فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پۆستمۆدێڕنیزم 

پۆستمۆدێڕنیزم 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

——–
پۆستمۆدێڕنیزم هزر و ڕەوێکی بەربڵاوی ئەو ساڵانەی دواییە ، کە لە هەموو بوارە هزری -فەلسەفی و ئەدەبی و هونەری دا بڵاوبۆتەوە ، ڕەنگە بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ١٨٧٠ لە لایەن جۆن چاپمانی هونەرمەندەوە بەکارهێنرابێت ، لێ پاش ڕەوتی پۆستستروکتورالیزم و کارەساتە گەورەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی ، بە شێوەیەکی خێراتر و بەربڵاوتر بڵاوبۆتەوە ، کە بارس ، دەریدەو فۆکۆ لەم بوارەدا سەرقافڵە بوون ، بنەمای دیدی ستروکتوورالیزمی ئەوانیش لە مارکس ، لینگڤیستیک و پسیکۆئەنالیزەوە سەرچاوەیان گرتووە ، لێ لە ساڵانی حەفتاکان بەداوە ئەو چەمکە- پۆستمۆدێڕنیزم جێگای خۆی کردۆتەوە ، لیۆتارد و باودریلاد کەسایەتییەکی دیاری ئەو گۆڕەپانەن . ئامانجی سەرەکی پۆستمۆدێڕنیزم ، لە ڕاستی دا ، دژایەتیکردنی پڕۆژەی ڕۆشنگەری و مۆدێڕنیتێتە ، لێ هەتا نوها نەیانتوانیووە ببنە ئەلتەرناتیڤێکی نوێی مۆدێڕنیتێت، هەر بۆیە ، ڕۆشنگەری و مۆدێڕنیتێت بە زیندوویی ماوەتەوە . سیستەمی سەرمایەداری و مێتۆدی سکێپسیزم دەبێتە بابەتی بنەڕەتی بیرکردنەوەی لایەنگرانی ئەو هزر و ڕەوتە ، لە پێشەوەی هەمووشیان بە گەڕانەوە بۆ بنەماکانی هزری فەلسەفی نیتشە و پەنابردن بۆ نیهیلیزمی ، ئەوەش دەبێتە جێگای ڕەخنەی لایەنگرانی بەرەی ڕاستی لیبرالیزم و چەپڕەوێتی .
خەباتکردن بۆ بەهێزکردنی مێتۆد و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ، نیشانەیەکی تەندروستە ، لێ پەنابردن بۆ سینیزم و نیھیلیزمی، لەڕاستیدا، بێ مانا و بێ نرخکردنی ژیانە ، وەها هەوڵێکیش لە بەرژەوەندی مرۆڤ و ژیان دا نییە ، بە تایبەتی ئەگەر لە بواری سیاسەت دا دەربکەوێت .
دەرس و پەند وەرگرتن لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی و ڕەخنەگرتن لە پڕۆژەی مۆدێڕنیتێت، شتێکی زۆر ئاساییە ، لێ ڕەتکردنەوەی – نەمومکینە ، چونکە بە پشتبەستن بە مەعریفەت و زانست ، بە کرانەوەو دیمۆکراسی پێشکەوتنی گەورە دەخوڵقێنێت . هەڵە و ناتەواوی هەردوو بەرەی هزر و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی و سەرمایەداریش پێویستیان بە ڕاستکردنەوە و ئەلتەرناتیڤی نوێی واقیعبینانە هەیە ، نەک هەوڵدان بۆ داڕماندنێکی فرەلایەنی دەستکەوتە مەزنەکانی مرۆڤایەتی ، ئەگەر دوا ئامانجی هزر ، سیاسەت و ئێستێتیک خزمەتکردنی مرۆڤ و ژیان بێت .
کارو چاڵاکی ئێمەی مرۆڤیش لە گۆڕەپانێکی زۆر گەورە دایە و خەڵک لەو ناوەندەدا بوونیان هەیە ، بۆیە ، هەروا ئاسان نییە ، کە فڵان و فیسار تاوانباربکەین ، چونکە هەموو هزر و ڕەوتێک دەرهاویشتەی ململانێیەکانی ناو ئەو گۆڕەپانەیە ، ڕاستیش ڕەنگدانەوەیەکی رێژەیی هەر ناو گۆڕەپانەکەیە ، نەک زات و سوبێکتیڤیزمێکی ڕووت و دوورەپەرێز .
پرنسیپی ڕۆشنگەری و دامودەزگاکانی ڕۆژاوا و دیمۆکراسییەت بوون بە بنەمایەک بۆ ئەو پێشکەوتنە خێرایەی مرۆڤایەتی، لێ دەبێت ئەو پێشکەوتنە پتر بە قازانجی زۆرینەی خەڵک دا بکەوێتەوە ، نەک بە پێچەوانەوە . بەرژەوەندی و باڵادەستیش پێویستە سنووردار بکرێت ، شەڕەکانیش کەمبکرێنەوە ، نەک وەک ئەوەی ئەمڕۆکە دەیانبینین ، ئەمانە هەر هەموویان کارەسات و تراژیدیای نوێن ، کە زلهێزەکان بە پلەی یەکەم لێیەوە بەرپرسیارن ، جەهالەت و نادیمۆکراسیش هۆکارن . بەهێزبوونی پێگەی مێدیا و زانیاری ، کاڵاو و باڵادەستی بازاڕ ، خراپبوونی ڕەوشی ژینگە و برسێتی ، بابەتی گرنگی نوهای مرۆڤایەتین ، کە پێویستیان بە بیرکردنەوە و هەڵوێست لەسەرکردنە . مەعریفەت و زانست ، لە زۆر شوێنی ئەم دونیایە دا ، بە زەرەری مرۆڤەکان کەوتۆتەوە ، لەوەش نزمی ئاستی هۆشیاری و سیستەمی دڕندەی سەرمایەداری لێی بەرپرسیارن ، سۆسیالیستێکی تۆتالیتاریش نابێت بە ئەلتەرناتیڤ ، چونکە مێژوو زۆر شتمان بۆ دەگێڕێتەوە ، هەر بۆیە ، بەرقەراربوونی مۆدێڕنیتێت، دیمۆکراسی و خۆشگوزەرانییەکی میانڕەو و هاوسەنگ ، ڕەنگە ببێتە ” کۆتایی مێژوو ” ، نەک یوتۆپیای کۆمۆنیستی و سەرمایەداریەکی وەحشیەتگەری ، یا سوپەرمانێکی دوور لە واقیع و تێکشکاو لە دوا وێستگە دا ، نموونەی زیندووشمان لەم بوارەدا گەلێکن !!!