ئایدۆلۆژی
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
چەمکی ئایدۆلۆژی لە چەمکی ئایدیا و لۆگۆسی گرێکییەوە هاتووە ، کە بە مانای تیۆری هزرەکان دێت . دەستپێکی بەکارهێنانی ئایدۆلۆژی بۆ سەردەمی نوێ بە گشتی و شۆڕشی فەرەنسی دەگەڕێتەوە .
ئاشکرایە، کە دید و جیهانبینی دژبەیەک هەن دەربارەی چەمکی ئایدۆلۆژی ، هەندێک لە هزرمەندەکان ئایدۆلۆژی بۆ دیدێکی هەستەکی ، پسیکۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژی دەگەڕێننەوە ، بەڵام لە دیدی مارکس دا ، ئایدۆلۆژی بەشێکی دانەبڕاوی سەرخانە ، سەرخانیش بە ڕەنگدانەوەی ڕاستیی واقیع پێناسەدەکات ، لێ دەکرێت ئەو ڕەنگدانەوەیەش ، ڕەنگدانەوەیەکی چەوت و هەڵە بێت ، یا ڕاست ، کاتێک کە ژێرخان و سەرخان هاوتەریب نەبن ، جۆرە پارادۆکسالییەک دروستدەبێت ، ئەوکات واقیع پێویستی بە وەرچەرخان و گۆڕانە . مارکس بە ڕاست دەزانێت ، کە مرۆڤ لە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئایدۆلۆژی/ هزرەکان بکات .
لە دونیای هاوچەرخ دا ، زۆرن ئەوانەی لە ژێر پەردەو پاساوی جۆراو جۆری وەک ترانسێندێنتالیزم و هومانیزمی دا ، یا لە ژێر بیانوی دیمۆکراسی و هزری فەلسەفی جیادا ، دژ بە پێگەو مانای بەکارهێنانی چەمکی ئایدۆلۆژی لە ژیان و سیاسەت دا دەوەستنەوەو بوونی ئەو ڕەتدەکەنەوە.
لە ڕاستی دا ، ئایدۆلۆژی کۆمەڵێک دید و هزری بەیەکەوە گرێدراوە ، وەک : سیاسەت ، قانوون، مۆڕال، ئێستێتیک ، ئایین و فەلسەفە و …هتد . هەموو ئایدۆلۆژیەتێکیش – ڕاست یا ناڕاست ، بۆخۆی ڕاستەوخۆ ، یا ناڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی واقیعی فرەلایەنی کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەتی ، بێ شک، لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵگاکەش ئەویش گۆڕانی بەسەر دا دێت ، جا ئەو پڕۆسەیە ، لاواز بێت ، یا خێرا .
لە هەموو سەردەم و کۆمەڵگایەکیشدا ، هەندێک لە چین و توێژە دواکەوتوو و زۆردارەکان هەوڵدەدەن ، کە جۆرە ئایدۆلۆژیەتێکی چەوت فۆرموولە بکەن ، ئەوەش بۆ شێواندنی هزری ڕاستی مرۆڤەکانە ، بەڵام ئەرکی بەرەکەی ترە ، کە جەوهەری ڕاستی شت و دیاردەکان دەربخەن .
ئایدۆلۆژیەت نەمردووە ، ماوەو لەگەڵ مرۆڤ و کۆمەڵگا دا دەژیت . هەموو ئایدۆلۆژیەتێکیش سەربەخۆییەکی ڕێژەیی خۆی هەیە ، کە لە توانای دا هەیە ، واقیع دروستبکاتەوەو بیگۆڕێت .
لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو ، دیمۆکرات و خۆشگوزەران دا ، ململانێی نێوان هزرەکان لاواز و،کاڵدەبنەوە ، بەڵام لە کۆمەڵگاکانی تردا، ململانێکان سەخت و بە زەقی دیارن ، لێ لە هەردوو حاڵەتەکەدا ، ئایدۆلۆژیەت بوون و ڕۆڵی خۆی لەدەستنادات ، بەڵگەش بۆ ئەوە واقیعی کۆمەڵگا پێشکەوتووە پیشەسازییەکانە .
بەڵێ ، چین و توێژەکانی هەر کۆمەڵگایەکیش بە پێی ئاستی هۆشیاری و بەرژەوەندی خۆی دەبێتە هەڵگری جۆرە ئایدۆلۆژیایەک ، لەم بوارەشدا، چەندین هزر و ئایدیای دژبەیەک هەن ، جۆری ململانێ و دژایەتییەکانیش بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت .
لە کۆمەڵگا و سیستەمێکی سیاسی دیمۆکراسی / لیبڕاڵی ، کۆنزەرڤاتیزم و سۆسیال دیمۆکراتی دا هەست بە جۆرە هزرێکی بان ئیدۆلۆژی دەکرێت ، لێ لە جەوهەردا ، بە شێوەیەکی شاراوە یا دیار ، ململانێیە هزرییە سیاسی و فەلسەفییەکان بەردەوامن ، نەک وەک هەندێک بانگەشەی مردنی بۆ دەکەن ، تەنانەت لە هزر و ڕەوتی بەربڵاوی پڕاگماتیزمی هاوچەرخدا ، هێشتا ڕاست و بەرژەوەندی لە ڕێگای ئەزموونی مرۆڤەکان دا دەبن بە جۆرە هزر و ئایدیایەک ، لێ هزر و ئایدیای کۆمەڵگای پیشەسازی و سەرمایەداری ، لە هەمانکاتیشدا، جێمس دەیەوێت بیکات بە ” لۆژیکی توێژینەوەی زانستی ” و ، تاکگەراییەکی ڕووتی بەرژەوەندخوازی کۆیلەی بازاڕ و کاڵا .
مادام مرۆڤ لە توانای دا نییە ، کە بە دوورەپەرێزی و دوور لە خەڵک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بژیت ، با خۆشی بە ” سوپەرمانێکی بەهێز ” پێناسەبکات ، کەواتە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بۆتقەی ڕەوشە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان دا تواوەتەوە ، لێ شێوازی ئەو توانەوەیە ، لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر ، لە کۆمەڵگایێکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازە ، ئەوەش بەندە بە جۆری پەیوەندی نێوان زات و مەوزوعەوە . جەوهەری هەر تاکێکیش نەک تەنیا لە هۆشیاری و کەسایەتی ئەو دایە ، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان ، لە ڕاستیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دایە ، پاشان مرۆڤ دەبێتە هۆشیاری و ژیانی ڕۆحیی ، لە دەرەنجامدا، لە توانای دا هەیە ، کە ئامرازی جۆراو جۆر بۆ پێشخستنی خۆی و دەوروبەرەکەی بەکارهێنێت ، کە لەو پەیوەندییەشدا، جۆرێک لە شێوازی بەرھەمھێنان و کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت ، بۆیە دەڵێن :” هەر مرۆڤێک لەدایکبووی ڕەحمی دایکی خۆیەتی ” .