یاسای کۆتا و مێژووی سەرهەڵدانی
ئاشنا بابان/ مامۆستای زانکۆ / ھەولێر
کە باس لە پەرلەمان دەکەین لە سەدەکانی پێشوو، تەنها پیاوان دەبینرا لەناو هۆڵەکانی پەرلەمان، بۆیە ئەو دیاردەیە بووە جێگەی تێڕامان و
هاتنە ئارای پرسیارکردنی ئافرەتە ڕۆشنبیرەکان لە مەڕ نەبوونی ڕەگەزی مێینە لە هۆڵەکانی پەرلەمان. بۆ ئەو مەبەستە یاسایەک دەرکرا بۆ بەشداری ئافرەتان و پاراستنی مافی بەشداریکردن لە پەرلەمان و ئەنجومەنی یاسادانان ئەویش یاسای (کۆتا ) هاتە ئاراوە و سەری هەڵدا..
کۆتا یەکێکە لە ئامرازەکانی بەهێز کردنی تواناکانی ئافرەتان، ئەو سیستمە لەسەر بنەمای یەکسانی سەرچاوەی گرتووە لە پێناو کەمکردنەوەی پەراوێزخستن و بوارنەدان بە ئافرەتان بە درێژای مێژوو کە بەدەستییەوە دەناڵێنین. و ژنانی جیهان و ئەمریکایش هەروەها کە لە سەدەکانی نۆزدەهەم بێبەش ببوون لە چوونە ناو کاری سیاسی و… هتد.
کۆتا واتا پێدانی کەمیینە ڕێژەیەک لە مافە ڕەواکانیان، لە پێناو گرتنەدەستی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەسەڵات و پۆستەکان و بەڕێوە بەرایەتییەکان و هاوبەشی کردن لە بڕیارەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگا وەک ئەنجومەنی خۆجیەتییەکان .
لەگەڵ ئەوەی مەرج نییە کۆتا پەیوەندی هەبێت بە کاروباری سیاسییەوە ، کۆتا واتا( بریتییە لە پاراستنی مافی کەمینە لە کۆمەڵگادا و دابینکردنی هاوبەشیان لە ناو کایە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگادا).
کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی کۆتا ڕەنگە تووشی سەرسوڕمان بین، کاتێک کۆتا بۆ مەبەستێکی تر بەکار هاتووە کە پێچەوانەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمانە، بۆ جیاکاری و جیاوازی ڕەگەز پەرستی بەکار هاتووە کەلە ساڵەکانی ١٩٢١ یاسایی ئەمریکی ( کۆتای فریاکەوتنی) ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە دیاریکردنی ڕاژەی ڕێگە پێدراو لە نەتەوە و نەژادە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای ئەمریکی، لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ وە ئەو بۆچون و بارودۆخە گۆڕا ، بەتایبەت پاش ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد بە نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەز پەرستی و نەژادی لە دامودەزگاکان و ناو کۆمپانیاکاندا پێش ئەوەیش دامودەزگاکانی پەروەردە بڕیاری نەهێشتنی جیاکاری جێبەجێ کردبوو. پاشان بڕیارێک درا بۆ بنکەی پۆلیسی یەکێک لە ولایەتەکان کە دەبێت نیوەی کارمەندەکانی پۆلیس لە نەتەوە و نەژادی جیاواز بن.
ئاشکرایە هەوڵەکان بە قۆناغی مێژووی جیاوازدا تێپەڕیون لە پێناو نەهێشتنی رەگەز پەرستی و نەژادی بەبەردەوامی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمانیش.
بەگشتی ئەوەی سەرەوە باسێکی فروانی (کۆتا) بوو.
سەبارەت بە دروستبونی یاسای (کۆتا بۆ ئافرەتان)….
دەبینێن ماوە ماوە دەوڵەتەکان ڕێکەوتن نامە و پەیماننامە واژۆ دەکەن لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی ئافرەتان وبەگەڕخستنی تواناکانیان و دابینکردنی زەمینە سازی بۆ پراکتیزەکردنی کارەکانیان لە ناو کۆمەڵگادا .
هەندێک لەو ڕێکەوتننامانە ماوەیەکی دیاریکراو و سنورداریان هەبووە بۆ نوێنەرایەتی خۆیان لە دامودەزگا و دامەزراوەکاندا، لەگەل پەیوەست بوون و ئیلتزام بوونیان لە لایەن وڵاتانی هاوبەش و واژکەر لەسەر ئەو ڕێکەتنانە کە پێویستە بەهەند وەربگیرێت، خۆ گونجاندنیان لەگەل کلتوورە جیاوازەکان و ئاستی ڕۆشنبیری و توانای کۆمەڵایەتییەکاندا..
لە ساڵی ١٩٩٥ کۆنگرەی جیهانی بۆ ئافرەتان ڕێکخرا لە پکین کە لەو کۆنگرەیەدا بڕیار درا بە دیاریکردنی ڕێژەی پێویست لە ئامادەبونی ئافرەتان لە دامودەزگا تەشریعییەکاندا بە رێژەی ٠/٠٣٠ بێت کە ئەویش جیاوازە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر.
