فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حەللاج

حەللاج

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و  ڕەخنەگر/ هەولێر

حەللاج (٨٥٨ – ٩٢٢ز) کە لە زینداندا دەبێت، دەروێشێک لێی دەپرسێت: خۆشەویستی چییە؟ وەها وەڵامی دەداتەوە: ئەمڕۆ دەیبینیت، سبەینێ دەیبینیت و دووسبەییش هەر دەیبینیت. ئیدی هەر ئەو ڕۆژە حەللاج دەکوژن، بۆ سبەی دەیسووتێنن، بۆ دووسبەی خۆمەڵەمێشەکەی ڕۆ دەکەنە دیجلەوە. عەتتار ئەم چیرۆکەی گێڕاوەتەوە، کە نهێنییەکانی ژیان و ئەڤین و مەرگی حەللاجی تێدا چڕ بووەتەوە. تراژیدیای مەرگی حەللاج ڕۆڵێکی گرینگی لە گەشەسەندنی سۆفیگەریدا هەبووە، ناوی بووە بە ڕەمزی خۆشەویستی، بە ڕەمزی یەکگرتن لەگەڵ خوادا و بە ڕەمزی درکاندنی نهێنیی عیشق، کە هەڵەیەکە نابێت عاشق بیکات.
(حەللاج بەناوبانگترین سۆفییە، کە هەم قەدەر ستەمی لێ کردووە، هەم خەڵکیش داڵ ئاسا بەربوونەتە جەستەی. ئەوە ئەوبوو بە بوێرییەکەوە کە عەقڵ نایبڕێت، چارشێوی لەسەر ڕووی یەکییەتیی بوون لابرد.) ئەوە بۆچوونی زانای ئایینی (ئی پۆکۆک)ە کە پێی وابوو، حەللاج وجوودی بووە. لای ئۆگەست مۆلـلەر حەللاج بە نهێنی کریستیان بووە، تەنانەت هەندێک پێیان وابووە، ئەو سۆفییە مەزنە لەڕووی عەقڵییەوە ناساغ بووە. فۆن کریمەر (أنا الحق)ی حەللاجی بردووەتەوە سەر، من (براهمام) کە لای هیندۆسەکان خالیقی گەردوونە.
حەللاج بەناوبانگترین سۆفییە، کە هەم قەدەر ستەمی لێ کردووە، هەم خەڵکیش داڵ ئاسا بەربوونەتە جەستەی
شیعری حەللاج تەرخانە بۆ ستایشی خۆشەویستیی خوای مەزن کە هەمیشە لەنێو دڵی ئینساندایە، بۆیە ئەو شاعیرە بە هەق شەهیدی ڕێی عیشقی خوا بوو. حەللاج لە هەرێمی فارس لە دایک بووە، لە واسیت و (توستەر)ی مەڵبەندی لۆکە ژیاوە و وەک باوکی هەللاجیی کردووە. حەجی کردووە و لە مەککە ماوەتەوە. کە چووەتە بەغدا، سەردانی (جونەید)ی کردووە، کە لە دەرگای داوە و جونەید پرسیویەتی: ئەوە کێیە؟ گوتوویەتی: من حەقم. بەناوبانگترین دەربڕینی سۆفییانە، ئەو (أنا ألحق)ەی حەللاجە.
فیرعەون گوتوویەتی: من خوای باڵای ئێوەم. ئیبلیس گوتوویەتی من لە ئادەم چاکترم، حەللاجیش گوتوویەتی: من حەقم. ئەوە ڕەوا نییە، گوتەکەی حەللاج کە عاشقی خوا بووە، لەگەڵ قسەی فیرعەون یان شەیتان بەراورد بکرێت، وەڵامی سۆفییەکان بۆ ئەو بەراوردە ئەوەیە، فیرعەون کە خۆی بینی، خوای بیرچووەوە، بەڵام حەللاج کە خوای ناسی، خۆی بیرچووەوە. (من)ەکەی فیرعەون پەیداکردنی هاوبەش بوو بۆ خوا، بەڵام (من)ەکەی حەللاج زادەی دداننان بوو بە خۆشەویستیی خوادا. حەللاج لەگەڵ جونەید هەڵینەکرد، بەغدای بەجێ هێشت و لە خوراسان گیرسایەوە، لەوێ چونکە وەک شارەزایەکی نهێنییەکانی دڵ و ڕووح دەرکەوت، ناویان نا: هەللاجی نهێنییەکان.
