فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کیژی خۆم شەرم مەکە

کیژی خۆم، شەرم مەکە

ھیبە فيصل/ نووسەر

چما بۆ تاریکترین قوژبن ئەگەڕێیت تا ڕازەکانی تێدا گرمۆڵە بکەی؟
بۆ چاوەکانت لە نیگا و ئەوینی مانگ گرێ ئەدەی؟
دیارە لە پەڵەی نێوچەوان و قسەی ئەم و ئەو ئەترسی!

شەرم مەکە لەو لێوانەی بە داوی نەریتە گەنیوەکان هەڵچنراون
ئەو خەیاڵە گەرمانەی ئازادیان دەوێ و وەک لاشەکان حەشار دراون

شەرم مەکە لە گەواهی ئاوێنە بۆ چرچی چاوت
درزی جەستە، ڕووخساری ئاوساو و لوتی پژاوت
لە ئەگریجەی چەور و لە فرمێسکا گەوزاوت

تۆ نازانی خەم زیندووە و لە دڵدا ئاوس دەبێ؟
شەرم مەکە لەو بەردانەی لەسەر لێوت وەک تاڤگە هاڕەیان دێ
لەو دەستانەی لەجێی خونچە، دڕک بەدیاری دێنێ

شەرم مەکە لە خەیاڵی شەو
موچوڕکە و دەستبازی، حەزی بێ کۆتای تۆ بۆ ئەو
بازنگەی ژیان بەیەک پێک نایێ
هەروەک بەهار بە خونچەیەک نایێ

شەرم مەکە گەر گوتیان شومە،
سەرخۆرە و خودای بەدکارانە
ئەی نەتچێشتووە پایز، دەمێک ڕەشەبا و تاوێک بارانە؟

کیژەکەم، شەرم بەرگێکە و پڕ بە باڵات بۆت ئەچنن.
تەنها هەستێکە و چواردەورت ئەیسەپێنن.
بزانە، نە خونچە فەقەت بە شکانەوەی قەد سیس و نە دەریاش بە دەمی سەگێک پیس ئەبێ.
ژیان داواکردنە، بەرەنگار بوونەوەیە و پێدانە
تاوێک سەنگەرێ سەخت و تاوێک لەنگەر هەڵدانە.
#شەرم
#کیژ
#مناڵ
#ژن
#تۆ
#ژیان
?💜