ویستێکی ئازاد
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
چەمکی ویستێکی ئازاد و ئازادی ، چەمکێکی سیاسی و فەلسەفییە ، لەم گۆڕەپانەشدا ، دید و جیهانبینی فرەی دژبەیەک هەن ، کە دەتوانین سێ ئاڕاستەی سەرەکی دەستنیشان بکەین ، یەکەم – ئیدیالی و غەیبی، دووەم – هەستەکی و بیۆلۆژی، سێیەم – بابەتی و کۆمەڵایەتی.
ئاشکرایە، کە هەموو مرۆڤێک / سوبێک لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا خاوەن ویستێکە و زۆرجاریش بەرەو ویستێکی ئازاد ڕێدەکات ، هەموو ویستێکیش پێویستی بە کردار هەیە، ئەو کردارەش بە کۆمەڵێک فاکتەرەرە پەیوەنددارە ، هەر بۆیە ، زۆرجار مرۆڤ لە پڕاکتیزەکردنی ویستەکانی دا ئازاد نییە. لە پرسی بنەمای ویست و پراکتیزەکردنیشدا ، فەیلەسوف و زاناکان توێژینەوەو تیۆری خۆیان هەیە . هەندێکیان ڕووداو و پڕۆسەکان بە کۆمەڵێک فاکتەری بیۆلۆژی ، کۆمەڵایەتی دەبەستنەوە، لێ هەندەکەی تر دەیانەوێت مرۆڤ لە فاکتەر و دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکان داببڕن و وەک بوونەوەرێکی ڕووتی بیۆلۆژی پێناسەبکەن.
هەندێکیان ڕووداو و پڕۆسەکان بە کۆمەڵێک فاکتەری بیۆلۆژی ، کۆمەڵایەتی دەبەستنەوە، لێ هەندەکەی تر دەیانەوێت مرۆڤ لە فاکتەر و دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکان داببڕن
هەموو ویستێک، دیاردەیەکی هۆشیارییە، لێ هەموو هۆشیاریێک ڕەنگدانەوەی فاکتەرە بیۆلۆژی و پێداویستە کۆمەڵایەتییەکانە ، کەواتە سوبێکت وابەستەی جیهانی ئۆبێکتە. ئەم دیدەش بەرەو دیدێکی ڕیالیزمی و مەتریالیستیمان دەبات ، لی دیدی دوالیزمی کارتیزانیش هەیە. لەهەمبەر ئەوانیشدا، دیدی ئیدیال و ویستێکی ڕەهای سوبێکتیڤیزمی بیۆلۆژیش هەیە، کەواتە چەمکی ئازادی و ویستێکی ئازادی دەبێتە چەمکێکی فەلسەفی و سیاسی، بە واتایەکی تر – ئۆنتۆلۆژی.
پەیوەندی سوبێکت و ئۆبێکت پێماندەڵێت، کە ئازادی و ویستێکی ئازادی ڕەها ئەبسوردە ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایێت ، کە ئازادی و ویستی ئازاد بوونی نەبێت ، یا پێویست بە بوونیان نەکات ، نەخێر ، لێ وەها ویستێک دەبێت ڕەنگدانەوەی واقیعی ململانێکانی ژیانی مرۆڤ بن ، دەنا دەبن بە ئەبسورد و پڕاکتیزە نابن . هۆشیاری و بەرقەراربوونی کەشوهەوایەکی ئازاد و دیمۆکرات ، لە توانای دا هەیە ، کە زەمینەخۆشکەر بێت ، بۆ جۆرە ئازادییەکی ڕێژەیی ، بە واتایەکی تر ، مرۆڤ تێیدا ئازادانە مامەڵەبکات.
لە جۆرە بیرکردنەوەیەکی ناتورالیزمی دا ، جێگای جیهانی هزری ئەفڵاتۆنی نابێتەوە . چەمکی ئازادی و ویستی ئازادی نابێت تەنیا بۆ پڕۆپاگەندە بێت ، بەڵکو دەبێت بەڵگەدار و واقیعبینانە بێت ، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرجەستە پراکتیزە بێت.
