دەق و خوێنەر…
مەرگی دەق و زیندوویی خوێنەر
دڵزارحەسەن/ نووسەر/ هەولێر
نوسه‌ر تەنیا دونیای تایبەت بە خۆی دروست ناكا، بەڵکوو شێوازی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ریش دیاریده‌كات و فۆڕمه تایبەتەکانی گواستنه‌وه‌ی ئەو ڕوئیایه‌ش دەدۆزێتەوە، کە دواجار به هۆی لێكه‌وته‌ی جیا جیاوه بۆ نزیکبوونەوە لەو دونیایە تا دەست لە شێوازە سواوەکان هه‌ڵبگرێت فشار دروست ده‌كات. دەکرێت بگوترێت وەک چۆن نوسه‌ر، ئه‌دیب له‌ڕێگەی نوسینه‌كانی دونیای تایبەت خۆی دەخوڵقێنێت، بە هه‌مان شێوە خوێنەریش لە ڕێگەی به‌ریەككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كتێبدا جیهانێك پێکدەهێنێت، کە ناکرێت بڵێین سه‌ت ده‌رسه‌ت هاوشێوه‌ی دونیای نوسەرە، بەڵکوو به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان جۆرێكه له زیاد و گه‌شه‌كردنی. واته له شوێنێكدا تەواوکەریەتی و له جێگه‌یه‌كی دیكه‌یشدا داینه‌مۆیه‌تی. هه‌ڵبه‌ت له ئێستادا میراتێكی مه‌زنی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و میتۆدناسانمان لەبەردەستدایە، کە له ڕابردوودا بۆیان جێهێشتووین و تێیدا پێ لەسەر بایەخی خوێنەر لە كرده‌ی پێکهێنانی کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری دادەگرن. هه‌رله‌پرسی (مەرگی دانەر)ی رۆلان بارت 1915 – 1980، هه‌روه‌ها لە کتێبی (پلەی سفری نوسین)ه‌كه‌یدا، یاخود له په‌رتووكی (نوسەر چییە؟)یه‌كه‌ی مێشێل فۆکۆ 1926 – 1984، یاخود له كتێبی (ئه‌ده‌ب چییه)كه‌ی جان پۆڵ سارته‌ر 1905 – 1980. به‌هه‌مان شێوه له كتێبه میتۆدیه‌كه‌ی (کردەی خوێندنەوە)ی (ھۆلفگانگ ئایزەر) و (مەرگی ئەدەب)ه‌كه‌ی (ئالڤین کێرنان) و( مه‌رگی ڕه‌خنه)وه بگره تا دونیای ئێستامان وایان کردووە پێداچوونەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە بکرێت، کە لێکدانەوەی کاری ئەدەبی ته‌نها له فۆڕمی نوسەردا وێنا بكرێت و گرنگی خوێنەر له‌به‌رچاونه‌گرێت، یاخود له هه‌ندێك كاتدا هێنده ئه‌و ڕۆڵه بچووك ده‌كاته‌وه، كه پێیوایه خوێنه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌یه شاشه‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدایه و گوێ ناگرێت و بیرناكاته‌وه!؟. له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه بۆ قسه‌كردن و نزیکبوونەوە لە دونیای هه‌ر نوسه‌رێك، پێویستمان بە په‌نابردنه بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مك و ڕه‌هه‌نده مه‌عریفییه‌كانی ده‌ق، كه جۆرێکی تازه‌ی خوێندنەوە له‌هه‌ناوی تێكسته‌كه‌دا به‌رهه‌م بهێنێت، کە لەو بەریەککەوتنەدا هاتبێته‌بوون. ئەوە یارمه‌تیمان ده‌دا دووربین له تێڕوانینی نابه‌جێ و نا زانستی و نا لۆژیكی،
