فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کە تۆ دەڕۆیت

کە تۆ دەڕۆیت

دەریا ھەڵابجەیی/ شاعیر /  سلێمانی

وەک مناڵێک
من ترسی ون بوون دامدەگرێت..
ڕەفتارەکانم دەگۆڕێت
کە لە ئاوێنەش دەڕوانم
خۆم نابینم
وەک ئەوەی تۆ
لەگەڵ خۆت منت بردبێت..
کەسێکی تر
لەبەرامبەر ئاوێنەکە بەجێ مابێت..

ناتوانم پێت بڵێم
مەڕۆ..
بەڵام دەکرێ
پێش ڕۆیشتنت
دەستەکانم توند بگریت و
بینووسێنیت به سنگتەوه..
بە شێوەیەک
خەتی ناو لەپم تێکەڵ بێت
جارێکی تر
فاڵگرەوەیەک نەتوانێ
بێت و بەختم بگرێتەوه..

خۆشت نەوێم
بەسە کە من تۆم خۆش بوێت..
لەبیرم کە
لەبیر کردن ڕەنگە بۆ تۆ
ڕۆژێک و دوان
شایەت هەفتەیەکی نەوێت..
تەنها وەرە
یەک جاریش بێت
بەڵام بە دڵ
باوەشم کە
با تاڵ به تاڵی خەیاڵم
ڕەنگت بگرێت
ئازارەکانی بێ تۆیی
هەر بەرامەی تۆی لێوە بێت…
بۆ دوایین جار
لەناو شادەماری هەستما
نیگای ڕۆیشتنت
هەڵبگرێت..

لێم بڕوانه
دەزانم تۆ لە ڕوانینت
بۆ ڕوخسارم
خۆت لا دەدەیت..
دەتەوێ خۆت وانیشان بەی
ئەم سەفەرەت زۆر ئاسانه و
بیرم ناکەیت..
لەبیرت چوو
من خەیاڵت دەخوێنمەوه
پێش ئەوەی لێوەکانی تۆ
حەرفێک بڵێت…
لە هەرکوێ بیت
دەزانم چی لە خەیاڵت
دێت و دەچێت..

دەزانم کە بیرم دەکەیت
ڕۆحت وەختە وەک پاساری
باڵ بگرێت و
بەرەو باوەشی من بفڕێت..
دەسا وەرە
لەبیری کە ئەم ڕۆشتن و
ئەم سەفەرە..
لە دوای مردن
ئەڵێن کە گڵ مەیل بڕە..
دەی من دەڵێم
لە دوای سەفەر
ئەوەی مەیل دەبڕێت دوورییه..
ئاخر هیچ کەس
وەک من عاشقی تۆ نیه..

ئەمجاره کە گەڕایتەوه
ڕێ نادەم ئیتر تەنیام کەیت..
یان ئەوەتا
وەک سووراوە پەمەییەکەم
ئەتخەمە سووچی جانتاکەم..
یان وەک بۆنی باوەشی خۆت
ئەتپرژێنم بەسەر دەماری مەچەکی
چەپی دەستما
تا هەرکاتێک بیرم کردی
دڵم بە جۆرێک لێ بدات
لەسەر مەچەک
هەستتت پێ بکەم
بە بێ ترس بۆنت بکەم
تێر ماچت کەم..

دەبێ وابکەم..
تۆ لە قەدەر
منیش لەم عەشقه ڕادەکەم..