه‌داڕێژی گه‌شه‌ی کوردستان. جا بابزانین ئه‌وانه‌ی له چل ساڵی ڕابوردوودا بوونه‌سه مودیرو به‌رپرسی ئه‌و ڕێکخراوه‌گه‌له چ که‌سانێک بوون‌و چه‌نده لیاقه‌تی ئه‌و پۆسته‌یان بووه؟
به‌مه‌سڵه‌حه‌تی نازانم ناوی ئه‌و که‌سانه‌ی ببه‌م له‌و چل ساڵه‌دا وه‌ک به‌رپرسی ڕێکخراوه‌ی به‌رنامه‌و بودجه‌ی کوردستان،ڕه‌ئیسی شۆرای به‌رنامه‌ڕێزی یان باقی ڕێکخراوه‌کانی پێوه‌ندیدار به گه‌شه‌ی کوردستانه‌وە بوون،وه‌ک به‌رپرسانی پارێزگای کوردستان،ده‌زگاکانی کار‌و پێشه‌و سه‌نعه‌ت و پێشه‌سازی و کانگاو مه‌عده‌ن‌و کشتوکاڵ‌و بازرگانی‌و دارایی‌و بانگه‌جۆراوجۆره‌کان،ناسراون، به‌ڵام بۆمان هه‌یه بێ ناوبردنیان بڵیێن چ جۆره که‌سانێک خۆیان به شایسته‌ی دانیشتن له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵی ئه‌و ده‌زگاگه‌له زانیوه. وه‌بیری خۆمان بێرینه‌وه زیاتر له ده پارێزگاری کوردستان، ده‌یان مودیرکول‌و به‌رپرسی پارێزگا به کام شایسته‌گیه‌وه له سه‌ر سه‌نده‌ڵی ئه‌و ڕێکخراوه‌گه‌له دانیشتوون و له مێتدۆلۆژی و ناوه‌رۆکی گه‌ڵاڵه‌ی گه‌شه تێگه‌یشتوون و توانیویانه پله‌ی گه‌شه‌ی ناوچه ببه‌نه سه‌ره‌وه! هیچ یان زۆر که‌م! به‌ڵگه‌ی من بۆ ئه‌م ڕاستیه ئه‌وه‌یه ده‌یبینین له چل ساڵی ڕابوردوودا پارێزگای کوردستان له هه‌ڵسه‌نگاندنی پێوه‌ره‌کانی گه‌شه‌دا هه‌میشه‌و دایم له پله‌کانی ئاخردا بووه‌و هیچ پێشکه‌وتنێکی به خۆیه‌وه نه‌دیوه. من ئه‌م باسه‌م له وتاری ( توسعه کردستان: اعدادوارقام سخن می گویند) ڕوون کردۆ‌سه‌و که له سه‌ر کاناڵه‌که‌ی خۆمم داناوه‌و خستوومه‌ته به‌ر چاو خوێنه‌رانی هێژا. ( t.me/KDproblems )
خاڵی گرینگ: تا ئێره‌ی که هاتم په‌شیمان بوومه‌وه له درێژه‌دانی باسه‌که. تکایه خوێنه‌ر بۆ خۆی به پێ ئه‌و پێوه‌رانه‌ی کرمێنت باسی کردووه بار‌و دۆخه‌که هه‌ڵسه‌نگێنن!
*سه‌رچاوه: کرمێنت،خاویر. بێشعووری، وه‌رگێڕ مه‌حموود فه‌رجامی. تاران، ناوه‌ندی چاپ‌وبڵاوکردنه‌وه‌ی تیسا، چاپی بیست‌و دووهه‌م
** دۆکتۆرای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ستراتێژیک.