فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پەپوولە

پەپوولە

 

د.مستەفا زەنگنە/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

پەپوولە،زیندەوەرێکی باڵدارەو،سەدان جۆری هەیە، بەیەکێک لەجوانترین زیندەوەرەکانی سەرزەوی هەژمار دەکرێت،هەروەها لەزمانی کوردیدا،بە نموونەی دڵپاکی و ڕەوشت پاکی ، ئاماژەی پێ دەکرێت وەکو:-
+نازەنینی هاوەڵم، پەپوولەیەکە بۆخۆی.
کەواتە کەسێکی پاک و بێ گوناهو بێ فرت و فێڵە. ئەم لێکچواندنە لەخۆڕا نەهاتووە، چون جگە لەوەی پەپوولە نموونەی جوانی و نەخشی کردگارە، لەهەمان کاتدا زیندەوەرێکی سوود بەخشەو، ساڵانە دەبنە هۆی متوربەکردنی گەڵی لە درەختەکان و بەهەزاران تۆن خۆراک پێشکەش بەمرۆڤ دەکەن، جگە لەوەش لەڕووی ئاینیشەوە زۆرجار ئاماژە بە نەخشی کردگاری سەرسووڕهێنەری باڵی پەپوولەکان دەکرێ، کە بەڕاستی هونەرو داهێنان و جوانییان لەڕووبەرێکی کەمدا کۆکردۆتەوە، دیارە زۆرجار ڕەنگی پەپوولە دەبێتە دەسنیشان کردن بۆ جۆری پەپوولەکەو ناولێنانی، سەیر لەوەیدایە، هەموو جۆرەکانی پەپوولە ،لەهەموو وڵاتێکدا نین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆری کەش وهەوای وڵاتان، هەندێ پەپوولە بەرگەی گەرما دەگرن هەندێکیشیان بەرگەی سەرمادەگرن، هەیانە لەکەش وهەوای شێداردا دەژین و هەشیانە بەپێچەوانەوە، پەپوولە لەشیعرو گۆرانیشدا ئاماژەی پێ کراوە. زۆرێک لەهوزانڤان و هونەرمەندان، وشەی پەپوولەیان بەکارهێناوە، بۆنموونە،شێرکۆ بێکەس..دەربەن پەپوولە…ی نووسیوەتەوە، قوبادی جەلی زادەو، محمد احمدو فەرەیدوون عەبدول بەرزنجی و زۆربەی هوزانڤانان لەبەرهەمەکانیاندا پەپوولە دەبینین، ئەوەتانێ، مەرزیە فەریقی دەڵێ:
چوارپەپوولەکەی باخچەی باخەکەم.
هەروەها کەریم کابان دەڵێ:-
خۆزگە منیش وەک پەپوولە، عومرم تەنها وەرزێ بایە.
لەشیعری کوردیدا وشەی (پەروانە)،کە فارسییە،بەواتای پەپوولە دێ، بەزۆری هوزانڤانانی کلاسیکی بەکاریان هێناوە.لەبواری سینەمای جیهانیشدا، فلیمی..کۆکەرەوەی پەپوولەکان..بە یەکێک لەفلیمە جیهانێکان دادەنرێت.
زوربەی پەپوولەکان تەمەنیان کورتەو، لەوەرزێکدا دەژین، ئیدی گەرا دادەنێن و لەوەرزی داهاتوودا دەترووکێن و عەشقی فڕین و رووناکی و گوڵن. بەزۆری نێو باخ ودارستان و گوێی ڕووبارەکان جیهانی ژیانی پەپوولەکانن، کە وەرزی پەپوولەیەک دێ، ئیدی بەملیۆنەها دەبینرێن،یەک نەخش،یەک قەبارە، هیچ مرۆڤێک ناتوانێ دەپەپوولەی یەک جۆرویەک ڕەنگ لێک جیابکاتەوە، کەچی ئەو ملیۆنەها پەپوولانە، هەندێکیان هەن،نێرو مێکانیان لەدووریی چل و پێنج کیلۆمەترەوە دەزانن ئەوی دی لەسەر کامە گوڵ وکامە چڵە. پەپوولەکان ،هێندە شەیدای ڕووناکین ،هێندە لێی نزیک دەبنەوە تاوەکو دەسووتێنن، تا ئێستا نەزانراوە ئەو عەشقە چییەو بۆچی بەمەرگ کۆتایی دێ؟ئەو مرۆڤانەش، کە شەیدای ڕووناکیی هزرو ڕووناکی بینینی ژیانن، ئەوانیش هەمیشە بەو شەیداییە سەردەنێنەوە،یان سەریان لەڕێگایدا دادەنێن.