جۆرەکانی کۆتا:-
بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی کۆتا بۆ سێ جۆر پۆلێن دەکرێت ئەوانیش:-
١- کۆتای دەستوریConstitutional Quotas:- لە دەستووردا دابینکراوە کە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە کورسییەکانی دەسەڵاتی یاسادانان بۆ بەرژەوەندی ئافرەتان و ژنان ( ئۆرگانەکان) دیاری دەکرێت.
٢-کۆتای یاسای هەڵبژاردن Electoral Law Quotas:- لە یاسای هەڵبژاردندا بە دەقێکی یاسایی ئاماژە بە سیستەمی کۆتا بکات لە پێناو بەرژەوەندی ئافرەتان و ژناندا.
٣- یاسای پارتە سیاسییەکان Political Party Quotas:- پەسند کردنی پارتە سیاسییەکان لە ڕێسای ناوخۆیی خۆیاندا کە بریتین لە تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە ژنان وەک کاندید بوون.
سیستەمی کۆتا وەک هەر بابەبەتێکی تر لایەنی باش و ئەرێنی هەیە لەگەل دیوەکەی تری کە نەرێنییە:-
لایەنی ئەرێنینەکان:- یەکێک لە باشییەکانی سیستەمی کۆتا ئەوەیە ڕێگری دەکات پەراوێز خستنی ئافرەتان لە پرۆسەی بڕیاردان . دابینکردنی یاسا بۆ پاراستنی مافەکانیان و هاتنە ئارای جۆرە یەکسانی و هاوسەنگییەک. لایەنی نەرێنیەکەی کۆتا ئەوەیە جیاکاری ئەکات لەبەرامبەر پیاواندا، ئەگەر بە واقعی دادپەروەری ئامانج بیت ئەبێت هەمووان یەکسان بن. جگە لەوە وەک چارەسەرێکی کاتییە و نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی دیموکراسی ناکات.
بە پێ ئاماری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدان گەیشتۆتە ئەوەی کە هاوبەشی ئافرەتان لە دامودەزگاکان و پەرلەمان( دەسەڵاتی یاسا دانان- ئەنجومەنی نوێنەران)٠/٠١٥.٢ بووە لە جیهاندا ، لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ٠/٠٦.٤ بووە، میسر یەکەم وڵات بووە بۆ پیادەکردنی یاسای کۆتا لە پەرلەمان لە ساڵی ١٩٧٩ دا کە ژمارەی کورسییەکان ٣٠ کورسی دیاریکرا بۆ ئافرەتان بەڵام پاشان ئەو یاسایە هەڵوەشایەوە.
عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە رێزبەندی ٧٠ ی جیهانە لە رووی ڕێژەی بەشداریکردن لە پەرلەمان، ئافرەتان لە ٠/٠٢٥.٥ لە کۆی کورسییەکانی ٣٢٩ ، ٨٤ کورسی بۆ ئافرەتانە..
لە هەرێمی کوردستانی -عێراق کە بە پێ ماددەی بیست و دووەم کە ڕێژەیەک بۆ ئافرەتان دیاریکراوە کە تێیدا لە ٠/٠٣٠ کەمتر نەبێت.
هاوبەشی سیاسی ئافرەتان و خواست و داواکاریەکانیان هیجی کەمتر نییە لە داخوازییە مەشروعەکانی پیاوان . وەک داواکاری هاوبەشی سیاسی ، هەڵبژاردن و هاوبەشی لە دامودەزگا و کایە گشتیەکاندا . لە بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی دیموکراسی لە ماف و ئازادییەکاندا وەک مافێکی ڕەوای ئافرەتان بۆ دەستبەرکردنی ئازادییە سیاسیەکانیان و لە پێناو پتەوکردن و بەهێزکردنی یەکگرتوی کۆمەڵایەتی و هاتنە ئارای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی وڵات. پێویستە ئافرەتان بواریان پێ بدرێت و زەمین سازیان بۆ ئاسان بکرێت بە جۆرێک توانست کفائەتی خۆیان تیا بدۆزنەوە و پراکتیزەی کاری خۆیان بکەن هاوشان و یەکەسان بن لەگەڵ پیاوان .واتا هاوتەریب بن لە هاوبەشی سیاسیدا، جیاکاری و جیاوازی و کۆتا و دانانی رێژەیەک بۆ ئافرەتان ڕەنگە بۆ سەردەمێکی ڕاگوزاری بارودۆخی کوردستان گونجاو بووبێت، بەڵام لەم رۆژگارەدا ئافرەتەکان توانا و گەشەی جۆری و چەندیتیان جیاوازترە بۆیە نەمانی یاسای کۆتا و فراوان بوونی هاوبەشی ئافرەتان وەک پیاوان کە بە حەقی دەنگی خۆیان بچنە ناو پرۆسەی سیاسی و کێبرکی دادپەروەرانە بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەر کایەیەکی سیاسی و گشتی و بەڕێوەبردندا..
چونکە بێ بەشداری و هاوبەشی جدی و فعلی ئافرەتان دەوڵەتێکی بەهێز و تەکنوکراتی مۆدێرن ئەستمە بێتە ئاراوە…