فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مرۆڤ و سەردەم 

مرۆڤ و سەردەم 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

لە نیوەی دووەمی ساڵانی حەفتاکان و دەستپێکی هەشتاکان ، ئێمە کۆمەڵێک گەنجی خوێنگەرمی تازەپێگەیشتووی شاری هەولێر بووین ، ئێواران پاش خوێندن لە یەکێک لە چایخانەکانی شار کۆدەبووینەوە ، زۆر جاریش ئەو شوێنە ، چایخانەی مەچکۆ ، یا گازینۆ لەیالی تەیراوە بوو . هەر یەکێک لە ئێمەش ، هەڵگری کۆمەڵێک خەون و ئاواتی ڕەنگاوڕەنگ بوو ، لە پێش هەمووشیان خۆ پێگەیاندن و هۆشیاری بوو ، کاکڵە و ناوەندی ئەو پڕۆسەیەش ، بێ شک ، ئەدەب و ئازادی کوردستان بوو . زۆرانێکیشمان لە ژێرەوە ، ئەندام و لایەنگری هێز و پارتێکی سیاسی بوو ، چەپکێک لەو گەنجە ماندوونەناس و پاکانەش ، لە زیندانەکانی ڕژێمی ڕەفتار فاشی بەعس دا ، لە ژێر ئەشکەنجە یا سێدارە گیانیان بە خاک و گەل بەخشی و بوون بە سەربازی وون ، کە نوها کەسانی تر ، نان بە خوێنی ئەوانەوە دەخۆن .
پاش نسکۆکەی ساڵی ١٩٧٥ و لە ئاخر و ئۆخری ١٩٧٦ ماڵباتی ئێمە لە ئاوارەی دا گەڕایەوە ، بۆ ساڵ و نیوێکیش باوکم نەفی دیوانیە کرا . من نەمدەویستم دەستبەرداری هزر و ڕێگای باوکم و باپیرانم بم ، هەر بۆیە ، دیسان بە شێوەیەکی تر تێی هەڵچوومەوە ، هەتا ساڵی ١٩٨٢ زانکۆم جێهێشت و بۆ جارێکی تر ، هەتا ئەمڕۆکە ئاوارە بووم .
زوو ، زوو ئێمەی گەنج لە کۆڕ و سێمینارە ئەدەبی و کولتوورییەکانی شار دا بەشداردەبووین ، کە زۆر جار لە هۆڵی گەل دا ئەنجام دەدران . گۆڤار و کتێبێکی زۆرم کۆکردبوونەوە ، هەتا دەمتوانی دەمخوێندنەوە ، زۆریش لاسایی مامۆستا هێمنی شاعیر، مەحمود دەروێشم دەکردەوەو دەمویست ببم بە شاعیر، لێ پاشان بۆمدەرکەوت ، کە من و شاعیری کوجا مەرحەبا ، بۆیە ، ڕێگای سیاسەت و ئەکادیمیم هەڵبژارد . لەو سەردەمە پڕ لە جۆش و پڕ لە ململانێیە دا ، دیوان و شیعری کۆمەڵێک شاعیری کورد لە برەو دابوون ، وەک : ” دارستانی ئەو بنارەی – نەوزاد ڕەفعەت ، بارانی پەڵە هەورێکی سپی – کەمال میراودەلی، زریان – ەکەی ئەنوەر قادر جاف ، سەمای بەفری ئێوارانی جەلال بەرزنجی و دیوانەکەی جەوهەر کرمانج ، لەتیف هەڵمەت و …. هتد . هەموو ئەوانە ، دەنگ و ڕەنگی سەردەمێکی مێژوویی کوردستان بوون ، هەر هەموویان ، بۆنی نیشتمان و ئازادی مرۆڤیان لێدەهات ، کێ دەیزانی ، ئاییندەی ئەو کات ، بەم ڕۆژگارە دەگات ؟!
