فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەدەب قەرزداری مەرگە

ئەدەب قەرزداری مەرگە

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

“کامۆ فێری کردم، ژیان خۆی بێ مانایە، ئەگەر مانایەکی هەبێت، خۆمان پێمان بەخشیوە”
ئەوە ڕاستە ئەدەب نە واقیع دەگێڕێتەوە، نە مێژوو دەنووسێتەوە، بەڵام نووسەر کەم و زۆر ئەزموونی خۆی لە بەرهەمیدا ڕەنگ دەداتەوە، هەر بۆیەش زۆربەی ئەوانەی ڕۆمانیان لەبارەی هۆلۆکۆستەوە نووسیوە، خۆیان بەشێک لە ژیانیان لە یەکێک لەو کەمپی زۆرەملێیانەدا بەسەر بردووە کە نازیستەکان جوویان تێدا خڕ دەکردەوە. ئیمرە کیرتێز (١٩٢٩ – ٢٠١٦) لەسەر گێڕانەوەی ئەزموونی خۆی لە یەکێک لەو زیندانانەدا، خەڵاتی نۆبێڵی ساڵی٢٠٠٢ وەردەگرێت. سەلام عەبدوڵڵا، مەهاباد قەرەداخی و پشکۆ نەجمەدین بە هۆی گێڕانەوەی ئەزموونی خۆیانەوە لە زینداندا، جوانترین بەرهەمی خۆیان، پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. لایەنگەلی هاوبەش لە نێوان هۆلۆکۆست و ئەنفالدا زۆرن، سی و شەش ساڵ بەسەر ئەنفالدا ڕەت دەبێت و هێشتا کەسێکی لە ئەنفال دەربازبوو، ئەزموونی خۆی بە ڕۆمان نەگێڕاوەتەوە. دەستبردنی هونەری بۆ ئەنفال، گێڕانەوەی ئەو ئەزموونە بە کۆمەکی خەیاڵ، کارێکە مەگەر تەنیا لە توانای کەسانی بلیمەتدا هەبێت.
کە دەقێکی ئەدەبی بەسەر دەکەینەوە، ئەوە ئاسایییە، ڕەنگە بڵێم وەک ئەرکیش وایە، بە پێوەندیی لەگەڵ دیرۆک، سۆسیۆلۆگیا، سایکۆلۆجیا و زمانناسیدا سەرنجی بدەین. زمان هێندە گرنگە، دەشێت کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمان بێت، وەک چۆن بۆ نموونە لە دەقی سەر بە ڕێبازی ڕۆمانی نوێدا، شوێن قارەمانی سەرەکییە. ڕەخنەگر تەنانەت پێویستی بە ئاماریش دەبێت کە بۆ نموونە دەیەوێت، ئەو وشانە بژمێرێت، ڕۆڵی کلیل وازی دەکەن. ئەوە ئەگەر نەڵێم ساویلکەیییە، لای کەم بەدحاڵیبوونە، ئەگەر پێمان وابێت، دەق سەربەخۆیە و هیچ پێوەندییەکی بە دەرەوەی خۆیەوە نییە.
کێشەی ئەو نووسەرە داهێنەرانە ڕەنگە ئەوەبێت، بەشێک لە کاتی زێڕینی خۆیان، بە نووسینەوە بۆ ڕۆژنامە، بە فیڕۆ دەدەن
لە ناخی هەر یەکێکماندا کۆمەڵێک چیرۆک هەن، شیاوی گێڕانەوەن، بەڵام بەدەگمەن هەمانە، چیرۆکەکانی ناخی بنووسێتەوە. کەی وەختی نووسینەوەی چیرۆکەکانی ناخمان دێت؟ ناتوانین ئەو ژووانە دەستنیشان بکەین، ئاخر نووسین بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت دێت و داگیرمان دەکات و ئیدی تا مل بۆ مەرجەکانی کەچ نەکەین، ئۆقرە ناگرین، ئیللا مەگەر نووسەرێکی بلیمەت بین، لەوانەی مۆمێکی هەمیشە داگیرساون، نووسینیان کردووە بە پیشە و تا دوا تروسکە ڕووناکی و تا دوا دڵۆپ توانەوە، دەست لە نووسین هەڵناگرن و خۆیان بڕیار دەدەن، کەی دەنووسن و کەی نا. کێشەی ئەو نووسەرە داهێنەرانە ڕەنگە ئەوەبێت، بەشێک لە کاتی زێڕینی خۆیان، بە نووسینەوە بۆ ڕۆژنامە، بە فیڕۆ دەدەن.