حەللاج بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە لەگەڵ (خۆشەویست)ی خۆیدا کە خوایە یەکی گرتووە، ئەوەیش تەنانەت لە لایەن لایەنگرانی ئەڤینی ئیفلاتوونیشەوە جێی بڕوا نەبوو. کێشەی حەللاج هەر پێوەندیی بە ئەڤینی سۆفییانەوە نەبوو، ئەوەیش مەسەلەکەی ئاڵۆزتر کردبوو کە لەگەڵ (نەسری قشووری)دا، داوای فەرمانڕەوایییەکی باشتر و سەرکردایەتییەکی دادپەروەرانەتریان دەکرد. ئەوانەی لە دەسەڵاتەوە نزیک بوون، ئیدی شیعە بوونایە یان سوننە، حەللاجیان بە سەرچاوەی مەترسی دەزانی کە هەوڵی بۆ ئەوەبوو، پەرە بە لایەنی ڕووحیی ئینسان بدات و باسی لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد.
حەللاج بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە لەگەڵ (خۆشەویست)ی خۆیدا کە خوایە یەکی گرتووە
ساڵی ٩١٢ی زایینی حەللاج دەستگیر دەکرێت، (موقتەدیر)ی خەلیفەی عەبباسی و (حامید)ی وەزیری، دەیانەوێت بە هەر نرخێک بووە بیکوژن. دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە بە تاوانی کافربوون، بە کوشتن حوکم دەدرێت و لە ٢٦ی مارسی ٩٢٢دا فەرمانی کوشتنەکەی جێبەجێ دەکرێت. حەللاج بە دەست بەستراوی، بەدەم گوتنەوەی شیعری سۆفییانەوە، بەرەو گۆڕەپانی مەرگ بەڕێ دەکەوێت، لەوێ دوا نوێژ دەکات و دیسان هەست بە نهێنیی یەکگرتنی نێوان عاشق و مەعشووق، یان مەخلووق و خالیق دەکات. دەڵێن کە عەوام بەردبارانیان کردووە، (شەبلی)ی هاوڕێیشی گوڵێکی تێ گرتووە، گوێی نەداوەتە بەردەکان، بەڵام بۆ گوڵەکە سڵەمیوەتەوە، وەک ئازاری پێ گەییشتبێت و بە شەبلیی گوتووە: ئەوانی دیکە نازانن چی دەکەن، بەڵام تۆ نەدەبوو وا بکەیت! ئاخر هاوڕێ ئەگەر گوڵیشت تێ بگرێت، لە بەردی ناحەز ئازاری زیاترە. (تەنانەت بە گوڵیش لە خۆشەویستەکەت مەدە!) ڕەنگە ئەو گوتەیە لەو بەسەرهاتەی حەللاجەوە هاتبێت. (عاشق بۆیە ڕێی خوشەویستی دەگرێتە بەر تا لەنێو مەعشووقدا بزر ببێت، ئەوەیش لوتکەی بەیەکبوونە، کە عاشق باجەکەی بە خوێنی خۆی دەدات.) ئەو دوا پەیامی حەللاج بووە.
هەردوو دەست و هەردوو قاچی حەللاج دەبڕنەوە، لە سێدارەی دەدەن، سەری دەبڕن، ئینجا تەرمی لەتوپەتکراوی دەسووتێنن و خۆڵەکەوەکەی فڕێ دەدەنە ڕووباری دیجلەوە! حەللاج خۆی بۆ مەرگێکی وەها ئامادە کردبوو، خەوی بەوەوە دەبینی بە یەکجاری لەگەڵ خوای خۆیدا یەک بگرێت و خۆی گوتەنی: (لەڕیی مردنییەوە، بە ژیانی ئەبەدی بگات.)
