فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

(ژیان لە بازنەی  ئازار و خۆڕاگری) نۆسەد و یەك شەو لە زیندانەکانی پێنج وڵات

(  ژیان لە بازنەی  ئازار و
     خۆڕاگری )
(نۆسەد و یەك شەو لە زیندانەکانی پێنج وڵات)


خوێندنەوە:   سەلما تۆما کاکۆ/ نووسەر/ ئەلمانیا

 


ناوی کتێب : ( ٩٠١)شەو لەزیندانی(٥)وڵات
بابەت        : کورتە سەربووردە
نووسەر     : خالید هەرکی
          (خالید عومەر میکائیل)
                        
چاپ  وساڵ:  یەکەم     /  ٠٢٤ ٢

هەرکات خوێنەر خۆی شایەتحاڵی بەشێکی زۆری سەربووردە و بیرەوەریەکانی نووسەر بێ هەرگیز لە خوێندنەوەیان بێزار نابێ و بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکانیان کە هەندێکیان فرمێسکی پێ دەبارێنن و هەندێکیشیان زەردەخەنە دەخەنە سەر لێوانی ، بەڵام بیرەوەری و سەربووردەی زیندانیان لە گرتووخانەو زیندانەکان ، بە دەگمەن هەڵگری زەرەخەنەن بەڵکو هەر بروسکە ژانن و  لە ناو بازنەی ئازاردا دەخولێنەوە .
لەپاڵ نیگەرانیم بۆ دەردەسەری و ناخۆشیەکانی نووسەر و وەرگێڕی هاوشاریم (خالید هەرکی) لە ژیانی ناو زیندان ، لێ خۆشحاڵم بەو خۆڕاگری و کۆڵنەدانەی کە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەی بیرەوەری و سەربووردەکانی کتێبی(٩٠١) شەو لە زیندانی(٥) وڵات خوێندمەوە .
ناوەڕۆك
ــــــــــــــ
ئەم کتێبە (٩) وێستگەی ژیانی نووسەر لە (٢٩٩) لاپەڕە لەخۆ دەگرێ کە مامۆستا (هیوا سەرهەنگ) پێشەکیەکی زۆر جوانی بۆ نووسیوە بەناونشانی (ئەم بەرهەمانە ڕێچکە شکێنن..! ) کە شایانی خوێندنەوەیە.
وێستگەی یەکەمی کە دەروازەی سەربووردەکەیە باس لە سەرەتای ژیان و  بیرەوەریە تاڵ و شیرینەکانی نووسەر و  خانەوادەکەی لە مەسیف دەکات و وەك هاوشاریەكی هەمان سەردەم  گەواهی دەری  ڕاستیەکانی ئەو وێستگەیەم .
وێستگەکانی تریش بریتین لە( چۆن کتابێك ڕێچکەی ژیانی دەگۆڕێت) ، هەروەها ژیانی(٩٠١)ڕۆژی ناو زیندانی پێنج وڵات کە (ئێڕاق ،ئێران ، تورکیا ،چیك  و سلۆڤاکیا)ن .
جگە لەمانەش ،ئاماژەی بە کورتە باس و ئاماری وێرانکاری هەر هەشت قۆناغەکانی ئەنفالی کردووە  .
لاپەڕەکانی ئەو بیرەوەریانە دەرخەری بوونی (خەبات وقوربانی ، غەدر و خیانەت، ترس و تۆقاندن ،ئازاری جەستەیی و دەروونی ،خۆڕاگری و کۆڵنەدان ،برسیەتی و بێ بەزەیی ،غوربەت و دابڕان ،جیاوازی چینایەتی ، وەفا و مەردایەتی و جوامێری….. ) و زۆری تری نێوان زیندانیانی ناو زیندانەکان و کۆچبەرانی ڕێگای کۆچ و مرۆڤە ئاساییەکانن لە کاروانی ژیانی نووسەر ،
هەروەها لاپەڕەکان بەدەر نین لە چەندین وێنەی دۆکیۆمێنتاری ژیانی ناو زیندان و بەرهەم و نەخش و کارە دەستڕەنگینەکانی خودی نووسەر .
زمانی نووسین
ـــــــــــــــــــــــــــ
نووسەر بە زمانێکی سادە و پاراوی کوردی و وشەی باوی ناو کۆمەڵگەی خۆی بیرەوەریەکانی نووسیوەتەوە بەجۆرێك کە تێگەیشتن لێیان بۆ هەر کەسێك کە تەنها خوێندەواری هەبێت ئاسان بێت ، چونکە زیاتر لەشێوەی گێڕانەوەن دوور لە شێواز و داڕشتنی ئەدەبی و مانای شاراوە و دەربڕینە ئاڵۆزەکان .