لە ڕۆماندا وەک چۆن کارەکتەری چوستوچالاک هەیە، کارەکتەری خاووخلیچکیش هەیە، یەکەمیان لە جێیەک گیر ناخوات، دەجووڵێت و گەشە دەکات و دەگۆڕێت، وەلێ دووەمیان کەسایەتییەکی ساردوسڕ و نەگۆڕە. هەر یەکێک لەو دوو کاتەگۆرییە لە کەسایەتی، سەروەختی چنینی ڕۆمان، بایەخی خۆیان هەیە و دەشێت دروستبوونی دراما بە هەبوونی هەردووکیانەوە پێوەست بێت. ڕۆماننووسان بەگشتی، شەیدای ئەوەن، بایەخ بەو جۆرە لە کەسایەتی بدەن کە بە دەم گۆڕانەوە دەژین، نەک ئەوانەی گۆڕانیان بەسەردا نایەت، ئاخر کەسانی نەگۆڕ، ئەوانەی قەت بیر لە سەرچڵی ناکەنەوە، سەرنجی خوێنەریش ڕاناکێشن. یەکێک لە ئەرکەکانی نووسین، لەقاندنی چەمکی جێگیر و تێکشکاندنی تابووە، ئەم کارەیش بە کەسایەتیی یاخیبوو دەکرێت.
ساڵی ١٩٤٤ لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا، پۆلیس پاسێک کە قوتابی بۆ خوێندنگە دەگوێزێتەوە، ڕادەگرن، خوێندکارێکی مێردمنداڵی کە نازانێت مەسەلەکە چییە، لێ دادەگرن و دەیبەن. دەیبەن و لەگەڵ هەزاران جووی دیکەدا، بە قیتار بۆ یەکێک لەو کامپانەی بەڕێ دەکەن کە شوێنی خڕکردنەوەی ئەو جووانەیە، ئیشی زۆرەملێیان پێ دەکرێت. بێ ئەوەی ئەم دەرکی پێ کردبێت، باوکیشی دوو ساڵێک پێش خۆی، بۆ هەمان چارەنووس ڕەوانە کراوە. ئیمرە کیرتێز خۆی ئەو قوتابییە بەدیلگیراوەیە و لە ڕۆمانی (پیاوێکی بێ چارەنووس)دا ژیاننامەی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەو ڕۆمانە ئەگەرچی باسی هەلومەرجێکی هێندە سەخت دەکات کە تێیدا ماوەی نێوان ژیان و مردن، هێندەی تاڵەموویەکە، بەڵام بە شێوازێکی ئاسان نووسراوە.
گێڕەرەوە کە کارەکتەری سەرەکیشە هەر دەڵێیت خەریکی پێشکەشکردنی فیلمێکی دۆکومێنتارییە، ئاخر نە بیروڕای خۆی دەردەبڕێت، نە ڕقی لە هیچ دەبێتەوە
کوڕیژگەی قارەمانی ڕۆمانەکە کە بە (تاوان)ی جووبوون دەستگیر کراوە، چونکە لە خێزانێکی سیکولاریستدا پەروەردە بووە، هیچ لە بارەی ئایینی موساوە نازانێت، کە نزیک ئەو کامپەی بۆی دەبەن، مێرگێک دەبینێت، خەیاڵی بۆ ئەوە دەچێت، بۆ تۆپانێ گونجاوە! لەوێ لە ئەنجامی کەمخۆراکی و کاری دژوارەوە، تەواو لاواز دەبێت و نەخۆشیش دەکەوێت، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ژیان لە دەست نەدات. کارەسات ئەوەیە، دەزانێت لەوێ نەخۆش چارەسەر ناکرێت و هەر کە مرد، تەرمەکەی دەسووتێنرێت. پیاوێکی بێ چارەنووس کە ڕۆمانێکی هونەرییە، هێندە بێلایانەنە و بابەتییانەیە، هێندە دوور لە هەست و سۆز ڕووداوەکان بەسەر دەکاتەوە، گێڕەرەوە کە کارەکتەری سەرەکیشە هەر دەڵێیت خەریکی پێشکەشکردنی فیلمێکی دۆکومێنتارییە، ئاخر نە بیروڕای خۆی دەردەبڕێت، نە ڕقی لە هیچ دەبێتەوە و تەنانەت نە باس لە هەبوونی تاقە هەڵەیەک دەکات.
