فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەهیدان تاجی سەرن

شەهیدان تاجی سەرن

تاریق كارێزی/ نووسەر/ كەركووك

 

بەم ناونیشانە “شەهیدان تاجی سەرن”، كۆڕیادی یەكەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی 11ی گەلاوێژ لە كتێیخانەی كارێز لە شاری كەركووك بەڕێوە چوو. لە 11ی گەلاوێژی 2723ی كوردی (بەرانبە بە 2/9/2023ز)دا، خەڵك و گەنجانی گەڕەكی ڕەحیماوا لە باكووری شاری كەركووك لەگەڵ ژمارەیەك گەنجی گەڕەكەكانی دیكەی نزیك بە ئەوێ، دژ بەو كەڵەگاییەی كۆمەڵێك خەڵكی شۆڤێنی دەرهەق بە كورد دەیانكرد، ڕاپەڕین و هاتنە سەر شەقام.

گەنجانی كورد ئاشتیخوازانە هاتنە سەر شەقام و داوای كردنەوەی شاڕێی كەركووك- هەولێریان دەكرد، كە شۆڤێنی و دژە كورد بە زۆری زۆردارەكی و لە سایەی هێزی فەرماندەیی عەمەلیاتی كەركووك سەر بە سوپای عیراق، ئەو شاڕێیەیان گرت بوو، لە پاڵ ئەوەشدا سووكایەتییان بە كورد و ڕێبواران دەكرد.

  پار (2023)، پارێزگای كەركووك لە خۆ ئامادە كردندا بوو بۆ بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك. لەو هەلومەرجەدا، كەشی سیاسیی پارێزگاكە وەك تەواوی پارێزگاكانی دیكەی بندەستی حوكمەتی عیراق، لە ڕەوشێكی نیمچە بارگاوی بوو. شاری كەركووك بەوەی ناوەندی ململانێی نێوان كورد و حوكمەتی عیراقە، هەردوو لا دەیان ساڵە، بگرە هەر لە سەردەمی ڕاپەڕینەكانی شێخ مەحموودی حەفیدەوە تا دەگاتە ئێستا، هەردوو لا هەوڵی یەكلایی كردنەوەی ناسنامەی شار و پارێزگاكە لە بەرژەوەندی خۆیان دەدەن.

هیچ گومان لەوەدا نییە، كەركووك بەشێكە لە باشووری كوردستان، بەر لەوەی لە سەدەی شازدەمەوە، هاوكات لەگەڵ داگیر كردنی لە لایەن عوسمانییەوە، ببێتە ناوەندی ئەیالەتی شارەزوور، واتە پایتەختی باشووری كوردستان، كەركووك بە درێژایی سەدان ساڵ بەر لەو وادەیەش، هەردەم چەشنی پایتەخت و شارێكی سەرەكیی باشووری كوردستانی بووە.

دەوڵەتی عیراق ماوەی 103 ساڵە لە لایەن ئینگلیزەوە دروست كراوە. بەر لەوەی دەوڵەتی عیراقیش دروست بێت، شێخ مەحموودی حەفید بە نوێنەرایەتیی كورد داوای كرد كەركووك و شوێنانی دیكەی باشووری كوردستان، بەشێك بن لە شانشینی كوردستان، كە لە شاری سلێمانییەوە ڕایگەیاند و هەر ئەو شارەشی كرد بە پایتەختی شانشینەكەی، كە ئینگلیز بە زەبری هێز ڕووخاندی.

ئەوەی كەركووكی لە باشووری كوردستان دابڕی و ڕێگر بوو لەوەی لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیدا بێت، بەریتانیای مەزن بوو. بەریتانیا و زلهێزانی دیكەی دنیا، لە پاڵ دەوڵەتانی دراوسێ، تا ئەم كاتەش ڕێگرن لەوەی كەركووك بەشێك بێت لە باشووری كوردستان. هەمووان لەو باوەڕەدان، كەركووك بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، هەمووانیش دەرهەق بە ڕاگەیاندنی كوردستانی سەربەخۆ بەرهەڵستن، كەواتە هەر خۆشیان ڕێگرن لەوەی كەركووك بەشێك بێت لە باشووری كوردستان.