ڕووداوە ناخ هەژێنەکان
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بێگومان هەموو ئەو ڕووداوانەی ناو زیندانەکان کاریگەر و ناخ هەژێنن و بەرد دەکەن بە ئاو بەتایبەتیش ئەگەر زیندانیەکان سیاسی بن و بەدەرنەبن لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی ناشیاو .
بێگومان ئەو بیرەوەریانەش زۆر دەوڵەمەندن بەو ڕووداوانەی کە ئازاریان لێ دەچۆڕێ و لووتکەی دڕندەیی ڕژێم و غەدرکردنیان پێوە دیارە لەوانە :
١ــ گریانی مێردمنداڵێكی تەمەن خوار هەژدە ساڵ کاتی خوێندنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی بەتۆمەتی پەڕاندنەوەی پێشمەرگە لەم بەری ڕووبار بۆ ئەوبەر بەو قایەغەی کە بۆ کاسبیکردن و بژێوی ژیان بەکاری هێناوە و بۆ ئەوەی بەر ئەو حوکمە بکەوێت بە خواستی خۆیان لە  بەڵگەنامەکان تەمەنیان گەورەتر کردبوو ،
لاپەڕە( ١٠٢)  .
٢ـ پڕمەی گریانی( مام شینۆ)ی تەمەن (هەشتا ساڵ ) لەگەڵ کازیوەی بەیان کە بە بینینی ئەو تیشکی خۆرەی لە پەنجەرە بچووك وبەرزەکەی زیندانەوە هاتبووە ژوور کە بیری بەیانیە زووەکانی ماڵەوە و بێرییەکەی و ئاژەڵەکانی کردبوو و نەیتوانی بوو هەستی پڕ غوربەتی بشارێتەوە و لەپڕمەی گریانی دابوو ، مام شینۆ خەڵکی( لێلکانی) ناوچەی برادۆست بوو ، دوای بڕیاری قەدەغە کردنی چەك بەتۆمەتی دۆزینەوەی چەند فیشەکێك لە ماڵەکەی بیست ساڵ حوکم درابوو وە لە ماوەی ساڵێکی زیندانیەکەی بۆ جارێکیش کەس سەردانی نەکردبوو ، لاپەڕە (١٣٧) .
٣ــ گێڕانەوەی دیمەنە ناخ هەژێنەکەی دوا ماڵئاوایی کردنی کەس وکاری  (جیهانگیر عەلی عومەر) ی پێشمەرگە و ناسراو بە (کاکە)ی دانیشتووی مەسیف کە لەگەڵ کۆمەڵە گەنجێکی تر لە قەسابخانەکەی ئەبوغرێب لە ئێوارە شوومەکەی ١٩٨٨/٧/١٢ لە سێدارەدراو لەسەر داواکاری خانەوادەکەی و لەبەر متمانەی زۆریان بەبەڕێز (خالید هەرکی)  هاوکاریان بووە لە ئەرکی وەرگرتنەوەو هێنانەوەی تەرمەکەی بەبێ دەنگی و بێ پرسە و بە خاکسپاردنی لە گۆڕستانی شێخ پیرمەم ، کە ئەوکات پرسە دانان و گریانی بە  ئاشکرا بە فەرمانی ڕژێم قەدەغە کراوبوو ، لاپەڕە(٢٣٢، ٢٣٣ )
مەبەستی نووسەر
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
مەبەستی نووسەر لە نووسینەوەی ئەو بیرەوەریانە :
١ـ ئاشکرا کردنی بەشێك لەو نهێنی و بەسەرهاتانەیە کەبوونەتە هۆکاری زیندانی بوونی لە پێنج وڵات و وێناکردنی ژیانی ئەو کاتی هەر تاکێکی کورد بۆ خوێنەر تا زیاتر هەست بکات کورد بوون  چەند سەختە ، لەگەڵ ئەوەشدا تا چ ڕادەیەك پێویستی بە خۆڕاگری و کۆڵنەدان هـەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە لە پێناویدا دەجەنگێ ،هەروەها  هانی خوێنەر دەدات بتوانێ چێژ لە هەموو دەرفەتێکی ژیان وەرگرێت و بوونی خۆی بسەلمێنێ .
