فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژیانی هاوسەری

ژیانی هاوسەری

ھیبە فيصل/ نووسەر

{نەماوە سەرمان لەسەر یەک سەرین
پێکەوە باس کەین مردن وەکو ژین
تۆ رووت کردوە ئاوا لە بانێک
منیش لەگەڵت بۆ مردن ئەچین}
کاتێک ژیانی هاوسەری دەبێتە مەیدانی شەڕ .. ئەوەی دوێنێ بۆی دەژیان ، ئەمڕۆ نامۆیە لە نێوانیان.
ئەو وشە ناسکانەی دوێنێ بە چەپک پێشکەش دەکران و یەکە بەیەکە قوفڵی ژەنگاوی دڵیان دەکردەوە، ئەمڕۆ بوونەتە دڕک و ئازاری یەکتری پێ ئەدەن.
ئەو دەستە ئارام بەخشەی کە دوێنێ گەرمترین سۆز و تەزووی خۆشەویستی بە موولوولەکانی خوێنتا دەگوێزایەوە، ئێستا هەمان دەست بۆتە سەرچاوەی گرژ بوون و شین هەڵگەڕانی جەستەی.
ئەو دەنگە نەرمەی دوێنێ ترپەی دڵی بێ کۆنترۆل دەکرد، ئەمڕۆ بۆتە سەرچاوەی هەڕەشە و دڵە خورپێ.
ئەو چاوە هەنگوینیانەی کە بە تەنها تیلەیەکی، بریقەدارترین نامەی خۆشەویستی و حەسرەتی دووری دەگەیاند،
ئەو چاوانەی وەک مناڵێکی عەجول بوو بوونە ئاوێنەی ناخی گەرم و ڕووتی تۆ، ئێستا رک و بڵێسەی تووڕەیی ئەنێرن.
ئەو گۆرانیانەی ئێواران لەبەر دەمی خۆتانەوە بۆ یەکتریان دەگووت، ئێستا بوونەتە ترسناک ترین بانگی جەنگ و رووخاندنی خەونەکان.
ئەو بەڵێنانەی شەوان بە خەیاڵی ئامێزی یەکتری بەیەکتریان ئەدا…بەڵێنی خۆشەویستی ئەبەدی، لێبوردنی بێ سنوور، گوزەر کردن و ڕازی بوون بە تەرزە و ئاگر، ئێستا بوونەتە بەڵێنی شکاندن و تواندنەوەی بوون و پێناسەی یەکتر.
ئەو خەیاڵە گوڵ مۆرانەی دوێنێ دەتان کردەوە بۆ ڕازاندنەوەی قەفەزی ئاڵتونی، ئەمڕۆ بوونەتە ئامێرازی بەدیل گرتنی رۆحی یەکتری لە چوارچێوەی قەفەزێکی ژەنگاویدا.
چی بوو؟ بۆ گەیشتە ئەوە؟ لە کوێ دەست پێ کرد و بەچی کۆتایی پێدێ ؟ کاری من و تۆ نییە.
تەنها ئەو دوو دڵە، ئەو دوو هەستە، ئەو دوو مرۆڤەی کە زەمانێک یەک گیان بوون دەتوانن وەڵام بدەنەوە. تەنها ئەوانیش بڕیاری بەردەوام بوون یان کۆتایی دەدەن.
ژیان گوێ گرتنە بەبێ دەنگی و هەڵ دانە بەیەکتر. هەر کاتێک ژیان و بەردەوامی بوو بە ئەرک و هەوڵی یەک لایەن، ئەوا بێگومان پەیوەندیەکی نەخۆشە و تا بەردەوام بێت، لاواز تر دەبێت.
#هاوسەرگیری
#جیابوونەوە
#پێکەوەژیان