هۆشیاری و بەرقەراربوونی کەشوهەوایەکی ئازاد و دیمۆکرات، لە توانای دا هەیە ، کە زەمینەخۆشکەر بێت، بۆ جۆرە ئازادییەکی ڕێژەیی
چەمکی ئازادی ویست و ئازادی کردار بەیەکەوە گرێدراون، لێ یەک شت نین، چونکە دەکرێت هەڵگری ویستێکی ئازاد بیت، لێ لەوانەیە ، نەتوانیت کرداری ئازادانە ئەنجام بدەیت، کەواتە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکی بیۆلۆژی ڕووت نییە بەڵکو کۆمەڵایەتیشە، لایەنە کۆمەڵایەتییەکەش جەوهەری کەسایەتی ئەو مرۆڤە دیاریدەکات. دیاردەی هۆشیاری و لایەنی پەرەسەندنی بیۆلۆژی بەیەکەوە بەندن، لەگەڵ مردنی لایەنی بیۆلۆژیش ، لایەنەکەی تریش دەمرێت، کەواتە بوونی جەستەیی پێش بوونە هۆشیارییەکە دەکەوێت، هەردووکیشیان بەیەکەوە گرێدراون و کارلەیەک دەکەن.
لە جیهانی کۆندا بە تایبەتی لە سەدەکانی ناڤیندا، پێگەی چەمکی ویستێکی ئازاد لاوازبوو، لێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و دیمۆکراسی پێگەی ویستی ئازاد خورتتر بوو و بوو بە جێگای مشتومڕێکی زۆری بواری هزری و فەلسەفی، لە دەرەنجامدا پەیوەندی نێوان سوبێکت و ئۆبێکتیش گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هات، کەچی لە سەردەمی باڵادەستی ئاییندا، هەموو شتێک دروستکراوی دەستی خاڵقێک بوو. ڕاستە لە دونیای کۆن و ناڤیندا ، فەلسەفە و زانست هەبوو، لێ ئایین باڵا دەستبوو، نەک فەلسەفە و زانست. هەوڵدان بۆ جۆرە میانڕەوی و ڕۆشنگەرییەکی نەرمیش، ڕەنگە ویستێکی خراپ نەبێت، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی میانڕەوی هاوسەنگ بینابکەین. بێ شک لە هەموو دیدێکی ئایینیشدا، کرانەوە و دۆگما هەن، لایەنی کراوە و ڕیفۆرمخوازەکەی زەمینەخۆشکەرە بۆ پێشکەوتن، لێ لایەنە دۆگما و سەلەفییەکەی کارەسات بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا دەنێتەوە.
ویستێکی ئازادی بیۆلۆژی لە هەوڵی ڕەتکردنەوە و داڕماندنی هەموو مۆڕاڵ و هزرێکی جڤاکی دایە، لێ لە مۆڕاڵ دا دابڕاو نییە، بەڵکو هەڵگری بیناکردنی مۆڕاڵێکی سوپەرمانی دابڕا و دوورەپەرێزی سروشتەکی دایە، وەها مۆڕاڵێکیش لە دوا وێستگە دا بەرەو خۆخوارنەوەو کەوتن دەچێت، چونکە دەبێت بە ویستێکی ئەبسوردی نا بەرجەستە، کەواتە ویست بە شێوەیەکی ڕەها و مانا بیۆلۆژییەکەی ئازاد نییە، بەڵکو دەرهاویشتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤە، مرۆڤیش بوونەورێکی جڤاکییە، فەلسەفە و زانستیش بەڵگەیان لەم بوارەدا هەیە. ویست و کرداری ئازادانەش لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر، لە کۆمەڵگایێکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر، یا لە سیستەمێکی سیاسییەوە بۆ سیستەمێکی تری سیاسی جیاوازە، هەر بۆیە مرۆڤەکان / سوبێکتەکان جیاوازن، وەک دەڵێن: “هەموو مناڵێک لەدایکبووی ڕەحمی دایکی خۆیەتی”.