٢ـ بۆ ئەمڕۆ نووسینەوەی یادەوەری و سەربووردە و ژیاننامە بوونەتە بەشێك لە ئەرشیفی مێژووی نوێی گەلی کورد و دەرخەری ڕاستیەکانن بێ ئەوەی چاوەڕێی دەستی بێگانە بکرێ مێژووی تاکی کورد بنووسێتەوە .
تێبینیەکان
ــــــــــــــــــ
١ـ لە بەرگی کتێبەکە نووسراوە : (بیرەوەری) لە لاپەڕەی یەکەمی کتێب نووسراوە (سووچێکی یادەوەریەکانم) و لە بابەتی کتێب نووسراوە (کورتە سەر بووردە)  ڕەنگە (بیرەوەری و بەسەرهات) گونجاو تر بووایە بۆ هەموویان
٢ـ بێگومان وەك هەر کتێبێکی تر ئەم
کتێبەش بەدەر نیە لە هەڵەی نووسین و چاپ کە دیارکردنیان خزمەتکردنە بە دووبارە نەبوونەوە و ڕاستکردنەوەیان لە چاپی دووەم ، بەڵام ئەو هەڵە وکەم و کوڕیانە نەبوونەتە هۆکاری گۆڕینی مانای دەق و دەستەواژەکان بۆیە شایانی باسکردن نین و نووسەریان لێ ئاگادار کراوەتەوە .
٣ـ ئاماژەم بە هیچ بیرەوەریەکی تایبەت بە نووسەرم نەکردووە و بۆ خوێنەری جێدێڵم کە ڕەنگە خۆی لەناو هەندێکیاندا ببینێتەوە چونکە ئەوە ژیانی زۆربەی تاکی کوردە .
بەرگی کتێب
ـــــــــــــــــــــــ
دیزاین و ڕەنگەکانی بەرگی کتێبەکە تەواو گونجاون بۆ ئەو بیرەوەریانە بە بۆچوونی خۆم  کە :
ڕەنگی ڕەش
ـــــــــــــــــــــ
زۆرترین ڕووبەری ڕوویەکی بەرگی کتێبەکەیە و بۆ وەسفی زیندان زۆر شیاوە چونکە ئاماژەیە بۆ نهێنی و ڕاز ، هێمایەکە بۆ دونیای نەناسراو و شاراوە و نامۆ ، نیشانەیە بۆ نیگەرانی و مەرگ و پرسە .
خۆڵەمێشی تۆخ
ــــــــــــــــــــــــــــ
بەتێکەڵاوی لەگەڵ ڕەنگی ڕەش لە وێنەی سەربەرگەکە  ئاماژەیە بۆ شیشی زیندان هەرچەندە ڕەنگێکی خەماوی و دڵگیر و ماتە لەهەمان کاتیشدانیشانەی خۆڕاگرییە.
ڕەنگی سپی
ـــــــــــــــــ
نووسینی  ناونیشانی کتێبەکە بە خەتی گەورە  لەهەردوو ڕووی بەرگەکە
بە ڕەنگی سپی دژی ڕەشبینی و تاریکییە، و پەیوەستە بە ڕزگاربوون و سەرەتاو دەستپێکی نووسەرە و خۆ  ئامادە کردنە  بۆ داهاتوویەکی گەشبین.
نووسینی وشەی بیرەوەری بەڕەنگی سپی ئاماژەیە بۆ ڕاستگۆیی و ‌‌ناوی نووسەر
ئاماژەیە بۆ پاکی و بێتاوانی و کارامەیی .
ڕەنگی مۆر
ـــــــــــــــــــ
ڕووەکەی تری بەرگی کتێبەکە تێکەڵەیەکە لە ڕەنگی مۆری کاڵ وتۆخ کە ئاماژەیە بۆ هێمنی وداهێنان وهەستکردن بە گەورەیی و هێزی نووسەر ،  کەئەمەش بە زەقی لە ژیانی دوای زیندانەکان لە بەرهەمەکانی ڕەنگی داوەتەوە و خۆی ڕادەستی خەمۆکی نەکردووە و بە ورەی  بەرزەوە هەوڵی ژیانێکی ئارامی داوە بۆ خۆی و خێزانەکەی ، بوونی خۆی لە بوواری نووسین و وەرگێڕاندا سەلماندووە  کە تا ئێستا بەم بەرهەمەوە خاوەنی نووسینی چوار کتێب و وەرگێڕانی (١٨) بەرهەمی جیاوازە کەزۆربەیان کتێبی مێژوویین و کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەندتر کردووە ، بەو هیوایەی لە سەلیقەی  نووسین و هێزی پەنجەو نووری چاوانی کەم  نەبێتەوە و بەردەوام بێت لەو خزمەتکردنە ، وەك خۆی ئاماژەی پێکردووە (کتێبەکە تەواو نەك ژیان و یادەوەری)  .