فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە نێوان (هەژار موکریانی) و (جاسم کەلاری) دا

لە نێوان (هەژار موکریانی) و (جاسم کەلاری) دا

د. وریا عمر امین/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

.

لەم ڕۆژانە لاپەڕەکانی فێسبوک کردوویانە بە هەرا لەسەر ئەو وتەیەی مامۆستا (جاسم کەلاری) کە تیایدا دەڵێ(لەو دونیا بە کوردی لەگەڵ خوا قسە دەکەم …). هیچ لاری و نەنگییێک لەم قسەیەدا بەدی ناکرێ . ئەوەی بڕوای بەوە هەبێ کە خوا هەموو شتێکی ئەم سرووشتەی درووست کردووە، دەبێ ئەم بڕوایەشی هەبێ کە هەر خۆی هەموو زمانەکانیشی درووست کردووە و هەر خۆی ئەو جیاوازییانەی نێوان زمانەکانی خستۆتە ڕوو، وەک لە(سوورەتی ڕوم ئایەتی ٢٢) دا دەڵێ:( وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ). واتا خوا هەموو زمانەکانی جیهانی درووست کردووە و هەمووی دەزانێ.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە، ئەم وتەیەی مامۆستا (جاسم کەلاری) بەر لە شەست ساڵ (١٩٦٤) (هەژاری موکریانی) بە شیعر وتوویەتی. ئەوساش مەلاکان و ئایینداران بە کوفریان لە قەڵەم دا و هێڕشێکی زۆریان کردە سەر هەژار موکریانی. لەم بارەیەوە (هەژار) ئەم ڕوونکردنەوەیەی بڵاوکردەوە:
(تەڵقینی بە عەرەبی کە لەسەر مردوانی دەخوێنن ئاوا دەست پێ دەکا «ئەی بەندەی خودا …). منیش ئەم تەڵقینەم هەر لەو بارە هەڵخستۆتەوە. هێندێک لایان وابوو کە ئەم قسەیەم کوفرە؛ بەڵام ئەگەر تێگەیشتوانە سەرنج بدەن ئەزانن چم وتووە و نیازم کفر و گوناح نییە. مەولەوی لە مەسنەویدا ئەڵێ «گەر پیاوچاک وابێ نەحلەت لە پیاوچاک»
.
تەلقین بە کوردی
هەژاری موکریانی
.
ئەی بەندەی خودا کوڕی کارەکەر
گوێ بگرە لەناو گۆڕی تەنگەبەر
لە دنیای بێفەڕ کۆچت کردووە
لە ئەولای بێگەڕ خانووت گرتووە
تۆش وەک مردووی تر وەک هامفەردانت
دوو پەری خودا دێنە سەردانت
دووی ددان زەردی سووری چاوشینن
بە گورز و مەتاڵ، بە تەوەرزینن
تۆزێ مڕومۆچ، ڕووتاڵ و تفتن
بەڵام وەک دەڵێن «بە گفت و لفتن»
هەزار جار بڵێن «کوا مەڕنەمووکە»
بێدەنگ، قڕوقپ لێت نەیە جووکە
گەر تێشت هەڵدەن پێشت دادەن تف
بڵێ من کوردم، زمان مایەعرف
لە دار مەترسێ گوێ مەدەرە جوێن
ناچاریان بکە بە کوردی بدوێن
ئەمجار بە زمانی شیرینی کوردی
خۆت هەڵە مەکە، هێدی، بە وردی
بێژە: لالۆ، خوا و پێغەمبەر هەقە
کوردی هاسانە و عارەبی ڕەقە
باسی مردن و هەستانی دوایی
خۆ ماندوو نەکەن با بەخۆڕایی
بڵێ: کورد لەسەر دنیا مردووە
دەمێکە قیامەت لەوان ڕابووە
بێ بەرگ و پێڵاو، بێ نان و بێ دۆن
تورک و عەجەم و عارەب دەیانخۆن
کورد ژێرچەپۆکە و ئەو خاوەن زۆرن
برای موسوڵمان، موسوڵمانخۆرن
… هتد
مەڕنەمووکە : (من ربك) ەیە، کوردێنراوە