فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەدەب و زانست

ئەدەب و زانست

 

عەبدولڕەحمان فەرهادی/  سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد/ هەولێر

 

ئەدەب و زانست هەریەكەیان تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دونیا پێكدێنن، ئەگەر زانست بە تەنیا وەربگرین ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بریتییە لە گەیشتن بە ڕاستییە ماددییەكان كە پێوەندیی تەواو و گونجاوی بە ماددەوە هەیە، هەرچی ئەدەبیاتە زیاتر پێوەندیی بە چەمك و واتا و بەها مرۆیییەكانەوە هەیە، هەروەها ئەدەبیات توانایەكی گونجاو و بەرزی لە گواستنەوەی ڕاستییە زانستییەكانەوە هەیە و بەهانای زانستەوە دێت بۆ ئەوەی چەمكەكانی بە باشی بگەیەنێتە كۆمەڵگەكان، وەك چۆن لە ڕۆمان و چیڕۆكەكاندا زانست و خەیاڵ ئاوێتە دەكرێن بۆ ئەوەی ئەو چەمكە زانستییانەی كە مرۆڤێكی سادە و كەمخوێندوو بە زەحمەت لە بڕگە و واتاكانی دەگات، ئەو بە شێوەیەكی خەیاڵامێز زانستەكە لە شێوەی چیڕۆك یان سەربردە یان ڕۆمان دادەڕێژێت. هەردوو چەمكی ئەدەب و زانست دەتوانن ببنە تەواوكەری یەكتر بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، هەروەها دەتوانین ئاماژە بە هێزی ئەدەب بکەین لە چوارچێوەی زماندا، بەڵام زانست چوارچێوەیەکی سنورداری نییە، بەڵکوو بریتییە لە گەیاندنی چەمکەکانی خۆی لە چوارچێوەی سەرنج و تاقیکردنەوە پڕاکتیکییەکان لە ڕێی لۆجیک. دیسانەوە هەردوو چەمکی ئەدەب و زانست دەتوانن کاریگەر بن بۆ هاندان و برەودان بە بیرکردنەوەی لۆجیکی و داهێنەران و ئاراستەکردنی مرۆڤ بۆ سەرهەڵدانی پرسیاری گرنگ لە بارەی بوون و گەردوون. ئەگەر بپرسین ئاخۆ چ جیاوازییەک لە نێوان زانست و ئەدەبیاتدا هەیە؟ دەتوانین بڵێین چەند جیاوازییەک هەن، بەڵام جیاوازییەکان تەواو جەوهەری نین، بۆ نموونە، ئامانجی زانست لەڕێی ئەزموونگەری و تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە پێدەگات و تێگەیشتنیشە لە دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان و پشت بە سەرنج و پێوەرە جێ باوەڕەکان دەبەستێت، بەڵام ئەدەبیات بۆ گەیاندنی پەیامەكەی، پێویستی بە هەست و نەست و بیرۆکە و خەیاڵ و زمانێکی هونەرکارانە و جوان و پتەو هەیە، هەروەها زانست پشت بە میتۆدی دیاریکراو و بەرەنجامەکان دەبەستێ، کەچی ئەدەبیات پشت بە داهێنان و بەرهەم و نووسینی تاكەكەس و شێوازی هونەری و گێڕانەوە و پەسن و هۆنراوە دەبەستێ، بە شێوەیەک پێوەندییەكی پتەوی بە جۆری داڕشتن و کاریگەریی جوانکارانەوە هەیە. پێویستە دەبێ ئەوەش بزانین کە لە زۆر شوێن و زۆر دەمدا، هەردوو چەمکی زانست و ئەدەب تێکهەڵکێش دەبن، لەوانە ئەدەبیاتێک هەیە پێی دەڵێن ئەدەبی خەیاڵی زانستی، هەروەها زۆرجار ئەدەبیات لەڕێی فەلسەفەوە چەندین لایەنی زانستی دەگرێتە خۆ، دیسانەوە ئەگەر زمانێکی پتەو و چەمکێکی گونجاو لەڕێی زمان و گوزارشتی ئەدەبییەوە نەبێت، ئەوا مەحاڵە داهێنانەکانی بواری زانست بەشێوەیەکی سادەتر لەوەی هەیە بگاتە مرۆڤ. بەیەکبەستنەوەی هەریەکە لە زانست و ئەدەبیات، گرنگییەكی زۆری هەیە، بۆ برەوپێدانی تێگەیشتنمان لە جیهان و قوڵکردنەوەی کاریگەریی هەریەکەیان لەیەکتر و لە کۆمەڵگا بە تەواوی سوودبەخشە و ئاسۆی زانینیشمان فراوانتر دەکات و وادەکات مرۆڤ بەشێوە و توانایەکی باشەوە لە چەمکە زانستیە ئاڵۆزەکان بگات، دیسانەوە ئەم پێوەندی و یەکانگیربوونە هانی خەیاڵ و دیو و بۆچوون و داهێنانمان دەدات، چونکە هەردوو چەمکی زانست و ئەدەب بێبەش نین لە خەیاڵ و بیركردنەوەی خەیاڵامێز، ئەدەب زۆرجار لەلایەن زاناکانەوە دەبێتە سەرچاوەی داهێنان و سەرهەڵدانی پرس و پرسیاری گەورە و هاندانی کارامەیی نووسین و بەردەوام بوون، بەشێوەیەک نووسین و دەقە زانستییەکان بۆ خوێنەر زیاتر سەرنجڕاکێش بن، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە پێویستە یەکانگیرکردنی ئەدەب و زانست بهێندرێتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندنیش، بۆ ئەوەی ئاستی تێگەیشتنی خوێندکار بەرزبکاتەوە و تەواو و باشتر لە چەمک وناوەڕۆک و باس و بابەتەکان بگات، هەروەها ئەمە وادەکات ئاسۆی بیرکردنەوە و بینینی خوێندکار شێوەیەکی گشتگیر وەربگرێت، ئەم ئاسۆ و تێڕوانینە هاراوتر بێت. یەکانگیرکردنی ئەدەب و زانست پردێکی کاریگەر لە نێوان زانینی زانست و ئەزموونەکانی مرۆڤ بنیاد دەنێت، ئەمەش ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و جۆراوجۆر دەخاتە سەر ئاوەز و دید و بیرکردنەوەی مرۆڤ. لە پێناو یەکانگیرکردنی زیاتری نێوان ئەم دووە، هەروەها بە مەبەستی ئەوەش خوێنەر و نووسەری کورد زیاتر بێتە ناو ئەم دوو دونیایە، کە خزمەتی زیاتری ئەزموون و دونیابینی و بەرهەمەکانیان دەکات، ئەمەمان نووسی.