فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تا هایکۆ

تا

هــــــــــــایـکۆ

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید/ شاعیر / ھەولێر

تابلۆکە پڕە لە هەڵە،
چون لە تۆ ناچێ
کیژی کافرۆش.

ژوورەکەم پۆلیسخانەیە
پشکوتنی خونچەی خەونێک
قەستی سەرە.

لە با ناڵین،
لە ژیان فێری شکان بوو
دڵ.

بەم هەموو ڕەنگ و بۆنەوە دەرمەکەوە
با تەریق نەبێتەوە
بەهار

مووچەکەم نا،
ترپەی دڵ و هەڵمی هەناسەم
دەخەمە سەر هەژماری تۆ

لە بەرانبەر ئاوێنە
منداڵێک
یاری بەڕیشە سپییەکەی دەکا

ئەوسەری تونێلەکە،
گوێ قوڵاغی تەپەی پێمەـ
بەژنێک زەوی.

لە ترافیکەکان ناوەستم
کە لەگەڵمای
هەموو ڕەنگەکان سەوزن

حاجییەکی یاخی،
دەیان ساڵە نەچۆتە ڕکوع
قەندیل!

ئاوێنەیەکی شکاو
کەی دێیت
پارچەکانم کۆکەیتەوە

بەسەرمای تەنیایی دەچم
لە هاوین گەرمتر دەبێ
پرسەکەم

ڕووت، ڕووت بە شەقامدا تێدەپەڕێ
مەحڕەمی هەموومانە
خانمی با

ڕیکۆردی شکاند
هەزار و یەکشەوەی جێهێشت_
حیکایەتی تەنیاییم !

حەرف، حەرف دەرخم کردوون
بە کوێریش دەیانخوێنمەوە –
ئایەتەکانی تەنیایی!

سووڕەتێکی نەنووسراوە
بۆ من هاتۆتە خوارەوە
تەنیایی.

نمایشی مردن
هۆڵی تەنگی ئینفرادی-
هاتن بۆ هەمووانە.

بمبەخشە ئەی ئاو
ناچار بووم
سەر بە ماڵی ڕەنگێکدا بکەم