فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکستی یەکەم

تێکستی یەکەم

هبه فيصل/ نووسەر

ئیدی ژیان هەناسەیەک بوو لە گەرووی ئێوەوە سینەمی پڕکرد. ئیدی بێباکم لە تەنیایی. لەو هەستە نەگریسەی جار جار وەک دوژمنێکی سینەگەنیوو داگیرم دەکا. لەسەر شانم وەک ابلیس بە دەمێکی لیکاوی و هەناسەیەکی بۆگەنەوە دەچرپێنێ و دەڵێ: (تۆيش وەک من نەفرەت لێکراوی. کەسێک نيیە لەم دونیایە دڵی بۆت بفڕێ. نە ئەتوانی شانازی بە ژنێتیت و نە ناز بە ئامێزی میهرەبانيتەوە بکەی). هەنوکە لە دیدەی من، ئەوان پەڵە هەورن و بە ئاشکرا با ئەیانشەکێنێ. خاڵێکن نە لەسەر پیتەکان دائەنرێن و نە ڕووخساری منی پێ نیشانە ئەکرێ. ئێوە ئەو بەڵگەیەن کە گومانی بوونێکتان بە پیرۆزترین قەسپ شکاند. ئیدی تەمەن وەک سەمەنی، هەتا قوڵپ بدات، ڕەسەنتر دەبێ. چی دی پەنا بۆ تاریکی نابەم تا شەرمەکانمی تیا بەسەر بکەمەوە. خەم بە خەو بابۆڵە ناکەم. وەجاخی ئەم هەڵپەیەی ژیانم بە ئێوە ڕوون. من لە مێژە دەزانم کە دڵم هێشتا مناڵێکی عەجولە و بە جێژنانەیەک قایل نابێ. وەك تەماعی مرۆڤە بۆ دونیا. گەر پەنجەیەکم بدەیێ، داوای قۆڵیشت ئەکەم. بەخۆمم وت کە سڵ نەکەمەوە لە چەمۆڵەکانی ژیان، کەچی پێ دەچێ ئەمجارە بە دەردێکەوە سەر بنێمەوە، کەس نەزانێ ڕەنگی چيیە. ئەو کات نەنێرن لە دووی عەتار و حەکیمی شار. من خۆم دەزانم ئەم ڕۆحە بە چ ژان و ترسێکەوە دەردەچێ. دەمێکە ئەم دڵە بێدەستەڵات و تەسلیمەی من بە تەنافی چاوەڕوانی حەوشەی ئێوە هەڵواسراوە. بە حەسرەتی ساردی و نەگەیشتنی ئێوە ئاوس بوو. ئەقڵیش تێنەگەیشت: چۆن هێشتان ئەو دڵە بڕزێ؟ بڕوا و نەزانێ چۆن پیاوەتی تۆ بە نیگایەکی من گوڵ ئەگرێ؟