گێڕەرەوە بێ ئەوەی داوای هیچمان لێ بکات، ئێمە ناچار دەبین، هەست بە بەرپرسیاری بکەین، هەڵوێست بنوێنین و بیر بکەینەوە کە هەلومەرجی سەخت، چۆن بێبەزەیییانە کار لە ئینسان دەکات و چۆن هێدی هێدی ئینسان دەرک بەوە دەکات، بووە بە ژمارەیەک، کەرەسەیەک یان هێزی کار و هیچی دیکە. نووسەر بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ هیچ بڵێت، فێرمان دەکات، لە دژوارترین ڕەوشدا، بوێریی لە دەست نەدەین، لێ نەگەڕێین چرای خەباتمان لە پێناوی ژیاندا خامۆش ببێت، هەمیشە پۆزەتیڤ بیر بکەینەوە، هەرگیز کۆڵ نەدەین، قەت ورەمان نەڕووخێت و بەردەوام لە چاوەڕوانیی ژیانێکی باشتردا بین. ئایا ئەوە لوتکەی ئازایەتی نییە، بەبەر چاوتەوە، هاوڕێیەکانت بمرن، ڕەوانەی کوورەی سووتاندن بکرێن، تۆیش لە دووکەڵکێشە بڵندەکانەوە، شایەتی بینینی دووکەڵی تەرمی سووتاویان بیت و هێشتا بیر لە ئازادییش بکەیەوە؟ لەو هەلومەرجە دژوارەدا، هێشتا ئینسانیبوونیت لە دەست نەدەیت و بە دەنگ هاواری هاوزیندانەکانتەوە بچیت؟
(وەک پێت خۆشە ڕەوتارت لەگەڵدا بکرێت، وەها هەڵسوکەوت لەتەک ئەوانی دیکەدا بکە!) ئاخۆ ستەمکاریش سەروەختی تەنگانە، بە هیوای ئەوەیە، ستەملێکراوان بە هانایەوە بچن؟ نازییەکان بۆچی جوویان قەلاچۆ دەکرد؟ تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە، جوو ئەسمەربوو، نەک وەک خۆیان سپی؟ نازییەکان خۆیان لەوان پێ باڵاتربوو، بێئاگا لەوەی ئینسان بە چاوپۆشین لە ڕەگەز، زمان، ئایین و ڕەنگی پێست، هەمان بایەخی هەیە. ڕاسیست بە چاوێکی سووکەوە سەرنجی خەڵکانی غەیری ڕەگەزی خۆی دەدات، بەعسیش بە هەمان شێوە لە کوردی دەڕوانی، بۆیە هێندەی پێی کرا، کوردی قەلاچۆ کرد. پارادۆکس ئەوەیە، کورد تاقە میللەتە، بە هانای ئەوانەوە چووبێت کە بەشدارییان لە قولاچۆکردنیدا کردووە.
ئیمرە کیرتێز دەمێک بوو، بیری لەوە کردبووەوە، ئەزموونی خۆی بنووسێتەوە، بەڵام نەیدەزانی کەی دەست پێ بکات و چۆنی بگێڕێتەوە، تا کتێبێکی دەست دەکەوێت کە نووسەرەکەی بۆ ئەو نەناسراو دەبێت، کە ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە، دەست بە نووسین دەکات. کتێبەکە کورتەڕۆمانی (بێگانە)ی ئەلبێر کامۆ (١٩١٣ – ١٩٦٠) دەبێت. ئیدی (کیرتێز)یش دێت، بە هەمان شێوازی کامۆ، بە زمانێکی ئۆبژێکتیڤی تا ڕادەیەک وشکوبرنگ نەک شیعری، بێ هیچ مێتافۆرێک، بێ هیچ دەستتێوەردانێکی ڕاستەخۆی فیکری یان سۆزاوی، بێ هیچ هەڵسەنگاندنێک، لە چاوی بێلایەنی کامێراوە، بێ دەستنیشانکردنی هیچ سەرئەنجامێک، یان هیچ هەڵەیەکی سیستەمەکە کە ئەوی فڕێ داوەتە ئەو کەمپەوە، بێ هیچ ڕەخنەگرتنێک لە ڕێسا و دیسپلینی زێدە سەختی کەمپەکە، لە ڕۆمانی پیاوێکی بێ چارەنووسدا، ئەو سادیسمەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە سایەی نازیسمدا برەوی هەبوو، سادیسمێک کە ڕەنگە نەچێتە عەقڵەوە.
