فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجارۆ

بەرەو بەفری سەر کیلیمەنجارۆ

 

(بەشی یەکەم)

رزگار شێخانی/ شاعير و وەرگێڕ / سويد

.

لە هەر کیشوەرێکدا بەرزترین لووتکەچیایەک هەیە و لە ئەدەبیاتدا پێیان دەگوترێ – حەفت لووتکەکە -. کیلیمەنجارۆ، ناوی بەرزترین لووتکەی کیشوەری ئەفریقایە و لە باکووری تەنزانیایە. چوارەم بەرزترین

لووتکەچیای جیهانە

.

من ئەمڕۆ پێچاوپێچ خۆم دەگەینمە کیلیمەنجارۆ و هەوڵ دەدەم ئەم چیایە و سرووشتە سەرسوڕهێنەرەکەی دەوروبەری، ئاژەڵە کێوی و دڕندەکانی ببینم. لە نزیکەوە گوزەرانی خەڵک ببینم و کەمێک ئاشنای کولتووری دەوڵەمەندیان ببم.

.

ئێرنست هێمەنگوای چیرۆکێکی بەناوبانگی بە ناوی – بەفری سەر کیلیمەنجارۆ- هەیە، کە کراوەتە فیلمیش. ئەو لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ ژنەکەیدا دوو مانگ و نیو لە دەوروبەری چیای کیلیمەنجارۆدا گەڕان. کاریگەریی ئەم سەفەرە، بووە هۆی نووسینی چیرۆکەکە. تێیدا لەبارەی کەسی سەرەکییەوە (هاری) دەڵێ: “ئەفریقا ئەم شوێنە بوو، لەوێ ئاسوودەترین ڕۆژەکانی بەسەربرد بوو و بۆیە هاتووەتەوە ئێرە، بۆئەوەی دەست پێ بکاتەوە”

.

من وا زەینم بۆ حەفتەوانە چووە! دەبێ چ پێوەندییەکی غەیبی لەنێوان حەفت لووتکەی حەفت کیشوەرەکان و حەفتەوانەدا هەبێ! بۆ هەموویان حەفتن؟ ئەدی بۆ لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی یۆنانی و کورد و کولتووری تریشدا باسی حەفت برا دەکرێ؟ ئەدی بۆ حەفتە حەفت ڕۆژە؟ بۆ پەلکەزێڕینە حەفت ڕەنگە؟ ئەدی بۆ لە ئینجیل و قورئاندا چەندین جار باسی ژمارە حەفت کراوە؟ ئەدی بۆ لە ئەدەبیاتی چاخەکانی ناوەڕاستدا دەستەواژەی -حەفت دەریاکە- هەیە؟ چ کۆدێکی نهێنی لە ژمارە حەفتدا هەیە و ئینسان نایزانێ؟ ئەدی بۆ خێزانی ئێمە حەفت برا و دوو خوشک بووین؟ بۆ شەش برا و سێ خوشک نەبووین؟ من لەم نهێنییە غەیبی وجوودییە تێناگەم. دەڕۆم و سەفەر دەکەم، بۆئەوەی وەکوو (هاری): دەست پێ بکەمەوە.