فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 چۆن لە ڕوانگەی تیۆری گێڕانەوەوە (نارتیڤ) لە خۆمان و ئەوانەی دەروبەرمان تێدەگەین؟

 چۆن لە ڕوانگەی تیۆری گێڕانەوەوە (نارتیڤ) لە خۆمان و ئەوانەی دەروبەرمان تێدەگەین؟

سايکۆلۆژی

 

شەرمين ڕەشيد/ نووسەر : دانيمارک

 

ئیمڕۆ میتۆدی گێڕانەوەی پراکتیکی بە شێوەیەکی بەرچاو لە دنیادا بەکاردێت بۆ تێگەشتن لە پەیوەندي نێوان مرۆڤەکان. دیارترین تیۆریناس لەم بارەیەوە دەرووناسی بەناوبانگی ئەمەریکی ( برۆنەرە ) کە بە تیوريیەکانی رۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن مرۆڤ لە خۆی و لەو بازنە پەیوەندیانە بگات کە پێدەخاتە ناوی لە کۆنتێکستی جیاوازەوە، کە خۆی بەشێکە لێی. تیۆری گێڕانەوە لەسەر بنەمای میتا تیۆری بنیادنانی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، ئەم زانستەيش پەیوەستە بەو شێوازە تایبەتەی کە لە رێگەیەوە لە داکەوت یاخوود لە واقع تێدەگەین. چەمکی زمان لەم مەیدانەدا گرنگی خۆی هەیە، کە بە هۆیەوە تاک گوزارە لە خۆی و ژیانی خۆی و ئەوانی تر دەکات. ئێمە بە کارکردن لەسەر میتۆدی گێرانەوە و بە کردەوە، و لە رێگەی چیرۆکەکانەوە خۆمان و یەکتر دروست دەکەین، بەم شیوەیەيش لە ئامادە بوونەکانماندا هەم ئاراستە و هەم مانا دەبەخشین. برۆنەر پێی وایە کە ناسنامەی ئێمە لە ئەنجامی چیرۆک و گێڕانەوەکانمانەوە گەشە دەکەن و دواتر بە هۆی ئەزموونەکانمانەوە تێگەشتن بۆ مانای کار و مامەڵە و پەیوەنديیەکانمان دەخوڵقێت. هەر لە ئەنجامی گێڕانەوەکانماوەیە کە ناسنامەی خۆمان و ئەوانی تر و پێگەکانمان دیاری دەکەین، بەم هۆیەوە ئاراستە و مانا دەدات بە ژیانمان، دیارە گەشەکردنی کەسایەتی مرۆڤیش وابەستەیە بەوەی کە ئەوانی تر چۆنمان دەبینن، چۆن لەسەرمان بیر دەکەنەوە و قسەدەکەن و چۆن لەگەڵمان دەدوێن و بەرکەوتن دەکەن. هەرچەندە هۆرسداڵ پێی وایە سەختترین کاری پەروەردەیی ئەوەیە کە مرۆڤ دەستی بە کارامەیی گێرانەوەی منداڵدا بگات، و توانای گێرانەوە لای منداڵ بەهیز بکات، وەلێ کارێکی مەحاڵیش نیيە، ئەگەر لە کۆمەڵگەدا بە ئاگایی و بەرنامەوە کاری بۆ بکرێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا توێژینەوەیەکی بەرچاو کراوە لەسەر گرنگی گێڕانەوەی ئەرێنیيانە لەسەر تواناکانی تاک و دەرخستنی ماتەوزەکانی و چۆنیيەتی بەکارهێنانی ئەم زانستە بەمەبەستی دروستکردنی تاکی بە ئاگا لەوەی کە لە رێگەی وشەوە گوزارە لە خۆی و کەسانی دەوروبەری دەکات. ئەگەر لە تیوری جێگێرکردنەوەيش لە گرنگی چەمکی گێرانەوە و باسکردن بڕوانین کە ئاڕاستەی سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و سۆشیۆلۆگی هەیە دەبینین، جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ئێمەی