بارتەقای ئەو دژایەتییە دژوارەی دەرهەق بە ناسنامەی كەركووك دەكرێت، كورد بە مكوڕ بوونی بەردەوامەوە، داوا دەكات كەركووك بەشێك بێت لە جوگرافیا و میراتی شارستانی و كولتووریی خۆی لە كوردستانی نیشتیماندا، كە لە كوردستانی سەربەخۆدا، بەرجەستە دەبێت.

ململانێی سەر كەركووك لە چەندین ئاستدا بەڕێوە دەچێت. لە سەروبەندی خۆ ئامادە كردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە گوێرەی ڕێككەوتننامەی هاوبەندی بەڕێوە بردنی دەوڵەت، كە سێكوچكەی (شیعە و كورد و سوننە) واژۆیان كردووە و حوكمەتی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق محەمەد شیاع سوودانیی لەسەر دامەزرا، دەبوو بارەگای پارتەكانی كورد لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە، ڕادەست بە خۆیان بكرێنەوە. ئەم بابەتە لە پای ئەجیندای سیاسی و بۆ خواست و ئامانجی سیاسی، خەڵكانی دیكەی جوولاند.

كاتێك سوودانی فەرمانی ڕادەست كردنەوەی بارەگای پارتەكانی كوردی دەركرد، خەڵكانی شۆڤێنی بۆ ڕێگری كردن لە چالاكیی سیاسیی كورد لە كوردستانی دەرەوەی هەرێم، كەوتنە خۆ، هەوڵیان دا ئەو هەنگاوەی بە ئاراستەی ئاسایی بوونەوەی ڕەوشی ناوچەكانی كوردستانی دەرەوەی هەرێم دەندرێت، كە بە بۆچوونی ئەوان خزمەت بە كورد دەكات و ڕێ بۆ دووبارە باڵادەستیی كورد، دوای پاشەكشەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017خۆش دەكات، پووچەڵ بكەنەوە. لەو هەلومەرجەدا نەیار و دژبەرانی كورد كەوتنە جووڵە بۆ دژایەتی كردنی ئەو ڕێكارە و ئەو ڕێككەوتنەی لە بارەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كراوە.

بڕیارێك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزی چەكدار دەری بكات، چۆن دەكرێت جێبەجێ نەبێت؟ بە تایبەتی كە ئەو بڕیارە بەشێكە لە كارنامەی حوكمەتەكەی. بە سەركێشیی سەرۆك هۆزی عەرەبی عوبێد لە قەزای حەویجە لە باشووری ڕۆژاوای كەركووك، (وەسفیل عاسی) خەڵكانێك لە عەرەبی گوندەكانی حەویجە و عەرەبی دەرەوەی پارێزگای كەركووك هێندرانە بەردەم بارەگای فەرماندەیی عەمەلیاتی كەركووك، كە تەواوی یەكەكانی سوپای عیراق لە پارێزگای كەركووك لە بن فەرمانی ئەو فەرماندەییەدان، لەوێش چەند خێوەتێكیان هەڵدا و دژ بە ڕادەست كردنەوەی بارەگایەكی سەرەكیی پارتێكی كورد، پەناگیرییان ڕاگەیاند. ئەو بارەگایەی لە ساڵی 2017وە فەرماندەی عەمەلیاتی كەركووك بە شێوەیەكی نایاسایی دەستی بەسەردا گرت بوو.

