فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەشداری ژن لە هەڵبژاردنەکان لە تورکیا

بەشداری ژن لە هەڵبژاردنەکان لە تورکیا

 

د. نازەنین عوسمان / نووسەر / فەڕەنسا

 

هەڵبژاردنی پەرلەمان لە تورکیا، مێژوویەکی کۆنی هەیە، لە ساڵی 1877 لە کاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، بەڵام ژن مافی بەشداریکردنی تێدا نەبووە.

مستەفا کەمال ئەتاتورک، بڕوای بە دامەزراندنی کۆمارێکی سیکۆلاریزم هەبوو؛ زۆرێک لە یاساکانی گۆڕی و یاسای شارستانیيەتی دانا لەجیاتی ئەو یاسایانەی پشتیان بە شەریعەتی ئیسلام بەستبوو. بەشێک لەو یاسایانە، دانی بە یەکسانیی ژن و پیاودا نا. یەکەم پارتی ژنان لە لایەن چالاکوانی ژن، نەزیهە محەمەد لە 1923 دامەزرا، بەڵام ئەم پارتە نەیتوانی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیدا رۆڵێکی گرنگ ببینێت.

مافی دەنگدانی ژن و خۆکاندیدکردن، لە ساڵی 1934 لە تورکیا درا، ئەمە پێشکەوتنێکی زۆر دیار بوو بەراورد بە زۆربەی وڵاتان، بۆ نموونە؛ لە فەرەنسا لە ساڵی 1944، ئیتاڵیا 1946، سووریا 1949، یۆنان 1952، ئێران 1963، سویسرا 1971، ئوردن 1976، عیراق 1980…

بەشداریی ژن تەنیا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا نەبوون، بەڵکوو بەشدارییان هەبوو لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و موختارەکانیشدا.

ژن، لە ساڵی 1935 بە رێژەی 4.6%  کورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێنا. لەدوای ئەو هەڵبژاردنە، ئەم رێژەیە بەردەوام لە دابەزیندا بووە تا سەرەتای ئەم سەدەیە جارێکی تر بەرەو بەرزبوونەوە چوو تا گەیشتە لە سەدا بیست لە کۆی کورسییەکانی پەرلەمان. لە ساڵی 2023دا 121 کورسییان هێنا لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان.

ژمارەی دەنگدەران لە تورکیا سەروو  61 ملیۆنە و نیوەیان ژنن، بەڵام رێژەی بەربژێری ژن لە کۆی گشتی بەربژێرەکاندا کەمە، ئەمە لە نێو هەموو پارتە سیاسییەکاندا بە هەمان شێوەیە و ئەو ژنانەی دەنگ بۆ ژنیش دەدەن، کەمترن.

کەمیی سەرکەوتنی ژنان، تەنیا لە پەرلەماندا نییە، بەڵکوو لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و موختارەکانیشدا دەبینرێت و رێژەکانیان لە باشترین حاڵەتدا لە سەدا پازدە تێپەڕی نەکردووە.

رۆڵی ژن لە تورکیا، بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستانەی لەبەردەم بەشداریی ژندان لە ناوەندی بڕیاردا؛ نموونەی تانسو چیلەر هەیە، پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆکوەزیران لە 1993 تاکوو 1996.

تورکیا یەکەم وڵات بوو واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی ئیستانبووڵ کرد لە 2011، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی بەرانبەر بە ژن و توندوتیژیی خێزانی، کە 45 وڵاتی ئەوروپی واژۆیان لەسەر کردووە. بەڵام تورکیا لەو رێککەوتننامەیە هاتە دەرێ، بە قسەی ئەردۆغان؛ ئەم رێککەوتننامەیە هانی هاوڕەگەزبازی دەدات و شیرازەی خێزان تێک دەدات. ئەمە لایەنگرانی ئازادی و یەکسانیی ژنانی خستە نیگەرانییەوە و بە هەنگاوێکی پاشەکشەیان دانا، کە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئازادیی ژنان و ژنان کۆتوبەند دەکا و بەشدارییان لە سیاسەتدا کەم دەکاتەوە.