مرۆڤ پێگەی خۆمان لەپەیوەندیيەکانمان بە کەسانی دەوروبەرمانەوە دیاری دەکەین، و پێناسەی خۆمان و ئەوانی تریشی دەکەین و سنووری مامەڵەکردنەکانمان و دەرفەتەکانمان لەگەل یەکتر دەکێشین. هەر لەم سۆنگەیەوە کە شارەزابوونمان بە گرنگی ئەم چەمکە لە زۆر لە گرفتی تێنەگەشتن و بەرکەوتنمان لەگەل ئەوانی تر کەم دەکاتەوە کەبەهۆی وشەکانمانەوە ناوبەناو ڕووبەروویان دەبینەوە. لێرەدا دەکرێت چەمکی پێگەگرتن بهێنینە بەر باس کە چەمکێکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە هەموو رووداوەکانی ناو پێگە کۆمەڵایيەتەکانەوە هەیە. تیوریەکە تیشکێک دەخاتە سەر ئەو راستییەی کە ئێمە دەمانەوێت خۆمان لەپەیوەندی لەگەل ئەوانی تردا جێگیر بکەین. لەم تیوریەدا ئاماژە بە بە سێ چەمک دەکرێت کە سێگۆشەیەی پێگەشتن پێک دەهێنن، دەبێت لە پەیوەندیاندا لەگەڵ یەک لێیان تێبگەین و لێکیان بدەینەوە. ئەمانەيش بریتین لە هێلی چیرۆک (ستۆریلاین) و مامەڵەکردن و هەڵوێست، ئەمانە یەکتر پێناسە دەکەن و لەهەمان کاتدا سنوور و ئەگەرەکانی یەکتر پێک دەهێنن. ستۆریلاین یاخود هێلی چیرۆک دەتوانریت وەک گێرانەوەیەکی کلتووری پەسن بکرێت کە پەیوەستە بە گووتارەکانی ئێستاوە، و هەموو کردارێک لە هێلی چیرۆکەوە مانا وەردەگرێت کە پێوەی گرێدراوە، ئەمەيش وا دەکات هەندێک هەڵوێست بکەویتە دەست مرۆڤ کە دواتر لەرێگەیەوە پێگە و تێگەيشتن بۆ تاک دیاری دەکات کەچی بڵێت و چۆن ڕەفتار بکات. لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتەکاندا هەر لەسەرەتای ژیانی منداڵدا لە باخچەی منداڵانەوە بایەخێکی بەرچاو دەدرێت بە چۆنیيەتی دارشتن و ئاخافتنی منداڵ و گوزارشت لە خۆکردن، بە جۆرێک کە گەورە دەبن دەتوانن ئەوەی دەیانەوێت بە دروستی بیدرکێنن و ڕاشکاوانە هەستەکانیان دەرببڕن، لە هەمان کاتیشدا بە بەرپرسیاری و مرونەوە مامەڵە لەگەڵ هەست وشەکانی خۆیان و کەسانی دەوورووبەریان بکەن. ئەوەی کە لەو وڵاتانەدا و لەرێگەی سیستەمی پەروەردەوە بەردەوام کاری بۆ دەکرێت دۆزینەوەی میکانیزمێکە کە لە رێگەیەوە تیوری گێرانەوە ببەستێتەوە بە تێکەڵاو بوون و رەهەندەکانيیەوە. زۆربەی پسپۆران بەردەوام زاراوە و دەستەواژەی ئەرێنیانە دەدۆزنەوە بۆ دانانی لەبری ئەوانەی کە رەنگە تێگەشتنیکی نەرێنی لەسەر کەسی باسکراو بدات بەدەستەوە. ئەم هەنگاوە رەنگە بۆ هەمووکلتوورێک و هەموو کۆمەڵگەیەک گرنگ بێت، بە تایبەت کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کە هەمیشە ستەم و تەپەسەری بەسەریدا زاڵ بووە و بەردەوام نەرێکاری و رەتکردنەوەی ئەقڵ تاکی بەرەو ئاقاری دڵتەنگی و نائومێدی بردووە، و پەروەردەیەکی پێشکەوتوو لەبەردەستدا نەبووە نە لە خێزان و نە لە خوێندگە