تێگه‌یشتن و دایه‌لۆگ به‌ر له هه‌ر كرده‌یه‌كی دیكه وامان لێ ده‌کات قووڵایی ئه‌و به‌رهه‌مه ببینین، که مه‌به‌ستمانه لێوه‌ی بدوێین. شێوازی خوێندنه‌وه خۆی له خۆیدا هونه‌رێکه و هه‌مان پله‌ی هه‌یه
دواجاریش وامان لێبكات بریاری پێشوەختە لەسەر هیچ نوسه‌ر و ده‌قێك نه‌ده‌ین. وەک (مارتن هایدگەر 1889 – 1976 ) پێیوایە (بۆ ئەوەی جەوهه‌ری هونەر بدۆزینەوە، لەسەرمانە به‌دوای کاری ڕاستەقینەدا بگەڕێین و بپرسین کاری هونەری چییە و جەوهه‌رەکەی چۆنە). تەنیا کاتێ جەوهه‌ری کارێکی هونەری دەبینین و دەتوانین دایەلۆگی لەگەڵ بکەین، کە ئەومان مەبەست بووە، نەوەک شتێکی تر. بەم شێوەیە له‌وه ده‌گه‌ین، كه خوێندنەوەی ده‌قی ئەدەبی جۆرێكه له گفتوگۆ له‌نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا. هه‌ر کاتێكیش ئەو دایەلۆگە لەنێوان خوێنەر و تێكستدا هیچ شتێكی به‌ده‌سته‌وه نه‌دا، ئه‌وه دڵنیابه له‌نێوانیان شتی نوێ دروست نابێت، كه ببێته مایه‌ی تێڕامان و وردبوونه‌وه. ئه‌وه‌یش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، كه هه‌ر لە بنەڕەتەوە بەریەککەوتن له نێوانیاندا دروست نەبووە. تێگه‌یشتن و دایه‌لۆگ به‌ر له هه‌ر كرده‌یه‌كی دیكه وامان لێ ده‌کات قووڵایی ئه‌و به‌رهه‌مه ببینین، که مه‌به‌ستمانه لێوه‌ی بدوێین. شێوازی خوێندنه‌وه خۆی له خۆیدا هونه‌رێکه و هه‌مان پله‌ی هه‌یه، که نوسین هه‌یه‌تی. نوسه‌ر و خوێنه‌ر له کاری ئه‌ده‌بیدا به‌شدارن، بێئه‌وه‌ی ئه‌و هاوبه‌شییه سنوورێکی جیاکه‌ره‌وه و دیاریکراوی هه‌بێت. وه‌ك چۆن (هایدگەر) لە کتێبی (سەرچاوەی کاری هونەری)دا دەڵێت: (بوون بە هۆی زمانەوە لە ڕێگەی مرۆڤەوە دەدوێت. مرۆڤ بە زمان نادوێت، بەڵکوو ئەوە زمانە دەیدوێنێت). به‌هه‌مان شێوه (ئەڕستۆ 348- 322 پ، ز) له په‌رتووكی (هونەری شیعر)دا زۆر به وردی تێدا سه‌ر ئه‌و پرسه و ” پێده‌ر و وه‌رگر” ده‌خاته هه‌مان ژینگه و له‌یه‌ك دۆخدا ده‌یان بینیێت، كه كۆنترین ڕێگە خۆشكەری میتۆدییه بۆ تیۆرێك، كە له فه‌زای گشتیدا خوێنه‌ر تێیدا هاتنە وەڵامی سەرەكی دەبینێت. هاتنە وەڵام لای ئەڕستۆ بیرۆكەی پاككردنەوە لە خۆ دەگرێت، پاككردنەوەش لە تراژیدیادا بەرجەستە دەبێت، بەو پێیەی چەمكێكی سەرەكییە لە چەمكەكانی ئەزموونی جوانی، بۆ نموونە: ئەڕستۆ لە كتێبە بەناوبانگەكەی (پۆیەتیكا – شیعرناسی) و (هونەری گوتاردان – ڕیتۆریكا) لە بنەڕەتدا ناوی ئەم بەرهەمە (لەبارەی هونەری شیعرەوەیە) یەكێكە لەو دوو كتێبەی ئەڕستۆ لەبارەی شیعر‌و گوتار‌و هونەری نوسین و ئاخاوتن و زمانەوانی نووسیویەتی، بەلای ئەڕستۆوە ئەو دوو بەرهەمە زانستی بەرهەمهێنانن و مەبەست لێیان یارمەتیدانی پێگەیاندنی شاعیری چاكە.
