فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

موزیکی هاوچەرخی کوردی

موزیکی هاوچەرخی کوردی

د. ئامانج غازی/ مامۆستای زانکۆ و ڕەخنەگری مۆسیقا/ هەولێر

گەر بمانەوێت موزیکێکی هاوچەرخی کوردی دابنێین، کە مۆڕک و کەسایەتییەکی کوردی هەبێت، ئاوا پێویستە لێکۆڵینەوە لەو کەلەپوورە لیریکییە بکەین، کە بە میلۆدی و چنینی هونەری و تایبەتمەندی بیرۆکەکانیان (تێمەکان) دەوڵەمەندە و سروشگیریی لێ وەربگرین، بۆ ئەوەی کارەکە لە ڕووی بنیاد و بیرۆکەی موزیکیییەوە یەکگرتوو بێت، ئەم کارە زنجیرەیەکی پێکهاتەیی هەیە، پێویستە لەلایەن ئاوازدانەرەوە پەیڕەو بکرێن و ئەم زنجیرە پێکهاتەییەش لە بیرۆکەکەوە دەست پێدەکات و پێویستە لە ڕێگەی:
١- پەیوەندیی سیما دیارەکانی موزیکی کوردی بە تێکڕای کەلتووری کوردی؛ واتە لێکۆڵینەوە لە سەری وەک یەکەیەکی یەکگرتوو.
٢- پەیوەندی موزیکی کوردی لەگەڵ موزیکی گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا.
٣-پێشکەوتن وئەگەرەکانی پێشهاتە موزیکیی و کەلتوورییەکانی کوردی.
سەبارەت بە پرسی یەکەم، پێویستە ئاماژە بەم هۆکارانە بکرێت؛ بە مەبەستی دەستنیشانکردنی دیارترین تایبەتمەندییەکانی موزیکی کوردی:
بۆ ڕیتمە سروشتییەکەی موزیکی کوردی، پێویستە بگوترێ زێدی کورد بڕبڕەی پشتی شاخەکانی ڕۆژئاوای ئاسیایە، تا ڕادەیەک لە زیانەکانی لەشکرکێشییە یەک لە دوای یەکەکان پارێزراو بووە و ژینگە عاسێ و سەختەکەی هۆکارێکی تری مانەوەکەیەتی.
سەبارەت بە ڕیتمە کۆمەڵایەتییەکە، کورد کۆچەری بووە، تا ڕابردووی ئەم دواییە پێکهاتەیەکی تۆکمەی خێڵەکی ڕێکخرابووە.
بەپێی ئەم فاکتەرانە دەتوانرێت ڕەسەنێتی موزیکی کوردی دیاریبکرێت، سەبارەت بە کاریگەرییە دەرەکییەکان، ئەوانیش بەرچاون، بەڵام نەیانتوانیوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەرچاو لە موزیک و کەلتووری کوردیدا بهێنن، چونکە نیشتمانی کورد لە ڕوانگەی جوگرافیاوە لە پەراوێزێکی هەمیشەیی دابووە. پێدەچێت تایبەتمەندییەکانی ژیانی شوانکاری و کۆچەریی بە مانای ڕیتم، ڕێگەی بۆ سروشتی دینامیکی خۆش کردبێت، هەروەها سروشتی کۆمەڵگەی خێڵەکی – بە پشتیوانی فاکتەری دیکە- تایبەتمەندی سادەیی و ئازادی لە موزیکی کوردیدا پاراستووە، لە کاتێکدا موزیکی گەلانی دیکە کە حکومەتێکی ناوەندییان هەبوو، وەک هونەرێکی هاوشێوەی موزیکی (فەرمی) خۆی نیشانداوە.
سەبارەت بە پرسی دووەم: بەراوردکردنی موزیکی کوردی لەگەڵ موزیکی گەلانی ئێران، بەتایبەت موزیکی (فارسەکان) و بەشێک لە (لوڕ)ەکان؛ بەپێی ئەو پەیوەندییە دۆستایەتییە مێژووییەی نێوان ئەم گەلانە. پاشان بەراوردکردنی موزیکی کوردی لەگەڵ موزیکی گەلانی نیشتەجێی ناوچەکە، لە یۆنان و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستان درێژدەبێتەوە؛ چونکە کورد گەلێکی کۆن و خاوەن مێژوویەکی قووڵی ڕابردووە لەم ناوچەیەدا و بەبەردەوامی لە بەرکەوتندابووە لەگەڵ گەلانی ڕۆژهەڵات وڕۆژئاوا؛ بۆیە بەراوردکردنی موزیک و کەلتووری ئەوان لەم ڕێگەی ەدا گرنگییەکی زۆری دەبێت، چونکە موزیکی کوردی دەتوانرێت وەک یەکێک لە کلتوورە سەرەکییەکانی موزیکی ئاسیایی و ئەوروپی ئەژمار بکرێت.
سەبارەت پرسی سێیەمیش، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئایندەی موزیک و کەلتووری کوردی، پەیوەندی بە سروشتی ژیانی کوردەوە هەیە، سروشتی پێشکەوتنی مێژووییەکەی بە ئەسپایی بەرەو پێگەیشتن هەنگاو دەنێت. کورد بە سروشتیی داب و نەریتییان گەلێکی زیندوو وچالاک و کەسانی خاوەن ئیرادە بەهێزن؛ ئەمەش هۆکارێکی زیندووی کاریگەری بەرگریکردنە لە ڕەسەنێتی موزیکەکەیان.