و نە لە کۆمەڵگەدا، کە زمانی زبر بەرکار نەهێنیت و گرنگی بە خودی تاک بدات و بەرێزەوە لە جیاوازیيەکانی مرۆڤ بڕوانریت. ئەو پسپۆرانەی کار لەسەر گرنگی تیوری گێرانەوە دەکەن دوو چەمکی گرنگی تریش دەهێننە ئاراوە کە ئەوانیش ئاسایی بوون و لادانە. دەوترێت ئاسایی بوون و لادان دوو دیوی دراوێکن، هەرچەند هەردووکیان پێچەوانەی یەکترن، بەڵام پێشمەرجی هاوبەشی یەکتریشن کە یەکتری تەواو دەکەن. ئەم دوو چەمکەيش بنەمایەکی زانستی لە پشتە کە میشیل فۆکۆ بە قووڵی لەسەر چەمکی لادان دەوەستێت و پێی وایە لە کۆمەڵگەدا لادان کەمینەیە، دەکرێت فاکتەری کلتوری و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەیەکدا ئاسایی بێت و لە کۆمەڵگەیەکی تر بە لادان هەژمارد بکریت. بەگشتی هەموو کردار و مامەڵەکان پەیوەستە بەوەی لە کام وڵاتدا تاک خۆی دەبینێتەوە و لە ژێر رکێفی کام سیستەمی یاساییدایە، چونکە لادان تایبەتمەندیيەک نییە، کە لە خودی کردارەکەدا بێت، بەڵکوو لە دەرئەنجامی کارلێکی نێوان ئەو تاکەیە کە مامەڵە دەکات و ئەوانەی لەدەوورووبەرەکەیدان و کاردانەوەکانیانە بەرامبەری. لە توێژینەوە نوێکاندا منداڵ بە پلەی یەکەم لەسەر هاوڵاتی بوون و بەشداریکردنی کاری لەسەر دەکرێت، بەو پێیيەی پسپۆران ئەو منداڵانەی کێشەی دەربرین و گێرانەوەیان هەیە لە سەختیدا دەبینن نەک خودی مندالەکان وەک کێشەیەک بیبینن، جا لێرەوە هەوڵی گۆڕینی تێڕوانینی منداڵان بۆ خۆیان و بۆ یەکتر دەدەن. شیوازی پەیوەندیان بە پشتبەستن بە تیوری گشتگیری، کاری لەسەر دەکرێت، بەو پێیيەی کە لە رێگەی پەیوەنديیەکانەوە بەشداری گشتگیر روودەدات و جا کرداری بێت یان زارەکی، چونکە ئاشکرایە پەیوەندیيەکی راستەوخۆ هەیە لە نێوان ڕوانگەی گێڕانەوە و زمانی گوزارشت کردن لە خود و ئەوانی تر و چەمکی بەشداری کردن یاخود دروستکردنی کێشەکان و لاتەریک بوون لە کۆمەڵگەدا. کە ئەم کار لەسەرکردنە بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە چ لەسەر ئاستی منداڵ و چ لە سەر ئاستی وشیارکردنەوەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە. بیرمان نەچێت کە بەشداری کردن لە پێگەی کۆمەڵایەتیدا پێویستی بە هاوسەنگی هەیە، لە نێوان مافی بەشداریکردنی تاک و ئەرکی بەشداری کردنی. بۆ دەستکەوتنی پەیوەندیيەکی کۆمەڵایەتی بەهێز توانا و لێزانی تاکمان پێویستە کە بزانێت چۆن لەرێگەی میتۆدی گێرانەوەوە بەشداری کارا دەکات و چۆن ئەم میتۆدە هاوکاریمان دەکات کە کۆنچکاو بین لە گوێکرتن لە چیرۆکی ئەوانی تردا. هەروەها گرنگە بە ئاگا بین لەوەی چی لەبارەی ئەوانی ترەوە دەگێڕینەوە، بەو پێیيەی چیرۆکەکانمان بۆ ئەوانی تر مانایان هەیە و کاریکەریان لەسەر دروست دەکات بە شێوەی ئەرێنی یاخود نەرێنی.