فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مارکس و مارکسیزم 

مارکس و مارکسیزم 

د.نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

لە ڕێککەوتی ١٨ ی مانگی مای ساڵی ١٨١٨ لە شاری تریری ڕۆژاوای ئەڵمانیا لە خێزانێکی هۆشیار دا مارکس لەدایکدەبێت . پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی ناوبراو دەبێتە خوێندکار لە شاری بۆن و بەرلین ، هەر لە شاری بەرلینیشدا دەبێتە لایەنگری بزاڤی گەنجە هێگلییەکان . لە شاری یێنا لە ساڵی ١٨٤١ دا کارنامەی ئەکادیمی خۆی دەربارەی فەلسەفەی سروشتی یۆنانی دەنووسێت / بەراورێک لە نێوان مەتریالیزمی دیمۆکریت و ئەپیکۆر . لە شاری کۆڵن مارکس دەبێتە سەر نووسەری رۆژنامەی لیبرالی ” Rheinische Zeitung ” ، لە ساڵی ١٨٤٤ یشدا لەگەڵ Jenny هاوسەرەکەی دەچێتە پاریس ، هەر لەوێشدا ، ئاشنایەتی لەگەڵ فرێدریک ئەنگلس دا پەیدادەکات و پاشانیش دەبن بە هاوڕێی هزر و ڕێگا ، هەندێک نامیلکەش بەیەکەوە بڵاودەکەنەوە .
هەر لەو ساڵانەدا ، مارکس خەریکی نووسینی ” دەستنووسی ئابووری – فەلسەفی ” دەبێت ،کە پاشان لە ساڵی ١٩٣٢ دا بڵاوکرایەوە .
ساڵانی ١٨٤٥ – ١٨٤٨ بە هاوبەشی لەگەڵ ف.ئەنگلس دا لە شاری برۆکسل ” ڕێکخراوی کۆمەڵەی کۆمۆنیستان ” دروستدەکەن و پاشانیش نووسراوی ” مانیفێستی کۆمۆنیستی ” بڵاودەکەنەوە . هەر لەو ساڵانەدا ، لە ساڵی ١٨٤٥ دا ” خێزانی پیرۆز ” ، ” کوێرەوەری فەلسەفی ” ، ” ئایدۆلۆژیەتی ئەڵمانی ” نووسی و پاشانیش لە ساڵی ١٩٣٢ دا بڵاوکرایەوە .
لە ساڵانی شۆڕشی ١٨٤٨ – ١٨٤٩ دا ، مارکس لە کۆڵن دەژیا و خەریکی دەرکردنی رۆژنامەی ” Neue Rheinische Zeitung ” بووە . پاش نسکۆی شۆڕش ، مارکس بە یەکجارەکی ئەڵمانیا بە جێدەهێڵێت و بەرەو شاری لەندەن دەچێت ، هەر لەوێدا مایەوە هەتا دوا ساتەکانی ژیانی ، هەر لەو شارەشدا ، خۆی و ماڵباتەکەی بە هەژاری و کولەمەرگی دەژین ، لە شەش منداڵ دا ، سیانیان لەبەر هەژاری مردوون . لەو ساڵانەدا، مارکس زۆر بە چڕی خەریکی تیۆرەکەی خۆی بووە ، لە نزیکیشەوە ، ئاگاداری ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران بووە ، تیۆرەکەشی خۆی لە ” تیۆری سەرمایەداری و شێوازی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ” دا دەبینێتەوە ، ئەوەبوو لە ساڵی ١٨٦٧ دا بەرگی یەکەمی ” سەرمایە ” ی بڵاوکردەوە . لە ساڵی ١٨٥٧ – ١٨٥٨ دا نامیلکەی ” بنەما سەرەکییەکانی ڕەخنە لە ئابووری سیاسی ” دا نووسی و پاشانیش لە ساڵی ١٨٥٩ دا بڵاوکرایەوە .
مارکس ٢٩ ساڵ پاش شۆڕشی فەرەنسی کۆچی دوایی دەکات ، ٢٤ ساڵیش پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆسیالیستی لە دایکدەبێت .
