بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
مێتۆد و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە ، لە ڕاستی دا ، بیرێکی شاهانەی هەموو کۆمەڵگا ، پەروەردە و فێرکردنێکی دیمۆکراسییە ، مێتۆدێکی گرنگ و کاریگەری بواری زانست و توێژینەوەیە . مەبەست لەوەها بیرکردنەوەیەکیش هەڵسەنگاندن و لە بێژینگدانی شت و دیاردەکانە بۆ گەیشتن بە چاکتر و پێشکەوتوو تر ، ئەنتی تێزی دۆگما و هزرە یەقینییەکانە ، دەرهاویشتەی ئازادی بیرکردنەوەو پێشکەوتنیشە . لە هەموو بوارە جیاکانی زانستیشدا ، پێویستە شارەزاییەکی باش دەربارەی ئەم مێتۆدە هەبێت . یەکێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات بۆ لاوازی پێگە و تێنەگەیشتن لەم مێتۆدە دێت . هەموو بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەش پێویستە زەمینەخۆشکەر بێت بۆ بیناکردنی کۆمەڵگایەکی کراوە و دیمۆکراسی ، نەک دیکتاتۆری و تۆتالیتاری .
هەن ، کە باس لە چەمکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کاردانەوەی ڕەخنەگرانە دەکەن ، لێ کەمن، کە لە مانا و ڕۆڵی ئەو دەگەن ، ڕەخنە و دژایەتییەکان تێکەڵ بەیەک دەکەن ، کەچی ئامانجی هەموو بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە ، پێشخستن و دەوڵەمەندکردنی بابەتەکەیە ، نەک داڕمان و تێکدان . سەختی ڕاگرتن و ڕەهەندی ڕەخنەگرانە، لە سیاسەت و مێدیا دا دەردەکەوێت . لە بواری زانستیشدا ، مێتۆدی ڕەخنەگرانە پێویستە ڕاسیۆنالیستانە و بەڵگەدار بێت . بنەمای هەر بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەبێت لە خستنە بەر گومان و پرسیارەوە دەستپێبکات ، کە پێچەوانەی شێوە بیرکردنەوەی دۆگمایی و یەقینە . دروستکردنی هەموو گومان و پرسیارێکیش پێویستی بە دەرەنجامی چاک و ئەلتەرناتیڤ هەیە ، ڕوون و فرەیی بگرێتەخۆیەوە . دیاردەی ڕەخنەگرانەش بە گەشی لەسەردەمی ڕێنێسانس و ڕۆشنگەریی دا دەردەکەوێت ، پاشان لە کۆمەڵگا پێشکەوتووە دیمۆکراسییەکان دا ، نەک خنکاندنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پستبەستن بە پڕۆپاگەندە و نا فاکت ، وەک ئەوەی لە کۆمەڵگا داخرا و تۆتالیتارییەکان دا هەستپێدەکرێت . دەرخستنی ڕووی ڕاستی هەر چەوتییەکیش لە رێگای ڕەخنە و ئەزموونەوە دەبێت ، کە پاشان دەبێت بە فاکت . هەڵەبجە بۆتە شوێنێک بۆ گەشتیاران ، لێ فاکتێکیشە بۆ پیشاندانی زوڵم و زۆرداری ڕژێمێک .
لە هەموو بیرکردنەوەکیشدا ، ئەرکێکی بێلایەنی و مۆراڵی هەیە ، کە پێویستە پێیەوە پابەند بین . بەها مرۆیی و مۆڕالییەکان دەمانخەنە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتییەوە . لە نێوان بیرکردنەوە و واقیعیشدا ، کۆمەڵێک دید و ڕەهەندی هزری دژ بەیەک دەردەکەون ، لێ پێویستە بەرەو ئەو دیدە ڕێبکەین ، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی و واقیعی شتەکەیە ، نەک وەک ئەوەی دەمانەوێت .
مێتۆدی ڕەخنەگرانەی مرۆڤ بەرەو ئەوەمان دەبات ، کە ڕەخنە لە مۆدێل و تیۆرەکانیش بگرین ، چونکە ژیان لە گۆڕان و پێشکەوتن دایە ، کەواتە هزرەکان پارادیگمین ، شتێک نییە وەک خۆی بمێنێتەوە ، لایەنی بەردەدام و داهێنەرانەی مرۆڤیش لێرەدایە . مۆدێل و تیۆرەکان بەرهەمی دیدێکی زانستیانەی مرۆڤن ، لێ زانستیش ڕێژەییە و ڕەها نییە ، پێوەری ڕاستی هەموو تیۆرێکیش واقیعە ، تیۆر و ئەزموونیش تەواوکاری یەکترن ، هەردووکیشیان سەرچاوەی مەعریفەتی مرۆڤن ، هەر بۆیە ، دەبێت لە دیدێکی ڕەخنەگرانەشەوە سەیری مێتۆدەکان بکەین ، کە بابەتی مێتۆدۆلۆژین . هەروەک چۆن مێتۆدەکان جیاوازن ، بە هەمان شێوەش ، توێژینەوە زانستییەکانیش لێکجیاوازن . کۆکردنەوە و خوێندنەوەی سەرچاوەکانیش دەبێت لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە بێت ، نەک کوێرانە بۆ سەرچاوەکان بگەڕێینەوە و بەکاریان بهێنین .
ئێمەی مرۆڤ هەلگری پێنج جۆری هەستین ، لێ بە هەستی بینین زۆر لە شتەکان دەبینین و زانیارییەکان بەرەو سیستەمی نێرڤ و مێشک/ ئەقل دەگوازینەوە ، لەوێشدا ، پرۆسەی بیرکردنەوە دەستپێدەکات ، دەرەنجامی لۆژیکیش وەردەگرین ، پاشان لە ڕێگای کۆمۆنیکاسیۆنی زمانی ئاخاوتن و نووسین دەیانگەیێنین بە دەوروبەر .
پێویستە بە ئەنالیزێکی ڕەخنەگرانەوە لە دەرەنجام و ئەنجامەکانیش بڕوانین ، نەک کوێرانە . هەر لەو ڕوانگەیەوە دەبێت لە مێدیاکان بڕوانین ، نەک تەنیا ببینە وەرگر و بینەرێکی پاسیڤ .
چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانیش پێویستیان بە هەڵوێست لەسەرکردن و خوێندنەوە و تێگەیشتنی ڕەخنەگرانە هەیە ، نەک تێکدان و ڕەتکردنەوەو نەفیکردنێکی ڕەهایانە / ڕەش و سپی .
زانستە سروشتییەکان بۆ تێگەیشتنە لە سروشت ، لێ زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تێگەشتنە لە مرۆڤ و کۆمەڵگا ، دامودەزگاکانیش بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگان ، لێ هەندێک جار بۆ سەرکوتکردن و زۆردارین ، ئەوکات دەبێت بگۆڕێن ، ستروکتووری کۆمەڵگاش ئەوە دروستدەکات ، نەک بیۆلۆژی ، بەڵام بۆ ئەوەی پێکەوە هەڵکەین و بژین ، پێویستمان بە شێوە پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە و دیمۆکراسییانە هەیە ، کە ئازادانە و ڕەخنەگرانە بیربکەینەوە ، لێ بەردەوام دیسکورسی دژ بەیەک و بەوە زۆرن . گەورەترین و ترسناکترین دیاردەش لەوەدایە ، کە خۆمان درۆ لەگەڵ خۆمان دا بکەین و خۆمانهەڵخەڵەتێنین .