بۆ بەرجەستەکردنی بەربەریزمی نازییەکان، یان بەعسییەکان، خەیاڵ وەگەڕ بخەین، ئاخر لە هەردوو بارەکەدا، واقیع لە خەیاڵی تێدەپەڕێنێت
قارەمانی ڕۆمانەکە کە مێردمنداڵێکە، هەر چی دەبینێت، بۆی شتێکی هێندە تازەیە، غافڵگیری دەکات و توانای ئەوەی نییە زانیاری لەبارەیەوە بدات، یان شیی بکاتەوە، ئەمەیش کە بە قازانجی تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکە شکاوەتەوە، لە لایەن نووسەرەوە بە هۆشیارییەوە پلانی بۆ دانراوە. کە ڕۆمانەکە ١٩٧٥ بۆ یەکەم جار لە هەنگاریا بڵاو دەبێتەوە، هیچ دەنگدانەوەیەکی نابێت، وەلێ هەر کە لە بەرلین پەخش دەکرێت، ئیدی وەها دەنگ دەداتەوە، دەگاتە خەڵاتی نۆبڵ.
ئیمرە کیرتێزیش وەک ئەلبێر کامۆ، نە دەرسی مۆراڵمان پێ دەڵێتەوە، نە تەنانەت وشەیەکی زبر لە دژی پاسەوانەکانی کەمپەزیندانەکە بە زاریدا دێت، نە بێزی لەو هەموو دڕندایەتییە دەبێتەوە، بەڵکوو بێ کاردانەوە، بێ هیچ یاخیبوونێک، یان تەنانەت ناڕەزایی دەربڕینێکیش ڕێساکانی گەمەکەی ئەوێ ڕەچاو دەکات. گێڕەرەوە کە مێردمنداڵێکی چواردە پازدە ساڵانە، ڕستەیەک ناڵێت، لە ئاستی ئاوەزی خۆیدا نەبێت و هیچ لەوە ناچێت، باسی ئەوسامان بۆ بکات، هەر دەڵێیت باسی ئێستامان بۆ دەکات و هێشتا هەر لەناو ڕووداوەکاندایە، هەر لەوە دەچێت چیرۆکێکمان بۆ بگێڕێتەوە کە هەرگیز ناگاتە کۆتایی، چیرۆکێک کە هەرگیز لە بیرمان ناچێتەوە.
پیاوێکی بێ چارەنووس، لە خۆڕایی نۆبێڵی بۆ نووسەرەکەی دابین نەکردووە، ئاخر بە شایەتیی ئەوانەی هەڵیانسەنگاندووە، باشترین ڕۆمانێکە لەبارەی قەلاچۆکردنی جووەوە، لەمەڕ کۆشتنی بە کۆمەڵ، بە گاز خنکاندن و لە کوورەدا سووتاندنی جووەوە نووسرابێت. لەسایەی ئەڵمانیای نازیدا، هەر جوو ڕیشەکێش نەدەکران، قەرەج و هەموو ئەوانەیشی لە ڕووی جەستەوە، یان عەقڵەوە کەمایەسییەکیان هەبووایە، هەمان چارەنووسیان دەبوو. ڕۆمانەکە سەفەرێکە لە هەنگاریاوە بۆ ئەڵمانیا، قارەمانەکەی دوای ئەوەی ساڵێک لە سێ کەمپی زۆرەملێدا، نزیک لە مەرگەوە دەژی، هێندە نزیک تا ئەو ئاستەی دەقیقە بە دەقیقە و سەعات بە سەعات، هەوڵی خۆ دەربازکردن لە مەرگ دەدات، ئیتر دوای کۆتایی هاتنی دووەمین جەنگی جیهانگرەوە، ئازاد دەکرێت و بۆ هەنگاریا دەگەڕێتەوە، بەڵام بە ڕزگاربوون لە مەرگ، هێندە خۆشحاڵ نابێت، ئاخر سیستەمێکی ستەمکار، جێی ئەوەی پێشوو دەگرێتەوە و دووبارەبوونەوەی هەوڵی لەناوبردنی ئەم یان ئەو گەل، هێشتا هەر ئەگەرێک دەبێت، چاوەڕوانکراو.
تیۆدۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣– ١٩٦٩) فەیلەسووفی ئەڵمانیایی گوتوویەتی: (ئەوە کارێکی بەربەرییانەیە، شیعر لەبارەی ئاوشویتزەوە بنووسین.) بە پێچەوانەوەی ئەوەوە، کیرتێز وای بۆ دەچێت، کارێکی ئینسانییە، هەرچەندە ئەزموونێکی ترسناکە. کە بە چیرۆک باسی هۆلۆکۆست یان ئەنفال دەکەین، ڕەنگە پێویستمان بەوە نەبێت، بۆ بەرجەستەکردنی بەربەریزمی نازییەکان، یان بەعسییەکان، خەیاڵ وەگەڕ بخەین، ئاخر لە هەردوو بارەکەدا، واقیع لە خەیاڵی تێدەپەڕێنێت، هەر بۆیەش لە (پیاوێکی بێ چارەنووس)دا، لەوە ناچێت، هیچ کام لە ڕووداوەکان، زادەی فانتازیای کیرتێز بن. هەر هیچ نەبێت لە سۆنگەی ئەوەوە، نازیستەکان هەوڵیان دەدا، هیچ شوێنەوار و شایەتێک لە دوای هۆلۆکۆستەوە جێ نەمێنێت، بۆیە ئەوە وەک ئەرک وایە، ئەوی شتێک لەو بارەیەوە دەزانێت، بینووسێت.