گۆڕانکارییەکی گرنگ لە رەوتی بەشداریی ژن لە سیاسەتدا، رێگەپێدانی دانانی لەچک بوو بۆ کار، لە کاتی دامەزراندنی کۆماری سیکۆلاریزمی، ئەتاتورک هانی لابردنی لەچکی دا، بەڵام قەدەغە نەبوو. لە 1984 لەچک قەدەغە کرا لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەشێکی زۆریش لە کەرتی تایبەت قەدەغە بوو ژن بە لەچکەوە بچنە کار. لە سەدا نەوەدی دانیشتوانی تورکیا ئیسلامن و بەشێکی زۆریان پەیڕەوی بڕواکانیانن، ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی 2007دا بەڵێنی هەڵگرتنی یاسای قەدەغەی لەچکی دا بە خەڵک و لە 2008 پەرلەمان دەنگی دا لەسەر لابردنی قەدەغەکردنی لەچک لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، تەنیا لە نێو سوپا و دادگە نەبێت، لە ساڵی 2017 ئەوەش لابرا. بەزۆرەملێ دانەنای لەچک، بووبوو بە رێگر لە خوێندنی ئەو کچانەی نەیاندەویست سەریان رووت بێت، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر بەشداریی ژن لە کاری سیاسی و کەمیی بەشدارییان لە هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردندا. بۆ یەکەم جار کەمال ئۆغلو لە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)، بۆ هەڵبژاردنەکانی 2023 وێنەی لەسەر لافیتەیەک لەگەڵ ژنێکی لەچکدار بۆ گەنگەشەی هەڵبژاردن بڵاو کردەوە، کە ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوو لە پەیڕەو و پرۆگرامی ئەو پارتەدا.

لە 21 ساڵی حوکمی پارتی داد و گەشەی ئەردۆغاندا، کاریگەری زۆری لەسەر رەوتی گەشەی ئیسلامی هەبوو و پشتی بە دەنگی ژنانی موحافیزکار بەستووە، بەڵام لە شارێکی گەورەی وەک ئیستانبووڵ نەیتوانیوە ئەو سوودە وەربگرێت، کە شارێکی کراوەترە بەراورد بە شارەکانی تر.

لە شارە کوردییەکان هەڵبژاردن لەسەر یەک شێوە ناڕوات، بەشداری و پشتگرتنی ژنان هەردەم بۆ بەربژێرەکانی کورد نییە، چ جای بەربژێرە ژنەکان. هەست و سۆزیان بە لای دەسەڵات و هێزە ئاینخوازەکاندا زۆر جار لە بەرژەوەندیی ژنی کورد نییە، بۆ نموونە؛ لە ساڵی 2011 لە پەرلەمان 113 ئەندامیان کورد بوون، بەڵام تەنیا 35 ئەندامیان لەژێر ناوی پارتی کۆنگرەی گەلانی دیموکرات (هەدەپە) بوون. کێشەیەکی تری پارتە کوردەکان ئەوەیە زیاتر گرنگییان بە ئایدیۆلۆژیای دیموکراسی و چەپگەرایی داوە وەک لە نەتەوەیی، بەم هەڵوێستەش بەشێکی زۆر لە ئاینخوازەکانی کوردیان لە خۆیان دوور خستووەتەوە، هەر بۆیە لەو چەند ساڵەی دواییدا ئاک پارتی زۆرینەی دەهێنا لە ناوچە کوردییەکان تا هەڵبژاردنەکانی خۆجێیی 2024.

هەر پارتێکی کوردی، یان پەرلەمانتارێکی کورد کار بۆ دۆزی کورد بکات، حکومەتی تورکی دژایەتی دەکات و دەیخاتە بەندیخانەوە و رێگری لە کارکردنی دەکات، وەک نموونەی لەیلا زانا، یەکەم ژنی پەرلەمانتاری کورد لە ساڵی 1991 و لەیلا گۆڤەن کە لە 2020 مافی پەرلەمانتاریی لێ سەندرایەوە بە تۆمەتی ئەوەی لەگەڵ پەکەکە کار دەکات. زۆربەی کات کوردەکان لەژێر ئاڵای پارتێکی چەپی تورکیدا دەچنە هەڵبژاردنەوە تا لە گێچەڵی حکومەت بەدوور بن.

لە هەڵبژاردنی 2023 ژمارەیەکی باش لە ژنانی هەدەپە گەیشتنە پەرلەمان،  لە هەمان هەڵبژاردندا ژمارەیەک ژن لە پارتە جیاجیاکانیش چوونە پەرلەمان، بەتایبەتی لە پارتی سەوز.