پەناگیرانی هۆزەكانی عەرەب كە چەند لایەنێكی سەر بە بەرەی توركمانیشیان هاتە پاڵ، شاڕێی نێوان كەركووك- هەولێریان گرت، لێدوانی توند و ڕەگەزپەرستانەیان دژ بە كورد دەدا و دروشمی زۆر زەقیان لە دژایەتی كورد بەرز دەكردەوە. لە عیراقدا دیموكراسییەكی سەیر لە ئارادایە، چۆن دەكرێت بارەگای فەرماندەییەكی گەورەی سوپا نەتوانێت ڕێگری لە كارێكی نایاسایی بكات؟ ئاخر ئەو خەڵكەی بە ناوی پەناگیرییەوە شاڕێی كەركووك – هەولێریان گرت، كێشە و ئاستەنگی زۆر گەورەیان بۆ ژیان و هاتوچۆی ڕێبوارانی ئەو شاڕێیە و خەڵكی چەند گەڕەكێكی باكووری شاری كەركووكیش دروست كرد. پارێزگاری بە وەكالەتی ئەوساش، ڕاكان جبووری، كە عەرەبێكی ڕەگەزپەرست و دژە كوردە، ئەویش ئاسانكاری و پشیتوانیی بۆ پەناگیران دەربڕی، بەزمی دژایەتیی كردنی كوردی لە شان خۆش دەهات. بەم جۆرە لە ئاستی سەربازی و مەدەنیدا، پەناگیرانی ڕەگەزپەرستی دژە كورد، پشتیوانییان لێ كرا، ئیدی شوێنەكەیان كرد بە دیوەخانی چا و قاوە خواردنەوە و ژەمە نانی چەور، كە لە لایەن ئەوانەی بە ئاشكرا یان نهێنی لە پشتی پەناگیرییەكەوە بوون، بۆیان دابین دەكرا.

لە ماوەی شەش ڕۆژی پەناگیرییەكەدا، كورد زۆر هەوڵی دا بە شێوەیەكی ئاشتیانە ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، شاڕێی هاتوچۆی هاووڵاتی و ڕێبواران بكرێتەوە، بەڵام پەناگیران و ئەوانەی لە پشتیانەوە بوون، سواری سەری خۆیان ببوون، ئامادە نەبوون گوێ لە هیچ كەسێك بگرن و بە قسەی هیچ كەسێك بكەن. بەم جۆرە دۆخەكە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو، باری ژیانی خەڵكی كەركووك و ڕێبوارانی نێوان كەركووك و هەولێر و شارەكانی دیكەی باكووری كەركووك، قورستر دەبوو.

دوای شكست هێنانی هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ كردنەوەی شاڕێی كەركووك- هەولێر دران، كە خەڵكی شاری كەركووك و بە تایبەتی دانیشتووانی گەڕەكەكانی باكووری شارەكەی، ڕووبەڕووی گوشاری ز

ۆری ژیان و دەروون دەكردەوە، ئێوارەی شەشەمین ڕۆژی پەناگیرییەكەی شۆڤێنییەكان، گەنجانی گەڕەكی ڕەحیماوا خۆپیشاندانێكی جەماوەری و خۆڕسكانە و دوور لە ڕێنمایی و فەرمانی هیچ كەس و لایەنێك دەست پێ كرد، خۆپیشاندەران لە سەری بازاڕی ڕەحیماواوە بەرەو شوێنی پەناگیرییەكە بەرانبەر بە پەیكەری پێشمەرگە كەوتنە ڕێ. تا دەهات ژمارەی خۆپیشاندەران زیاتر دەبوو، گەنجانی گەڕەكەكانی دیكەی نزیكی ڕەحیماواشیان دەهاتە پاڵ، بە پێی ڕاپۆرتی پۆلیسی كەركووك، ژمارەی خۆپیشاندەران لە گەنجانی كورد گەیشتە سەرووی (4) هەزار خۆپیشاندەر، بە مەبەستی گوشار خستنە سەر پەناگیرانی شۆڤێنی، بۆ ئەوەی دەست لە گرتنی ڕێگاكە هەڵبگرن و ڕێ بە ڕێبواران و خەڵكی بدەن، بێ كێشە بەو شاڕێیەدا تێپەڕ بن، كەوتنە تایە سووتاندن، خۆپیشاندەرانی كورد لە سێ لاوە بەرەو خێوەتگەی پەناگیران و بەردەم بارەگای فەرماندەیی عەمەلیات جوولەیان كرد، بەدەم دروشم گوتنەوە، تا دەهات لە خێوەتگەی پەناگیرانی شۆڤێنی نزیك دەبوونەوە، چركە بە چركە ڕەوش بەرەو ئاڵۆزی دەچوو، ترس نیشتە دڵی پەناگیرانی شۆڤێنی، سوپای عیراق كە تا ئەو چركەساتە ببوو بە پەناگەی پەناگیران و دەیپاراستن، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە و ترساندنی خۆپیشاندەرانی كوردیش، سوپا جووڵەی بە زریپۆش و هەمەر كرد، نەخێر گەنجانی كورد لە زریپۆش نەترسان و توندتر دروشمیان دەگوتەوە. تا دەهات تووڕەیی گەنجانی كورد لەو هەڵوێستە دوژمنكارانەی پەناگیران ئەستوورتر دەبوو، بە تایبەتی كە زریپۆشی دەوڵەت ئەوانی دەپاراست و بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران كورد دەبووەوە.

