خەباتی کوردان
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
چاڵاکی و خەباتی بەردەوامی کوردان بۆ بە فەرمیکردنی زمان و کولتووری کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان دا ، بێ شک، پێویستییەکی گرنگی نەتەوەیی و سەردەمیانەیە ، لێ پاشان دەبێت ، بزاڤی سیاسی و کولتووریی گەلی کورد هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی سیستەمێکی فیدڕاڵی و دیمۆکراسییەتێکی فرەیی بدات ، چونکە ئەوە کەمترین و چاکترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە بەشەکانی کوردستان و دەڤەرەکە دا . ئەم جۆرە هزر و سیستەمەش وەنەبێت تەنیا بە قازانجی گەلی کورد بکەوێتەوە ، بەڵکو بە هی هەموو گەلانی دەڤەرەکەش تەواو دەبێت ، لە هەمانکاتیشدا، وەها شێوازێکی پێکەوەژیانی سیاسی و کولتووری دەبێت بە موگناتیزمێکی سیاسی ، کە لە توانای دا هەیە زۆرترین پشتیوانی بۆ خۆی لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنێت .
هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی هەرێمیش بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ، بیرۆکە و کارێکی خراپ نییە .
من لەو باوەڕەدام، کە تەواوی پڕۆسەی کرانەوەو گلۆبالیزم لە قازانج و بەرژەوەندی کوردان و دۆزەکەی دایە ، چونکە داگیرکاران ناتوانن وەک جاران گەلی کورد لە سنووری داخراوی خۆیان دا سەرکوتبکەن و دەنگیان بە دەرەوەی مرۆڤایەتی نەگات . کۆمەڵگای کوردیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کرانەوەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێت ، ئەوەش دەبێتە فاکتەرێک ، کە کۆمەڵگاکە لە کۆمەڵگایەکی داخراو دا بەرەو کۆمەڵگایەکی کراوەو مۆدێرن بچێت ، هەر چەندە، بەرەی هزری تەسکی ئایینی و سۆفیگەریی، شەڕخواز و نادیمۆکرات لە دەڤەرەکە دا ، هێشتا بەهێزە ، بەڵام گەڕانەوە بۆ دواوە ، ڕەنگە ئاسان نەبێت .
کرانەوەو گلۆبالیزم، هەتا پتر زەمینە بۆ ئاشتی و دیمۆکراسی و پێشکەوتن خۆشبکات ، ئەوەندەش هزر و ڕەوتی تووندڕەوی و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی لە هەردوولادا بەر تەسکتر دەکاتەوە ، خەڵکیش زیاتر بیر لە کرانەوەو دیالۆگ و پێکەوەژیان دەکەنەوە ، هەموو ئەو گۆڕانکاریانەش ، بێ شک، لە دەرەنجامدا، پێگەی ڕەوتی نوێی سیاسی بەهێزتر دەکەن ، ئەگەر ویستی گەلان بەهێز بێت و ، کرانەوەو گلۆبالیزمیش ، بە خێری هەموو لایەک دا بکەوێتەوە ، نەک تەنیا لە بەرژەوەندی کەمینەیەک تەواو بێت ، وەک ئەوەی لە سەردەمی سیستەمی کۆڵۆنیالیزمی کلاسیکی جیهانی دا پێڕەوکرا ، ئەوساکە ، ناوچەکە و جیهان ڕوو لە ئاشتی و پێشکەوتن دەکەن ، بە پێچەوانەشەوە، کارەساتی گەورەتر چاوەڕوانمان دەکات !