له‌وه ده‌گه‌ین، كه خوێندنەوەی ده‌قی ئەدەبی جۆرێكه له گفتوگۆ له‌نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا
جه‌وهه‌ری فكری ئه‌ڕستۆش گواستنه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی شاعیر و ده‌قه له كرده‌یه‌كی مه‌عریفییه‌وه بۆ هونه‌ری چێژ وه‌رگرتن، ئه‌وانه‌یش ده‌به‌ستێته‌وه به كرده‌ی لاساییكردنەوە. لەبەر ئەوەی ئه‌ده‌ب باسی كردەوەكانی مروڤ دەكات، جا چۆن هەر كردەوەیەك سروشت و خاسییەتی تایبەتی خۆی هەیە، مرۆڤیش كە ئەنجامدەری ئەو كردەوانەیە شێوەی سروشتی و خاسییەتی تایبەتی خۆی هەیە، چ خاسییەتی ناوەوە بێت، یاخود تایبه‌تمه‌ندی دەرەوە. لە ڕاستیدا كردەوەكانی مرۆڤ چاكە و خراپە به‌سه‌ریدا زاڵه و هه‌موو ئه‌مانه‌یش بە پێوەری ڕەوشتپەروەری پێوانە دەكرێت، بۆیە بابەتی لاساییكردنەوە لای ئەڕستۆ ده‌بێته مانیفستۆی ئه‌خلاقی تا لێیه‌وه مرۆڤ بناسێت، كه خۆی له چه‌مكی چاكه و خراپه ده‌بینێته‌وه. هەر ئەو جیاوازییەیه، كە پرسی دونیای كۆمیدیا و تراژیدیا لە یەك دادەبڕێنێ. كۆمیدیا هەوڵدەدات خەڵك لە واقیعی خۆیان خراپتر وێنایان بكات، كەچی تراژیدیا هەوڵ دەدا چاكتر نیشانیان بدات. كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك (هۆمیرۆس) هه‌ڵبه‌ت ھۆنراوەنووسێکی گریکی بەناوبانگ و نووسەری ھەردوو داستانی بەناوبانگی “ئەلیادە و ئۆدیسایه”، له ڕێگای ئه‌ده‌به‌كه‌یه‌وه ھەستا بە بە نەمرکردنی شەڕی تەڕوادە بەشێوەی ھۆنراوە. مێژووناسان پێیانوایه لەدەورووبەری ساڵی ١٢٥٠ پ.ز. ڕوویداوه. له نێو ده‌قه‌كانیدا وێنەی كەسەكانی لە واقیعی خۆیان باشتر دەكێشا، كەچی (كلیۆفۆن) بە شێوەی ئاسایی خۆیان وێنەی دەكێشاو (هیگیمۆن) هەروەکو شاعیرە کۆمیدییەکانی ئەو سەردەمەی یۆنانی کۆن، بە شێوەیه‌کی گاڵتەجارانە ڕەخنەی ئاڕاستەی دیاردە ناشیرین و کەم و کورتیەکانی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی گریک کردووە و لە ڕێگەی دەقە شانۆیی و شیعرییەکانەوە، ناڕێکییەکانی دەرخستووە و داوای باشتر بوونی کردووە. له‌هه‌مانكاتدا كەسەكانی لە واقیع پەست و نزمتر پیشانی دەدان.
ده‌توانین بڵێین گەڕان بە دوای حەقیقەتی نوێ بووەتە ڕەگەزێکی گرنگ و به‌ته‌واوی خۆی خزاندووەتە ناو دونیای فیکری فەلسەفییەوە
شێوازی لاساییكردنەوە بە پێی بۆچوونەكانی ئەڕستۆ دوو جۆرن، یان ئەوەیە ڕاستەوخۆیە لە سەر زمانی خۆیەوە قسە بكات. وەك ئەوەی هۆمیرۆس لە ئۆدیسەدا كردوویەتی و سیمایەكی درامی بە بەرهەمەكانی بەخشیوە، یاخود ناڕاستەوخۆیە لە ڕێگەی گێڕانەوە. بە شێوەیەكی گشتی ئه‌وه‌یش بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە، یەكەم ئاره‌زووی مرۆڤ بۆ لاساییكردنەوە، چونكە لێیەوە چێژ وەردەگرێت، هەروەها هۆیەكە لە هۆكانی بەدەستهێنانی زانین. له‌پاشان گرنگی دەنگ و ئیقاع و گێڕانەوه‌یش به‌به‌شێك له‌و لاساكردنه‌وه‌یه داده‌نێت، كه چێژ ده‌به‌خشێت. ئەڕستۆ لە بەشی چواری “پۆیەتیكا” ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە سەرهەڵدانی شیعر لە مرۆڤدا بۆ دوو هۆی سروشتی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر له جه‌وهه‌ردا لەو دوو شتە ورد ببینەوە هه‌نده‌ك فراوانتر بۆی ده‌چین و زیاتر له خاڵێك له خۆ ده‌گرێت. به‌مانایه‌كی دیكه ئه‌و دیارده‌ی لاسایركردنه‌وه‌یه ده‌بن به چوار جۆر (مرۆڤ بوونەوەرێكی لاساییكەرەوەیە، چێژ لە بینینی لاساییكردنەوە وەردەگرێت، حەزی لە فێربوونە، بە سروشت حەز لە ئیقاع و كێش دەكات). ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ئاڕستۆ سه‌رده‌م سه‌رده‌م ده‌بێته به په‌تێكی درامی و لای بیرمه‌ندێكی وه‌ك ( نیتشه 1844 – 1900 ) فۆڕم وه‌رده‌گرێت و له چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی حه‌قیقه‌تدا جارێكی دیكه ده‌یخاته ژێر پرسیار و ڕه‌خنه‌وه، کە پێیوایە حەقیقەت وەستاو نییە، بەڵکوو بەردەوام پێویستمان بە حەقیقەتی تر هەیە. لێره‌وه ده‌توانین بڵێین گەڕان بە دوای حەقیقەتی نوێ بووەتە ڕەگەزێکی گرنگ و به‌ته‌واوی خۆی خزاندووەتە ناو دونیای فیکری فەلسەفییەوە، بە ڕادەیەک ئەوە بووەتە جەوهەری فەلسەفەکانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری. کە ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم ڕەخنەیان لە ناوه‌ندگرایی گرت، بەوەی هەموو ئەو شتانەی بە لاوە ناوە، گوایە لەگەڵ حەقیقەتی زانست و ڕۆشنگەریدا ناگونجێن. فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك (جينى هيرج 1829 – 1902) لە کتێبه دانسقه‌كه‌یدا، كه به‌ناوی (سەرسامیی فەلسەفی) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، پێیوایە بایەخدان بە حەقیقەت پاڵی بە (نیتشە)وە نا بپرسێت حەقیقەت چۆن پێک دێت؟ چۆن پێیی دەگەین؟ کاتێكیش ده‌ستی پێوه‌دەگرین، ئینجا بۆمان دەردەکەوێت مەحاڵە بە تەواوی بە دەستی بهێنین. بیرمه‌ندێكی وه‌ك (ژیل دۆڵۆز 1925 – 1995) سه‌رسامی خۆی ناشارێیته‌وه به ڕۆشنفكرانی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و له په‌رتووكی “جیاوازی و دووبارە” دەنووسێت: له ئێستادا مەحاڵە بتوانین کتێبێکی فەلسەفی بەو شێوەیە بنووسین. ڕۆمانووسێكی وه‌ك (گابریل گارسیا مارکیز 1927 – 2014) لە ڕۆمانی “پاییزی پەیتریارک”دا دەڵێت: هەر حەقیقەتێک حەقیقەتێکی تر دەشارێتەوە. ئایدیاسیۆنی گوتارگەلی لای میشێل فۆكۆش جیاواز دەكەوێتەوە. فۆكۆ 1926 -1984 هەر لەبنەڕەتدا پەیڕەوگیری و یەكگوتاری لەنێو دەقدا ڕەتدەكاتەوە و پێیوایە بۆ خوێندنەوەی دەق چەندین بنەمامان هەیە.
فەیلەسوفێكی وەك نیتشە، كە فۆكو سەرسامە پێی، هەر لە بنەڕەتدا دژی بنەمابووە، لایوایە بنەما بۆ خوێندنەی دەق كارێكی كوشنتدەیە و دەق تووشی ئیفلیجی دەكات
دوای هەڵاوێردكردن و وردبوونەوە لە چەمكی دەق و خوێنەر، باوەڕێكم بۆ دروستبووە، یەكڕەهەندی بۆ تێگەیشتن لە دەق دواجار بە مەرگی دەق تەواو دەبێت، بۆیە نایشارمەوە و دەڵێم: هەر كاتێك یەك دیوی دەقەكەمان بینی، كەواتە بەڕاستەقینەیی بەر مەرگی دەقكەوتووین. لێرەدا تەنها خوێنەرە دەبێتە فریادڕەسی دەق و دەبێتەوە بەو كارەكتەرە زیندووە، كە هەموو دیوەكانی دەق دەبینێت و دەق لە مردن رزگار دەكات، دواجاریش بەهەستە ژیرانەییەكەی تێكست لەمەرگ دەپارێزێت و نەمری پێدەبەخشێت. ناكرێ ئەوەش لە یاد بكەین فەیلەسوفێكی وەك نیتشە، كە فۆكو سەرسامە پێی، هەر لە بنەڕەتدا دژی بنەمابووە، لایوایە بنەما بۆ خوێندنەی دەق كارێكی كوشنتدەیە و دەق تووشی ئیفلیجی دەكات. دوای كتێبی مەرگی نوسەرەكەی ڕۆلان بارتیش لای من پرسی مەرگی دەق دێتە ئاراوە، كە ئەوە تێزێكی تازەیە و من لە میانی كۆڵینەوە و گەیشتنم بە گرینگی خوێنەر بۆ دەق، ئەو تێگەیشتنەم بۆ دروستبووە. ئەو بۆچوونەی، كە دەڵێت: خوێنەر تەواوكەری دەقە لە زۆركاتدا خودی دەقەكەشە. خوێنەر دەقە ڕاستەقینەكەیە، نەك تێكستەكە خۆی! تێگەیشتن لە ماهییەتی خوێنەر دەتگەینێت بەو ڕاستییەی، كە بێخوێنەر دەق مردووە، ئەوە زیندوویەتی خوێنەرە ڕۆح وەبەر دەقدا دەكات. بێخوێنەر دەق هیچ بەهایەكی نییە.