دەمەو ئێوارەیەكی درەنگ، پەناگیران خۆیان لە ڕەوشێكی زۆر مۆلەقدا بینییەوە، ناوچەكە یەك پارچە كوردنشینە و دەرەتانی هەڵاتیان نەبوو، تووڕەیی گەنجانی كوردیش بە ترۆپك گەیشت بوو، هەر كە گەنجانی كورد گەیشتنە ئوتومبیلەكانی پەناگیران، ئاگریان تێ بەردان، بە دەمییەوە دەنگی تەقە بەرز بووەوە، ئەگەرچی پۆلیسی كەركووك بە تایبەتی ئەفسەرانی پۆلیسی كورد، ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان خستە گەڕ تا دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن و كار نەگاتە ئاستی پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەرانی كورد لە لایەك و سوپا و هێزی ئەمنیی عیراق و پەناگیران لە لایەكی دیكەوە.

لەو ئان و ساتە ئالّۆزەدا تەقە لە خۆپیشاندەرانی كورد كرا، بۆیەش تەقە بەرەو ڕووی خۆپیشاندەرانی كورد كرا، بە ئامانجی ترساندن و تۆقاندنیان بوو، بۆ ئەوەی بڵاوە بە خۆپیشاندانەكەیان بكەن. تەقە كردن لە خۆپیشاندەرانی كورد، هێندەی دیكە ئەوانی تووڕەتر كرد، ئەو ئێوارەیە (11ی گەلاوێژی 2723ی كوردی) كار زیاتر هەڵایسا و خۆپیشاندەرانی كورد بە بەرد و هێزی ئەمنیی عیراقیش بە گوللە، بەرەو ڕووی یەك بوونەوە، هێزی ئەمنیی عیراق بە تایبەتی ئەوانەی دەكرد ئامانج، كە لە نێو خۆپیشاندانەكەدا ئاڵای كوردستانیان بە دەستەوە بوو. سەرەنجام پێكدادان و ڕووبەڕوو بوونەوەی نێوان هەردوو لا تا بەرەبەیانی ڕۆژی 12ی گەلاوێژ (3/9/2023) بەردەوام بوو، لەو ڕووبەڕوو بوونەوەیەدا چوار گەنجی كورد (هاوكار عەبدوڵڵا، سەمەد محەمەد، هەڤاڵ ستار، حوسێن سابیر) بە گوللەی هێزی ئەمنیی عیراق شەهید بوون و (14) خۆپیشاندەری دیكە و (2) پۆلیسیش بریندار بوون.

شیاوی گوتنە، هاوكات لەگەڵ هەڵاتنی پەناگیرانی شۆڤێنی بە گوشاری خۆپیشاندەرانی كورد، شاڕێی كەركووك- هەولێر شەوی 11ی گەلاوێژ (2/9/2023ز) بە ڕووی ڕێبواران و هاووڵاتیاندا كرایەوە.