هەموو سەردەمێک ، مرۆڤ ، کەسایەتی و هزری خۆی بەرهەمدەهێنێت ، بۆیە ، لەگەڵ ڕۆژگارەکان دا ، مرۆڤ و هزرەکانیش پێویستە بگۆڕێن ، چونکە چەقین ، مانای دینامیکی ژیان نییە ، کەچی هێشتا زۆرن ، ئەوانەی بە جەستە و هزری کۆنی بەسەرچووەوە لە گۆڕەپان دا چەقیوون و بوون بە دارێکی بێ بەرهەم .
ژیان فێری کردووم ، کە دەروێشانە و زێدەڕۆییانە لە شت و دیاردەکان نەڕوانم و خوێندنەوەو تێگەیشتنی میانڕەوانە و هاوسەنگ بگرم ، چونکە لە هەموو زێدەڕۆییەکدا – کەوتن هەیە . ژیانیش گۆڕەپانێکی گەورەیە و هەموومان تێیدا یاریکارین ، باش ، یا خراپ ، بۆیە ، نابێت ، زوو یەکتر تاوانبار بکەین و سەنگەرلێکبگرین ، چونکە ئەوانەی وایان کرد ، کەوتن .
لێرەدا ، پێویستە ئەوەش بڵێم ، کە هەر لەو ساڵانەدا، هەر سێ شاعیری دیاری هەولێریشم ناسی – عەباس عەبدوڵڵا ، مەوجود سامان ، نەوزاد ڕەفعەت ، لەپاڵ ئەوانیشدا- لەتیف هەڵمەت و چەندانی تر .
لەسەردەمی ئازادی کوردستان و دیاردەی گلۆبالیزم دا ، زۆر لە شتەکان گۆڕان ، ڕەنگە ژیانیش وەک جاران ، ئەو تاموچێژەی جارانی نەمابێت ، لێ ئەوە بەو مانایە نایێت ، کە ڕوو لە سینیزم و نیهیلیزمی بکەین ، بەڵکو پێستمان بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی نوێ بۆ شت و دیاردەکان هەیە ، ئەگەر بشمانەوێت ، بە ماناوە بژین ، دەبێت بەردەوام بین لەسەر ڕێگای ئازادی نیشتمان و مرۆڤی کورد ، چونکە بەها و جوانی مرۆڤی کورد ، لە ئازادی نیشتمان و پێشکەوتنی کۆمەلگای کوردەواری دایە ، لەوە بەولاوە ، یا دەبێت ، هەڵپەرستانە بۆ خۆمان ، یا لە قاوغی دوورەپەرێزی و نامۆیی دا بژین ، هەموو دوورەپەرێزی و نامۆبوونێکیش ، نیشانەی چۆکدادان و کەوتنە .
چەمک و زاراوەکان لەگەڵ سەردەمەکان دا ، مانا و شێوازیان دەگۆڕدرێت، مانا و بەها و شێوازی ئەمڕۆکەی چەمکی ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی جیاوازە لەگەڵ هی دوێنێی ئێمە ، یا دەبێت ، بگۆڕێین ، یا گۆڕەپان جێبهێڵین ، چەقین و دۆگماش ، شتێکی بەڵگەنەویستە، کە بەزەرەی هەموو لایەک دەکەوێتەوە .
خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئەمڕۆکەی من و زۆرانێک ، جیاوازترە لە هی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان ، لێ هێشتا لەسەر هەمان هێڵ و پرنسیپە بنەڕەتییەکانی دوێنێم / کوردستانێکی ئازاد ، کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن ، دیمۆکرات و خۆشگوزەران ، کە لە وەها کۆمەڵگایەک دا ، ئازاد و بەختەوەر دەژین ، چونکە بەختەوەری مرۆڤ لێرەدایە ، نەک ، لە خەیال و وەهمێکی یوتۆپیای زاتی و نەبوون دا .، ئەوانەی لەو ڕێگایەش دا ، بوون بە سەربازی وون ، یا هیلاک و دەربەدەر بوون ، وەک مۆم و مرواری بە گەشی و بریقەداری دەمێننەوە ، زێڕ ئاسا ، ئەگەر بەرچاویش نەبن ، لێ هەر گرانبەهان ، چونکە ژیانێکی بێ نرخ و بەها ، بێ پرنسیپ و کار ، گوێزێکی جوانی پووچەڵ وایە .