کیرتێز کەسێکە ڕووخۆش، سۆزی لێ دەتکێت و هاوهەستی خەڵکی ستەملێکراوە، ئاخر هەم ستەمی نازییەکانی دیتوە و هەم هی ستالینیزم. ئەو کە ساڵێک لە تەمەنی لە سێ زیندانەکەمپی ئەڵمانیای نازیدا بەسەر بردووە، (ئاوشویتز، زیتس و بوخنواڵد) دەڵێت: (بۆ ئەوەی کارەساتی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە، دەبێت هەمیشە ناوی ئەو شوێنانەمان لە یاد بێت.) کە کورد سوورە لەسەر ئەوەی هەرگیز هەڵەبجەی لەبیر نەچێتەوە، لەبەر ئەوەیە، کارەساتی هەڵەبجەیش هەر قەلاچۆکردنی بە کۆمەڵی ئینسان بوو بە گاز، وەک لە سایەی نازییەکاندا ڕووی دا. کیرتێز پێی وایە: (دیموکراسی ئەوەیە، ئینسان هەم توانای گوتنی هەموو شتێکی هەبێت، هەم بشتوانێت گوتوبێژ لەبارەی هەموو شتێکەوە، بکات.) کە لەبارەی مەرگەوە پرسیار لە کیرتێز دەکەن، دەڵێت: (ڕەنگە ئەگەر مەرگ نەبووایە، دەربارەی فەلسەفە قسەمان نەکردبا، ئەدەبیش قەرزداری مەرگە. هەیە بە نەترسی دەزانین، کەچی لە سەرەمەرگدا، لە منداڵێکی تۆقیو دەچێت، هەیشە بە ترسنۆکی دەزانین، کەچی بەوپەڕی بوێرییەوە، پێشوازیی لە مردن دەکات.)
پیاوێکی بێ چارەنووس کە یەکەمین ڕۆمانی کیرتێزە، ڕۆمانێکی پەروەردەییی پڕ لە زانیارییە. خۆی لەبارەیەوە دەڵێت: (ئەگەر مردن نزیک بێت، هەلی قسەکردن لەسەر فەلسەفە دەڕەخسێت، کە لە سایەی ستەمی ستالینیزمدا ژیام، ئەوسا بە تەواوی لە مانای ئاوشویتز تێگەییشتم. ئەو سەروەختە هەستم دەکرد، ئەو ئەدەبە وجوودییەی لە فەرەنساوە پێشکەش دەکرێت، باس لە چارەنووسی من دەکات، هەر بە کارلێکی ئەو ئەدەبەیش بڕیارم دا، ئەزموونی خۆم لە سایەی نازیزم و ستالینیزمدا بنووسمەوە. ئەلبێر کامۆ نموونەی باڵای من بوو، سەروەختێک دەمتوانی چەندان لاپەڕەی ڕۆمانی (بێگانە)کەی لەبەر بڵێمەوە. لە کامۆوە فێربووم، ئەوە هەلومەرجی تایبەتە، شێوازی ژیان بەسەر ئینساندا دەسەپێنێت، بۆ نموونە بێ ویستی خۆی دەیکات بە جوو و ئیدی دەبێت لەو گۆشەنیگایەوە، نرخ بۆ شتەکان دابنێت! کامۆ فێری کردم، ژیان خۆی بێ مانایە، ئەگەر مانایەکی هەبێت، خۆمان پێمان بەخشیوە. ئینسان ئەگەر بخوازێت و خەباتی بۆ بکات، دەتوانێت مانایەک بە ژیانی بدات.
*
(1) Imre Kertész، Mannen utan öde، Översättnin av: Maria Ortman، Norstedts förlag 2013 Stockholm.
(2) Imre Kertész om Imre Kertész، 2 november 2007 Svd kultur، Stockholm.
(3) Elisabeth Brännström، En roman om Auschwitz، 21 feb 2013 Litteratur، Stockholm.
(4) Erik Lövfendahl، Förintelseförfattare، Arbetet Kultur 15 nov 2013 Stockholm.
(5) Stefan Jonsson، Det är en plikt att vara lycklig، DN 05. 12. 2002 Stockholm