مارکس بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگی هزری سۆسیال – دیمۆکراتەکان ، ئەوەبوو لە ساڵی ١٨٩١ دا ، گەورەترین پارتی کرێکارانی ئەڵمانی بە شێوەیەکی فەرمی مارکسیزمیان کردە ئایدۆلۆژیەتی خۆیان و بەلشەفییەکانی ڕوسیش ، کە پاشان لە ساڵی ١٩١٧ دا، دەسەڵاتیان گرتەدەست و شۆڕشی ئۆکتۆبەریان ڕاگەیاند ، پاش ئەویش بوو بە بنەمایەکی بەرفراوان بۆ تەواوی بزاڤی کرێکار و زەحمەتکێشانی جیهان و بلۆکی سۆسیالیستی ڕۆژهەڵاتیش دەرکەوت ، کە ئەو جەمسەرە هەتا داڕمانی دیواری بەرلین بەردەوام بوو ، لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دا .
هەر لەو سەردەمەی سەرەوەدا ، بوو بە سەردەمی دەرکەوتنی گرفت و قەیرانەکانی کۆمەڵگای پیشەسازی و سەرمایەداری، سەرەتا لە ئەوروپا و پاشانیش لە تەواوی وڵاتەکان دا . لە ڕاستی دا ، دەستپێکی کاریگەرییەکانی شۆڕشی فەرەنسی و فەلسەفی کلاسیکی ئەڵمانی بەسەر مارکسی شۆڕشگێڕەوە بە ڕوونی دیاربوون ، بەڵام لە قۆناغی دوایی ئەودا ، ململانێی چینایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوون بە ئامانج و شێوازی خەبات و بیرکردنەوەی ئەو کەلەپیاوە شۆڕشگێڕە .
مارکس هەر لە سەرەتاوە ، قوڕسایی خۆی خستە سەر ڕەوش و پەرەسەندنی ئەوساکەی ئەڵمانیا، بەڵام پاشان سەرنجی خۆی خستە سەر ترادیسیۆن و بوارە جۆراو جۆرەکانی هەموو ئەوڕوپا . هەر لەو سەردەمەدا ، چەندین گوتاری فرەرەنگی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دا بڵاودەکردەوە .
لە ساڵی ١٨٦٤ – ١٨٧٢ دا مارکس خەریکی کار و چاڵاکی سیاسیش بوو ، ئەوەبوو لە ئینتەرناسیۆنال ” دا ئەو کارو چاڵاکییانەی پراکتیزەدەکرد . ڕێکخراوی ” ئینتەرناسیۆنال ” یش پر بوون لە بۆچوون و مشتومڕی جۆراوجۆری دژبەیەک ، لە پێشەوەی هەر هەمووشیان ، هزر و چاڵاکی ئانەرشیستەکان بوو . لە ساڵی ١٨٧١ دا پاش کەوتنی ” کۆمۆنەی پاریس ” ، مارکس لە ئینتەرناسیۆنال هاتەدەرە و نووسراوی ” کۆمۆنەی پاریسی ” نووسی . هەر لەو ساڵانەدا ، ڕەوشی تەندروستی مارکس هەتا دەهات بەرەو خراپتر دەچوو ، لە ساڵی ١٨٨١ دا هاوسەرەکەی و پاشانیش یەکێک لە کچەکانی کۆچی دوایی دەکەن . لە ڕێککەوتی ١٤ی مارتی ١٨٨٣ دا مارکسیش کۆچی دوایی دەکات ، هەر لە گۆڕستانێکی لەندەن بە خاکی دەسپێرن .
لە ڕاستی دا ، ژیانی کارل مارکس دەکەوێتە نێوان هەردوو شۆڕشی فەرەنسی و ڕوسی ، لێ مارکس بۆخۆی لە هیچ کامێکیان دا نەژیاوە ، ئەو تەنیا بوو بە هزرمەند ، فەیلەسوف و سیاسەتمەدارێکی شۆڕشگێڕی تیۆرەکەی ، کە بەردەوام لە هەوڵی تێهەڵکێشکردنی تیۆر و پراکتیک دابوو ، هەربۆیە ، کاتێک ، کە دەڵێت :” ئەرکی فەیلەسوفەکان تەنیا شڕۆڤەکردنی جۆراوجۆری تیۆری نییە ، بەڵکو گرنگ گۆڕانیەتی ” .