(کتێبی تەواسین) کە پێ دەچێت، سەروەختی ساڵانی بەندیخانە خەریکی نووسینی بووبێت، لە هەشت بەش پێک دێت، هەر بەشێکی لە دوو تاسین، (طس) تاسین ئەو دوو حەرفەن کە لە دەستپێکی سوورەتی (مێروولە)دان و ئاماژەن بۆ گەورەیی و شکۆمەندیی خوا. لەو کتێبەدا حەللاج گەلێک باسی ورووژاندووە، وەک: یەکگرتن لەگەڵ زاتی خوادا، مەسەلەی پێغەمبەرایەتی، دیالۆگی نێوان خوا و ئیبلیس. کە خوا داوا لە ئیبلیس دەکات، کوڕنووش بۆ ئادەم ببات، ئیبلیس لەو فەرمانەی خوا یاخی دەبێت، ئاخر سەرسام دەمێنێت لە نێوان ویستی خوادا کە هەم داوای لێ کردووە، لە غەیری ئەڵڵا کەسی دیکە نەپەرستێت و هەم ئەمریشی پێ دەکات کوڕنووش بۆ ئادەم ببات! ئیبلیس دەڵێت: (ئادەمت لە خۆڵ خوڵقاندووە و من لە نوور، ناکرێت نوور کوڕنووش بۆ خۆڵ ببات. ئادەمیش مەخلووقە، من تەنیا سەجدە بۆ خالیق دەبەم.) هەموو تراژیدیای ئیبلیس لە بەیتەشیعرێکدا چڕ دەبێتەوە: (بە دەست و پێی بەستراوەوە، فڕێ درایە ئاوەوە، پێشیانگوت: نابێت تەڕ ببیت!)
ئەو وێنەیە کە باسی چارەنووسی عاشقی ڕاستەقینە دەکات، چەندان جار لە شیعری گەلانی خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییشدا پاتە بووەتەوە
حەللاج گلەیی لە خوا نەکردووە، ئەوە نییە دەڵێت: (ئێمە دوو گیانیان لە یەک جەستەدا،) بە پێچەوانەی ئەوانەوە کە گوتوویانە: (ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا.) حەللاج باسی ئەوە دەکات کە تیشکی خوای دیتووە، وەک پەپوولە بەو تیشکە سووتاوە و لەناو تیشکی ئەڤینی خوادا بزربووە. کە حەللاج پێی وابێت، دوای توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا، لەگەڵیدا یەکی گرتووە، ئیدی چۆن گلەیی لە خوا دەکات، ئاخر ئەگەر سەرچاوەی بەڵا خوا بێت، چۆن هانای بۆ دەبات؟ چۆن لەناو ئەڤینیدا دەتوێتەوە؟ ئاخر چۆن دەرد بە دەرد چارەسەر دەکرێت؟
بە چاوی دڵ
بینیم خوای خۆم
گوتم تۆ کێی؟
فەرمووی من تۆم.
کەسێک کە ئەو شیعرەی بۆ خوا گوتبێت، ڕێی تێ ناچێت گلەیی لێ بکات.
لە کتێبی تەواسیندا حەللاج دەڵێت: (خوا کەسێکی نەخوڵقاندووە، هێندەی موحەممەد لەکنی خۆشەویست بووبێت. چی زانست هەیە، دڵۆپێکە لە زەریای زانینی موحەممەد، چی حیکمەت هەیە، مشتێکە لە ڕووباری حیکمەتی ئەو، چی زەمەن هەیە، سەعاتێکە لە دەهری ئەو.) حەللاج دەنووسێت: (کە پەپوولە لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، دەسووتێت و ئیدی پەیدا نابێتەوە، بەوە دەگاتە کرۆکی حەقیقەت.) ئەو وێنەیە کە باسی چارەنووسی عاشقی ڕاستەقینە دەکات، چەندان جار لە شیعری گەلانی خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییشدا پاتە بووەتەوە. حەللاجێک کە عاشقی تیشکی جوانیی خوابووە و ئەوەیش بۆچوونی بووە لەسەر پەیامهێن، ئەدی بۆچی کافراندیان و کوشتیان؟ چونکە بە درێژاییی دیرۆکی ئیسلام، دەسەڵاتدارانی ستەمکار، شمشێری شەریعەتیان بۆ پەڕاندنی ملی حەقیقەت وەگەڕ خستووە.
*
(*) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.
(**) سامي المکارم، الحلاج في ما وراء المعنی والخط واللون، الطبعة الثانیة ٢٠٠٤ ریاض الریس للنشر، بیروت.