ڕۆژی دوای خۆپیشاندانەكەش تا ماوەی پتر لە (10) ڕۆژ، حوكمەتی عیراق بە سەدان رزیپۆش و ئوتومبیلی سەربازی و هێزی پڕچەكی لە بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی كوردنشینی كەركووكدا جێگیر كرد، هەر سەرە شەقام و كۆڵانێك بە دوو زریپۆش تەندران، حوكمەتی عیراق ترسی ئەوەی هەبوو، ڕەوشی ئەمنی لە شارەكەدا زیاتر ئاڵۆز بێت و پێكدادانی نەتەوەیی دروست ببێت، دەنگۆی هاتن و جوولەی هێزی پێشمەرگەش بەرەو كەركووك لە ئارادا بوو، بۆیە حوكمەتی عیراق شارەكەی پڕ كرد لە هێزی سەربازی و ئەمنی، سەدان تانك و زریپۆش لە نێو گەڕەكەكانی شاردا مۆڵ دران.

بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕاپەڕینە دلێر و بوێرانەی گەنجانی كوردی كەركووك، بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە، ڕۆژی 27ی گەلاوێژ 2724ی كوردی (18/9/2024ز)، كتێبخانەی كارێز بە هاوكاریی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی- لقی كەركووك مەراسیم و كۆڕیادێكی بۆ شەهیدانی 11ی گەلاوێژ لە كتێبخانەی كارێزدا ڕێك خست.

لەو مەراسیمەدا كە ژمارەیەكی زۆری دەستەبژێری شار و كەس و كار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی 11ی گەلاوێژ ئامادە بوون، سەرەتا بە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ كرد، پاشان بەڕێوەبەری كتێبخانەی كارێز، تاریق كارێزی وتەیەكی لە ستایش كردنی شەهیدانی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان بە گشتی و شەهیدانی 11ی گەلاوێژ بە تایبەتی، پێشكەش كرد، ئنجا قەلغانی ڕێز و ئەمەكداری پێشكەش بە هاوژینانی هەر چوار شەهیدەكە (هاوكار عەبدوڵڵا، سەمەد محەمەد، هەڤاڵ ستار، حوسێن سابیر) كرا، دواتر لالۆ ڕەنجدەر پێشمەرگەی دێرین و سروودبێژی ناودار بابەتێكی بە ناونیشانی (كرۆكی نەتەویی) پێشكەش كرد، تێیدا گەشتێكی بە مێژووی ئەو ستەم و دژایەتییەی نەتەوەكانی دراوسێی كورددا كرد، كە دەرهەق بە نەتەوە و نیشتیمانی ئێمە كردوویانە و تا ئێستاش دەیكەن، ئەو جەختی كردە سەر ئەوەی، ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد پێویستە لە دۆخی هەستی نەتەوەییەوە بەرەو هۆشیاریی نەتەوەیی بچن، بۆ ئەوەی ئاستی تێكۆشانی نەتەویی و نیشتیمانیی خۆیان بەرەو باڵاتر ببەن، بەو چەشنەی بتوانن هەنگاوی خێراتر و كاریگەرتر بە ئاراستەی گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان و بەدەست هێنانی ئازادی و ڕەهایی بهاون.

هەر لەو مەراسیمەدا لە لایەن كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی- لقی كەركووكەوە دیاری پێشكەش بە مامۆستا خاتوو كوردستان كرا، كە مامۆستای قوتابخانەیەكی شاری پردێیە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە سەرەڕای گوشار و گەفی زۆر، بەڵام ئامادە نەبوو ئاڵای كوردستان بەسەر تەلاری قوتابخانەكەیەوە، بهێنێتە خوارێ، هاوكات كۆمەڵە خەڵاتێكی پێشكەش بە مامۆستا دلێریش كرد، ئەویش مامۆستای قوتابخانەیەكی شاری پردێیە، لە ڕێی كردنەوەی مۆزەخانەیەكی فۆلكلۆری كوردی و كتێبخانەیەكەوە، خزمەتێكی زۆر گەورە لە بواری پەروەردەدا پێشكەش بە قوتابیانی شاری پردێ دەكات و كار بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار و زرنگ دەكات.