لە دەستپێکی سەدەی بیستەم دا،، بە تایبەتی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ ، مارکس و ئەنگلس دەبن بە دوو کەسایەتی گەورەی بواری هزری – فەلسەفی و سیاسی سەدەی ڕابردوو ، لە دەرەنجامیشدا ، لە تەواوی ئەوڕوپا و دونیادا ، لەناو ئەو پڕۆسەیەشدا ، چەندین خوێندنەوە و تێگەیشتنی جۆراو جۆری لە خۆگرتووە ، ئەم رەوتەش هەتا داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو ، لێ ئەمڕۆکە ڕەوشەکە تەواو جیاوازە و پێچەوانە بۆتەوە ، لێ بێ شک ، هەتا زوڵم و چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە بەردەوام بێت ، جێ پێ و کاریگەریی مارکس و مارکسیزم بە شێوازی جیاواز دەمێنێت ، لێ لە دونیای ئەمڕۆکەدا ، لە هەموو کاتێک پتر ، هزر و رەوتی سۆسیالیزم و مارکسیزم لە نسکۆ و قەیرانی گەورەی فرەلایەن دایە ، بەڵام هەر وەک باسکرا ، قسەکردن لەسەر ڕابردوو و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ، بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوان نەمومکینە .
ئاشکرایە کە لە گۆڕەپانی ئەکادیمی و زانستیشدا ، مارکسیزم زوو نەچووە پێشەوە و جێگای خۆی نەکردەوە ، بەڵام پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بلۆکی سۆسیالیستی، هەتا دەهات خێرا دەچووە پێشەوە و لە هەمانکاتیشدا، بوو بە بنەمایەکی سەرەکی بواری هزری – سیاسی و ئەکادیمی ، هەر لەم بوارەدا ، چووە خانەی توێژینەوە و ڕەخنەی جۆراو جۆری زانستی ، لێ پاش داڕمانی دیواری بەرلین ، بۆ جارێکی تر ڕووی لە پاشەکشەکردەوە . کەم تا زۆریش ، کتێب ، دامودەزگا ، نووسراوی فرەڕەنگی فەلسەفی ، ئایدۆلۆژی ، سیاسی – ئابووری و کولتووری لەبەر دەستدان .
بەڵێ ، ئەوەی لە هەموو شتێک پتر بە زەرەری مارکسیزم دا کەوتەوە ، ئەویش هزر و ڕەوتی دۆگماتیزمی سیاسەتمەدار و هەندێک لە هزرمەندەکان بوو ، چونکە مارکسیزم وەک دیاردەیەکی هزری – فەلسەفی و سیاسی تێکەڵ بە کرانەوەو دیمۆکراسی نەکرا ، هەموو دەرگاکان لە ژێر ناو و چەمکی ” دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری ” دا داخران ، کەچی لەهەمبەر ئەودا ، سەرمایەداری ڕووی لە کرانەوە و دیمۆکراسیەتێکی لیبرالی یا کۆنزەرڤاتیزمی کرد و دەرگای ئازادیشی بە ڕووی بیرکردنەوەو دەربرین کردەوە و بازاڕێکی پر لە ملانێشی خوڵقاند . سیستەمی ستالینیزمی و ماویزمی هەتا دەهات وەک پێغەمبەر مامەڵەیان لەگەڵ مارکس ، ئەنگلس ، لێنین و ماودا دەکرد ، هزرەکەشیان لە دۆگما لە قاڵبدا ، بۆیە ، دەرەنجامەکەی ئەوەبوو ، کە لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی دا ڕوویدا .
لە ڕاستی دا ، مارکسیزم ، وەک فەلسەفە و ئیدۆلۆژی خاوەنی چەندین چەمک و زارەوەی ناوەندی خۆیەتی ، هەر بۆیە ، بە بێ گەڕانەوە و تێگەیشتن لەوان ، نەمومکینە، کە لە مارکسیزم بگەین ، ئەوانیش وەک / مەتریالیزمی دیالەکتیکی ، مەتریالیزمی مێژوویی ، سەرمایە ، زێدەبایی ، شێوازی بەرھەمھێنان، هێزی بەرھەمھێنان ، ململانێی چینایەتی ، شۆڕشی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی ، دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری و ……هتد .